لە پرۆسەی نوێبوونەوە و بەردەوامیی ڕیفۆرمە کارگێڕی و تەناهییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا، تێگەیشتنێکی هاوچەرخ بۆ ڕۆڵ و ئەركی دامەزراوەی پۆلیس بەرەو پێشەوە دەچێت. لە کاتێکدا لە ڕابردوودا وێنەی پۆلیس تەنیا لە ڕەهەندی هێز و سەپاندنی سزاکاندا کورت دەکرایەوە، وتەیەکی وردی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، چوارچێوەیەکی تهواو جیاواز و گشتگیر بۆ ئەم دەزگایە دیاری دەکات، کاتێک گوتی: "پۆلیس دوو باڵی هەیە (هێز و ڕێز).
ئەم تێڕوانینە تەنیا گوزارشتێکی زمانەوانی یان دروشمێکی میدیایی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی پیشەیی بەرزە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان سەروەریی یاسا و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.
باڵی هێز: پەرژینی سەروەریی یاسا
هێز لە ئەدەبیاتی دەوڵەتداری و ئاسایشدا، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەرپەرچدانەوەی تاوان. باڵی هێز لای پۆلیس بە مانای زۆرداری یان بەکارهێنانی دەسەڵات نایەت بەبێ یاسا، بەڵکو نوێنەرایەتیی ئەم هەنگاوانە دەکات:
1-چەسپاندنی سەروەریی یاسا: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و یاسا بەبێ هیچ جیاوازییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ناوچەیی.
2-پاراستنی ئاسایشی گشتی: بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاری، دروستکردنی ئارامی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان.
3-پاراستنی هەیبەتی هەرێمی کوردستان: نیشاندانی دەسەڵاتی یاسا بەرانبەر بەوانەی دەیانەوێت پشێوی بڵاو بکەنەوە، یان سەلامەتی کۆمەڵگە بخەنە مەترسییەوە.
باڵی ڕێز: ئەخلاقی پیشەیی و خزمەتگوزاری
بەبێ باڵی دووەم، هێز دەبێتە ڕەفتارێکی ڕەق و دوور لە گیانی دادپەروەری. باڵی ڕێز جەخت لەسەر لایەنە مرۆیی و ئەخلاقییەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەکاتەوە کە بریتییە لە:
1-خزمەتگوزاری بە بەرزترین ئاست: مامەڵەکردنی موحتەرەم و ئاسانکاری لەگەڵ هاووڵاتییان لە فەرمانگە کارگێڕییەکان و خاڵەکانی پشکنیندا.
2-ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ: پاراستنی کەرامەتی تاک لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردن و ڕاپەڕاندنی مامەڵەکاندا.
3-فەرهەنگی گفتوگۆ و هاوسۆزی: پەرەپێدانی ئیتیکی ئاخاوتن و دروستکردنی کەشێکی پیشەیی کە تێیدا هاووڵاتی هەست بە ئاسودەیی و ڕێز بكات.
هاوسەنگیی هەردوو باڵەکە: کلیلەکە بۆ متمانەی جەماوەر،
گرنگیی ئەم ڕوانگەیە لەوەدایە کە پۆلیس ناتوانێت بە تەنیا بە یەک باڵ لە ئاسمانی دادپەروەریدا بفڕێت. هێز بەبێ ڕێز دەبێتە هۆی دروستبوونی مەودا لە نێوان هاووڵاتی و پۆلیسدا، هەروەها ڕێز بەبێ هێز دەبێتە هۆی لاوازبوونی سەروەریی یاسا.
سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە وەزارەتی ناوخۆدا پێوەستە بە پراکتیزەکردنی ئەم دوو چەمکە لە تێکڕای جومگەکاندا. کاتێک هاووڵاتی درک بەوە دەکات پۆلیس لەلایەکەوە پارێزەرێکی بەهێزە بەرانبەر یاساشکێنان و لەلایەکی دیکەیشەوە خزمەتکارێکی بەڕێزە بۆ کۆمەڵگە، ئەوا متمانەی بەخشراو بە دامەزراوەی تەناهی، دەگاتە بەرزترین ئاست، و هاووڵاتی خۆی دەبێتە هاوکار و پشتیوانی سەرەکیی پۆلیس.