یه‌كه‌م:
ئێران و قه‌یرانه‌كانی
رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئێسته رووبه‌ڕووی چه‌ند قه‌یرانێكی بنیاتی بووه‌ته‌وه. رووكاری قه‌یرانه‌كان هه‌م ناوخۆیین و هه‌میش ده‌ره‌كین و گوزارشت له كه‌ڵه‌كه‌بوونی چه‌ندان كێشه و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی ناو سیستمه‌كه ده‌كه‌ن. له دوای شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه یه‌كه‌مجاره به‌و شێوه و قه‌باره و ئه‌ندازه‌یه فشار بكه‌وێته سه‌ر سیستمی سیاسی و رژێمی حوكمڕانی له‌و وڵاته‌دا له‌لایه‌ن گرووپه ئیتنیكه جیاوازه‌كانه‌وه به خودی فارسهكانیشهوه.
ئه‌م رووداوه هه‌ڵگری چه‌ندان مانا و لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی هه‌مه‌چه‌شنه و ده‌زگاكان و شه‌رعییه‌ت و ئاستی ره‌زامه‌ندی گه‌لی ئێرانی بۆ رژێمه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیار و گومانه‌وه. دیاره سه‌ره‌تای ناڕه‌زاییه‌كان له له‌چك و پرسی خۆداپۆشینی جه‌سته و پۆلیسی ره‌وشت و خۆداپۆشینی ئافره‌تان له پانتایی گشتییه‌وه ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا قووڵایی پرس و كێشه‌كه، كێشه‌ی نه‌مانی شه‌رعییه‌تی رژێم و خواستی خه‌ڵك بۆ ده‌زگاكانی حوكمڕانی و كه‌ڵه‌كه‌بوونی سته‌م و زۆرداری چه‌ندان ساڵه‌ی رژێمێكه كه ده‌یه‌وێت هاووڵاتییان و پێكهاته جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی، بكاته ده‌ره‌وه‌ی بابه‌تی ئازادییه تاكه‌كه‌سییه‌كان و مافه مه‌ده‌نی و سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌موو ئه‌و مافه سروشتییانه‌ی كه له‌هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ئاماده و به‌رجه‌سته‌یه، هه‌موو تاكێك ده‌توانێ پیاده‌ی بكات و سوودی لێ وه‌ربگرێت.
فشاره‌كانی ئه‌مجاره وای له كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووه، به‌ته‌كنیكی چه‌ك و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیی سروشتی، قه‌یرانه‌كان بگۆڕێت و هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بكات تا به‌خێرایی به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، رێ له فراوانبوونی ئاست و بازنه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بگرێت، له كاتێكدا رۆژ دوای رۆژ چركه‌سات دوای چركه‌سات، هاووڵاتییان زیاتر نامۆتر ده‌بن له‌ناو سیستمه‌كه و زیاتر هه‌ست به په‌راوێزبوون ده‌كه‌ن.
دووه‌م:
ترسان له كه‌وتن
هه‌موو سیستم و ئایدۆلۆجیایه‌كی سیاسیی تاكڕه‌و و دكتاتۆر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێت و به‌رگری له خۆی و پایه و داهاتووی بكات و ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكاته‌وه، به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رز و خه‌یاڵی په‌نا بۆ زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی و كوشتن و له‌ناوبردنی نه‌یاره‌كانی ده‌كاته‌وه. رژێمی سیاسی له ئێران به‌پله‌ی یه‌كه‌م، ترسێكی یه‌كجار زۆری لێ نیشتووه به‌وه‌ی كه شۆڕشی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵك و هاووڵاتییان، كۆتایی به حوكمڕانی و هه‌ژموون و سیاسه‌ت و ستراتیجه‌كانی بهێنن. ترسان له كه‌وتن بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ هه‌موو ئامراز و كه‌ره‌سته و رێیه‌ك ببات، بۆ ئه‌وه‌ی پایه‌كانی ناو رژێمه نه‌كه‌وێت و نه‌بن به مێژوو و رابردوو. ئه‌مڕۆ ئه‌م رژێمه به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت چۆن رووداو له ده‌ره‌وه‌ی خۆی دروست بكات و ئاراسته‌ی كێشه‌كان بگۆڕێت و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێت و بمێنێته‌وه.
یه‌كێك له‌و ته‌كنیكانه‌ی كه ئێران ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ دۆخی له‌م شێوه‌یه، هێرشكردنه سه‌ر نهیارهكانێتی له دامێنی خۆی به‌تایبه‌ت هێزه كوردییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان كه به‌لای ئێرانه‌وه، هه‌میشه به‌ئامانج گیراوه و به‌ئاسانی ده‌توانێ هێرشیان بكاته‌سه‌ر. دیاره چه‌ند هۆكارێك ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ئاسانتر كردووه له‌وانه: یه‌كه‌م: عێراق ده‌وڵه‌تێكی ناسه‌قامگیره، حكوومه‌ته‌كه‌ی لاوازه و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی له ده‌ست داوه و به‌مه‌ش هێزه ده‌ره‌كییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئێران به‌هۆی نزیكی جیۆپۆله‌تیكی و هه‌ژموونی سیاسی، به ئاسانی ده‌توانێ بیانپێكێت و گوتاری سیاسیی خۆی پێ له‌سه‌ر بنیات بنێت. دووه‌م: له‌ڕووی جیۆگرافییه‌وه هێزه ئۆپۆزسیۆنه كوردییه‌كانی خۆرهه‌ڵات، نزیكترن خاڵن و كێشه‌ی كوردیش له ئێران قورسایی و پێگه‌ی خۆی هه‌یه، به‌مه‌ش ئێران ده‌یه‌وێ سه‌رنجی خۆپیشانده‌ران له‌م رێیه‌وه بگۆڕێت و فشاری خۆپێشانده‌ران له‌سه‌ر سیستم و رژێمه‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه، جارێكی تر ده‌رفه‌ت به مانه‌وه و زیندووبوونه‌وه‌ی خۆی بدات.
سێیه‌م
ته‌نیا چیاكان دۆستی كوردن
چوارشه‌می رابردوو ئێران له‌ڕێی كۆمه‌ڵێك موشه‌كی بالیستی و درۆنی خۆكوژ و له‌ڕێی چه‌ندان هێرشی چڕ بۆ ناوچه‌كانی كۆیه و پردێ و زڕگوێز، ١٧ پێشمه‌رگه‌ی دیموكرات و كۆمه‌ڵه و پارتی ئازادی كوردستان شه‌هید كرد و زیاتر له ٣٢ كه‌سی تریش بریندار بوون. دیاره هێرشه‌كان دوور له هه‌موو یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و رێسا و نۆرمێكی جه‌نگ ئه‌نجام دراون و هاووڵاتی و شوێنه مه‌ده‌نییه‌كانی وه‌ك قوتابخانه كراونه‌ته ئامانج و كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر دۆخی منداڵان و هاووڵاتییان به‌جێهێشتووه.
هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران گشتگیر و فراوانه و زیاتر له شوێن و پێگه و جیۆگرافیایه‌كی گرتووه‌ته‌وه و زیاتر له هێزێكی سیاسیی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانیشی گرتووه‌ته‌وه. پێده‌چێت پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م هێرشه‌ی ئه‌مجاره، ناردنی په‌یام و داواكاری بێت بۆ هێزه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان به‌وه‌ی كه زیاتر فشار نه‌خه‌نه سه‌ر سیستمی سیاسی له شاره كوردییه‌كان، به‌تایبه‌ت دوای مه‌رگی ژینا و جووڵانی شه‌قام و فراوانبوونی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و كۆده‌نگی بۆ رووخاندنی رژێمه سیاسییه‌كه، له‌لایه‌كی تره‌وه داواكارییه بۆ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه رۆڵ نه‌بینن له هاندانی شه‌قامی ئێرانی بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی رژێمه‌كه و رووخاندنی ده‌سه‌ڵاته سیاسی و مهزهوییهكهیان.
مووشه‌كبارانكردنی ئه‌م هێزه كوردییانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و بینینی ئه‌و هه‌موو وێنه تراجیدییه‌ی منداڵانی كورد، خۆشاردنه‌وه‌یان له ژێر به‌رد و ناوچه‌ی ده‌شت و دۆڵه‌كاندا له ترسی بۆمب و درۆنی ئێرانی و هێرشه ناڕه‌واكانی سوپای ئێران و بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كانی دنیا، به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، دووباره ئه‌وه‌مان بیر ده‌هێنێته‌وه كه ته‌نیا چیاكان دۆستی كوردن.