زێڕی سەوز.. یەك لیتری بە دوو هەزار دۆلارە

:: PM:05:37:16/02/2019 ‌
لە جەزائیر، گرنگی زۆر بە بەرهەمهێنانی زەیتی هەنجیر دەدرێت و بووەتە هۆی دابینكردنی بژێوییەكی زۆر باش بۆ زۆرێك لە خێزانەكان و سوودەكانی زۆر لە نەوت بۆیان باشترە.

بەگوێرەی هەواڵێك كە ماڵپەری "سپۆتینك"ی رووسی بڵاوی كردووەتەوە، زێڕی سەوز، ئەو ناوەیە كە زانایانی كشتووكاڵی و زیندەوەرزانی لە هەنجیری دڕكاویان ناوە، كە لە ناوچە شاخاوییەكانی باكوری جەزائیر رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت.

بەرهەمی هەنجیری دڕكاوی، سووی زۆری هەیە، گەڵاكانی دەكرێتە ئالیكی گیانداران، بەرهەمی ناوەوەیشی بەكار دەهێنرێت بۆ دروستكردنی خواردن، بەڵام زەیتەكەی كە ئێستە نرخەكەی زۆر بەرز بووەتەوە، سوودی زۆری هەیە و بەكار دەهێنرێت بۆ دروستكردنی كەلوپەلی جوانكاری و دژە پیربوونی رووخسارە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و كالسیۆم و مەگنیسیۆم.

گوڵەكانی هەنجیری دڕكاوی لە بەرهەمهێنانی چای گیایی سوودی لێ وەردەگیردرێت، بەڵام ناوەوەی هەنجیرەكە شەربەت و سركە و مڕەبای لێ دروست دەكرێت، تەنانەت بۆ بەرهەمهێنانی عارەقیش بەكار دەهێنرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە "فاو" رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ خۆراك و كشتووكاڵ، ئەنجامی داوە، دەركەوتووە بەرهەمی هەنجیری دڕكاوی، كێشەگەلێكی زۆری ئاسایشی خۆراك چارەسەر دەكات لە دنیادا، ئەمەیش دوای ئەنجامدانی ئەو توێژینەوانە هات لەسەر بەرهەمی هەنجیری دڕكاوی كە ئێستە لە دنیا گرنگی زۆری پێ دەدرێت.

لە 2015 كارگەیەكی بچووكی بەرهەمهێنانی زەیتەكەی دروست كرا، لە 2017 بەرهەمەكەی گەیشتە 300 لیتری ساڵانە، بەڵام لە 2018 گەیشتە هەزار لیتر لە ساڵێكدا.

شارەزایانی بەرهەمهێنانی زەیتی هەنجیر دەڵێن لە هەر تۆنێك لە گوڵی هەنجیری دڕكاوی، یەك لیتر زەیتی لێیەوە بەرهەم دێت كە نرخەكەی دەگاتە دوو هەزار و 350 دۆلار و بەشی زۆریشی هاوردەی ئەڵمانیا و فڕەنسا دەكرێت، لە ئێستەیشدا جەزائیرییەكان بە نیازن بەرهەمەكانیان بگەیەننە بازاڕەكانی ئەمەریكا.
 



وشە - فه‌رمان سادق