خاوه‌ن میوانخانه‌یه‌ك: جگه له‌و چه‌ند ڕۆژه، ساڵێكه خێرم نه‌كردووه
له پشووی نیوه‌ی ساڵی خوێندنی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیار ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كرد، به جۆرێك زۆر له میوانخانه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت كه ماوه‌یه‌كی درێژ بوو ژووره‌كانیان چۆڵ بوون، جێی میوانێكی تریان نه‌ما. ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، هیچ كاتێك هێنده گه‌شتیار زۆر نه‌بووه.
له 10 ساڵی به‌ر له ٢٠١٤، كوردستان بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی و گه‌شتیاران له هه‌موو لایه‌كه‌وه ڕووی تێ ده‌كرد و ساڵ به ساڵ ژماره‌یان ڕوو له هه‌ڵكشان بوو، ساڵی ٢٠١٣ زیاتر له سێ ملیۆن گه‌شتیار هاتنه كوردستان، گه‌شتیاران كه به داهاته‌وه ڕوو له شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وكات شوێنه گه‌شتیاریی و میوانخانه و چێشتخانه‌كان به‌رنه‌ده‌كه‌وتن، به‌ڵام شه‌ڕی داعش گه‌شتیارانی تۆراند و له ساڵانی یه‌كه‌م و دووه‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه تیرۆرستییه، سه‌رباری ئارامیی شاره‌كانی كوردستان، كه‌چی ژماره‌ی گه‌شتیار له چه‌ند هه‌زارێك تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌ش هاواری له میوانخانه‌كانی كوردستان هه‌ستاند و ده‌رگه‌ی ١٠٠ میوانخانه داخران.
به‌ڵام ئێسته دوای نه‌مانی شه‌ڕی داعش و له پشووی نیوه‌ی ساڵی قوتابخانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، هاتنی به لێشاوی گه‌شتیاران بۆ خاوه‌ن میوانخانه‌كان چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو.
له هه‌ولێری پایته‌خت میوانخانه‌كان زۆرن و هه‌ریه‌كه‌یان به چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و ئاسمان به‌رز بوونه‌ته‌وه، به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، زیاتر له دوو هه‌زار میوانخانه و چێشتخانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌ستێره و دوو هه‌زار و 400ی تریش به‌بێ ئه‌ستێره له كوردستاندا هه‌ن.
كاتێك له ٦٠ مه‌ترییه‌وه ڕووه و ١٠٠ مه‌تری له‌سه‌ر شه‌قامی شه‌قڵاوه ده‌ڕۆیت، له ده‌سته ڕاستت میوانخانه‌ی كۆڕه پلازه به ٣٠ ژووره‌وه هه‌یه، عه‌بدی خاوه‌نیه‌تی و ئاماژه به چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ده‌دات كه قه‌ت هێنده میوانیان نه‌بووه، به جۆرێك هه‌موو ژووره‌كانیان پڕ ببێت و جێی كه‌سی تری تێدا نه‌بێته‌وه.
ئه‌و به "وشه" ده‌ڵێ "زیاتر له ساڵێكه ته‌نیا زیانم پێگه‌یشتووه، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ڕۆژه كاره‌كه‌مان بووژاوه‌ته‌وه". نرخی شه‌وێك مانه‌وه له كۆڕه پلازه ٢٠ هه‌زار دیناره.
به‌رانبه‌ری ئه‌و محه‌مه‌د عه‌بدوڵا له میوانخانه‌ی ئه‌ستێره‌ی هه‌ولێر، بۆ "وشه" باس له‌وه ده‌كات كه، "ئه‌و چه‌ند ڕۆژه میوانێكی زۆرمان هه‌یه و هه‌ر ٧٨ ژووره‌كه‌مان پڕ میوان بوون". نرخی مانه‌وه‌ی شه‌وێك لای ئه‌مان ٣٠ هه‌زار دیناره.
كه‌مێك ئه‌ولاتر سیامه‌ند محه‌مه‌د له میوانخانه‌ی كۆڵ كه به ٤٥ ژووره‌وه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه درێژ بووه‌ته‌وه، بۆ "وشه" گوتی، "هه‌موو ژووره‌كانمان قه‌پاته و شوێنی میوانی ترمان نییه". نرخی مانه‌وه له میوانخانه‌كه‌ی كۆڵ ٢٠ هه‌زار دیناره، ڕاكان له میوانخانه‌ی جه‌واهری چوار ئه‌ستێره‌ش ده‌ڵێ، "ئه‌و ماوه‌یه میوانمان زۆر بووه".
نرخی مانه‌وه‌ی میوانخانه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر قه‌ره‌باڵغییان هه‌یه و له به‌دواداچوونه‌كه‌ی "وشه"دا ده‌ركه‌وت، ئه‌و میوانخانانه‌ی نرخه‌كانیان كه‌مه، جێی میوانی تریان تێدا نابێته‌وه و ئه‌وانه‌یشی نرخه‌كانیان به‌رزه، نیوه‌ی ژووره‌كانیان چۆڵن.
دارا له میوانخانه‌ی بانۆژی چوار ئه‌ستێره كه ٧٠ ژووریان بۆ پێشوازی میوان هه‌یه، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه "نزیكه‌ی نیوه‌ی ژووره‌كانمان به كرێ چوونه و نرخی مانه‌وه‌مان ٥٠ دۆلاره". به‌ڵام خاوه‌نی میوانخانه‌ی فۆرت لاند به"وشه"ی راگه‌یاند، "بازاڕمان باش نه‌بووه و گه‌شتیار به‌دوای نرخی زۆر كه‌مه‌وه‌ن".
چێشتخانه‌كانیش له خێری هاتنی گه‌شتیاران به‌شدارن، عه‌لی مسته‌فا له چێشتخانه‌ی داماس گۆرمێ، سوپاسی خوا ده‌كات كه ئه‌و چه‌ند ڕۆژه بازاڕ گه‌لێك باش بووه. ئه‌وه گوته‌ی هه‌موو ئه‌و چێشتخانانه بوون كه "وشه" سه‌ردانی كردن.
باشبوونی دۆخی میوانخانه و چێشتخانه‌كان ڕێژه‌ی زۆری گه‌شتیاران پێشان ده‌ده‌ن و بۆ وه‌چه‌نگكه‌وتنی ژماره‌یان، "وشه" چه‌ند جار پێوه‌ندی به گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری كوردستانه‌وه كرد، كه‌چی وه‌ڵامی نه‌درایه‌وه، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو مه‌وله‌وی جه‌باری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، ئه‌مساڵ زۆرترین گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه و ژماره‌ی گه‌شتیارانی ته‌نیا هه‌ولێری پایته‌خت له سه‌ره‌تای مانگی شوبات و له ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژدا، زیاتر له ٩٠ هه‌زار گه‌شتیار بووه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ژماره زۆره‌ی گه‌شتیار به جۆرێكه كه تا ئێسته له هاوینیشدا بۆی نه‌هاتووه و ئاماژه‌یه‌كه بۆ گه‌شانه‌وه‌ی گه‌شتیاریی زستانه.
ئێسته كه پشووی نیوه‌ی ساڵی خوێندنی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه، زۆر ژووری میوانخانه‌كانی هه‌ولێری ڕووناك كردوونه‌ته‌وه، هه‌رسێ ڕۆژی تر ئاوه‌دانن و له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی قوتابخانه‌كان له ١٥ی شوبات، جارێكی تر ژووره‌كان تاریك ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌مجاره هێنده درێژه‌ی نه‌بێت و هاتنی نه‌ورۆز جارێكی تر ژووره‌كان پڕ بكاته‌وه.
ئه‌و میوانخانانه‌ی نرخه‌كانیان كه‌مه، جێی میوانی تریان تێدا نابێته‌وه و ئه‌وانه‌شی نرخه‌كانیان به‌رزه، نیوه‌ی ژووره‌كانیان چۆڵن.
له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی قوتابخانه‌كان له ١٥ی شوبات، جارێكی تر ژووری هوتێله‌كانی هه‌ولێر تاریك ده‌بنه‌وه
وشه/ چواس خالید