نووری بێخاڵی
(ئایشه‌گوڵ)ـه‌كه‌ی منیش (نه‌نكم) وابوو، وه‌ك (ئایشه‌گوڵ)ـه ڕووسووره‌كه‌ی كۆیه، شێره‌ژن، سه‌ربه‌رز ژیا و مرد. ئه‌و ڕۆژه‌م باش له بیره، سه‌ره‌پایزێكی تووش بوو، وه‌لێ یاده‌وه‌ریم كۆمه‌كم ناكا بۆ ساڵه‌كه. ئه‌وه ده‌زانم (جه‌رجیس)ی خاڵم تازه هاوسه‌رگیری كردبوو، وێده‌چوو به نه‌ریتی ئه‌وكاتی كورده‌واری، به میوانی داوه‌تی ماڵه ناسیاو و خزمێك بووبێت.
من وه‌ك خووی هه‌میشه‌ییم كه به‌ناوی یاریكردن خۆم له ماڵه‌وه ده‌دزییه‌وه، له گه‌ڕه‌كی (عه‌بدولعه‌زیز) به كۆڵانی ته‌نیشت ماڵی ڕه‌وانشاد (مامۆستا هه‌ڵگورد) شۆڕم كرده‌وه و په‌ڕیمه‌وه ئه‌وبه‌ر، لای ماڵه‌كانی خوار (فندق سیاحی)، ماڵی نه‌نكم له‌وێ بوو.
زۆر باش له یادمه، وه‌ك دیمه‌نی فیلمێكی سینه‌مایی، گرته‌كانی به به‌رچاومدا ڕه‌ت ده‌بن. له ژووره‌وه، وه‌ك منداڵێكی هیچ نه‌دیو، ده‌ست و ده‌مم له‌و نوقڵ و مێوژ و گوێزانه نابوو كه نه‌نكم بۆی دانابووم. ته‌قه و ڕه‌قه‌ی ده‌رگه‌ی حه‌وشه‌م وه‌ك ئێسته دێته‌وه گوێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆپێك، مووشه‌كێك به‌و ناوه‌دا بته‌قێته‌وه، ئاوا بوو. من له شوێنی خۆم ڕاپه‌ڕیم و نه‌نكیشم كۆڕی زیكری خۆی له‌گه‌ڵ خودا تێك نه‌دا، ته‌نێ به ده‌نگێكی به‌رزه‌وه گوتی (ئه‌ڵڵاهو ئه‌كبه‌ر). له بیرمه، بینیم و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم و له‌و دۆخه تێبگه‌م كه ئه‌م هه‌موو زه‌لامه چوارشانه زل و سمێڵبابڕ و جل مغاویرییانه، بۆ به‌و تووڕه‌ییه وه‌ژوور كه‌وتوون.
ئه‌و، ئا ئا، نه‌نكم، ئه‌و ده‌مه چووبووه خزمه‌ت خودای خۆی، له‌گه‌ڵی ده‌دوا و ده‌رده‌دڵی خۆی بۆ ده‌كرد. به جه‌سته لای من و له ژووره‌كه، به دڵ و ڕۆح و خه‌یاڵ و هه‌موو بوونیشیه‌وه، له دنیایه‌كی تر و له‌گه‌ڵ خوداكه‌ی بوو. به‌ڵێ، بینیم به به‌رچاومه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی پیاوكوژێك بگرن، له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌ی، نه‌یانهێشت نوێژه‌كه‌ی ته‌واو بكات و به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێزێك بۆ خواكه‌ی نه‌نكم دابنێن كه ئه‌و له خزمه‌تیدا بوو، چوارده‌وریان گرت و به قۆڵ ڕاكێشانه‌وه، بردیانه ناو (مسه‌له‌حه‌كه).
من تازه منداڵێكی به‌پێ كه‌وتووبووم، شۆك ده‌مگرێ، ده‌مم ته‌ته‌ڵه ده‌كا، زیڕه ده‌كه‌م. نازانم چی ده‌كه‌م، بیرم ده‌چێ كه ماڵی خاڵه‌كه‌ی ترم (ڕه‌وانشاد حاجی ئیسماعیل)، له‌گه‌ڵ ماڵی نه‌نكم ته‌نیا جاده‌كه‌یان نێوانه. به گریانه‌وه ڕا ده‌كه‌م و به هه‌ڵه‌ده‌وان خۆم ده‌گه‌یه‌نمه ماڵه‌وه. دایكم ده‌بینم، ده‌ستی له‌ناو ته‌شتێكه و هه‌ڵمی لێ هه‌ڵده‌ستێ، جله‌كانی ئاودامانن له كه‌ف. ئه‌و وا ده‌زانێ له ده‌ره‌وه شه‌ڕم كردووه و لێیان داوم، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش لێم پڕ بووه، قه‌یرێك به‌دوامدا گه‌ڕاوه و له كۆڵان نه‌یدۆزیومه‌ته‌وه، هێنده‌ی تر لێم په‌ست بوو.. به‌سه‌رمدا هاوار ده‌كا:
هه‌ی پوشته، ئۆ له كێ بووی؟ لۆچه‌گریێی؟ كێ لێدای؟
منیش به هه‌نسكه‌وه، قوڕگم ده‌گیرێ و زمانم هه‌ر فریای ئه‌وه ده‌كه‌وێ بڵێ: نه‌نێ نه‌نێ، ئۆدا نه‌نێ!
بابان كۆر، نه‌نێ چ لێهاتییه؟
نزانم، عه‌سكه‌ر هاتن له‌سه نوێژیان برد.
ئه‌و به چه‌په‌رۆك ده‌یدا به‌سه‌ر خۆیدا، جله‌كان له‌ناو ته‌شتی كه‌فاودا جێده‌هێڵێ، به په‌له‌پرووزێ چارۆگه‌كه‌ی ده‌كاته سه‌ر و ده‌رگه له دوای خۆی داده‌خات.
به‌هه‌رحاڵ، تا گه‌وره بووم نه‌مپرسی بۆ وایان له نه‌نكی من كرد؟ بردیانه كوێ؟
وای بۆ ئه‌و ڕۆژانه (ئایشه‌گوڵ)ـه‌كه‌ی من.. وای بۆ دیمه‌نی دڵته‌زێنی ئه‌م یاده‌وه‌رییه، (نه‌نك)ـه میهره‌بانه‌كه‌م. دیمه‌نێكی چه‌ند تاڵه ئه‌م وێنه‌یه‌ی ناو بیره‌وه‌ریم، برینه‌كانی ناخم ده‌كولێنێته‌وه. ده‌مباته‌وه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی جه‌لاده‌كانی به‌عس دڵڕه‌قانه، كۆڕی مه‌جلیسی تۆ و خودای تۆیان تێكدا. ده‌مباته‌وه سه‌ر ده‌یان و سه‌دان دیمه‌نی تری تاڵ. دیمه‌نی سه‌ركوتكردنی ڕاپه‌ڕینی قوتابییانی ساڵی ١٩٨٣. دیمه‌نی ته‌قاندنه‌وه‌ی خانووی ئه‌وانه‌ی كوڕه‌كانیان له شاخ بوون له هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی گه‌رده‌گه‌رد و ناوه‌ڕه‌زان. دیمه‌نی هێرشی هۆڤییانه‌ی جه‌یش و جاش بۆ سه‌ر گونده‌كانی دۆڵی ئاكۆیان. دیمه‌نی دڕنده‌یی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس بۆ ناو شار له دوای ڕاپه‌ڕینی ئایاری ١٩٨٧ و دڵڕه‌قیی جه‌لاده‌كانی مونه‌زه‌مه و ئه‌من و ئیستیخبارات و ئه‌نفالكردنی ١٣ مێرخاسی شار.
دیمه‌نگه‌لێك كه وا ده‌كه‌ن بۆ هه‌میشه ڕیفراندۆمچی بم. برینی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی به پاراستنی شكۆی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریی نیشتمانی (ده‌وڵه‌ت) نه‌بێ، نه‌ك هه‌ر ساڕ‌ێژ نابن، به‌ڵكو هه‌میشه ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌یان هه‌یه.
فۆتۆ: ڕه‌وانشاد، نه‌نكم (ئایشه‌گوڵ)