له ناو گه‌رمه‌ی جۆش و خرۆشی جیهانیی مۆندیال و ڕابوونه‌كه‌ی ئێران و لێدان و سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك و پێشه‌نگایه‌تیی بێوێنه‌ی ژنان بۆ ڕه‌وته‌كه، چوار ژنی كورد له‌لایه‌ن "بی بی سی"یه‌وه له لیستی 100 ژنی كاریگه‌ریی دنیا دانران. بێگومان ئه‌وه‌ی كه پێوه‌ره‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه جیهانییانه بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه چین و چۆنن، بۆ من گوماناوییه و له‌ناو كایه و یارییه‌كی جیهانی سیاسیی ڕۆژئاوا و جۆرێك له ههژموونسازی و كۆلۆنیالیزمی میدیایی و كولتووریدا ده‌یبینم، به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا ده‌ركه‌وتن و گه‌شانه‌وه‌ی ژنان و هێزی ژنانی ئێمه‌شه له ئاستێكی دیار و به‌رزدا.
جارێك له وتووێژێكدا له ئه‌نجێلینا جولی؛ ئه‌كته‌ر و ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی هۆڵیوود له میانه‌ی پێدانی خه‌ڵات و ڕێزلێنانێكدا ده‌پرسن چ هه‌ستێكتان هه‌یه؟ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی كه به‌ڕێزیان خستیانه ڕوو، جێی تێڕامان و شایسته‌ی ڕێز بوو كه گوتی، "من له فه‌زایه‌كی هونه‌ریدا گه‌وره بووم، هه‌م باوكم و هه‌م دایكم سه‌ربه دنیای هونه‌ر بوون، هیچ كهموكورتییهكم نه‌بووه و له ڕووی ڕووخسار و ڕواڵه‌تیشه‌وه، هێنده په‌سه‌ند ده‌كرام كه هیچ له‌مپه‌رێكی ئه‌وتۆم له به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆمدا نه‌بینیوه‌ته‌وه. ئێسته ئێوه بهێننه پێش چاوی خۆتان من چ هونهرێكم هه‌یه، كاتێك كه‌سانێك له ئه‌فریقا یان ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ن، كه توانایان به ئاستی من هه‌یه و نه‌گه‌یشتوون به هیچ كوێش".
ڕه‌نگه ئه‌مه كایه‌یه‌كی هونه‌ری و میدیایی ئه‌كته‌رێكی ناودار بێت كه له ناو ئه‌و دنیایه‌ی گه‌شه‌ی كردووه و باڵی به‌سه‌ر ده‌روونیدا كێشاوه، پێی ڕاهاتبێت، به‌ڵام به‌ده‌ر نییه له ڕاستییه‌كی دره‌وشاوه و به‌هایه‌كی ئه‌خلاقیی به‌رز، خودی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ده‌رخه‌ری ئه‌و دۆخه سه‌خته‌ی به‌رده‌می ژنان و كچانی ئێمه‌ن، تا هه‌م له ناو سیستمێكی خۆپه‌رستانه‌ی پیاوسالاری و هه‌م له ناو ئه‌خلاقێكی كۆنباو و به‌رته‌سكدا، هه‌وڵ بده‌ن و شایسته‌یی و تواناییه‌كانی خۆیان بخه‌نه ڕوو.
له مێژووی دوور و نزیكی ئێمه‌دا، ژنانێكی دیار و دره‌وشاوه ده‌ركه‌وتوون كه ئه‌گه‌رچی له‌ناو كه‌شێكی پیاوسالارانه‌دا بوون، به‌ڵام توانایی و شایسته‌یی بێوێنه‌یان خستووه‌ته ڕوو كه بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان جێی یادكردنه‌وه و ڕێزه، ڕه‌نگه عادیله خانم یه‌كێك بێت له‌وانه كه هه‌م خاكی نیشتمانی خۆش ویست و هه‌میش له پێناویدا خه‌باتی كرد، عادیله خانم (1859-1924) ژنی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ژیری هۆزی جاف و هاوسه‌ری عوسمان پاشای جاف، كچی عه‌بدولقادر به‌گی ساحێبقڕان، دایكی دوو شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان ئه‌حمه‌د موختار به‌گ و تاهیر به‌گی جاف بووه، ئینگلیزییه‌كان پێیان گوتووه شاژنی بێ تاجی شاره‌زوور، هه‌ر ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه به‌سه بۆ ناساندنی جێگه و پێگه‌ی دره‌وشاوه‌ی كهڵهژنێكی كورد كه له ناو دنیایه‌كی خێڵه‌كی و پیاوسالاردا، ئاوه‌ها پله و شكۆیه‌كی نواندووه.
له‌یلا قاسمیش یه‌كێك له‌و ناوه دیارانه‌یه كه ئێسته بووه به هێمای خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و خوێندكاریی نوێمان، ئه‌و له‌دایكبووی خانه‌قینه له 1952 و له 1974 له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه شه‌هید كراوه، له 1970 پێوه‌ست بووه به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، پاش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له به‌هاری 1974 له كوردستان، له‌یلا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی واته جه‌واد، حه‌سه‌ن، نه‌ریمان و ئازاد له پێناوی گه‌یشتن به مافه‌كانی گه‌لی كورد، خه‌بات و چالاكییه‌كی فراوانی ئه‌نجام دا و له 29ی مانگی ئه‌پریلی ساڵی 1974 له كۆلیژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی به‌غدا، له ژێر تاوانی چالاكیی سیاسی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌گیرێت و ماوه‌یه‌ك له گرتووخانه‌ی ئه‌بوغرێب له به‌شی تاكه‌كه‌سیی ده‌بێت، به‌ڵام به‌و هه‌موو پاڵه‌په‌ستۆ و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه، ددانی به هیچ نه‌نا و ناوی ئه‌ندامانی حزبی ئاشكرا نه‌كرد، دواتر ڕژێمی فاشیی به‌عس له‌یلا و هه‌ر چوار هاوڕێكه‌ی له سێداره دا.
ئه‌م دوو نموونه‌یه سه‌رچه‌شن و په‌تێرنی ژنان و ته‌نانه‌ت پیاوانی ئێمه‌شن له مێژووی دوو سه‌ده‌ی ڕابردووماندا، ده‌بینین چۆن له ناو ئاسمانی تاریكی سه‌رده‌می خۆیاندا، وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگدار دره‌وشانه‌وه و بۆ تاهه‌تایه له زه‌ین و زاكیرهماندا جێیان خۆش كرد. دیاره نموونه‌ی دیكه هه‌ن و من ئه‌مه‌م ته‌نیا وه‌ك دوو نموونه‌ی دیار هێنایه‌وه، ئێسته و له سه‌رده‌می ئێسته‌ماندا ژنان و كچانی خۆنه‌ویست و تێكۆشه‌ر و ژیر، زۆرن و بێگومان ئه‌مه‌ی كه "بی بی سی" چوار كه‌سی له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات خستووه‌ته ناو لیستی ژنانی كاریگه‌ره‌وه، به‌و مانایه نییه كه ژنان و كچانی كاریگه‌ر و شكۆمه‌ندی تر له كوردستان بوونیان نییه، به‌ڵكو نیشانه‌ی ڕێزلێنانێكی بچووكی ڕه‌مزی و بگره سیاسی و ههلپهرهستانهش بێت له دره‌وشانه‌وه‌ی ڕۆحی ژنانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ژنانێك به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ژێر بۆردمانی فڕۆكه و تۆپ و تانكدا بوون، په‌روه‌رده‌كاری پیاوانی داهاتوو و منداڵانی دواڕۆژ بوون و خزمه‌تكاری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بوون كه له پانتای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موو مافێكی ئینسانیی داڵقووت و حهپهلوو كراوه، ژن هاوكات له‌گه‌ڵ فڕۆكه و ئه‌م ماندووبوونه، ده‌بوو له‌گه‌ڵ ڕۆح و نه‌ریتی زاڵمانه‌ی پیاوساریشدا هه‌ڵبكات و له ململانێدا بێت، ئه‌وان له ئاوه‌ها بهرهگهلێكی شه‌ڕدا باڵایان كردووه و هاتوون، ئێسته ئه‌م چوار كه‌سه بۆ ئێمه نموونه‌ی ڕێزلێنانن له خۆمان، له توانا و هه‌ڵكه‌وتوویی ژن له‌و دۆخه سه‌خت و ناهه‌مواره‌دا.
وه‌ك له هه‌واڵه‌كاندا هاتووه له ڕۆژانی ڕابردوودا، بی بی سی لیستی 100 ژنی كاریگه‌ری له سه‌رانسه‌ری دنیا بۆ ساڵی 2022 ئاشكرا كرد. له ناویاندا گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی جیهانی؛ بێڵی ئایلش، خانمی یه‌كه‌می ئۆكرانیا؛ ئۆلینا زێلێنسكا ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگ؛ پریانكا چۆپرا و چوار ژنی كورد هه‌ن كه ئه‌مانه‌ن:
1- زارا محه‌مه‌دی، مامۆستا له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
زارا محه‌مه‌دی وه‌ك یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی بنكه‌ی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی نۆژین، زیاتر له 10 ساڵه كاتی خۆی بۆ فێركردنی زمانی كوردی له شاری سنه ته‌رخان كردووه. به‌ڵام كۆماری ئیسلامی زارای به "پێكهێنانی گرووپ به ئامانجی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی" تۆمه‌تبار كرد و حوكمی پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
2- ڕۆیا پیرایی، چالاك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
كاتێك دایكی ڕۆیای ته‌مه‌ن 62 ساڵ له شاری كرماشان سه‌رقاڵی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بوو، له‌لایه‌ن هێزه ته‌ناهییه‌كانی كۆماره‌وه ته‌قه‌ی لێ كرا و كوژرا. ڕۆیا به سه‌ری تاشراوه‌وه له ته‌نیشت گۆڕی دایكی وه‌ستابوو و قژه بڕاوه‌كه‌ی به ده‌سته‌كانیه‌وه گرتبوو و به شكۆ و سه‌ربڵندی و "نا"یه‌كی گه‌وره له چاوانی دا، چاوی له كامێراكه ده‌كرد. ڕۆیا له‌گه‌ڵ ئیمانۆیل ماكرۆندا دانیشتنی هه‌بووه، تاك بتوانێت جۆرێك پشتیوانی بۆ ناڕه‌زایه‌تییه به‌رده‌وامه‌كان له ئێران، به پێشه‌نگایه‌تیی ژنان و ڕاكێشه‌ریی ئیراده‌ی گشتیی مسۆگه‌ر بكات. ئه‌و ئێسته یه‌كێك له‌و ڕووخسارانهیه كه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ناسراوه و پاش په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له ئێران، بوو به مانشێت و سه‌ردێڕی زۆر له ڕۆژنامه و بڵاڤۆكه‌كانی دنیا.
3- ڕۆزا ساڵح، سیاسه‌توان له باشووری كوردستانه‌وه
له مانگی ئایاری ساڵی 2022، ڕۆزا ساڵح بووه یه‌كه‌م په‌نابه‌ر كه بۆ ئه‌نجوومه‌نی شارۆكه‌ی گلاسكۆ هه‌ڵبژێرا، دوای ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نی كچێكی گه‌نجدا گه‌یشته سكۆتله‌ند. ڕۆزا ساڵح خه‌ڵكی باشووری كوردستانه، ئه‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (سۆلیداریتی سكۆتله‌نده له‌گه‌ڵ كوردستان)، وه‌ك چالاكێكی مافی مرۆڤ سه‌ردانی باكوری كوردستانی كردووه.
4- نیگار مارف، په‌رستیار له باشووری كوردستانه‌وه
كار و چالاكییه‌كانی نیگار مارف له باشووری كوردستان، بریتین له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ژنانه‌ی كه خۆیان سووتاندووه، نیگار نزیكه‌ی ٢٥ ساڵه له نه‌خۆشخانه‌كاندا كار ده‌كات، چ له بواری سووتانی منداڵان و چ له چاودێریكردنی چڕوپڕیاندا. هه‌روه‌ها له به‌شی نهخۆشخانهكهیدا چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشانه ده‌كات كه به ڕێكه‌وت تووشی سووتان بوون.
شایسته‌یه ئه‌م ڕووداوه بقۆزینه‌وه و توانا و هه‌ڵكه‌وتوویی ئه‌م چوار كه‌سه له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور ڕیز لێ بگرین، وه‌ك سه‌رچه‌شن و نموونه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌كانمان بیانناسێنین، له ئاستی ستایشی ڕه‌مزی بۆ بوونی پڕ توانایی و ئینسانییان بڵێین "ژ" وه‌ك ژن، "ز" وه‌ك زارا و "ڕ" وه‌ك ڕۆزا و ڕۆیا و... له‌لای خۆمه‌وه پیرۆزبایی به ئه‌م چوار خانمه و سه‌رجه‌م خانمانی چالاكی كوردستان ده‌ڵێم و دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، ئیراده و تواناییه‌كانی ژنان و كچانی ئێمه زۆر له‌وه به‌رزترن كه ڕیكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی بتوانێ ڕێزیان لێ بگرێت و لێیان تێبگات.
پیرۆز بێت و ئه‌م كاروانه پڕ ڕێبوار بێت.