وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا: عێراق هێشتا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆردایه‌

:: PM:04:32:13/02/2019 ‌
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا راى گه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا چاوپۆشى له‌ چالاییه‌كانى ئێران ناكات له‌ عێراقدا و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌، هێشتا عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆردان.
 
كریستیان جیمز گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ دیمانه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى  گوتى، "ناكرێت ئه‌مه‌ریكا چاوپۆشى له‌ رۆڵى چه‌په‌ڵى ئێران بكرێت له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌".
 
دواتریش ده‌ڵێ "ئێمه‌ بایه‌خى به‌ عێراقێكى یه‌كگرتوو و فیدڕاڵى ده‌ده‌ین و بوونى ئێمه‌یش له‌وێ بۆ هاوكارى عێراقه‌ له‌ڕووى ته‌ناهییه‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراق بووه‌".
 
 له‌باره‌ى بارودۆخى ته‌ناهى عێراقیش ئه‌م به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا نكۆڵى له‌وه‌ ناكات كه‌ بارودۆخى عێراق خراپه‌ و ده‌ڵێ، "هێشتا عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆردان".

له‌ سێ مانگى رابردوو دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ باره‌ى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق راى گه‌یاند هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ چاودێریى ئێران ده‌مێننه‌وه‌.
 
دوێنیش پاتریك شاناهان وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا به‌ وه‌كاله‌ت گه‌یشته‌ عێراق و سه‌رچاوه‌كان ئاشكراى ده‌كه‌ن، شاناهات به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ سه‌ردانى عێراق كردووه‌، ورده‌كاریى پلانى نوێى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌ به‌رپرسانى ئه‌م وڵاته‌ بدات.
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل