بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له هه‌مبه‌ر په‌رله‌مانی كوردستاندا چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئه‌م دادگایه هیچ بڕیارێكی له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان نه‌داوه. ڕوون و ئاشكرایه كه ئێسته ڕۆڵ و ئه‌ركی ئه‌م دادگایه له چوارچێوه‌ی ڕۆڵی ده‌ستوورییانه‌ی خۆی ده‌رچووه، پتر ڕۆڵێكی شۆڤێنییانه‌ی سیاسیی له به‌رگێكی یاساییدا ده‌بینێت. ئه‌مه درێژكراوه‌ی ئه‌و گوتاره شۆڤێنییه نه‌ته‌وه‌ییه پان عه‌ره‌بیزمه‌یه كه به درێژایی مێژووی عێراق، له به‌غداوه گه‌ڵاڵه و ئاراسته‌ی ئێمه ده‌كرێت. جیاوازییه‌كه‌یان ته‌نیا له‌وه‌دایه كه دوێنێ به چه‌ك و ئه‌مڕۆش به گه‌مارۆ و بڕینی بودجه و پاشان بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ده‌كرێن.
ئه‌جێنداكانی ئه‌م دادگایه له‌وه ڕوونترن بێنه شاردنه‌وه، مه‌رامی سه‌ره‌كی له‌و جۆره گوتاره له بنه‌ڕه‌تدا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم و لكاندنه‌وه‌یه‌تی به به‌غداوه، ئه‌مه‌یش سه‌ره‌تا به‌بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوده‌زگا ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم مه‌یسه‌ر نابێت، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، قه‌واره‌ی هه‌رێم و دۆزی كورد له عێراق كۆتاییان دێت؟
ڕاستیی كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا، كێشه‌ی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه، له ڕووی زمان، خاك، مێژوو، كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌وه، ئێمه هیچمان له عێراقی عه‌ره‌بی ناچێت، ته‌نانه‌ت به جیۆگرافیا و خاك و خۆڵیش. سه‌رنج بده‌ن، هه‌موو باشووری عێراق چیایه‌كی لێ نییه، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه هه‌موو كوردستان بیابانێكی لێ نییه، كێشه‌ی ئێمه هی دوو نه‌ته‌وه‌یه كه ده‌بێ هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن ماف و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆیان بن و ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو ده‌ریانخستووه، جگه له‌و جۆره پێوه‌ندییه، هیچ كاتێك به‌غدا ناتوانێ مافه‌كانی ئێمه بدات.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه په‌رله‌مان هه‌بێت یان نه‌بێت، هیچ له‌و ڕاستییه مێژووییه ناگۆڕێت كه ئێمه به‌شێك نین و نابین له عێراق. هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و حكوومه‌تی عێراق نییه، ئه‌وان ئه‌و قه‌واره‌یه‌یان دانه‌مه‌زراندووه تا هه‌ركه‌ی ویستیان هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه، بگره كوردستان به‌ری ده‌یان ساڵ خه‌بات و تێكۆشان و ڕووبارێك خوێنه.
ئه‌م هه‌رێمه، ڕه‌وایه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی و كارگێڕی و یاساییه، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی جیاواز له عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، هه‌ر خۆیشی به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پارێزراوه.
ڕاسته پێوه‌ندییه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ ناوه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵییه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندیی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له ڕووی زمان و فه‌رهه‌نگ و شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌وه هه‌یه. ئه‌مانه ئه‌و واقیعه ده‌سه‌پێنن كه ده‌بێ به‌غدا وه‌ك پارێزگایه‌كی تری به‌شه‌كانی تری عێراق سه‌یری كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كات.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه ڕه‌نگه هه‌رێم بخاته بۆشایی یاساییه‌وه، هیچ نییه جگه له هه‌وڵی ناوه‌ند له ڕێی دادگاوه بۆ بچووكردنه‌وه و پاشان سڕینه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم. ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه بۆ هه‌موومان ئاسایی و چاوه‌ڕوانكراو بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، خۆشحاڵیی به‌شێك له‌و به‌ناو چاو‌دێر و په‌رله‌مانتارانه‌یه كه دڵخۆشن به‌و بڕیاره.
سه‌یر له‌وه‌دایه كه‌سانێك ده‌ستخۆشیی ئه‌و بڕیاره له دادگا ده‌كه‌ن كه خۆیان مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌و په‌رله‌مانه وه‌رده‌گرن و په‌رله‌مانتاری خانه‌شینن و له ده‌ره‌وه به‌و پاره‌یه ده‌ژین، كورد ده‌مێكه گوتوویه‌تی (له كانییه‌ك ئاوت خوارده‌وه به‌ردی تێ مه‌گره). به‌داخه‌وه ده‌بوو ئه‌مانه هێنده ئاستنزم نه‌بن، هیچ نه‌بێ وه‌فایان بۆ ئه‌و ده‌زگایه هه‌بێت كه مانگانه شه‌ش ملیۆنی موفتی لێ وه‌رده‌گرن.
ئه‌وانه‌ی به بڕیاره دوژمنكاره‌كانی دادگا خۆشحاڵن و شانازی به نۆكه‌رییه‌وه بۆ عێراقی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن، ده‌بێ باش ئه‌و ڕاستییه بزانن ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌م دادگایه په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، به‌یانی زمان و كولتوور و فه‌رهه‌نگ و تایبه‌تمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشمان لێ زه‌وت ده‌كات و ده‌مانگێڕێته‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌س خۆزگه‌ی پێ ناخوازێت.
مه‌رامه‌كانی به‌غدا و دادگا له‌وه گه‌وره‌ترن ته‌نیا به هه‌نگاوێك كۆتاییان بێت، چونكه ئه‌م دادگایه ئێسته ڕۆڵی ده‌ستوورییانه‌ی خۆی بیر چووه‌ته‌وه و هه‌ر كه‌سێك سكاڵایه‌كی ئاسایی له‌سه‌ر هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانی بكات، كاری له‌سه‌ر ده‌كات و له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غدا یه‌كلای ده‌كاته‌وه.
ئه‌م دادگایه بۆچی مافی فه‌رمانبه‌رانی كورد ناگێڕێته‌وه كه له په‌راوێزی بڕینی بودجه له به‌غداوه پێشێل كراون؟ ئه‌ی بۆ دوای 13 مانگ له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، حكوومه‌تی به‌غدا پێكهێنراو و ئه‌م دادگایه هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو؟، بێگومان دیاره دادگای زۆرینه شیعه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵه سیاسی و مه‌زه‌وییه ده‌بێت كه له ناوه‌نده سیاسییه‌كه‌دا به‌ركاره، بۆیه ده‌بێ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك بڕیارێكی ئاسایی و ناده‌ستووری سه‌یر بكرێن و كاریان پێ نه‌كرێت.