10 ساڵ وشەسازی

AM:10:18:22/05/2023 ‌
تەمەنی دەزگاكەمان "وشە" بوو بە 10 ساڵ و لەو ماوەیەدا خۆم و تیمەكەم، زۆر بەرپرسیارانە و لێبڕاوانە، بێ هەستكردن بە ماندوویەتی، بەردەوام كارمان كردووە و وێستگەی جیاوازمان تێپەڕاندووە.

سەرەتا بە رۆژنامەی "وشە" دەستمان پێ كرد، رۆژی 22ی ئایار/مای 2013 ژمارە "سفر"ی دەرچوو، بەدوایدا رۆژانی چوارشەمی هەموو هەفتەیەك دەردەچوو، كۆی بابەتەكانی بەرهەمی خۆمان بوو، هەمووی بەدواداچوون و هەڵدانەوەی هەر كارێكی دزێو و ئاشكراكردنی دۆسیەی گەندەڵی بوو، بۆ ئەمە چوار جار پلەی دووەم و سێیەممان لەسەر ئاستی كوردستان لە دژایەتیی گەندەڵیدا وەرگرت و ئەو تۆمارە رێكخراوی ستۆپ بە پاڵپشتیی دەزگایەكی ئەمەریكایی دەیكرن و دواتر راپۆرتەكانی رۆژنامەی "وشە"ی پێشكەش بە داواكاری گشتیی دەكرد بۆ بەدواداچوون.

رۆژنامەی "وشە" لە ڕووی سیاسیشەوە دەستی دەگەیشت بەو پێوەندییە نهێنی و ناكۆكانەی لە ژیانی حزب و سیاسیی كوردستاندا هەبوون و بوێرانە بڵاومان دەكردەوە، یەكەمجار بوو لە میدیای كوردستاندا بە درێژایی تەمەنی رۆژنامەكە، لاپەڕەی نەوتمان هەبوو كە سەرمایەیەكی نوێ و بەگەڕخراوی ئابووری كوردستان بوو، بە وردی گرێبەست و جۆری كارەكان و دەستی كار و مافی خاوەن زەوی و هەموو ئەو دۆسیانەی پێوەندییان بە نەوتی كوردستانەوە هەبوو، شیمان دەكردنەوە و پسپۆڕی راستیمان دەدواند نەك خەڵكی خاوەن زانیاریی زارەكی و خۆشبەختانە كوردستان لەو توانایانەی زۆر تێدایە.

بەهۆی كارەوە دڵی زۆر كەس و لایەنمان ئێشاند و زۆر حزب پێی وابوو "وشە" ئەوانی كردووە بە ئامانج، بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە میدیا كاری خۆی دەكات و زانیاریی بڵاو دەكاتەوە، ئەوكاتەیش كاریگەرە كە دەست لە بڤەكان دەدات، دەشزانین هۆكاری ئازارەكە راستگۆیی و سەلمێنراوی زانیارییەكانمان بوو، بۆیە تەنیا یەك سكاڵا یان روونكردنەوەمان لە تەمەنی رۆژنامەكەدا نەبوو.

دواتر لە ساڵی دووەمی كاركردنماندا 2013، وێبسایتی "wishe.net"مان خستە كار و كارەكانمان لە هەفتانەوە بوو بە رۆژانە، بە دڵسۆزی و لێهاتوویی ستافەكەمان دەواممان بەسەر دوو كاتی رۆژ و شەودا رێكخست و تا ئێستەیش كە "وشە" ناوێكی هەرە دیاری میدیای كوردستانە، لە نۆی بەیانی تا 12ی شەو بەردەوام كار دەكات و خێرا و وردە لە گەیاندنی زانیاری و پێشەنگیشە لە دەرخستنی تواناكانی كوردستان چ لەسەر ئاستی تاك یاخۆ كۆمەڵ.

لە ماوەی كاركردنماندا زۆر گرنگیمان بە رێنووس و زمانی خۆشەویستی كوردی داوە و تا كرابێت لەسەر یەك پیتیش وەستاوین كە بە هەڵە تێنەپەڕێت و رێنووسێكی پاكوخاوێن پێشكەش بە خوێنەر بكەین، چونكە پێمان وایە زمانەكەمان دەوڵەمەندە و پێویستی بە هیچ وشەیەكی بیانی نییە، رەنگە جارجار لە پشوودا یان كاتەكانی وەك هەینی كە ئێشكگر كار دەكات، هەڵە تێپەڕێت، بۆ ئەوەش داوای لێبوردن لە خوێنەر دەكەین، بەڵام ستافەكەمان بە ژمارە كەمە و ئەركەكەمان قورس و گەورەیە، بۆیە ناتوانین بڵێین هەڵە نەكراوە، بەڵام ئامانجی سەرەكیمان زمانێكی پاكوخاوێنی رۆژنامەوانییە.

هەر لەو 10 ساڵەدا 11 كتێبی زۆر بەنرخمان بۆ نووسەر و رۆژنامەنووسان چاپ كردووە كە بابەتی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەقی وەهان كە پێشتر دەستی بۆ نەبراوە، هەیشیانە یەكەم كتێبە بە كوردیی لە بواری خۆیدا كە بەوپەڕی دڵسۆزیی و بەرپرسیارانەوە چاپ كراون و باوەڕ ناكەم كتێبی وا پاكوخاوێن لە رێنووسدا، بە كوردیی بڵاو بووبێتەوە. خۆشحاڵ دەبووین زیاتر خزمەتی زمان و رۆشنبیریی كوردییمان لەو بوارەوە بكردایە، بەڵام فرەوانبوونی كارەكان و كەناڵەكانی وشە، دەرفەتی ئەوەی بۆ نەهێشتینەوە.

لەم بۆنە گرنگەدا دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە دنیای رۆژنامەوانیی كوردی، پێویستی بە یاسای تۆكمەتر و گونجاو لەگەڵ سەردەمی تازەیی خێرایی و سۆشیال میدیادا هەیە، راستە میدیا وەك جاران تاموچێژی نەماوە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵدا، بەڵام هێشتا كاریگەرترین ئامرازە و هەندێك جار دەستوەردان لە كاروبارەكانی دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانان و دادوەریش دەكات، بۆیە پێویستی بەوەیە سەندیكای رۆژنامەنووسان و پەرلەمان و وەزارەتی رۆشنبیری، بەرپرسیارانە لەم قۆناغە بكۆڵنەوە كە چی رێنوێنی و یاسایەك پێویستە، دەریبكەن و هەمووان بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی، بەهۆی ئەوەی لە دنیای سۆشیال میدیادا هەركەس بە جۆری خۆی رۆژنامەنووسە و كاری بڵاوكردنەوە دەكات، بەڵام بەركەوتنیشی زۆرە لەگەڵ ناوزڕاندن و برینداركردنی هەستی كەسانی تر و دزینی هەواڵ و زانیاری یەكتر و زۆرجاریش "فەیك نیوز / هەواڵی درۆ" بە ئاشكرا تێدەپەڕێت و كەس خۆی لە ئاستیدا بە بەرپرسیار نازانێ.

ئێستەیش كە وشە سایت و سۆشیال میدیایەكی زۆر بەهێزی هەیە و تەنانەت هەندێك دەزگای هەواڵگری بە تیمی گەورە بەدوای ئەوەوەن گرفتی تەكنیكیمان بۆ دروست بكەن، نایشارمەوە ئێمە بەرگریمان لە كوردستان كردووە و هەر كەسیش دژی خاك یان ئەزموونی كوردستان بووبێت، بە جۆری خۆمان بەرپەرچمان داوەتەوە و ئەوەیش بە شانازی و ئەركێكی پیرۆز دەزانین، مێژوویش بۆ ئەو كەسانەیە كە وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و بە پیتێكیش بێت خزمەتی دەكەن.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی سپۆنسەرەكانی "وشە" و یەكە بە یەكەی هاوكارانم لەناو ئۆفیس و پەیامنێر و وێنەگرانی بكەم، تەحەمول و ئاستبەرزیی ئەوان ناوێكی گەورەی بە دەزگاكە بەخشیوە. هیوای سەركەوتن بۆ ئەوانەیش كە لە هەر قۆناغێكدا لە وێستگەكە دابەزیون و لە شوێنی تر یان كاری دیكەدا رۆڵ دەبینن، لێرەوە بەڵێنی كاری باشتر و هەواڵ و زانیاریی زیاتر دەدەین و ئەو 10 ساڵەی تێمانپەڕاندووە، ئەزموونێكی دەوڵەمەندە بۆ داهاتوومان.

*سەرنووسەر