ئەو شەپۆلە لە بەفر و بارانەی دوو رۆژە رووی
لە هەرێمی کوردستان کردووە بووەتە هۆی ئەوەی بە رێژەی جیاواز لە شار و شارۆکەکانی
کوردستان باران ببارێت و لە 48 سەعاتی داهاتووشدا وێڕای درێژەکێشانی باران، پێشبینی دەکرێ لە
ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت.
ئەمڕۆ شەموو ئاسمانی سەرجەم پارێزگاکانی
کوردستان باراناوییە و ئەگەری ئەوە هەیە لە بەرزاییەکان بەفر ببارێت.
بۆ سبەی یەکشەم هاوشێوەی ئەمڕۆ بەفر و باران
بەردەوام دەبێت. لە هەولێر بارانەکە پچڕ پچڕ دەبێت بەڵام لە سلێمانی لە زۆربەی
کاتەکاندا دەبارێت.
لە دهۆک ئاسمان لە ئێوارەکەیدا بۆ نیمچە هەور
دەگۆڕدرێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیشی پێشبینی بارینی بەفر دەکرێت.لە کەرکووکیش
ئاسمان هەور دەبێ و بارانیش بە شێوەیەکی پچڕپچڕ دەبارێت.
تا ئەم كاتەی
ساڵ بڕێكی زۆری باران لە كوردستان باریوە و لە چەندین شوێن مەترێكی تێپەڕ كردووە.
لە مێرگەسۆر نزیكەی مەترێك و 400 ملم باریوە. لە بجیل و دینارتە و پێنجوێنیش سەرووی
مەترێك باران باریوە. لە هەر یەك لە دهۆك، زاخۆ، ئاكرێ، بامەڕنی، كانیماسی، ئامێدی،
كۆیە، رواندز، بارزان، سۆران و پیرمام سەرووی نیو مەتر باران باریوە.