سوود و زیانەكانی سیستەمە نوێیەكەی گومرک ئاشكرا دەکرێت

:: PM:01:35:16/02/2019 ‌


كاركردن بەسیستەمە نوێیەكەی باجی گومرگی لەسەرجەم دەروازە نێودەوڵەتییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەمەولا بۆ راپەڕاندنی كارە گومرگیەكان لەبری دیناری عێراق، كار بەدۆلاری ئەمریكی دەكرێت و بەپرسێكی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ سوود و زیانەكانی سیستەمەکە ئاشكرا دەكات

 

لەوبارەیەوە، سۆران ئەحمەد، بەرپرسی بەشی یاسا لەبەڕێوەبەرایەتی گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەمڕۆ شەموو بە"وشە"ی راگەیاند وەك ئاشكرایە سیستەمە یەكگرتووەكەی گومرک لەعێراق و هەرێم كاری پێ دەكرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

بەگوتەی ئەو بەرپرسە لە سیستەمە نوێیەکە ئەوەی زۆر جەوهەری بێت بریتیە لەبابەتی وەرگرتنی پارەی دۆلار و كارنەكردن بەپارەی عێراقی، هەروەها گومرگی ئوتومبێلەكان هەمووی وەكو خۆی ماوەتەوە، تەنیا هەندێك ئوتومبێل نەبێت، كە پستۆنەكانیان بەرزە و نرخیان گرانە و تەنیا خاوەن كۆمپانیا و سەرمایەدارەكان دەتوانن بیكڕن، بەڵام باجی گومرگی كەرەستە و پێداویستی و شمەكی رۆژانەی هاوڵاتیان وەك  خۆی ماوەتەوە.

 

بەر لەماوەیەكیش باجی سەر جگەرەی هاوردە لە25%وە كرا بە100% خواردەمەنی و شتەكانی تر وەكو خۆیانن، تەنیا گۆڕانكارییەكە هەر ئەوەیە كە وەرگرتنی پارەی باج و رسووماتی گومرکی لەدینارەوە بۆتە دۆلاری ئەمریكی و ئەوەش تەنیا لەبانك كاری پێ دەكرێت، بۆ نموونە دەروازەكان بەپارەی عێراقی مامەڵەی تیا دەكەن و لەسەدا 95ی كارە گومرکییەكان دەچێتەوە بانكەكان، لەبەرئەوەی هەموو رسوماتێكی گومرگی ئێمە دەیكەین لەگەڵ هاوڵاتی لەبانك پارەكە دەدرێت.

بەرپرسەكەی باشماخ، ئەوەشی باس كرد ئەم بڕیارە نوێیە بۆ ئوتومبێل سوودێكی زۆر باشی هەیە ، چونكە ئەوانەی كە ئوتومبێلی گرانبەها دەكڕن نرخەكانیان لەپەنجاهەزار دۆلار بەرەوە سەرەوەیە، حەق وایە گومرکیش بدەن.

 

لەرووی وەرگرتنی رسومات كە كراوەتە دۆلار كاریگەری لەسەر هەڵاوسانی پارە دەبێت لەبازاڕدا و پارەی دۆلار كەم دەبێتەوە، ئەو كاتە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی پارەی عێراقی، هەروەها تا دەكەوێتە سەر سكە، رەنگە كۆمەڵێك كێشە بۆ بازرگانانیش دروست بكات، چونكە لەوانەیە پارەكەیان لەكاتی گۆڕینی دینار بەدۆلار تووشی كورتهێنان بێت و کورتی تێ بكەوێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتێك زیانی هەیە لەبەرئەوەی عێراق خاوەنی پارەی خۆیەتی.

 

دوای چەندین دانیشتن و كۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی گومرکی دەروازە سنوورییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دواجار بڕیار درا كە باجێکی نوێی گومرکی دابڕێژرێتەوە و كاری لەسەر بكرێت.

 

وشە/رێبین پێنجوێنی

 



وشە - سلێمان تاشان