به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان نیمچه سه‌ربه‌خۆ له باكوری عێراق له هه‌فته‌كانی ڕابردوو دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه پێویسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی له عێراق بهێڵێته‌وه، تا گره‌نتی ڕێگری له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ده‌كرێ، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له به‌غدا هه‌ڵمه‌تی واژوو كۆكردنه‌وه و ده‌ركردنی یاساییه‌ك بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق به فه‌رمی ده‌ستی پێ كردووه.
هه‌رچه‌نده ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆنگره‌یه‌كی له وارشۆ ڕێكخستووه و ڕووسیا و ئێران و توركیایش له سۆچی دیداری لووتكه‌یان ساز كرد، هه‌موو ئه‌مانه‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ڕێگرییه له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گرووپی تیرۆریستی داعش و نه‌هێشتنی نائارامی له ناوچه‌كه.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆتاییه‌كانی مانگی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ر ئاشكرای كرد، پێویسته هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بمێننه‌وه تا كۆتایی به هه‌ڕه‌شه و دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش ده‌هێنرێت، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له پێوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان به ته‌واوی ڕیشه كێش بكه‌ن.
پشتیوانی كورده‌كان بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه به یه‌كێك له نزیكترین هاوپه‌یمانه متمانه‌پێكراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه داده‌نرێن و له شه‌ڕی دژ به تیرۆر قوربانی و ڕۆڵی گه‌وره‌یان گێرا بۆ له‌ناوبردنی داعش، به‌وهۆیه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ناوه‌ندێكی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعشی له هه‌ولێر دامه‌زراند و هێز و كۆمه‌كی گه‌یانده هه‌رێمی كوردستان ،بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بره‌و به شه‌ڕی دژ به تیرۆر بده‌ن و كه‌موكوڕییه‌كانیان پڕ ببێته‌وه، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوڕا نه‌بوون له ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له كاتێكدایه ئه‌وان له 2011یش ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكایان له عێراق پێ هه‌ڵه بوو و دواتریش بۆچوونه‌كه‌یان ڕاست ده‌رچوو و ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا بووه هۆی وێرانبوونهوهی عێراق و دروستبوونی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و داگیركردنی ناوچه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر و فره‌وانی عێراق.
به بڕوای كورده‌كان تا ئێسته‌یش چه‌كدارانی داعش مه‌ترسی گه‌وره‌ن و كۆتایی‌یان نه‌هاتووه، چونكه ئه‌وان له جاران مه‌ترسیدارتر خۆیان له ڕیزی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شاردووه‌ته‌وه و له ناوچه‌كان هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی حكوومه‌تی عێراق، بۆیه هه‌رێمی كوردستان مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به پێویست ده‌زانێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێ له مه‌شق و په‌ره‌پێدانی تواناكانی پێشمه‌رگه و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و پێوه‌ندی له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی تری عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی به‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆیستی داعش زاڵ بن.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورده‌كان له كاتێكدایه كه ده‌نگی ناڕازی دژ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ڕۆژ دوای ڕۆژ له زیادبووندایه، به تایبه‌ت میلیشیا شیعه‌كان كه به " هێزی نزیك له كۆماری ئیسلامی ئێران" داده‌نرێن، به توندی دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكان له عێراق و هه‌وڵه‌كانیان بۆ فشاركردنه سه‌ر په‌رله‌مان و پێشكه‌شكردنی پرۆژه یاسایه‌ك بۆ به فه‌رمی ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان و پابه‌ندكردنی حكوومه‌ت به جێبه‌جێكردنی چڕكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام سوننه‌كان كه به‌ده‌ستی زه‌بر و زه‌نگی میلیشیاكانی شیعه ده‌ناڵێنن، دژی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
له‌وباره‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له وه‌ڵامی ئه‌و فشارانه گوتی، ئه‌گه‌ر بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بۆ شه‌ڕكردن و چاودێرێكردنی وڵاتێكی دراوسێی وه‌كو ئێران بێ، ئه‌وا به ته‌واوی ئێمه ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه و دژیشی ده‌وه‌ستینه‌وه، دووپاتی له‌وه‌یش كرده‌وه كه هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بوونی نییه، به‌ڵام هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی فیدرال بوونیان هه‌یه، بۆ مه‌شق و هاوكاریكردنی هێزه‌كانی تری عێراق و دووباره ڕێكخستنه‌وه و پێشخستنهوهیان.
كێشه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه به‌شێك له سیاسییه‌كانی عێراق ده‌یانه‌وێ مانه‌وه‌ی
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بۆ دژایه‌تیكردنی ئێران كورت بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ناوبردنی داعش و نه‌هێشتنی پاشماوه‌كانیان و هه‌ڕه‌شه‌كانیان له عێراقن و ئه‌ركی مه‌شق و راهێنان و پێشكه‌شكردنی ڕاوێژ به هێزه‌كانی عێراق له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه.
هه‌ریه‌ك له هاوپه‌یمانی فه‌تح و سائیروون كه زۆرترین كورسی په‌رله‌مانیان هه‌یه ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر هاوڕایی و كاركردنی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بۆ خستنه‌ڕووی پرۆژه یاسایه‌ك بۆ په‌رله‌مان به ئامانجی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی، ئه‌وه‌ی جێی باسه ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌وه‌ستان وه‌ستاوه و له دوا سه‌ردانیشی بۆ عێراق وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا به وه‌كاله‌ت پاتریك شاناهان به گوێره‌ی زانیارییه بڵاوكراوه‌كان پرسی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكانی بووه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له به‌غدا و تا ئێسته‌یش ڕوون نییه، ئایا میلیشیاكان وه‌ك 2011 سه‌ركه‌وتوو ده‌بن له بڕوا پێهێنانی حكوومه‌تی تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، یان ئه‌مجاره‌یان ئه‌سته‌مه و ئه‌مه‌ریكا به ئاسانی ده‌سبه‌رداری عێراق نابێته‌وه و ناوچه‌كه بۆ وڵاتانی تر جێ ناهێڵێت؟