یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه تا ئێسته، فره‌ڕه‌نگی و جۆراوجۆریی ئاین و زاراوه و بنزاراوه‌كان بووه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه كه پێده‌چێت له‌ناو كورددا زۆر زه‌ق و زۆر و به‌رچاو بێت، ده‌توانێ هه‌م مه‌ترسی بێت و هه‌م هه‌ل و ده‌رفه‌ت. هه‌میشه له كۆمه‌ڵگه فره‌ڕه‌نگه‌كاندا ترسی ئایدۆلۆجیایه‌كی یه‌ك به‌هاییانه‌ی زاڵ ده‌بێته زه‌وینه‌خۆشكه‌ری مه‌ترسییه‌ك (چ له ناوخۆوه بێت چ له ده‌ره‌وه) كه حازر و ئاماده‌یه، واته ئه‌گه‌ر بۆ نموونه له ناو نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و چالاكانی ژن و خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه به گشتی و له وانه‌ی خوێندنگه و زانكۆكاندا، ئه‌م ڕه‌نگاوڕه‌نگی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ی كولتووری كورد له هه‌موو پارچه‌كاندا فێركاریی نه‌كرێت و وه‌ك بڕه‌ند و مۆركێكی جیاواز و تۆكمه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌خوێنرێته‌وه، ئه‌وا بێگومان ئه‌م ورده پێكهاته جیاوازانه له ناو پێكهاتێكی یه‌كانگیر كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بێت، ناگونجێن و ده‌توانن دژ به یه‌ك خوتبه و خیتاب بده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه وه‌ك هه‌ل نه‌بینین ئه‌وا ده‌بێت به هه‌ڕه‌شه.
لێره‌دا من لایه‌نه ناوخۆییه‌كه‌یم باس كرد، به‌ڵام لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌تر دروست ده‌كات، له دێرزه‌مانه‌وه به‌هۆی پێكهاتی خانخانی و خێڵه‌كییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، زۆربه‌ی كات ڕه‌وت و بزاڤه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه فۆرمۆله و دایاگنۆستیك كراوه له نێوان خێڵێكی سه‌روه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار، دژه‌كه‌ی یان له ڕۆژگاری مۆدێرندا له نێوان لایه‌نێكی حوكمڕان و لایه‌نی دژبه‌ر، زۆربه‌ی هه‌ره زۆریش له‌م تایبه‌تمه‌ندییه له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه كه‌ڵك وه‌رگیراوه.
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه چۆن ئه‌م هه‌ڕه‌شه هێزه‌كییانه بكه‌ین به هه‌لی زێڕین و بیقۆزینه‌وه؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له نیگای یه‌كه‌مدا ساده ده‌نوێنێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چ وه‌ڵامێكی ده‌درێته‌وه، ده‌بێت بیر له پلاندانان و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ئایدیا و فیكره‌یه‌ش بكرێته‌وه كه له وه‌ڵامه‌كه‌دا ده‌گونجێت. گۆڕینی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ هه‌ل و ده‌رفه‌ت به‌ر له هه‌ر شتێك، وشیارییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گشتیی ده‌وێت، ئه‌وه‌ش نه‌ك ته‌نیا له ئاستی باشووری كوردستان، به‌ڵكو له ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌دا.
له بیرمان نه‌چێت ئێمه له سه‌رده‌می گوندی جیهانیدا ده‌ژین و ئێسته كه كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن له باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ڕووماڵی ڕێوڕه‌سمی كریسمس و جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح ده‌كه‌ن، به‌شێكی زۆری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پارچه‌كانی تریش بینه‌ری ده‌بن و ده‌یكه‌ن به نموونه و سه‌رچه‌شنێك، بۆ هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ كه‌مه ئاینییه‌كانی هه‌بوو له كوردستاندا. بۆ نموونه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان قه‌ڵخانی، شیعه و سوننه‌مان هه‌یه، ئه‌گه‌ر واقیعبینانه چاوی لێ بكه‌ین، به‌هۆی سیاسه‌تی ئاینی و كولتووری و پلانی ته‌ناهیی كۆماری ئیسلامی، ڕوانگه‌ی هیچ كامه‌یان بۆ ئه‌ویتر تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی باش نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی شیعه و سوننه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له ئه‌نجامدا خۆیان وه‌ك یه‌ك سه‌رچاوه زانیوه، باشتر پێكه‌وه هه‌ڵیانكردووه، به‌ڵام قه‌ڵخانییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه باسم كرد، وه‌ك نه‌فره‌تكراو و غه‌واره و نامۆ بینراون.
به‌داخه‌وه ئه‌م پلانه تا ساڵانێك له‌مه‌وپێش هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بووه و دواتر ورده ورده به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی میدیا گشتییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاری و فراوانبوونی پێوه‌ندییه‌كان، ئه‌و تێڕوانینه دۆگماییه كاڵ بووه‌ته‌وه و ئێسته وه‌ك پارچه‌یه‌كی مه‌عنه‌وی و ڕۆحی و قه‌واره‌یه‌ك له كوردستان ده‌بینرێن، لانیكه‌م ئاینه‌كه‌یان ناده‌نه‌به‌ر هێرش و سووكایه‌تی.
له باشووری كوردستان به‌هۆی ئه‌و كه‌شه ئازاده‌ی له پاش 91ه‌وه هاته ئاراوه، ژیانی پێكه‌وه هه‌ڵكرن و سه‌قامگیریی سه‌ربورده و پێشینه‌یه‌كی دوور و درێژتری هه‌یه و به‌روبوومه‌كه‌ی دیاره، بۆیه ده‌ڵێم باشوور سه‌رچه‌شن و نموونه‌یه بۆ ڕای گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پارچه‌كانی تر. به دیوێكی تریشدا هه‌بوونی مه‌سیحی و جوو و مسوڵمان (شیعه و سوننه) له ناو كورددا، ده‌توانێت له پله‌ی نووسین و گێڕانه‌وه و به‌گشتی بیركردنه‌وه‌ی كورد وه‌ك مرۆڤ، ڕه‌نگاڵه‌یی زیاتر و مانادارتر دروست بكات. بۆ نموونه بوونی جووه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باشوور، كاتی خۆی مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و ڕه‌نگاڵه‌تربوونی كولتووری زاره‌كی و زمانی كوردی بووه، ته‌نانه‌ت له ڕووی شوێنپێیان له‌سه‌ر ڕووخساری شار و بازاڕ و كۆی سیستمی ئابووری، جێی سه‌رنج و بایه‌خ بوون.
ئێسته‌ش له ڕۆژهه‌ڵات بازاڕی مووساییه‌كان یان جووه‌كان له شارێكی وه‌ك سنه، گه‌شتیاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هێنده سه‌رنجڕاكێش و تایبه‌ته كه چاو بیره‌وه‌رییه كۆنه كوردییه‌كان له بنمیچه‌كانیاندا به هێزی خه‌یاڵ و نۆستالۆجیا هه‌ڵده‌كڕێنێت. ئه‌م فره‌ئاینی و فره‌زاراوه‌ییه خۆی، هه‌ڵبژارده‌یه‌كی دره‌وشاوه و شاز ده‌خاته به‌رده‌می ئێمه، ئه‌ویش باوه‌ڕ به چه‌ندده‌نگی و فه‌زای پلۆڕاڵ و به‌گشتی كه‌شێكی دیموكراسییه.
پێم وایه ئێمه وه‌ك هه‌ل و ده‌رفه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئاینی و زمانییه‌كان، ماده‌ی خاو و هه‌وێنی ئاماده‌ی وڵات و پێكهاتێكی دیموكراتیكمان ده‌بێت له داهاتوودا، ئه‌ویش له‌ڕێی په‌ره‌پێدانی كولتووری قبووڵكردنی یه‌كتر و په‌سندكردنی فره‌ڕه‌نگی و جۆراوجۆربوونی ئاینی و... كه ژیانێكی پێكه‌وه‌یی و پڕ له سینگفراوانیمان بۆ به‌دیاری دێنیت، بۆیه له‌سه‌رمانه ڕێكخراو و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان (چ باڵه حكوومییه‌كان و چ ناحكوومییه‌كان)، به‌تایبه‌تیش پێشه‌وایانی ئاینه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره ئیش بكه‌ن و مانۆڕ بده‌ن و به‌تایبه‌تی مه‌لاكانی ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاینه‌كانی تری جگه له ئیسلام له كوردستاندا كه‌مینه‌ن، به خیتابێكی توندڕه‌وانه و ڕادیكاڵه‌وه جه‌ماوه‌ری مسوڵمان له هه‌مبه‌ر و دژ به مه‌سیحی و جوو و ئێزدیدییه‌كان ئاراسته نه‌كه‌ن، تا هه‌موومان پێكه‌وه به هێمنی و له ئاسایش‌دا بژین.
ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌م تێڕوانینه هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێ مسوڵمانانیش به دڵێكی پاك و بێگه‌رده‌وه پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له برا و خوشكه مه‌سیحییه‌كانیان بكه‌ن و ڕێز بۆ ڕێوڕه‌سم و به‌ها ئایینییه‌كانیان دانێن. خۆشبه‌ختانه له باشووری كوردستان له ژێر چه‌تری فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌ژیان، ئه‌م كه‌شه تا ئاستێكی زۆر به‌تایبه‌تی له هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆ كه كه‌مینه‌ی ئاینی زۆره، سه‌ركه‌وتووتر بووه. من وه‌ك كوردێك پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له هه‌موو برا و خوشكه مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌م و هیوادارم ئه‌م ڕۆژه، ببێت به هه‌وێنی ده‌ره‌وه‌ستبوونی زیاتری هه‌موومان به ئه‌ركه‌كانمان له هه‌مبه‌ر مرۆڤایه‌تی به گشتی و كورد وكوردستان به‌تایبه‌تی.