ئەمڕۆ یەكێتیی ژنێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان كاندید دەكات

:: AM:10:56:16/02/2019 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی لە شاری سلێمانی كۆ ببێتەوە بەمەبەستی دیاریکردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان و دوو كاندیدی ئافرەتیش پاڵوێراوی ئەو حزبە بۆ ئەو پۆستەن كە لە خوولی ڕابردوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوون و بۆ ئەو خولەش هەڵبژێردراون.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی شوبات، ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێیتیی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ لە نێوان ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی بڕیار دەدرێت لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كامیان كاندیدی وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمانن لەناو یەكێتیی.

بەگوتەی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كات زۆر كەم ماوە و ئەمڕۆ دەبێت ئەنجوومەن بڕیار بدات و یەكێییان هەڵبژێردرێت و هەردوو كاندیدەكەش ئافرەتن.

پێشتر ڕێواس فایەق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هەفتەنامەی "وشە" ڕای گەیاندبوو، مافی خۆیەتی ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان و هەوڵی بۆ دەدات.

رێواز فایەق حسین لە  1/1/1977  لە شارەدێی بێبازی سەر بە شارۆكەی  كەلاری دەڤەری گەرمیان لەدایک بووە و ئاستی خوێندن ‌و پسپۆڕییەكەی دكتۆرایە لە یاسای مەدەنی ‌و یاسای وەبەرهێنان.
 
لە ڕابردوو لێكۆڵەری دادی لە دادگای دەربەندیخان و بەرپرسی بەشی یاسایی لە پەیمانگەی تەكنیكیی سلێمانی و مامۆستای زانكۆ لە زانكۆی پۆلیتیكی سلێمانی بووە.

هەرچی كاندیی دووەمی یەكێتییە بێگەرد دڵشاد شكرڵایە کە بە بێگەرد تاڵەبانی ناسراوە و لە 24/12/1978 لە شارەدێی كەڵكانە لەدایک بووە و  و ئاستی خوێندن ‌و پسپۆڕییەكەی بەكالۆریۆسە لە بایۆلۆژی.

ئەو ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و پێشتر سكرتێری پەرلەمان  و
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی پشدەریش بووە.
 



وشە - رامیار جەواد