ئه‌گه‌ر له دیمه‌نی سیاسیی ئێسته‌ی عێراق بڕوانین و به‌راوردی بكه‌ین به چه‌ند مانگ پێش ئێسته، زۆر ئه‌سته‌مه بیناسینه‌وه. به‌هار و هاوینی رابردوو ئه‌م وڵاته ده‌كوڵا. چه‌ند مانگێك خۆپێشاندان و به‌ریه‌ككه‌وتن ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبوو، ته‌نانه‌ت پێكهه‌ڵپژانیش له شه‌قامه‌كاندا به زۆری ده‌بینرا. لایه‌نه‌كان به‌سه‌ر جه‌مسه‌ری ناكۆكی و ئه‌وپه‌ڕگیردا دابه‌ش بووبوون. ئاسۆی چاره‌سه‌ر زۆر دوور بوو. به‌ڵام ئه‌مه عێراقه، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه له لووتكه‌ی ناكۆكی و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌له‌مه‌رجه‌كه بگۆڕێت.
پێكهێنانی كابینه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بوو به وێستگه‌یه‌ك، جۆرێك له ئارامی و سه‌قامگیری سیاسی رێژه‌یی بۆ وڵات گه‌ڕانده‌وه. ئێسته به‌ڕواڵه‌ت هه‌موو شتێك له ئاسایی ده‌چێت. لایه‌نه‌كان و شه‌قام جۆرێ له ئارامییان پێوه دیاره. ده‌كرێ بڵێین ئاشته‌واییه‌ك هه‌یه، ئاشته‌وایی سه‌رده‌می سوودانی. به‌ڵام وه‌ك پرسیاری سه‌ره‌كی ده‌پرسین تا كوێ بڕ ده‌كا؟ ئاخۆ ئه‌و گریمانانه راستن؛ ده‌ڵێن هۆكاره‌كانی ناسه‌قامگیریی عێراق وه‌ك ژیله‌مۆ وان، ئاماده‌ن خێرا و له چه‌ند كاتێكی كه‌مدا سوور ببنه‌وه و هه‌موو ریسه‌كه بكه‌نه‌وه به خوری؟
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به باسه‌كه بكه‌ین، تێبینییه‌ك هه‌یه ده‌توانێ له‌م بواره‌دا زۆر یارمه‌تیده‌ر بێ و له‌به‌ر رۆشناییه‌كه‌ی، تێگه‌یشتنمان بۆ داهاتوو هاوسه‌نگتر ببێ. نزیكی 104 ساڵ له‌مه‌وپێش و له سه‌روبه‌ندی پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی؛ سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا "تۆماس ودرۆ ویلسۆن" بۆ جێگیركردنی ئاشتی له ئه‌وروپا، سه‌ردانی كۆنفرانسی ئاشتی پاریسی كرد. پێش به‌ڕێكه‌وتن لێیان پرسیبوو، پێشبینیت بۆ ئاشتی و داهاتووی ئه‌وروپا و دنیا چییه؟ گوتبووی ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاشته‌واییه به‌پێی پێوه‌ره باڵا و ته‌ندروسته‌كانی دادپه‌روه‌ری نه‌بێت، گه‌لانی دنیا ئه‌وپه‌ڕی دوای نه‌وه‌یه‌ك، هێڵی ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا ده‌كێشن و سه‌رله‌نوێ دنیا بۆ شه‌ڕ و ئاژاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی ویلسۆن له ڕوویه‌كه‌وه زۆر رێكه، هیچ ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ك ناتوانێ تاسه‌ر بێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ره‌چاوی پێوه‌ره باڵا و ته‌ندروسته‌كانی دادپه‌روه‌ری تێدا كرابێت. ئاشته‌واییه‌ك بێت زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان لێی سوودمه‌ند بن. زیانمه‌نده‌كانیش ئه‌وه‌نده زیانیان نه‌كردبێت، خێرا بیر له‌وه بكه‌نه‌وه تێكی بده‌ن. واته لۆجیكی ئاشتینامه‌كه جۆرێك له یاریی بردنه‌وه-بردنه‌وه تێدا بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان یان زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان تێیدا هه‌ست به سه‌ركه‌وتن بكه‌ن. نه‌ك لایه‌ك هه‌موو خێر و قازانجه‌كه‌ی چنیبێته‌وه و به‌ره‌كه‌ی تریش زیاترین غه‌دری لێ كرابێ و له به‌رژه‌وه‌ندی درابێ و پێگه و سه‌نگی هه‌ژمار نه‌كرابێت.
ئه‌گه‌ر به‌م پێشه‌كییه‌وه ده‌رگای بابه‌ته‌كه بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی خێرا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه: له‌ڕووی ناوخۆییه‌وه له دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئه‌وه‌ی رێگر بوو له‌وه‌ی عێراق سه‌قامگیری و ئاشتی هه‌میشه‌یی به‌خۆیه‌وه ببینێت، ئه‌وه‌بوو دۆخی ئاشته‌وایی به‌پێی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و هاوسه‌نگی جێگیر نه‌كراوه. زیاتر به پێوه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار و په‌راوێزخراو و به‌شدراو و به‌شخوراو كار كراوه.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به عه‌قڵێكی تایفی، سوننه كرایه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه. به‌پێی لۆجیكی شۆڤینیش، ته‌ڵه بۆ كورد دانرا و هه‌وڵ درا په‌راوێز بخرێت و له سه‌نگ و پێگه‌ی بدرێت و سیاسه‌تی بچووككردنی جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌م ره‌وته پاش ماوه‌یه‌ك شۆڕ بووه‌وه بۆ ناوماڵی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیش. ناوماڵی ئه‌وانیش به خه‌ڵكی خۆمانه و بێگانه دابه‌ش كرا. به‌ره‌به‌ره موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، بوو به بێگانه و ئه‌وانیتر بوون به خۆمانه و خاوه‌ن ماڵ. ئه‌م ساڵانه هه‌ر هه‌مووی ململانێی ئاشكرا و شاراوه‌ی ئه‌م دوو به‌ره‌یه و ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره بووه. له ئه‌نجامیشدا وایكرد عێراق ئارامی به‌خۆیه‌وه نه‌بینێت، وڵات به به‌رده‌وام كه‌وته بازنه‌یه‌كی بێ كۆتایی ناسه‌قامگیرییه‌وه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق بوو به خاڵێكی وه‌رچه‌رخان. زۆربه‌ی شاره‌زایان بڕوایان وایه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، شۆڕشی په‌راوێزخراوه‌كانی ژینگه‌ی سیاسیی عێراق بووه دژه به ده‌سه‌ڵاتداره‌كان. له سه‌ره‌تادا وا هه‌ست ده‌كرا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه كۆی كایه‌ی سیاسی و بنه‌ماكانی ئاشته‌وایی ده‌گۆڕێت و له‌وانه‌یه هاوسه‌نگی بۆ ئه‌م بواره بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند هۆكارێك نه‌یانهێشت ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه سه‌ر بگرێت. له نیوه‌ی رێدا هاوپه‌یمانی په‌راوێزخراوه‌كان درزی تێكه‌وت. ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووش كه كه‌مینه‌یه‌كی كه‌م بوون، جڵه‌وی حوكمڕانییان كۆنترۆڵ كرده‌وه.
به‌ڵام ئاخۆ ئه‌وان توانییان جیاوازییه‌ك له نێوان پێكهێنانی كابینه‌ی ئه‌مجاره و جاراندا دروست بكه‌ن؟ رێڕه‌وی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ئاشته‌واییان گۆڕی؟ ده‌كرێ با نایه‌كی گه‌وره وه‌ڵام بده‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی به كابینه‌كه‌ی سوودانییه‌وه دیاره، خوویه‌كی درێژخایه‌نه ئه‌مجاره‌ش دووپات بووه‌ته‌وه. خوویه‌ك كه خۆی له سێ كوچكه‌ی ده‌رپه‌ڕاندن و په‌راوێزخستن و پێدانی رۆڵی رووكه‌شدا ده‌بینێته‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی سوودانی له‌باتی ئه‌وه‌ی پشت له رابردووی شكستخواردوودا بكات، چوو به پیلییه‌وه. ئاشته‌واییه‌كه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی سوودانیش هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا كۆپییه‌كی بێ ئه‌ملاولای ئه‌و مۆدێله‌یه كه له‌م ساڵانه‌دا تاقی كراوه‌ته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی نه‌یتوانیوه ئه‌و مه‌رجانه تێبپه‌ڕێنێت كه حكوومه‌ته‌كانی جه‌عفه‌ری و مالیكی و عه‌بادی... له‌سه‌ر دروست كرابوو. به جۆرێك دووپاتكردنه‌وه‌ی مێژووه و به‌تاڵه له جۆره تازه و پێشكه‌وتووه‌كانی ئاشته‌وایی و پێوه‌ره باڵاكانی دادپه‌روه‌ری. ته‌نانه‌ت ئه‌مجاره به‌پێچه‌وانه‌ی جاره‌كانی پێشوو، هێڵه‌كانی نێوان براوه و دۆڕاو زۆر زه‌قترن و ئه‌مه‌ش واده‌كات بوومه‌له‌رزه‌ی سیاسی زیاتر بیپێكێت.
ره‌وتی سه‌در به ئاشكرا كراوه‌ته قوربانی، كراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه. واته له‌باره‌ی ئه‌م ره‌وته‌وه سیاسه‌تی ده‌رپه‌ڕاندن و په‌راوێزخستن جێبه‌جێ كرا. بۆ سوننه و كوردیش به مۆدێلێكی تر، به‌ڵام به هه‌مان ناوه‌ڕۆك مێژوو دووباره كراوه‌ته‌وه. واته بێ به‌شداری پێكردنی راسته‌قینه و ته‌نیا به پێدانی رۆڵی رووكه‌ش ئه‌ركیان پێ سپێراوه. ده‌رفه‌تی خستنه‌ڕووی راسته‌قینه‌ی كێشه و گرفته‌كانیان پێ نه‌داون.
كوا كورد توانی باسی كه‌ركووك و سنووری 140 بكات. باسی ئابووری و پشكی راسته‌قینه‌ی خۆی بكات. هه‌موو پێگه و پشكی كورد بووه به چه‌ند وه‌زیر و سه‌رۆك كۆمارێك كه تا ئێسته به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كوردستان هه‌نگاویان هه‌ڵنه‌گرتووه. هه‌روه‌ها سوننه‌ش كه‌ی ده‌رفه‌تی هه‌بووه باس له‌و هه‌موو زۆردارییه بكات كه تووشی هاتووه، كه‌ی ده‌رفه‌تی هه‌بووه باسی گۆڕینی دیموگرافی و دروستكردنی هه‌رێمی خۆیان بكات؟
له دۆخێكی وه‌هادا كه به‌پێی پێوه‌ری دۆڕاو و براوه ده‌سه‌ڵات جێگیر كراوه، پێناچێت ئاشتی زۆر بخایه‌نێت؛ ئاشتییه‌كی له‌رزۆكه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له‌هه‌ر ئانوساتێكدا شۆڕشی په‌راوێزخراوه‌كان سه‌رهه‌ڵبداته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كۆنترۆڵی زلهێزه‌كان كه‌م ببێته‌وه یان روانگه‌یان بۆ حكوومه‌تی ئێسته بگۆڕێت، هیچ دوور نییه جارێكی تر شه‌قامه‌كانی به‌غدا گه‌رم ببنه‌وه، بۆیه سه‌رده‌می سوودانی سه‌رده‌می ئاشتییه‌كی رووكه‌شه كه ناسه‌قامگیری بۆسه‌ی بۆ داناوه.