ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین به عێراقیشه‌وه، یه‌كێكه له‌و ناوچه پڕكێشه و ململانێیانه‌ی كه ساڵانێكی زۆره ئاڵۆزه و زریانه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان به‌هۆی گرنگی و بایه‌خی له رووی جیۆگرافیا و سه‌رچاوه كانزاییه‌كانی به‌تایبه‌ت نه‌وت و غاز بێ كۆتاییه، له‌و ناوه‌شدا هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌ته دڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌یان ساڵه له خه‌بات و به‌رخوداندایه، بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانی و له‌و پێناوه‌شدا باج و قوربانی زۆر گه‌وره‌ی به‌خشیوه .
به‌تایبه‌تی له‌م ماوه‌ی زیاتر له سێ ده‌یه حوكمڕانیی سه‌خت و هه‌وراز و نشێوی زۆری بڕیوه، رووبه‌ڕووی فشار و په‌لاماردان و گه‌مارۆدانی زۆری ناوخۆیی و ناوچه‌یی بووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی ژیر، سه‌ركه‌وتووانه توانیویه‌تی مامه‌ڵه‌ی وردبینانه له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه بكات. دوای چه‌ند مانگ له دروستكردنی فشار و پابه‌ند نه‌بوون به یاسا و ده‌ستوور و به‌تایبه‌ت بۆ ماوه‌ی سێ مانگ نه‌ناردنی مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، جارێكی تر مه‌سروور بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر و بلیمه‌ت و به‌رپرسیار به‌رانبه‌ر گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی، رای گه‌یاند كه ددان به‌خۆداگرتنی ئێمه نیشانی لاوازی نییه، مانۆڕی سیاسی و سه‌ردانێكی پڕ بایه‌خ له‌گه‌ڵ هه‌موو حزب و لایه‌نه كوردستانییه‌كان، به یه‌كده‌نگ و ته‌با بۆ جه‌رگه‌ی پایته‌ختی عێراق ئه‌نجام دا كه هه‌مووان گه‌واهیده‌ری په‌رۆشی و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی له پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی كورد و كوردستان .
مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، به دیپلۆماسی و لێهاتوویی و هێزی نه‌رم و ئیراده‌یه‌كی پۆڵاین، توانی به یه‌كخستنه‌وه‌ی خێرای ناوماڵی كوردستان و به‌توانایه‌كی ئاشتیخوازانه، وه‌رچه‌رخانێكی گرنگی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی دروست بكات و بڵێت، گه‌لی كورد له پرسه چاره‌نووسسازه‌كان و بۆ مافه ره‌واكانیان، هه‌رچه‌نده ناكۆكی و كێشه‌یان هه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌ده‌ستهێنان و داكۆكیكردن له مافه ره‌واكانیان یه‌كڕیز و ته‌با ده‌بن .
له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه، مه‌سروور بارزانی وه‌ك سیمبولی ئومێدی و ئاشتی و سه‌قامگیرییه بۆ كورد و كوردستان و دیپلۆماتكارێكی به‌توانایه كه له سه‌ختترین قۆناغه‌كاندا، ڕێی پشوودرێژی و گفتۆگۆ ده‌گه‌رێته‌به‌ر، ئه‌وه‌ش له خۆیدا سه‌ركه‌وتن و رووناكییه له كاته سه‌خته‌كاندا لۆجیك و لێكتێگه‌یشتنه، به‌تایبه‌ت له ناو گێژاو و ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك كاره‌كته‌رێكی به‌هێز و دیپلۆماتكارێكی بلیمه‌ت، مامه‌ڵه‌ی ژیرانه له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كان ده‌كا. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بارزانی توانی به وردبینی و پشوودرێژییه‌وه، ناوماڵی كوردستان ڕێكبخات و به‌یه‌ك ده‌نگ په‌یامی كوردستان بگه‌یه‌نێته گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، ئه‌وه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێز و ئه‌نجامی ئه‌رێنی لێ بكه‌وێته‌وه.
ئه‌م ده‌نگی ته‌باییه هێزێك ده‌ڕه‌خسێنێت كه ناتوانرێت به ئاسانی پشتگوێ بخرێت. نوێنه‌رایه‌تیی به‌ره‌یه‌كی یه‌كده‌نگ ده‌كات، هاودهنگییهك كه نه‌ك ته‌نیا سیاسییه، به‌ڵكو كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تیشه. توانای مه‌سروور بارزانی بۆ ڕێكخستنی ئه‌م ده‌نگه، گه‌وره‌ترین هێزیه‌تی. هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوه له به‌غدا به‌ڕوونی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا هه‌ڵوێستی یه‌ك حكوومه‌ت یان حزبێك نییه، به‌ڵكو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه. ده‌نگی به‌كۆمه‌ڵ له ده‌ستی بارزانیدا ده‌بێته ئامرازێكی به‌هێزی گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن، هه‌ڵگری هیوا له ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز كه ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی پێیه‌تی، بۆیه سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی و شاندی كوردستان، په‌یامی گشتیی گه‌لی كوردستان بوو بۆ عێراق.
بارزانی و سه‌ركه‌وتنی دیپلۆماسی، یه‌كڕیزی و تێكشكاندنی گه‌مارۆ و به‌سته‌ڵه‌كی سیاسی.
سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیری دارایی و ئاماده‌بوونی گشت سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان له به‌غدای پایته‌ختی عێراق، به یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز، ئه‌نجامدانی چه‌ندان دیداری گرنگ له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، ئاماژه‌یه‌كی روونه بۆ تێكشكاندن و تواندنه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌ك كه له به‌رده‌م هه‌ردوو حكوومه‌تی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق بوو. له ماوه‌ی رابردوو به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسای بودجه و پابه‌ند نه‌بوون به بنه‌ماكانی ده‌ستوور و نه‌ناردنی ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گه‌وره‌ترین بێ متمانه‌یی و درزی دروست كردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گشت پابه‌نده داراییه‌كانی به‌پێی یاسا جێبه‌جێ كردبوو، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن كۆسپ و به‌ربه‌ستی گه‌وره‌یان له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد دروست ده‌كرد.
له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی بۆ به‌غدا و په‌یامی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و پابه‌ندبوونی به رێككه‌وتننامه‌كان، چاره‌سه‌ر له ڕێی ده‌ستووره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه به پشتیوانی زلهێزان و وڵاتانی ناوچه‌كه، بۆ پشتیوانیی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی به‌هێزی له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد و پێشمه‌رگه و مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌م پشتیوانییه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی له كاتێكی گرنگ و هه‌ستیاردایه، كه به‌سه‌ر ناوچه‌كه گوزه‌ر ده‌كات و په‌یامێكی گرنگه بۆ رژدبوونیان له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی كوردستانێكی به‌هێز و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری گه‌لی كورد نابن، هه‌رگیز ڕێ ناده‌ن عێراق و وڵاتانی دراوسێی كوردستان گه‌مارۆی بده‌ن .
ئاشكرایه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی له‌م ناوچه‌یه، هه‌رێمی كوردستان به متمانه‌پێكراوترین هاوبه‌شی خۆیان ده‌زانن، به‌تایبه‌ت له عێراق و ململانێی نێوان شیعه و سوننه، له پێناو راگرتنی هاوسه‌نگیی سیاسی، هه‌رێمی كوردستان باشترین كاره‌كته‌ره بۆ پاراستنی باڵانسی سیاسی، له‌سه‌ر ئاستی بره‌ودان به پرسه‌كانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و دیفاكتۆ هه‌مه‌ڕه‌نگه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا ئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵچنیوه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نموونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یی و مافی مرۆڤ بۆ هه‌موو ناوچه‌كه، له‌سه‌ر ئاستی سه‌قامگیریی ته‌ناهی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ناوچه ئارامه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا متمانه‌ی پێیه‌تی و به‌ته‌واوی پشتی پێ ده‌به‌ستێت، ئه‌م متمانه‌یه‌ش به‌هۆی بوونی هێزی پێشمه‌رگه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا به‌ته‌واوی دروست بووه.
خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ئابووری و بازرگانی، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌یه له رووی سامانی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وی، ده‌توانێت ببێته زه‌وینه‌یه‌كی گونجاو بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكی و جیهانییه‌كان، تا له هه‌موو كه‌رته جیاوازه‌كاندا وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌شه هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌لی كورد خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تییه‌كی حه‌كیمانه‌ی وه‌ك بارزانییه، بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كان و ڕاگرتنی باڵانس و تێكشكاندنی به‌سته‌ڵه‌ك و گه‌مارۆكانی به‌رده‌م گه‌لی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان .
دوای سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له په‌یامێكدا داوای له حكوومه‌تی عێراق كرد، پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی بێت كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوویه‌تی. ماتیۆ میله‌ر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له په‌یامێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داوای له هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ كرد، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هاوكات میله‌ر گوتی: ”به‌تایبه‌تی داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، به‌ڵێن و ڕێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات."
سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكی- كوردیش، خاڵێكی گرنگی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه ”له‌سه‌ر ئاستی پێگه‌ی جیۆپۆڵه‌تیكی هه‌رێمی كوردستان، هاوشێوه‌ی (دڵ)ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وایه، بۆیه نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو زلهێزه‌كانی ناوچه‌كه به توركیا و ئێرانیشه‌وه، به چین و رووسیاشه‌وه چاویان له‌سه‌ریه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا شوێنپێی خۆیان له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر گه‌مارۆیه‌ك، هه‌ر وڵات و حكوومه‌تێكی ناوچه‌كه، به‌غدا یان تاران و ئه‌نكه‌ره، ئه‌گه‌ر بتوانن بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر به‌هێزییه‌كه‌ی له ناوچه‌كه گه‌مارۆ بده‌ن، دواتر هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێزتر ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه، نموونه زۆره و له دوای ریفراندۆم ئه‌وه‌یان كرد و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌سته‌ڵه‌كی ئێسته‌ش بێگومان به سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌توێته‌وه."