ئەگەرچی ڕووداوەكانی سووریا تا كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، شانۆگەرییەك بوو چەندان پەردەی لەسەر بوو، بەڵام لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا كەوتنی ئەسەد، وەك ئەنجامێكی حەتمی و یەكلا بووەوە دەهاتە بەرچاو.
چەندان ئەكتەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی و هەرێمی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەشدارن لە ڕەنگڕێژكردنی. ئەوەی زیاتر بەرچاوڕوونی دەهێنایەوە لە كەوتنی ئەسەددا، هەندێك ڕووداوی ورد بوون. بۆ نموونە، سێ ڕۆژ بەر لە ئەمڕۆ، جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، سەر لە بەیانییەك ئاماژەی بەوە دا كە هاوئاهەنگیی ئەوتۆیان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام نابێ، بەڵام ئێوارەكەی ڕای گەیاند كە هاوئاهەنگییان هەیە، ئەوەیش واتای ئەوەبوو ئەكتەرێكی نێودەوڵەتی بڕایارساز لە پرسەكەدایە و ئەم هاوئاهەنگییە خێرایە دروست دەكات، (ئەمەیان بە هەموو حیسابێك دەبێ ئەمەریكایە).
لە لایەكی ترەوە، لە كەوتنی شاری حمس كە دیمەشق و لاتیكیا و تەرتوس پێكەوە دەبەستێتەوە، ئەو ئەگەرە نەما كە ڕژێمی ئەسەد بواری ئەوەی هەبێ لە دیمەشق یان لە قەڵای عەلەوییەكان بمێنێتەوە، هەروەها خۆ ڕادەستكردنی ژمارەیەكی گەورە لە سەربازانی سووریا، بە هێزە عێراقییەكان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، بە فەرمانی فەرماندەیی سوپای سووریا. ئەمانە هەموو ئاماژە بوون كە ڕژێمی ئەسەد تەنیا بە سەعات كاتی لە بەردەمدا ماوە.
هاوكات كۆبوونەوەی دوێنێی دەوحە كە ژمارەیەك دەوڵەت بەشدارییان تێدا كرد كە پێشتر بڕیار بە دەست بوون. ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەنیا وەك مەقاشێك ئەسەدی بەكار دەهێنا، ڕووسیا فەرماندەی ئەسەد بوو و توركیایش بەشێوەیەكی تر كاریگەر بوو.
لەوە دەچێ لە داهاتوویشدا كاریگەر بێ بەسەر بارودۆخی نوێوە. عێراقیش بەشدار بوو، لە كاتێكدا عێراق لە ڕووداوەكانی هەفتەی ڕابردووی سووریا تەنیا بینەر بوو و هیچی تر، ئەویش وەك خەڵك زانی چی لە سووریا دەگوزەرێ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا ئەركی گۆڕینەوەی هەندێك پەیامی لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا پێ سپێرابوو.
كۆبوونەوەی دەوحە زۆر درەنگ بوو، لە سەعاتی سفردا بوو. بەپێی ڕاسپاردەكانی، بۆ ئەوەبوو ڕژێمی ئەسەد بهێڵێتەوە بە لاوازیی، بە جۆرێك درەنگ بوو، لە كاتی كۆبوونەوەكەدا "سی ئێن ئێن" بڵاوی كردەوە كە بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەكەی هەر لە دیمەشق نەماون و كۆشكی سەرۆكایەتیی بێ پاسەوان ماوەتەوە.
سووریا لە ساڵی 2013ـەوە زۆنی شەڕە و ئەوەی ڕووی دا زۆر ئاسایی دەبوو ڕوو بدات، بەڵام ئەوەی ئەمجارە دەستی پێ كرد، حەماس بوو.
بە هەڵگیرساندنی شەڕی غەزە، حەماس خزمەتی بە ئیسرائیل كرد، چونكە لێدانی وەكیلی وڵاتانی لە وڵاتانی "تر" كردە تایبەتمەندی و پسپۆڕی ئیسرائیل. ئێستە ئەمەریكایش پێویستی بێ بە ئیسرائیلی دەكات. ئیسرائیلیش لە نەوەتەكانی سەدەی ڕابردووەوە كار بۆ ئەوە دەكات، ببێ بە هێزێكی سەربەخۆ و پشتبەستوو نەبێ بە كەس و هاوكاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ وڵاتان هەبێ، حەماس دوا كارتی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێ بەخشی.
سەرەتای تەقینەوەكەی دوایی، زۆر لە شارەزایان و خەڵكیش پێیان وابوو ئیسرائیل بەهەڵە حیسابی كردووە و هەنگاوی ناوە، بەڵام ڕاستییەكەی ئێران هەڵەبوو و ڕووسیایش نەیشاردەوە كە دوو شەڕی مەیدانیی پێ ناكرێ، تا ئێستەیش بۆ داهاتوو توركیا بە براوە دەردەكەوێ. ئێستە دەوڵەتی سووریا لە باری فەوزادایە، جگە لەو ناوچانەی بەدەست هێزەكانی سووریای دیموكراتەوەن و عەفرین و چەند ناوچەیەكی تر. چەند كەسێك لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە دەرچوون و پەیامیان بڵاو كردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژیانی مەدەنی دەگەڕێتەوە. جێ داڵدەی بەشار ئەسەدیش تا ئێستە هەواڵی میدیاییە و هیچ حكوومەتێك پشتڕاستی نەكردووەتەوە.
ژنە نووسەرێكی سووری كە لە 2014ـەوە بە ئاوارەیی لە ئیستانبوڵ دەژی، چوار ڕۆژ بەر لە ئەمڕۆ لەسەر وێنەیەكی خۆی بەرانبەر دەریا لە ئیستانبوڵ نووسیبووی، "ئەی ئیستانبوڵ، ئەو شارەی خەڵكەكەی خۆشیان نەویستین و ئێمە هەرچۆنێك بوو خۆشمان ویستی، ئایا ڕۆژەكانمان لەگەڵتدا دەبێ بە یادگاریی یان هەر دەمێنینەوە؟".
بۆ كەمینەیەك نەبێ، بۆ بەشی زۆری ئاوارەكانی شەڕی ناوخۆی سووریا، ئەو بارەی ئێستە هیچی بۆ نەگۆڕیون، لە كاتێكدا ئەكتەرێكی سەربازی پێكهاتوو لە پاشماوەكانی داعش و فەرمانپێكراو لە هێزێكی هەرێمییەوە، پێ بە پێ ڕۆیشتن تا گەیشتنە بارەگای ئەسەد. بۆ كوردیش، ڕاستە كە خاكێكی زیاتری بەدەستەوە گرت، بەڵام هەموو ئاماژەكان نیشانەی ئەوەن كە ڕۆژانی داهاتووی لە ئەمڕۆ قورستر دەبێ، زۆرینەی ڕۆشنبیر و ئەكادیمی و شارەزایانی كورد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێمایان بۆ ئەوە كرد كە ئێستە بۆ كورد، مانەوەی بەشار بە لاوازیی باشترە وەك لە جێگیربوونی داهاتوویەك بەدەستی هێزی ئیسلامی توندڕەو.
چ ئازارێكە مانەوەی دیكتاتۆرێكی تاوانبار و خوێنڕێژت پێ باشتر بێ، بۆیە ڕووداوەكانی داهاتووی سووریا زۆر گرنگتر و یەكلاكەرەوەترن لەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویان دا.