ژەهریش كارتان تێناكات

PM:12:27:02/11/2021 ‌
رۆشنبیرانی قورمیشكراو، كەمپینچییەكانی مەڵبەند و گرد و پەكەكە، رۆژنامەنووسانی ئامادە بۆ گەورەكردنی مێروولەی هەولێر بە فیل و شانە نوستووەكانی لاهوور لە سۆشیال میدیا، پەیجە فرۆشراوەكانی بەناو رۆژنامەوانی و هەڵسووڕاوانی كۆماری ئیسلامی لەناو میدیادا، پەرلەمانتارە سووك و بێبەهاكان، بۆ قسە لەسەر ژەهرخواردكردنی ئەو هەموو خەڵكە ناكەن لە سلێمانی؟ 

رەنگە ئەم پێشەكییە كەمێك هەڵچوونی پێوە دیار بێت، بەڵام راستییەكەی هەڵچوون نییە، هێندەی نائومێدبوونە لەو جۆرە مرۆڤانەی هەمیشە بەسەر شاشەوەن یاخۆ لە پێش دادگە و گردبوونەوەكانن بەناوی ئازادیخواز. ئاخر مانای نییە یەك كێشەی بچووكیش لە سنووری سلێمانی ناتانجووڵێنێت، بەڵام لە هەولێر و دهۆك رەشەبا دەرگای ماڵێك بخات، دەیكەن بە دەهۆڵكوتان، نازانم ئەم مرۆڤانە دەزانن بە راستی كۆیلەی ئایدۆلۆجین و لەناو رقی كوێرانەدان، یان خەیاڵپڵاوی ئەوەن كە ئەوان داوای دادپەروەری دەكەن؟

باشە خۆ ئەو بابەتی ژەهرە زۆر ترسناكە، سنوورەكانی كوردستانی بڕیوە و لە دەرەوە دەستەبژێر باسی دەكەن، خێرە ئێوە ناجووڵێن؟ یان راستییەكە ئەوەیە كە مووچەخۆری خۆیانن و ناڕەزاییەكانتان بە رێنوێنییە نەك وەك مرۆڤ دۆزێك كارتان تێبكات؟

خۆ ئەو حاڵەتە لە ململانێی سیاسیدا، لووتكەی بێڕەوشتییە و لەڕووی مرۆییشەوە تا بڵێی قێزەونە، سەیرە ئێوەی ئازادیخواز و ژیاندۆست ناجووڵێنێ، تۆ بڵێی لە پێش هەشتی تەمووزەوە خەوتبن و ئاگاتان لەم دۆخە تازانە نەبێت؟ نا نا خۆ هەر پێرێ بوو لە یەك ئاواز دەتانخوێند دژی حكوومەت بەهۆی ئەوەی لە دوو گەڕەكی هەولێر لافاو دروست بوو. ئەی باشە بۆ نووزەتان لێوە نایەت؟ خۆ من دەزانم لە چ دۆخێكی دەروونیی ناخۆشدان، بەڵام هەر حەز دەكەم بەم زمانەی خۆتان پێتان بڵێن چەند بێ بار و دووڕوون، دە هێندەیش لای خەڵك ئاشكران كە كێ و بەچەند دەتانجووڵێنێ.

لەم حاڵەتانەدایە كە دڵنیا دەبین ئێوەی حولحوولی هیچ قەزییەیەكتان نییە و بە كرێگیراون، ئەگەرنا مرۆڤ قەزییەی هەبێت و ئازادیخواز بێت، شتێك لە وڵاتێكی تریش روو بدات، هەر لە شوێنی خۆی رادەچڵەكێ، بۆیە ئیتر نە جێی باوەڕن و نە حەقە لێتان قبووڵ بكرێ باسی هیچ بابەتێكی تر بكەن لە سنووری هەولێر. ئەوە گەمژەییە بەناوی ئازادییەوە هەموو شت كاول بكەن، كۆمەڵگەیشتان دابەش كرد كە بەعس نەیتوانی بیكات، ئینجاش دەتانەوێ وەك شەریف سەیر بكرێن؟ نا زۆر بە هەڵەدا چوون، هەڵبژاردنیش وانەیەكی جوان بوو ئەگەر تێبگەن، بۆچی هیچ لەو جنێودەر و حولحوولیانە دەرنەچوونەوە.

ئەم نووسینە هەموو كەسێك ناگرێتەوە، بۆ ئەوەی بە هەڵە لێكدانەوەی بۆ نەكرێ


ئەم نووسینە هەموو كەسێك ناگرێتەوە، بۆ ئەوەی بە هەڵە لێكدانەوەی بۆ نەكرێ، ئەوانەی لەو لیستەدان كە لە سەرەوە ریزم كردوون، خۆیان دەناسنەوە، ئەوانەن كە هەردەم دەڵێی فیشەكە شێتەن و هەر كە پێیان گوترا دژی فڵان شت بن كە زۆرتر دژایەتییەكە بە ئاراستەی هەولێر و پارتی و حكوومەتە، راستەوخۆ دەكەونە هەلەكەسەما و لە یەك ئاواز دەخوێنن.

هەرێمی كوردستان لە رابردوودا شەڕی ناوخۆ و ململانێكی سیاسیی زۆر سەخت و بێزاركەری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەرگیز ئەم سڕینەوەیەی بەرانبەر بە ژەهر، چەكی لایەنەكانی ململانێ نەبووە، هەرچەند دوای راپەڕین چەند كەسایەتییەكی ناودار لە سنووری سلێمانی، لەناكاو مردن و گوترا سەركردەیەكی یەكێتی ژەهرخواردی كردوون، بەڵام ئەوكات بەهۆی نەبوونی تاقیگە و پزیشكی لێهاتوو، نەسەلمێنرا، خۆ ئەمەی سەركردەكانی ئێستەی یەكێتی سەلماوە و تاقیگەی زۆر پێشكەوتوو جۆرەكەی شی كردووەتەوە، خۆشبەختانە ژەهراوییەكان ماویشن و قسە دەكەن، ئەی بۆ ئێوەی ژیاندۆست و ئازادیخواز قسەی لەسەر ناكەن؟

دەزانم ئەو پرسیارە ماندووتان دەكات، بەڵام هەر حەزم كرد بیرتان بخەمەوە ئێوە كێن و بایی چەندن و چۆن و لە چ كاتێكدا ژاوەژاو دەست پێ دەكەن، بۆیە ناحەقی پارتی مەگرن كە هەر جووڵەیەكتان دەست پێ كرد دەڵێ، "دەستیان لە پشتە".