پارتی پارێزەری شكۆ و ئیرادەی كوردستان


16ی ئاب تەنیا رۆژی دامەزراندنی حزبێكی شۆڕشگێڕ نییە و بەس، هێندەی بە سیستماتیككردن و نووسینەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانەی نەتەوەیەك بوو كە هەر لە شۆڕشەكانی بارزانەوە، تا هەموو ئەو دەنگانەی كە بە گژ داگیركاریدا دەچوونەوە لە ژێر بەیداخی پارتێكی پێشڕەودا كۆ كرانەوە، رێبازی پیرۆزی بارزانی وەك بنەما و دەستوورێكی كارا كاری پێ دەكرا. یەكڕیزی و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەك، پەروەردەی كوردانە، برەودان بە هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی متمانەبەخۆبوونی تاكی كورد، لە پرەنسیپە بنچینەییەكانی پارتین. 

دامەزراندنی پارتی پێویستییەكی مێژوویی بوو، بەهێزبوونی پارتی بۆ گەلی كورد و گشت پێكهاتەكان پێویستە. لە كاتێكدا یادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، كوردستان و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار دەرباز دەبێت، حیكمەتی پارتی لەوەدایە دوای هەر پیلانێكی دوژمنانی گەلەكەمان بەرانبەر بە پارتی، پارتی جارێكی تر زیاتر بەهێز دەبێت بۆ بەردەوامبوونی خەباتی نەتەوەیی. لە دوای رێككەوتنی شوومی جەزائیر، پارتی توانی بە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنحواز وەڵامی نەیارانی بداتەوە.

بۆیە ئەگەر سەیری ڕابردووی ئەو مێژووە بكەین، دەبینین زۆر ئەستەم بووە پارتی درێژە بەخەبات بدات، بەڵام دامەزرێنەرەكەی مستەفا بارزانی وەك كەسایەتییەكی بەهێزی ناوچەكە و رۆڵی حەكیمانەی ئەم سەركردە مەزنە، گڕوتینێكی بێ وێنەی داوەتە قۆناغی دروستبوونی پارتی و خەبات و بەرخودانەكانی. 

پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێبازێكی پڕاوپڕ لە ڕاستی و ئامانج و خەباتكردنی لە پێناو نەتەوەیەك و ڕزگاركردنی گەلێك، دەستی بە خەباتی چەكداری و سیاسی كرد. وەك پارتێكی پێشڕەو بەرەو ئومێدی خەڵكی كوردستان بەدیار كەوت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبووە جێی ئومێدی خەڵكی ستەملێكراوی خەڵكی كوردستان. لە مەیدانی تێكۆشاندا سەرقافڵەی پێشەنگی كوردایەتی و مەردایەتی سەیر دەكرا، زیاتر جێی خۆی لە ناو دڵی جەماوەر دەكردەوە.

گەلی كورد 100 ساڵە خەبات دەكات لە پێناو كوردایەتی و دۆزی نەتەوەییدا و هەمیشەیش كێشەی كورد لەگەڵ عێراقدا، لەسەر پرسە نەتەوەییەكان بووە، بۆیە هەر شەهیدێكی كوردستانیش خوێنی بەخشیبێت، لە پێناو كوردایەتی و پاراستنی دەستكەوتەكاندا بووە، ئەوەی كە تا ئێستە پارێزگاری لە دەستكەوتەكان كردووە و خەباتی بۆ نەتەوە كردووە، هەر پارتی بووە، چونكە شەهیدان خوێنیان بۆ دەستكەوتە نەتەوەییەكان بەخشیوە و پارتی پارێزگاری لێ دەكات و مافە دەستووری و نەتەوەییەكانیش لە بەغدا بەدەست دێنێت.

ئەگەر سەیری مێژوو بكەین، هەموو هەوڵ و قوربانیدانی پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان بووە، چەندان دەستكەوتی خۆی لە پێناو كوردایەتیدا لە دەست داوە، ئەویش وەك هەندێك حزب دەیتوانی چەندان دەستكەوتی حزبی بە دەست بێنێت و واز لە دەستكەوتە نەتەوەییەكان بێنێت. پارتی هەمیشە شانازی بە دەستكەوتە نەتەوەییەكانییەوە دەكات كە گرنگترینیان ریفراندۆمی سەربەخۆیی و كوردستانی بەهێزە، بۆیە بەرنامەی ئەمجارەی پارتیش بۆ بەغدا، دووپاتكردنەوەیە لەسەر مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی ئەو 76 ساڵەدا شۆڕشی گەلی كورد تووشی گەلێك شكست بووە، بەڵام لەناو نەچووە و هەموو جارێك دوای ماوەیەك دیسان ژیاوەتەوە؛ دامەزراندنی پارتیش بناغەیەكی تۆكمەی دروست كرد بەشێوەیەكی زنجیرەیی. ئەگەر سەیر بكەین لە كۆماری كوردستانەوە، شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرهەرڵدانی 1991 و هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، هەمووو ئەمانە بوو بە ئەڵقەیەك لە مێژووی كوردستاندا. پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداا بە یەكەمین ئاڵاهەڵگری دیموكراسی هەژمار دەكرێت كە لە ماوەی 76 ساڵ تێكۆشانی و رزگاریخوازی، توانیویەتی گشت پرەنسیپەكانی دیموكراتی و مافی مرۆڤ و پێكەوەژیان بڵاو بكاتەوە، متمانە بەخۆبوون و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری، لە ناو هەر تاكێكی كورد دروست بكات. بەردەوام لە هەوڵ و خەباتدا بووە بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد نەك لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە پارچەكانی تری كوردستانیشدا و لەو پێناوەشدا رووبەڕووی گەورەترین مەترسی لەلایەن ناحەزانی كورد و كوردستان بووەتەوە.

پارتی دیموكراتی بە هەڵوێستی نەگۆڕی بەرانبەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، هەمیشە خەمخۆرە و كوردستان ڕووناك دەكاتەوە و ژیان بە هاووڵاتییانی كوردستان دەبەخشێت، بەبوونی پارتی حزبەكانی تریش هەن و درێژە بە خەبات دەدەن، پارتی هیچ كات سازشی لەسەر مافە نەتەوەییەكانی كورد نەكردووە و هەمیشە پێشمەرگەكانی ئەو نیشتمانەیان پاراستووە و خۆیان كردووەتە قوربانی خاك و نەتەوە.