نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوه ئێزدییه‌كان ڕای گه‌یاند، ژنێك له‌گه‌ڵ دوو له منداڵه‌كانى له سووریاوه له‌ده‌ست تیرورستانى داعش ڕزگار كران و گه‌یشتنه‌وه شارى دهۆك.
حوسێن كور‌و قائیدى به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوه ئێزدییه‌كان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سێشه‌م 12ى شوبات ژنێكى ئێزدى له‌گه‌ڵ دوو له منداڵه‌كانى له‌ده‌ست تیرۆرستانى داعش ڕزگار كران و به كه‌سوكاره‌كانیان له شارى دهۆك شاد بوونه‌ته‌وه.
زیاتر گوتی: ژنه‌كه ناوى مه‌دیا به‌شار حوسێنه و ته‌مه‌نى 25 ساڵه، خه‌ڵكى گوندى حه‌ردانى سه‌ر به شارۆكه‌ى شنگا‌له، منداڵه‌كانیش ناویان مینا مه‌روان و ماریا مه‌روانن، ئه‌و ژنه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانى له ساڵى 2014 له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى زۆرى كوردانى ئێزدى كه‌وتونه‌ته ده‌ست داعش و ئازار و نه‌هامه‌تى زۆرى بینیوه، به هاوكارى چه‌ند كه‌سێك له سووریاوه رزگار كرا.
به‌رێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوه ئێزدییه‌كان ڕای گه‌یاند كه به‌دواداچوون و ڕزگاركردنى كوردانى ئێزدى به هاوكارى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و خێرخوازه‌كان به‌رده‌وامى هه‌یه.
له ناوه‌راستى ساڵى 2014 كاتێك داعش ده‌ستى به‌سه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌رى گرت، زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌س له كوردانى ئێزدى كه‌وتنه ده‌ست داعش، به هه‌وڵى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوه ئێزدییه‌كان و خێرخوازه‌كان زیاتر له سێ هه‌زار و 300 كه‌س تا ئێسته ڕزگار كراون.
دهۆك/ نه‌وزاد هلورى