لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی "ڕەوەندی كوردستانی” بە فەرمانی سەرۆك بارزانی و دیاریكردنی شیفا بارزانی بۆ ئەو ئەركە، پەیامی شانازی، یەكڕیزی و پاراستنی ناسنامەی كوردستانی، لە دڵی ئەوروپا و ئەمەریكادا نەخشا.
ئێستە كوردان لە ئەوروپا بەهۆی فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، خاوەنی یەك ناسنامە، یەك ئاڵا و یەك كوردستانن. لە ناو ئەو ئەركەدا شیفا بارزانی سەركردەی بوێر و ئەركە قورسەكان بوو، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بە هەوڵ و ماندووبوونێكی بەردەوام، توانی گەشەیەكی بەرچاو بە گڕوتینی نەتەوەییانە، بە كوردان بدات و لە دەوری یەك گوتاریی كوردستانیانە كۆیان بكاتەوە. هەوڵەكانیان كاریزمای بۆ ڕەوەندی كورد دروست كرد و توانای پێوەندیكردن لەگەڵ خەڵك و نزیكبوونەوەی لە گەنجان، وایكردووە بتوانێ بەشێوەیەكی كاریگەر، پەیامی یەكڕیزی و ناسنامەی كوردانە و كوردستانیبوون بگەیەنێت.
ڕەوەندی كوردستانی هەوڵی داوە بۆ بەهێزڕاگرتنی ناسنامەیەكی نیشتمانی كە بتوانێ جیاوازییەكان تێپەڕێنێت، هەمووان لە ژێر چوارچێوەی پڕۆژەی سەرۆك بارزانیدا بۆ یەكڕیزی و ناسنامەی كوردستانی كۆ بكاتەوە. چوار ساڵە هەڵوێستی ڕوونی فیدراسیۆن لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵە مێژووییانەدا دێت كە وەك ناوەندێكی نەتەوەیی، بۆ یەكخستنی دەنگی كورد و پشتیوانی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، هەمیشە ئامادە بێت. هەر هەوڵێكیش كە دراوە وەك ناوەندی بەرگری لە كورد و كوردستانی، هاوتەریبن لەگەڵ پێداگریی بەردەوامی سەرۆك بارزانی لەسەر پاراستنی گەلی كوردستان و شكۆ و ژیانی هاووڵاتییان لە هەر شوێنێكی دنیادا بن.
ڕەوەندی كوردستانی لە چوار ساڵی ڕابردوودا، كارمان كرد بۆ گەیاندنی دەنگی كوردانی سووریا و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافی زمان و بوونی نەتەوەییان، هاوكات شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی لە كاتی جەنگی ئێران و ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، چەندان جار ڕۆڵی لۆبی و سەركردەیەكی دیپلۆماسی بینیوە بۆ ڕێگری و تەشەنەی زیاتری دەستدرێژی و سنووربەزاندنی وڵاتانی ناوچەكە بۆ سەر سەروەریی خاكی كوردستان.
هەر لەو ماوەیەدا بۆ بەهێزكردنی خوێندنی كوردی لە دەرەوەی وڵات، یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم و كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی واژوو كرا، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی بۆ دەرەوەی وڵات كراوەتەوە، ئەمەیش یەكەم جار بوو لە مێژووی كورددا بە فەرمی ڕۆڵێكی ئاوا ببینێرت بۆ زمانی كوردی.
ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ڕەوەندی كوردستانی، توانیویەتی كۆكەرەوەی كورد بێت و لۆبییەكی باوەڕپێكراویش بێت بۆ نەتەوەی كورد و كوردستانیانی هەر چوار پارچە. خەونی ئایندە ئەوەیە لە زۆرترین وڵاتانی دنیادا، دەنگی كورد لە ڕێگەی زانست و داهێنانی گەنجان و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانەوە زیاتر بكرێت و ئامانجی گەورەتر بپێكین.
ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی ڕێكخراوێكی بێلایەنە، كار و چالاكییەكانی لەسەر بنەمای دیموكراسی و ئاشتی و ئازادیی دەربڕین و پێكەوەژیان و یەكسانی بەڕێوە دەبات. دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و دەمارگیری و نەتەوەپەرستییەكە، چەتری كۆكەرەوەی هەموو تاك و كۆمەڵە و ڕێكخراو و مەڵبەند و فیدراسیۆن و پێكهاتەكانی تری كوردستانییە لە تاراوگە، ئەوانەی باوەڕیان بە خاك و نەتەوە و ئاڵای كوردستان هەیە.
وەك بە ئەزموون بینیمان، پردێكی پتەوی پێوەندی دەبێت لە نێوان دیاسپۆرای كوردستانی و وڵاتی دایك (كوردستان)، بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسیی نەتەوەی كورد هەیە. ئامانجی هەرە سەرەكی بریتییە لە هەوڵ و كۆششی بێوچان، لە پێناو یەكڕیزی و كۆكردنەوەی چین و توێژە جیاجیاكانی رەوەندی كوردی، لە ژێر چەترێكی نەتەوەیی و لەسەر بنەماكانی دیموكراسی، یەكسانی، پێكەوەژیان و مافی مرۆڤ.
گەشەپێدانی كولتوور و زمان و فۆلكلۆری كوردیی و گرنگیدان بە مێژووی كوردستان، كاركردن بۆ دیاریكردنی ژمارەی هاونیشتمانیان لە دەرەوەی وڵات، بە میكانیزمێكی گونجاو، لەوانە دروستكردنی ماڵپەڕێكی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە، یەكێكی ترە لە ئامانجەكانی. دروستكردنی پێوەندی و هاوئاهەنگیی پتەو لەگەڵ كۆمەڵە و سەنتەر و رێكخراو و فیدراسیۆن و لایەنەكانی تری ڕەوەندی كوردستانی، لە پێناو یەكڕیزی و كاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاكاندا و خزمەتی هەرچی زیاتری بەرژەوەندییەكانی رەوەندی كوردستانییە، پڕۆژەیەكە كاری لەسەر دەكرێ.
هەروەها ئاوڕ دەداتەوە لە سازكردنی كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكی هونەریی جۆراوجۆر، بۆ زیاتر ناساندنی مێژوو، جیۆگرافیا، كولتوور و فۆلكلۆری نەتەوەكەمان بە دنیای دەرەوە. هاندان و پشتیوانیی خوێندكاران و گەنجان بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ سیستمی سیاسی، جڤاكی و كولتووری ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێكی چالاك و كاریگەر لە بەڕێوەبردن و گەشەكردنی ئەو كۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین، تا لەو ڕێگەیەوە زیاتر خزمەتی دۆزی رەوای نەتەوە و نیشتمانەكەیان بكەن، بۆیە كار دەكات بۆ ڕێكخستن و كۆكردنەوەی توانا مرۆییە، زانستییە، هونەرییە، ڕۆشنبیری و ئەدەبی، كولتووری و بازرگانی و وەرزشییەكان لە ناوەندێكی تایبەتدا.
كۆكردنەوە و ڕێكخستنی چالاكڤانانی كورد كە لە بواری سیاسی و ڕێكخراوە مەدەنی و جڤاكییەكاندا چالاكن، بۆ ئەوەی ببنە بەردی بناغەی لۆبییەكی بەهێز و كارامەی كورد لە ناوەندەكانی بڕیاردانی دەرەوەدا. یەكخستن و كۆكردنەوەی تواناكانی ڕاگەیانكارانی تاراوگە كە دەتوانن رۆڵێكی باش و كاریگەرییان هەبێت، لە پێناسەكردنی بارودۆخ و هەواڵ و رووداوەكانی كوردستان. كاركردن بۆ دامەزراندنی ناوەدنێكی میدیایی كە كەناڵە بینراو و بیستراو و نووسراوەكان لەخۆ بگرێت و تایبەت بێت بە ڕەوەندی كوردی. پاڵپشتی و هاوكاریی كۆمەڵە و ڕیكخراوەكانی كوردانی ئێزیدی و عەلەوی و یارسان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئاینەكانیان. دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ ڕێكخراوەكان لەو وڵاتانەی كورد تێیاندا نیشتەجێن، بۆ ھاوكاری و پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان.