زمان له ڕوانگه‌ی زۆرینە‌ی زمان‌ناس و کۆمه‌ڵناسه‌کانەوە، دوو ده‌لاله‌تی گشتی بۆ پێناسه‌کردنی خراوه‌ته ڕوو، ئه‌گه‌رچی زۆرجار ئه‌م دوو ده‌لاله‌تە پێناسه‌سازه وه‌ک سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو و جودا له یه‌ک باسیان لێ کراوه و ده‌کرێت، به‌ڵام له پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی نه‌بڕاوه و هه‌میشه‌ییدان. پێناسه و ده‌لاله‌تی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که "زمان ئامرازێکه بۆ پێوه‌ندی و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چاو له زمان ده‌کات که کرۆک و بزوێنه‌ری یه‌که‌می پێوه‌ندی وه‌رگرتنه".
پێناسه و ده‌لاله‌تی دووه‌م ئه‌وه‌یه، "زمان خۆی له خۆیدا ئامانجه و ئامراز نییه، واته بوونی زمان مانای بوونی مرۆڤ و ئاوه‌ز و کۆمه‌ڵگە"یە، کاتێک زمان نه‌بێت ئیتر کۆمه‌ڵگەیەكیش بوونی نابێت تا ئێمه بتوانین له هه‌ر ڕێگه‌یه‌که‌وه بێت له‌گه‌ڵیدا بکه‌وینه پێوه‌ندی یان لێی داببڕێن.
ئه‌گه‌ر به وردی و هه‌ڵوێسته و تێڕامانه‌وه سه‌رنجی ئه‌م دوو پێناسه و ده‌لاله‌ته بده‌ین بۆ زمان، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م دوو پێناسه‌یه دابڕاو و سه‌ربه‌خۆ نابن له یه‌کدی، ده‌لاله‌تی یه‌که‌م زیاتر گۆشه‌نیگای کۆمه‌ڵناسانه و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌سه‌ردا زاڵه و دووه‌میش زیاتر ده‌چێته خانه‌ی فه‌لسه‌فه و بوونی مرۆڤ له جیهاندا، به‌هۆ و له ڕێگه‌ی زمانه‌وه، لێره‌دا ده‌بینین نه زمان ئامرازێکی ڕه‌ها و ڕووته و نه ئامانجێکی موجه‌ڕه‌د و ده‌رهه‌ستیشه، به‌ڵکوو هه‌م ئامرازه بۆ پێوه‌ندی و هه‌م ئامانج و خانه‌ی بوونیشه بۆ ژیان و کۆمه‌ڵگە، بۆیه ده‌شێت وا لێکیان بده‌ین و بڵێین، زمان ئامرازێکه به ئامانجی ده‌رخستنی بوونی مرۆڤ، ده‌که‌وێته پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دنیا و بوون و سروشت و کۆمه‌ڵگە، یان به بارێکی دیکه‌دا زمان ئامانجێکه به‌هۆیه‌وه واته له ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی وه‌ک ئامراز، پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ جیهان دروست ده‌بێت و له‌و پێوه‌ندییه‌دا خانه‌ی بوون و مان و ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه بیچم ده‌گرێت و گه‌شه ده‌سێنێت و ده‌که‌وێته به‌ر گۆڕانکاری و هه‌روه‌ها ده‌ست ده‌کات به گۆڕانسازی.
له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا که ڕه‌وت و گه‌ڕیانه فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵناسانه‌کان زیاتر هه‌ڵوێسته‌یان لەسه‌ر زمان کرد، شێواز و میتۆده‌کانی به‌کارهێنانی زمان پۆلێنبه‌ندی جیاواز و جۆراوجۆری به‌خۆوه بینی و شێوه‌ی به‌کارهێنانی زمان و ئه‌و ده‌سته‌واژه و چه‌مکانه‌ی زمان ئاڕاسته‌ی ده‌کات، له پانتاییه‌کی تیۆری و کرده‌کیدا ده‌که‌ونه موماره‌سه و تاقیکردنه‌وه‌وه و ناوی گوتار یان دیسکۆرسی (Discourse) لێ ده‌نرێت، ئه‌گه‌رچی ده‌یان پێناسه‌ی جیاواز بۆ گوتار یان دیسکۆرس هه‌یه، به‌ڵام به واتا گشتییه‌که‌ی ئه‌و یارییه مه‌عریفی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌مک و وێنه و ئایدیا به‌هۆی زمانه‌وه ده‌یه‌وێت گۆڕانکاری دروست بکات.
له‌م ئاسته‌دا ڕه‌هه‌ندی سیاسیی ده‌رکه‌وتنی زمان زیاتر خۆی ده‌نوێنێت، چونكە ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌کردن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه پێوه‌نده و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و پێداویستی و به‌ها و خه‌ونه‌کانیان به توندی هه‌ڵده‌پێکرێت یان داده‌بڕێت، ئێمه هه‌ر شێوه گوتارێک له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگە و کۆمیونیتی (community) خۆماندا ئاڕاسته بکه‌ین، دیاریکه‌ری فه‌زای زاڵ و قه‌واره‌ی گشتی و ناوه‌رۆکی به‌رفراوانی ئه‌و گوتاره ده‌بین.
بۆ نموونه، کاتێک له گوتاری سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا 40 ساڵ زیاتره دوژمنێک به ناوی ئەمەریکا و ئیسرائیل هه‌یه، گوتاری ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه ده‌بێت گوتارێکی باوه‌ڕمه‌ندانه بێت به دوژمنایه‌تی و دۆستایه‌تی و هێڵکارییه‌کی توند و تۆخی له نێوان دۆست و دوژمن‌دا هه‌بێت، واته ئه‌م گوتاره له دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رهه‌م هاتووه و جێگیر بووه که سوبژێکتیڤه و تێڕوانینێکی دوو جه‌مسه‌ری "ڕه‌ش و سپی، تاریک و ڕوون، چاکه و خراپه، دۆست و دوژمن، ئیسلام و کوفر"، دوو کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌که‌ی ته‌نیوه، لێره‌دا ئه‌م گوتاره و ئه‌و کۆمه‌ڵگە به‌پێی گونجاوی و هاوته‌ریبی و هاوبیرییان له‌گه‌ڵ یه‌کدی، یان ده‌بن به پێکهات و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی توندئاژۆی یه‌کپارچه و یه‌کانگیر دژی هه‌ر شتێک جگه له خۆیان، یان ده‌بن به کۆمه‌ڵگەیه‌کی که‌رت که‌رت و هه‌لاهه‌لاکراو که لایه‌نێکی گوتاری زاڵ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و لایه‌نێکی دیکه گوتارێکی به‌رگریکار و خۆڕاگر، له‌م حاڵه‌ته‌یشدا دیسان توندوتیژی به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه، ئه‌مه‌یش تایبه‌تمه‌ندی گوتاری دوو جه‌مسه‌ره که نموونه‌که‌ی له‌سه‌ره‌وه باس کرا.
به‌ڵام له‌و گوتارانه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی چه‌ند جه‌مسه‌ری و فره‌ڕه‌هه‌ندیان هه‌یه، لایه‌ن و خه‌رمانه‌ی پیرۆزیش تانوپۆی پێکهاتی گوتاره‌که‌ی نه‌ته‌نیوه، ئێمه ده‌توانین موماره‌سه و یارییه‌کی باش و هیوابه‌خش له نێوان هێز و لایه‌نه جیاوازه‌کانی به‌کارهێنه‌رانی زمان له ئاستی گوتاره جیاوازه‌کاندا بکه‌ین که به‌داخه‌وه ئه‌مه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بابه‌تێکی خه‌یاڵییه و وه‌ک کوفر و بڤه‌یه‌کی قورس هه‌میشه باج و سزای له‌سه‌ر بووه، به‌ڵام نموونه‌ی ئه‌مه له ڕۆژئاوا و وڵاتێکی وه‌ک سوید که هه‌موو بیروڕاکان به ڕاشکاوی و به ده‌نگی به‌رز ده‌توانن گوزارشت له خۆیان و گوتار و ئامانج و ئاڕاسته و خه‌ونه‌کانیان بکه‌ن و هێزی ده‌وڵه‌تیش پشتیوانیان ده‌بێت، (دیاره ئه‌مەیش له سه‌رده‌می ئێستەماندا لایه‌نی سیاسی و کایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تێکه‌وتووه و مه‌ترسی له‌سه‌ر نیشتووه، به‌ڵام ده‌شێت بڵێین به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی سوید نموونه‌یه‌کی باشه).
تایبه‌تمه‌ندی پیرۆزی و بڤه‌سازی له زۆرینە‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ران و سازێنه‌رانی گوتاری کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا شه‌پۆل ده‌دات و دیاره ئه‌مه ته‌نیا خۆی له که‌سایه‌تییه ئاینی و سۆفیگه‌را‌کاندا مانیفێست ناکات و هەر ئه‌وان گوتاری پیرۆز و نوندڕۆ به‌رهه‌م ناهێنن، به‌ڵکوو له‌ناو که‌سایه‌تی و ڕێبه‌ره سیاسییه‌کانیشدا گوتار ده‌بێت به پانتاییه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانی جۆرێک له توندڕۆیی و توندوتیژی، ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر لایه‌نی سیاسی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر کورسییه‌کی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگە و ئیداره‌دانی وڵاتێک بێت، ئه‌وا کاریگه‌رییه‌که‌ی کاره‌ساتبارتر و کوشنده‌تر ده‌بێت.
ئێمه کۆمه‌ڵگەیه‌کین به درێژایی سه‌ده‌ی 20 که‌وتووینه‌ته به‌ر توندوتیژی و لێدان و قڕان و ئه‌نفال و کیمیاباران و پاکتاوکردن، بێگومان ئه‌م هه‌موو توندوتیژییانه کاریگه‌ری له‌سه‌رمان هەبووه و ئه‌م ڕۆحه برینداره‌مان به ئاسانی ناتوانێت به‌رهه‌مهێنی گوتارێکی بنیاتنه‌ر و میهره‌بان و حه‌کیمانه بۆ کۆمه‌ڵگە و ئازار و کێشه‌کانی بێت، ئه‌ویش له حاڵێکدا که کۆمه‌ڵگە و خه‌ڵکی ئێمه زیاتر له هه‌ر کاتێک پێویستیان به گوتار و چه‌مکسازیییه‌که که وه‌کوو ڕزگارکه‌ر و پشتیوان و په‌ناده‌ر و به‌رگریکار تێیدا ده‌ربکه‌وێت، نه‌ک له به‌ها ئاینی و سیاسی و ئه‌خلاقییه‌کانیان بدات، جا چ له ڕێگه‌ی ڕیکۆردێکی ده‌نگییه‌وه بێت یان لێدوانێکی حزبی و ڕۆژنامه‌وانی.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوون و ئاشکرایه گوتاره‌کان ئێسته ته‌نیا له پانتاییه‌کی بچووکدا نامێننه‌وه و له سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆجیا و میدیا زه‌به‌لاحه‌کاندا که هه‌موو کون و قوژبن و که‌له‌به‌رێک ڕووماڵ ده‌که‌ن، پانتاییه‌کی گه‌وره بۆ ده‌رکه‌وتن دیاری ده‌که‌ن، بۆیه ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ی له پانتایی گوتاردا ده‌رده‌که‌ون و به‌شێکن له کایه‌ی ناو گوتاره‌که ئاگاداری هه‌موو لێدوان و قسه و ئاخاوتنێک بن، ئه‌مه چ له ئاستی تاکه‌که‌سی و هاوڕێیه‌تی و پێوه‌ندیی نێزیک و ده‌وروبه‌وردا بێت، چ له ئاستی گشتی و له هۆڵی کۆبوونه‌وه یان لێدوانی ڕۆژنامه‌وانیدا.