بەها و بایەخی كتێبەكەی بارزانی

تۆماركردنی مێژوو بەشێوەیەكی ڕاشكاو و ڕاستگۆیانە، بوێری و ویژدانێكی پاك و بێگەرد و پڕ لە دڵسۆزی و نیشتمانپەوەریی دەوێت، كەسێكی پێشمەرگە و ڕێبەرێكی كوردپەوەری دەوێت كە سات بە سات و قۆناغ بە قۆناغی رووداو و پێشهاتە مێژووییەكان، وەك خۆی بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی حزبی، بەڵكو لە خەمخۆری نیشتمانەكەی و لە پێناو باسكردنی راستییەكان بۆ ئێستە و ئایندە وەك خۆی بنووسێتەوە، تێیدا باس لە هەڵوێست و نەهامەتی و دەستكەوت و گرفتەكانی گەل و نیشتمانەكەی بكات، رەنگە ئەو رووداوانە بەسەر زۆر لە گەل و نەتەوەكانی ناوچەكە و دنیادا لە قۆناغەكانی خەبات و حوكمڕانیان گوزەری كردبێت. بەبێ شێواندن و بەلاڕێدابردنی راستییەكان كە حەقە بە ویژدانەوە ئاكادیمی و زانا و مامۆستایان، وەك بەشێكی گرنگی مێژووی خەباتی ڕەوای گەلەكەمان، هەڵوەستەی لەسەر بكەن و بۆ هەموو لایەك ببێتە پەند و وانەیەكی گرنگ، لە پێناو پارێزگاری لە شوناس و دەستكەوتەكان لەلایەك و بەهێزكردنی رۆحی تەبایی و یەكهەڵوێستی و بەرژەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان، لە جێی بەرژەوەندی تایبەت و حزبی بەرتەسك .

گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەن و خاوەن جیۆگرافیا و خاك و مێژوویەكی ڕەسەنی سەتان ساڵە، بەهۆی داگیركردنی خاك و نیشتمانەكەی و دابەشكردنی و نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی، هەردەم لە ژێر هەڕەشەی داگیركەران و دوژمنانی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار هەوڵی شێواندن و سڕینەوەی مێژوو و ڕەسەنایەتی دراوە، بۆیە زۆر گرنگە لە پێناو پاراستنی ئەو شوناس و مێژووە گرنگە و زانیارییانە لە مەترسی لە ناوچوون، كە رەنگە دوژمنان بەتایبەت لە ناوچە ستراتیجی و گرنگەكانی كوردستان وەك كەركووك و خانەقین و شنگال و هتد، كە داگیركەران هەمیشە مەرامیان ئەوە بووە مێژووی ئەم گەلە ڕەسەنە بسڕنەوە.

بۆیە نەیاران و داگیركەران و دوژمنانی كوردستان، نەك هەر ویستیان ئەوە بووە مێژوو بشێوێنن و بسڕنەوە، بەڵكو هەموو ئەو سیناریۆیانەی كە لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا بەرانبەر بە كورد ئەنجامیان داوە، یانیش ویستیان ئەوە بووبێت كە لە سەردەمێكی تر بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت و بەویستی خۆیان راستییەكان باس بكەن، یانیش بەشێوەیەك بێت كە راستییەكان بشێوێنرێن، بەڵام بۆ نەتەوەیەك كە رێبەر و پێشمەرگە و سەرۆكێكی دڵسۆز و ڕاستگۆ و ڕاشكاوی پێ بەخشیوە، بەدرێژایی مێژوو و تەمەنی ئەزموون و رووداو و پێشهاتی بینیوە، كەسایەتییەكی كارێزما بووە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان و سەركەوتنە پڕ شانازییەكان، ئینجا ڕووبەڕووبوونەوەی كارەسات و نەهامەتی و پیلانگێڕی و گەلەكۆمەكییەكانی بەدەستی خۆی نووسیوەتەوە، تا ڕاستی و مێژووەكان وەك خۆی بمێنێتەوە و نەوەكانی ئایندە ئاگاداری رووداو و پێشهاتەكان بن.

بۆیە هەموو ئەو پەرتووكانەی كە سەرۆك بارزانی نووسیونی، لەلایەك وردبینی و ژیری و دانایی سەرۆك بارزانییە بۆ مێژووی ئایندەی نەتەوەكە، لەلایەكی تریشەوە شكستپێهێنانە بە پیلان و خەونی دوژمنانی نەتەوە و نیشتمان، هەروەها وانەیەكی پڕبایەخ و گرنگی مێژووییە بۆ ئەو نەتەوەیە كە بە چ قۆناغ و رووداوگەلێكدا گوزەری كردووە، بە چ شێوازێك گەیشتووەتە ئەم قۆناغە و چۆن ڕووبەڕووی نەهامەتی و پیلانگێڕییە شوومەكان بووەتەوە و پارێزگاری لە ئەزموون و دەستكەوتەكانی كردووە، ئەوەش دەوڵەمەندیی سەركردەیەكی كارێزمایە كه بۆ ئێستەمان، ئەو كتێبە مێژووییە گرانبەها و پڕ بایەخەی مێژووی خەباتی شارستانی و دیموكراسی گەلەكەمان، ڕاشكاوانە و ڕاستگۆیانە دەكەوێتە بەردەستمان .

بە گوێدان بەوەی كە رەنگە ئەو مێژووە لەلایەن رۆژنامەیەك یانیش نووسەرێكی بیانی كە رەنگە دوور یا نزیك لە ناو ئەو رووداوە مێژووییانە نەبووبێت، نووسرابێتەوە و ئینجا ئێمەش بە گومانەوە بڕوانینە ئەو زانیاری و پێشهاتانە، چونكە پارێزگاریكردن لە شوناسی مێژوویی، بەشێكی گرنگی دیكیۆمێنتاری هەر گەل و نەتەوەیەكە بۆ داهاتووی نەوەكانی ئایندە و چ خەڵكانی تر تا هەموو راستییەكان بزانن، كە چۆن ئەو دەستكەوت و شانازییانە بەدەست هێنراون و چەندە قوربانی و خۆڕاگریی بۆ كراوە .

هەروەها بایەخێكی تر ئەو بەڵگە مێژووییانەی پەرتووكەكانی سەرۆك بارزانی لە رووی ئاكادیمی و زانستییەوە، سەرچاوەیەكی گرنگە بەوەی ئەو كەسایەتییەی ئەو رووداو و پێشهاتانەی نووسیوەتەوە، لە ناو رووداو و پێشهاتەكان بووە و تۆماری كردووە دوور لە وەرگرتنی زانیاریی ناڕاست و مێژوونووسانی تر، ئەوەش خەمخۆری و دڵسۆزیی ئەو ڕێبەرەیە كە لە گشت قۆناغەكانی تەمەنی خەبات و كوردایەتی، چەندە بەرپرسیاریەتیی نەتەوە و نیشتمانەكەی لە ئەستۆ گرتووە، چونكە ئەستەمە هەر سەركردەیەكی تر بەم جۆرە و ویژدانەوە مێژووی وەك خۆی نووسیوەتەوە، ئێستەش خەبات و تێكۆشانی بەردەوام بۆ گەیاندنی ئەو گەل و نەتەوەیە كە بۆ كەناری دڵنیایی و ئارامی ببات، بەتایبەت رووداو و پێشهاتی نەخوازراو و پیلانگێڕیی زۆر لە بەردەم خەباتی شارستانیمان و ئەم ئەزموونەیە كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵە و ئومێدی نەتەوەیەكە .

هەموو ئەو پەرتووكە پڕبایەخە گرانبەهایانە، بەشێكی تری خەبات بیر و هزر و نەتەوەییە كە ئەرشیڤێكی گرنگە، خەباتی پڕ شانازییە لە قۆناغی هەنگاو بەهەنگاوی گەلەكەمانە، تا هەمیشە لە بەرچاو بن. نووسینەوەی ئەو مێژووە، ئەرشیڤێكی ستراتیجییە كە لە هەموو قۆناغەكاندا، ڕێگری لە هەموو ئەو شەڕە میدیایی و تابووری پێنجەمانە بگرێت، بەتایبەت كە رێبەرێكی كارێزمای وەك سەرۆك بارزانی نووسیویەتییەوە. بەها و بایەخی ئەو پەرتووكانەی سەرۆك بارزانی، لە هەر گۆشەنیگاوە تێی بڕوانی، كۆتایی نایەت لە بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، خەبات و دیپلۆماسی و گۆشەنیگاكانی ترەوە .