سەركردەیەكی كوردی له‌ بەرەی حیكمە جابوویه‌وه‌

:: PM:07:37:15/02/2019 ‌
سەركردەیەكی كوردی له‌ بەرەی حیكمە له‌ هه‌رێمى كوردستان جیابوویه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ هه‌ینى 15ى شوبات نامه‌ى ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ى پێشكه‌ش عەماڕ حەكیم سەرۆكی بەرەی حیكمە كرد.

بەپێی نوسراوێك كە بۆ عەماڕ حەكیم سەرۆكی به‌ره‌ى حیكمەی نیشتمانی بەرزكراوەتەوە تێدا هاتووه‌، "عیسا ڕەشید بەرزنجی، بەرپرسی پێوەندییە نیشتمانییەكانی به‌ره‌ى حیكمە لە سلێمانی، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە، بەبێ‌ ئەوەی هۆكارەكانی باس بكات".

شایه‌نى باس كردنه‌ عیسا ڕەشید بەرزنجی كوردە و ئەندامی دەستەی كارگیڕی گشتی به‌ره‌ى حیكمەیە، بە یەكێك لە سەركردەكانی به‌ره‌ى حیكمە لە سلێمانی دادەنرێت.

ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لە 17ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 1982 لە ئێران لەلایەن باوكی عەمار ئەلحەكیم، سەید محەمەد باقر حەكیم دامەزراوە، لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە تەك سوپای ئێران دژی سوپای عێراق جەنگاوە و پێشتر هێزی میلیشیای بەدر سەر بەو حزبە بوو، دوای ڕووخانی بەعس حزبەكە بە فەرمی گەڕایەوە بۆ عێراق و بوو بە یەكێك لە حزبە پێكهێنەرەكانی پرۆسەی سیاسی لە دوای ڕووخانی بەعس.

لە ماوەی ڕابردوو، چەند باڵ و ڕەوتێك لە نێو حزبەكە سەریان هەڵدا و نیازی جیابوونەوەیان هەبوو لە حزبەكە، بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ عەماڕ حەكیمی سەرۆكی حزبەكە، گرنگترین كەسایەتییە ناكۆكەكان لەگەڵ عەماڕ حەكیم، عادل عەبدولمەهدی و باقر جەبر زوبێدی و هەمام حەموودی بوون، دواتر لە 24ی تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵ حەكیم خۆی دەستی لە حزبەكە كێشایەوە و بەرەی "حیكمە"ی ڕاگەیاند.




وشە - محەمەد میران