کۆتا هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین

PM:01:29:28/10/2026 ‌
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بەخێرایی گەیشتە تەلئەڤیڤ و دەستبەجێ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ کۆبوویەوە. ئەم سەردانە لەناکاوە، تەنیا جووڵەیەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕوونە کە پێدەچێت لە هەر ساتێکدا تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوو بدات. هەموو ئاماژە هەواڵگری و ستراتیجییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی گەڕێکی نوێی شەڕ دەچن کە ڕەنگە ڕەهەندەکانی لە هەموو ململانێکانی پێشوو فرەوانتر بن.

لایەنە شیعەکانی عێراق لە دۆخێکی سایکۆڵۆجی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێدا کات بە ڕێ دەکەن. ئەوان لەوە تێگەیشتوون ئەمجارە ئامانجی سەرەکی تەنیا لێدان لە بنکە و تواناکانی ئێران نییە، بەڵکو گورزەکان دەتوانن هاوسەنگیی هێز لەسەر خاکی عێراقیش بگۆڕن. بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە، لە ڕێگەی پێدانی پۆستی باڵا، پشکی شایستە و بەشدارپی زیاتر لە حکوومەتدا، سەرکردە و میلیشیا شیعەکانی عێراق تا ڕادەیەک ڕازی کراون یان ڕوونتر بێژین، دەمیان چەور کراوە تا لەکاتی سەرهەڵدانەوەی شەڕی گەورەدا، بێدەنگی هەڵبژێرن و نەبنە بەربەست لە بەردەم نەخشە نوێیەکانی ئەمەریکادا.

ئیدارەی نوێی ترەمپ بەوە ناسراوە کە متمانەکردن پێی ئەستەمە و لەسەر بنەمای  "سوپڕایزی ستراتیجی" کار دەکات. ڕەنگە لەناكاو هێرشەکان دەست پێ بکەنەوە و گڕ لە هەموو ناوچەکە بەر بدەن. دووریش نییە بەیانی لە بەرژەوەندیی لۆجیکی سیاسیی کاتی، دۆخەکە بۆ ماوەیەک هێور بکاتەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا هەیە، ئەوەیە کە دۆخەکە بەتەواوی هەستی پێ دەکرێت، گەڕێکی کوشندە و قورسی شەڕ بەڕێگەوەیە و لەوانەیە لە ئانوساتێکدا جەنگ دەست پێ بکاتەوە.

ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لووتکەی ئامادەباشیدان، لە بەرانبەردا وڵاتانی عەرەبی کەنداو زەندەقیان چووە، چونکە دەزانن ئەوان دەبنە سووتەمەنی یەکەمی ئەم ئاگرە، بێگومان ئێرانیش دەستەوەستان نابێ و هەوڵ دەدات پریشکی ئاگرەکە بۆ دەوروبەر بگوازێتەوە. ئەگەر هێرشەکان دەست پێ بکەنەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند سەعاتی یەکەمدا بە دەیان و بگرە سەتان ئامانجی سەربازی، ئەتۆمی و ئهەواڵگری و هەستیار لەناو قووڵایی خاکی ئێراندا بکەونە بەر پەلاماری مووشەک و فڕۆکە پێشکەوتووەکان. پلانی سەربازی بە جۆرێک دابڕێژرێت کە بە قورسی لە ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران بدرێت.

لە بەرانبەردا، تاران دەستەوەستان نابێ و ستراتیجی "وێرانکاری هاوبەش Mutual Destruction" پێڕەو دەکات، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بریکارەکانی و لێدانی ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی دراوسێ و ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی وزە، پریشکی ئاگرەکە بۆ دەوروبەر هەڵبدات و کەناری کەنداو بکاتە گۆڕەپانی تۆڵەسەندنەوە. 

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ترسی واشنتن و تەلئەڤیڤ پێشڕەوییە بەردەوامەکانی حووسییەکان بوو لە یەمەن، بەڵام ئەمەریکا گەیشتە ئەو باوەڕەی ئەگەر ئێستە دەست لە ئێران هەڵبگرن، تاران لە ڕێگەی هاوپەیمانە هەرێمییەکان و تۆڕەکانی بەرگرییەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. ترسناکتر لەوە، ئەو ڕاستییەیە کە حووسییەکان تەنیا هێزێکی ناوخۆیی نین، بەڵکو ئێستە بە ڕێنوێنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئێران و سوودمەندبوون لە زانیاریی وردی ئاسمانی و مانگە دەستکردەکانی چین و ڕوسیا، بە سەختی ئامانجە دەریایی و وشکانییەکان دەپێکن.
ئەمەریکا و ئیسرائیل دەزانن، هێزی سەربازیی و فەرمیی وڵاتانی عەرەبی زۆر دواکەوتوو و فاشلن، گەندەڵی تێیدا بڵاوە و بە کەڵکی جەنگی درێژخایەن نایەن، بۆیە دەیانەوێت خۆیان دۆخەکە یەکلا بکەنەوە.

جیاوازییەکی بچووک لە نێوان ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکادا هەیە:
●ئیسرائیل: خواستی ڕووخان و تێکشکاندنی تەواوی سیستمی سیاسی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئێستەی هەیە. 
●ئەمەریکا: خواستی لە بێهێزکردن، کەمکردنەوەی توانای مووشەکی و هەژموون و بڕینی دەستی تارانە لە ناوچەکەدا.
●بەڵام لە یەک خاڵدا هەردوولا هاوڕان: نابێ ئێران لەم ململانێیەدا بەهێزتر و ئامادەتر لە جاران دەربكەوێ، چونکە هەر برینێک کە ئەمڕۆ بەسەریدا دێت، ئەگەر نەبێتە هۆی لاوازبوونی ستراتیجی، سبەی دەکرێت ببێتە هەڕەشەیەکی گەورەتر.

لە پاڵ ئامادەکارییە سەربازییەکاندا، ڕەهەندێکی تری جەنگەکە، کەمتر ئاماژەی پێ دەدرێت، هێڵی سووری ئابووریی جیهانە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی باش دەزانن ئێران وەک سەردەمی جەنگی کەنداو نییە، بەڵکو لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانیی ستراتیجی لەگەڵ ڕووسیا و چین (بلۆکی بریکس)، ئاراستەی یارییەکەی گۆڕیوە. هەر وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی کتوپڕی ئێران بۆ سەر ناوچەی گەرووی هورمز کە ڕۆژانە زیاتر لە 20٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، نەک تەنیا وڵاتانی کەنداو تووشی شەلەل دەکات، بەڵکو یەکسەر نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی ١٥٠ دۆلار بەرز دەکاتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی شەپۆلێکی توندی هەڵئاوسان لە ئابووریی ئەوروپا و ئەمەریکادا، ئەوەیش خاڵێکی لاوازە کە ئیدارە تازەکەی ترەمپ بە هەموو شێوازێک دەیەوێت لە سەرەتاکانی جێگیربوونی دەسەڵاتیدا خۆی لێ بەدوور بگرێت. 

لەلایەکی ترەوە، ئەم مانۆڕە سەربازییەی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕووبەڕووی بەربەستێکی تەکنیکیش بووەتەوە، ئەویش خەرجکردنی یەدەگی کۆگەکانی تەقەمەنی بەرگریی ئاسمانیی ڕۆژئاوایە. بەهۆی جەنگی درێژخایەنی ئۆکراین و هێرشە بەردەوامەکانی پێشووی غەزە و حزبوڵڵا، کۆگەکانی مووشەکی بەرگریی ئاسۆیی ( THAAD و Patriot) تا ڕادەیەک دابەزیون. ئەم دەستەپاچەیییە لۆجستیکییە وایکردووە تەلئەڤیڤ و واشنتن لە بەردەم هاوکێشەیەکی سەختدا بن: ئایا دەتوانن لە جەنگێکی درێژخایەندا بەرانبەر هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران خۆ بگرن، یان دەبێت هێرشەکە هێندە بەهێز و کورتخایەن بێت کە پێش په‌ڕینەوەی بۆ جەنگێکی سووتێنەری درێژخایەن، دۆخەکە یەکلا بکاتەوە؟ هەر ئەم دوودڵییە ئابووری و سەربازییە وایکردووە بڕیاری کۆتایی هێرشەکە هێندە هەستیار و مەترسیدار بێت.

وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد، ئاراستەی گشتیی ڕووداوەکان بۆ هەڵگیرسانی  جەنگێکی قورس و گەڕێکی بێوێنەی هێرش بۆ سەر ئێران یەکلا بووەتەوە. هەرچەندە لە ڕووی تەکنیکییەوە هێشتا کاتژمێرەکان و وردەکاریی پلانی ئەم هێرشانە لە گۆڕانکاریدان و دیپلۆماسی لە کۆتا هەوڵەکانیدایە، بەڵام هاوکێشەکە گەیشتووەتە ئەو خاڵەی کە دەڵێت: یان دەبێت ئەم دۆخە بسووتێت، یان نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دابڕێژرێتەوە.
ئایا وڵاتانی کەنداو بێ وەڵام دەمێنن ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ ژێرخانی وزە و نەوتی ئەوان بکاتە ئامانج؟ ئەوەیش پرسێکی هەستیار دەبێت لە داهاتوودا.