یەكەم/ عێراق و تیۆری دۆمینۆ
جیهان هەڵاتنی ئەسەدی بینی و سوریا چووەتە قۆناغێکی تازەوە، ئەوەی بەجێ ماوە دڕندەیی و کردە نامرۆڤانەکانی ئەسەدە لە بەرانبەر هاووڵاتیانی وڵاتەكەی کە بە هیچ شێوەیەک جیهان لە بیری ناکات، وەک چۆن دڕندەییەکانی هیتلەر بەرانبەر جوو لە بیر ناکرێت.
پاڵنەری سەرەکی ئەم گۆڕانە جیۆسیاسی و جیۆستراتیجییەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ن کە بە خێرایی بووە هۆی کەوتنی حەماس و حزبوڵا و ئەسەد لە سوریا، ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هیلالە شیعییەی ماوەیەکی زۆربوو وەک پڕۆژەیەکی جیۆپۆڵەتیکی مەزەوی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەریی هەبوو. ئەوەی ماوەتەوە وەک ئەڵقەی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە، بە پلەی یەکەم عێراق و دواتریش بەشێکی یەمەنە.
عێراق هاوشێوەی لبنان و بەشێکی فەڵەستین، لە ڕێگەی ئەکتەری نادەوڵەتی و هێزی چەکدارەوە ململانێکانی بەڕێوە دەبرد و ئاڕاستە دەکرد، لەگەڵ هێڵی نەیارانیدا لە سەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا و ئیسڕائیل، بە تایبەت دوای رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، عێراقیش بەشێک بوو لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەمەیش هەڵەیەکی ئاسایشی و جیۆپۆڵەتیکی بوو، چونکە ئیسڕائیل تا ئێستە ئەکتەرێکی باڵادەستی هەرێمییە و بە ئاسانی دەتوانێت عێراق بپێکێت، بە تایبەت دامەزراوە و هێزە چەکدارەکانی و لەلایەکی تریشەوە عێراق دەوڵەتێکی لاوازە و لەلایەن ئەکتەری ترەوە بەڕێوە دەبرێت و ژینگەکەی ئەوەندە لاواز و لەرزۆکە، بە ئاسانی دەپێکرێت و لاوازتر و بێ رۆڵتر دەکرێت.
لە دوای کەوتنی ئەسەد، ئەگەری ئەوە هەیە هێرش و ململانێکان بگوازرێنەوە بۆ عێڕاق و بە دیاریکراویش حەشدی شەعبی ببنە ئامانجی هێرشەکانی سوپای ئیسڕائیل، چونکە ئێستە بەرەی مقاوەمە و ئێران لەوپەڕی لاوازیدان و لە قۆناغی هێرشبردنەوە چوونەتە قۆناغی بەرگری و زیاتر تیشک خراوەتە سەر ئەوەی چۆن ناوک و ناوەند کە تارانە، بپارێزن، نەک کەنار و دەوار کە هێزە بریکاری و چەکدارەکانە. بە مانایەکی تر، وەک دۆمینۆ دەکرێت نۆرەی چەکدارەکانی عێراقیش بێت و بپێکرێن.
دووەم/ یەکێتی ئەوروپا و عێراق و سوریا
لە دوای رووخانی سۆڤیەتەوە، هەم یەکێتی ئەوڕوپا و هەمیش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆڵیان زیاتر بووە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەت لە وڵاتانی دوای جەنگدا و بە دیاریکراویش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باکوری ئەفریقیا. دوای هاتنی داعش، یەکێتی ئەوروپا بە ڕێگەی جیاواز کۆمەک و پاڵپشتی دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراقی کردووە بۆ زاڵبوون بەسەر تیرۆر و گەیشتن بە ئاسایش و دڵنیایی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن و سەروەری یاسا و باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی حکومڕانییەکی باش و تەندروست لە عێراق بێتە کایەوە، بە جۆرێک هەموو پێکهاتە و ناسنامە و ئەکتەرەکان لەخۆ بگرێت.
دیارە ئێستە یەکێتی ئەوروپا لە ڕێگەی دامەزراوە سیاسی و دبلۆماسییەکانییەوە هەمان داواکاری و خواستی لە سوریای دوای ئەسەد هەیە و دەیەوێت دووبارە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز و سوریایەکی یەكگرتوو لەسەر بنەمای بەشداربی هەمووان لە دەسەڵات و سیاسەت و یاسادانان و حکومڕانی و فرەیی سیاسیدا بنیات بنرێتەوە، بە تایبەت کوردانی رۆژئاوا و دروز و مەسیحی و سەرجەم پێکهاتەکانی تر، رۆڵیان هەبێت لە ناوەندی بڕیار و حکومڕانیدا لە هەردوو ئاستی ستونی و ئاسۆیی، بە ئامانجی ئەوەی چیتر هیچ پێکهاتە و گرووپێک نەخرێتە دەرەوەی حکومڕانی لە سوریای دوای ئەسەد و مۆدێلی عێراقی دوای 2003 تا 2014 دووبارە نەبێتەوە و هەموو ناسنامە و پێکهاتەکان رۆڵی سیاسی و کۆمەڵگەیی خۆیان بگێڕن.
سێیەم/ سوریا و عێراق و هەژموونی هێزەکان
سەردەمی دوای ئەسەد سەردەمێکی تەواو جیاوازە بۆ هەرسێ ئەکتەری رووسیا و ئێران و بریکارەکانی لە عێراق، یەمەن، لبنان و فەڵەستین، بەهۆی ئەوەی سوریا و رووخانی ئەسەد، بووە خاڵی جیاکەرەوە و داڕمان و پووکانەوەی هەژموونی ئەو هێڵە سیاسییەی پێی دەوترێت هێڵی رووسیا-ئێران-سوریا، بەمەیش چیتر ئەم هێڵە ناتوانێت وەک جاران رۆڵ و کاریگەری و هەژموونی جیۆسیاسی و جیۆپۆڵەتیکی لە ناوچەکەدا هەبێت، بە دیاریکراویش لە عێراق و سوریا.
پێشتر رووسەکان سوریا و کەناری خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستیان بە قووڵایی ستراتیجی خۆیان دادەنا و لە ناوچە سنورییەکانی وەک بەندەری تەرتوس لە لازقییە، بنکەی سەربازی و سەرباز و فڕۆکە و هەموو کەرەستەیەکی جەنگی رووسی جێگیر کرابوو، ئەمە قووڵایی ستراتیجی هێڵی رووسیا-ئێران-سوریایش دادەنرا و بووبووە راگری سیستم و رژێمەکەی بەشار ئەسەد، لە دوای بەهاری عەرەبییەوە تا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ.
دوای رووخانی ئەسەد و رۆیشتنی هێزەکانی رووسیا لەو بەندەرە، رێگە خۆش دەبێت بۆ هەژموونی هەرێمی ئەکتەری تر، لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری تورکیا بۆ داڕشتنەوەی سوریا بەو شێوەیەی ئەو دەیەویت و لەگەڵ سیاسەت و ستراتیجی وڵاتەکەیدا یەک دەگرێتەوە، بە تایبەت تورکیا بەردەوام وەک یەکەیەکی ئاسایشی سوریا دەبینێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، ئەم تێگەیشتنە تایبەت نییە بە رووداوەکانی دوای بەهاری عەرەبییەوە، بەڵکوو لە دوای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە و بەهۆی هەژموونی هەرێمی لە ناوچەکەدا، سوریا و تورکیا بەردەوام کارتی گوشاریان لە بەرانبەر یەکتردا بەکار هێناوە و پاڵنەرە سەرەکییەکەیش پرسی ئاسایش و مانەوە و سنور بووە.
لێرەوە تورکیا دەیەوێت ببێت بە یاریکەری سەرەکی و هەژموونی خۆی لە عێراق لە ڕێگەی سوننەکانەوە و لە سوریا لەڕێگەی هێزەکانی خۆیەوە، بسەپێنێت.