یەكێتی هەڵبژاردنێكی بێ مووی دەوێ

AM:11:36:20/04/2023 ‌
ماوەی ساڵ و نیوێكە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە، هەرچەندە ساڵی رابردوو سەرۆكی هەرێم وادەكەی دیاری كرد و حكوومەتیش ئامادەیی دابینكردنی بودجەی راگەیاند، بەڵام هەڵبژاردن نەكرا و بۆ ئەمساڵیش كە 18ی نۆڤێمبەری داهاتوو وەك رۆژی هەڵبژاردنی كوردستان دیاری كراوە، دیسان یەكێتی كەوتووەتە تانەدان لە كاتەكەی و بیانووگرتن لە یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و كۆتاكان. نازانم بۆ قەدەری كورد وایە كە دەبێت هەمیشە بە دەست یەكێتییەوە لە دڵەڕاوكێدا بێت، بەڵام دەزانم وڕكگرتنەكانی ئەو حزبە، پێوەندی بە كات و شێوازی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵكو هەر لە بنەڕەتەوە یەكێتی توانای چوونە ناو هەڵبژاردن و پرۆسە دیموكراتییەكانی نەماوە و ئامادەیش نییە ددان بەمەدا بنێ.

یەكێتیی نوێ كە لە دوای هەشتی تەمووزی 2021ـەوە و بەپێی داتا نهێنی و رێكخستنەكانی خۆیان، دڵنیان لەوەی ئاستی جەماوەرییان دابەزیوە، جۆرەها رێ تاقی دەكاتەوە بۆ بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن، هەرچەندە وای بۆ دەچم هەر لە بنەڕەتەوە ئەو حزبە بڕوای بە خەباتی مەدەنی و سیاسی نەمابێت، وا دەردەكەوێت كە بڕوای بە كوردستانیش نەمابێت، چونكە نوێنەكردنەوەی خولی پەرلەمان و داودەزگاكانی وڵات بە دەنگی خەڵك، كێشەی یاسایی بۆ كوردستان دروست دەكات و متمانەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش بە ئەزموونەكەمان لاواز دەكات، بەڵام دەبێت ئەم گورزە كوشندە بۆ كێ و لە پێناو چی لە كوردستان بدەن؟

بیرتان دێتەوە سەرەتای ساڵی رابردوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، نابێت هەڵبژاردنی یەك بازنە بێت؟ خۆ بەپێی لۆجیك بەرژەوەندیی ئەوان لە یەك بازنەییدایە، چونكە لە زاخۆ تا كفری یەك دەنگیان بە فیڕۆ ناچێت، بەڵام چونكە بەدوای ئەوەوەن هەڵبژاردن نەكرێ، لارییان نییە لەوەی زیانیشیان بەر بكەوێ، تەنیا لەلایان گرنگە زیان لە كوردستان و ناوبانگەكەی بدەن. باشە، ئەو داوایە جێبەجێ كرا و بە خواستی یەكێتی هەڵبژاردن كرا بە فرەبازنەیی، رای گشتیی گوتی ئۆخەی هەڵبژاردن دەكرێ، بەڵام حزبەكەی كوڕانی تاڵەبانی دیسان گوتیان نەخێر، دەبێت كۆتاكان دەسكاری بكرێت و هەندێكی بدرێت بە سلێمانی، لە كاتێكدا هەر ئەم حزبە خۆی دەنگی بە كۆتا داوە بەو شێوەیەی هەیە، پەرلەمانتارەكانی پێشتر هەمووان دەستیان بۆ بەرز كردەوە، چونكە هەڵە نەبم هەر پێشنیارەكەیش هی مام جەلال بووە، بەڵام كوڕەكانی هەڵگەڕاونەتەوە لەویش.

ئەوەی من دەیبینم لە سیاسەتی یەكێتیی نوێدا، بەگشتیی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن هەڵبژاردن نەكرێت و شتێك لە شێوەی سوڵحدا مسۆگەر بكەن، كە دڵنیابن ئەنجامی هەڵبژاردن كاری پێ ناكرێت و ئەوان پێشەكی كورسیی خۆیان مسۆگەر كردووە، ئەمەیش گاڵتەجاڕییەكی ئەوەندە مێژووییە وێنەی نییە. هیوادارم حكوومەت و لایەنەكان نەچنە ژێر ئەو بارە، چونكە لەوەتەی بیرمە و مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، ئەم حزبە خەریكی دواخستنی كوردستان و رێگرییە لە گەشانەوە و تەبایی، پێویستە لە شوێنێكدا ئەمە بوەستێنرێت و هەڵبژاردن سەنگی مەحەك بێت و ژمارەی كورسیی پێگەی حزبەكانی دیاری بكات. چونكە خستنە ژێر پرسیاری قەوارەی كوردستان لە بەرژەوەندی كەس نییە و پێش هەموویشی یەكێتی، بۆ ئەمە زۆر گرنگە بەدەستەوەدانی كەركووك بخەنەوە بیر كە دوای ئەوەی مەرامی داگیركەر هاتە دی، ئاوێنەكەیان دایەوە دەستمان و تەنیا شەرمەزاری بەرانبەر گەل و مێژوو مایەوە.

ناكرێت چیتر خەباتی ئەم میلەتە لەبەر هیچ هۆیەك بۆ تێركردنی مەیلی شەڕانگێزانەی هیچ كەسێك، گۆشەگیر بكرێت، ئاخر لەوەتەی بیرمە پارتی و حكوومەت مەرجی یەكێتی جێبەجێ دەكەن و ئەوانیش درێغی ناكەن لە كێشەی نوێ، كەواتە هەرچی ئەو حزبە داوای دەكات، ئەمڕۆ بۆیان واژوو بكە، مانگی داهاتوو دنیایەك گێچەڵی نوێ دەدۆزنەوە و لە پێناویدا سڵ لە جیاكاری و كۆسپ دروستكردن بۆ حكوومەت و پەرلەمان و دۆزە نەتەوەییەكەی كوردیش ناكەنەوە. بۆ بەدبەختی كوردیش، هەمیشە لایەنی دەرەكی زۆرە كە ئەم حەزە ناوخۆییە تاو دەدات و نایەڵن ساڵێك بە ئارامی تێپەڕێنین.