یه‌كه‌م/ چه‌مكی حكومڕانیی باش
له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و زانسته سیاسییه‌كاندا، حكومڕانی له مانا هه‌ره ساده و ساكاره‌كه‌یدا، بریتییه له شه‌رعییه‌ت وه‌رگرتن له خه‌ڵك و ده‌نگده‌ران و دواتریش دروستكردنی دامه‌زراوه‌كان بۆ حكومڕانیكردن. له دوای كۆتاهاتنی جه‌نگی سارده‌وه، چه‌مكی حكومڕانیی باش دێته كایه‌وه به‌ئامانجی گه‌شه‌پێدانی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوودا، یان ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دواكه‌توون و حكومڕانییه‌كی دكتاتۆری تێیاندا باڵاده‌ست و زاڵه. حكومڕانیی باش یان ئه‌وه‌ی كه به‌زمانی ئینگلیزی پێی ده‌گوترێت Good Governance، بریتییه له به‌شداریكردنی هاووڵاتییان له دروستكرندی بڕیار، به‌رپرسیارێتی، شه‌فافییه‌ت، سه‌روه‌ری یاسا، ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌نیشتمانیكردنی دامه‌زراوه‌كان و فره‌چه‌شنی و زۆر بواری تر.
ئامانجی سه‌ره‌كیش له حكومڕانیی باش بریتییه له گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و به‌ناوه‌ندكردنی هاووڵاتییان و رێزگرتن له سه‌رجه‌م مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی ئه‌و مافانه. له دنیای ئێسته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاست و رێژه‌ی دیموكراسی بكرێت، له وڵاتێكدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێوه‌ر و بنه‌ماكانی حكومڕانیی باش و كاركردن بۆ گه‌یشتن به‌و بنه‌مایانه. دیاره وڵاتانی دوای جه‌نگ و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له قۆناغی گواستنه‌وه‌ی دیمۆكراسیدان، زیاتر پێویستییان به چه‌مكی حكومڕانیی باشه و ده‌بێت له سه‌رجه‌م كایه و بواره‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵگه‌دا ره‌نگ بداته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه سروشتێكی ته‌ندروست و شارستانییانه وه‌ربگرێت و رێژه و ئاستی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ كه‌م ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك وڵاتێك زیاتر له هێزێكی سیاسی و نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زه‌وێكی تێدا ده‌بێت و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه فره‌ڕه‌نگ و فره‌ده‌نگ ده‌بێت. له ماوه‌ی رابردوودا هیندستان و به‌ڕازیل و باشووری ئه‌فریقا و مالیزیا و سه‌نگافووره و كۆریای باشوور و زۆر وڵاتی تر، نموونه‌ی زیندووی حكومڕانیی باش و به چه‌قكردنی هاووڵاتین و ئێسته له لووتكه‌ی پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدان.
دووه‌م/ حكومڕانیی باش له عێراقدا
عێراق له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی زلهێزی وه‌ك به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و رووسیا دایمه‌زراندووه. به‌كورتی هیچ ویست و پڕۆژه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ناوخۆ نه‌بووه له‌لایه‌ن پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه، بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌بوون و به‌شداریكردن بۆ به‌ڕێوه‌بردن و حكومڕانی. ئه‌م نه‌بوونی ویسته به‌درێژایی 100 ساڵ پرۆسه‌ی حكومڕانی و حكومڕانیی باشی سه‌خت و ئاڵۆز كردووه. له دوای ٢٠٠٣ ه‌وه سیستمێك دێته پێشه‌وه كه پێی ده‌گوترێت هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات Power-Sharing Democracy، واته چۆن ده‌سه‌ڵات دابه‌ش و هاوبه‌شیی پێ بكرێت له نێوان سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی وه‌ك كورد و شیعه و سوننه، دواتریش بنه‌ماكانی حكومڕانیی باش بكرێت به په‌نجه‌ره بۆ چوونه ناو ژیانی دیموكراسی و به‌دیموكراتیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی.
ئه‌م مۆدێله‌ش تا ئێسته و دوای زیاتر له ٢٠ ساڵ و بوونی دامه‌زراوه و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و پاڵپشتی ده‌ره‌كی، نه‌یتوانیوه ئامانجی سه‌ره‌كیی خۆی بپێكێت و عێراق و عێراقییه‌كان بگوازێته‌وه بۆ قۆناغی دوای دكتاتۆری و چه‌سپاندنی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پێداگریكردن له‌سه‌ر بنه‌ماكانی حكومڕانیی باش. دوای 20 ساڵ هێشتا عه‌قڵییه‌تێك ئاماده‌یه بۆ حكومڕانی كه بڕوای وایه ده‌بێت ناوه‌ندێكی به‌هێز هه‌بێت بۆ كوشتنی فره‌یی سیاسی و گلدانه‌وه و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و قووتدانی ئه‌كته‌ر و پێكهاته‌كانی تر. ئه‌م هه‌نگاوه ئاماژه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه بۆ دووركه‌وتنه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی حكومڕانیی باش و پابه‌ندبوون و كاركردن له پێناویدا.
سێیه‌م/ پێوه‌ندیی نێوان هاووڵاتی و ده‌وڵه‌ت
چه‌ند رۆژێكه ناڕه‌زایی و خۆپێشاندانه له پارێزگای دیوانییه به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و كاره‌باوه. دیاره كه‌میی خزمه‌تگوزاری به‌تایبه‌تیش كاره‌با له‌م وه‌رزی هاوینه و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما، دانیشتووانی زۆر پارێزگای عێراقی تووڕه كردووه. ئه‌مه له كاتێكدایه عێراق بودجه‌یه‌كی قه‌به و گه‌وره‌ی هه‌یه و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سند كراوه. سامانی سروشتی و به‌تایبه‌تیش نه‌وت رێژه و قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی داهات و بودجه‌ی عێراق پێكده‌هێنێت، له كاتێكدا ژێرخان و كه‌رتی خزمه‌تگوزاری له‌و وڵاته له ئاستێكی زۆر نزم و لاوازدایه، پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و رۆژانه بۆ هاووڵاتییان دابین ناكرێت. كه‌رتی كاره‌با له ئاستێكی خراپدایه، له كاتێكدا به‌پێی گرێبه‌ستی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران، كاره‌بای عێراق ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام دابین بكرێت به‌تایبه‌ت له وه‌رزی گه‌رما و سه‌رما و كاته زۆر پێویسته‌كاندا.
جگه له گرفتی كاره‌با و ئاو، رێژه‌یه‌كی به‌رزی بێكاریش هه‌یه و گه‌نجان له‌ناویدا ده‌رچووانی زانكۆ، ژماره‌یه‌كی زۆریان بێكارن و ده‌ستیان به‌هیچ جۆره داهات و سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات ناگات. هه‌موو ئه‌و ئاماژانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه حكومڕانیی باش له عێراق نه‌بووه به بنه‌ما و پێشینه‌ی كاركردن، نه‌توانراوه كار بۆ جێبه‌جێكردن و پیاده‌كردنی بكرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ڕووی پیسبوونی هه‌وا و ژینگه و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌واوه، له ئاستێكی زۆر خراپدایه و له ئێسته‌وه لێكه‌وته‌كانی به‌سه‌ر شار و گونده‌كانیدا دیاره و ده‌بینرێن. بابه‌تی شه‌فافبوون و به‌رپرسیاربوون و به‌شداریكردنی هاووڵاتییان له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار، هێشتا كێشه‌ی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تین و زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران بێ ئومێدبوونه له گه‌یشتن به حكومڕانیی باش به‌هۆی ده‌نگدانه‌وه، یان به‌مانایه‌كی تر گۆڕانكاری و گه‌یشتن به ژیانێكی شایسته و دادپه‌روه‌رانه له‌ڕێی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و كێبه‌ڕكێی رێكخراو و ئامانجداره‌وه.