له بابه‌تێكی مێژوویی گرنگ ده‌ست پێ بكه‌ین، به‌عسییه‌كان و ئومه‌ی عه‌ره‌بی و دژه ئیسرائیلییه‌كان، هه‌میشه شانازییان به‌وه ده‌كرد كه ڕۆژگارێك ئیمپراتۆر و دیكتاتۆرێكی عه‌ره‌ب هه‌بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئیسرائیل بترسێت، مووشه‌كی به ته‌ل ئه‌بیبه‌وه ده‌نا، دواتر بینیمان چۆن له كونێكدا دۆزرایه‌وه و تۆڵه‌ی چه‌ندان ساڵه‌یان لێ كرده‌وه و ڕۆحیان ده‌رهێنا.
به‌عسییه‌كان گرنگییه‌كی گه‌وره‌یان به‌وه ده‌دا كه له شنگال به‌ته‌واوه‌تی پێگه‌ی سه‌ربازیی گه‌وره‌یان هه‌بێت، چونكه له شنگاله‌وه ده‌یانتوانی زۆر كارتی مه‌ترسیدار ڕووبه‌ڕووی ده‌ره‌وه ڕابكێشن، ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به‌و پێگه ستراتیجییه‌وه هه‌یه كه شنگال له‌ڕووی جیۆپۆڵه‌تیك و وزه‌سازییه‌وه هه‌یه‌تی.
گرنگییه‌كه‌ی شنگال چییه؟
كاتێك سه‌یری پڕۆسێسی نوێی هه‌نارده‌ی غاز ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وروپا، شنگال پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه كانگایه‌كی مه‌زنی غازه كه به‌قه‌باره‌ی چه‌ندان وڵاتی گه‌وره یه‌ده‌گی هه‌یه و به‌منزیكانه‌یش له چوارچێوه‌ی پلانی جێگره‌وه‌دا، ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه و هه‌ر به‌ربه‌ستێكیش له به‌رده‌م ئه‌م پڕۆسه‌دا هه‌بێ، بێگومان كۆده‌نگی جیهانی له دژی دروست ده‌بێت.
بابه‌ته‌كه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه شنگال ناوه‌ند یان كانگایه‌كی مه‌زنی غازه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆز له دووره‌وه بنواڕیته نه‌خشه‌كه، ده‌بینی شنگال سێگۆشه‌یه‌كی كاریگه‌ریشی گرتووه، له گۆشه‌یه‌كه‌وه ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان)، له گۆشه‌یه‌كی تره‌وه ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر عێراقدا و گۆشه‌یه‌كی تریشی رووی له ئێران و توركیا و باشووری كوردستانه. واته ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكه‌وه بنواڕی بۆ ده‌وروبه‌ر، زۆر به ئاسانی ده‌توانی (سووریا، عێراق، ئێران، توركیا و كوردستان) به ڕوونی ببینیت. ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی شنگال زۆر به جوانی ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر ته‌ل ئه‌بیبدا.
ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێت چه‌نده گرنگه ئه‌و ناوچه‌یه له ژێر ده‌ستێكی ئارام و هێزێكی تۆكمه‌دا بێت، كه بتوانێت كار له‌سه‌ر پاراستنی سنووره‌كه بكات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر پرۆفیشناڵ. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌كۆیه‌كی مووشه‌كی ئه‌مه‌ریكی یان ڕووسی یان چینی له‌سه‌ر چیای شنگال جێگیر بكرێت، ئه‌وا به ئاسانی ده‌توانرێ كۆنترۆڵی ته‌واوی ناوچه‌كه بكرێت، گۆشه‌ی هه‌ره ترسناكی ئه‌م شوێنه‌یش ئه‌وه‌یه، ده‌توانێ به ئاسانی به‌سه‌ر ئیسرائیله‌وه مۆته‌كه بێ.
عێراق چیی له شنگال ده‌وێت؟
ئێسته به‌ڕوون و ڕاشكاوی شنگال و سنووره سراتیجییه‌كه‌ی، به‌ده‌ست په‌كه‌كه و هێزه‌كانی نزیك له‌و پارته‌دان، سوپای عێراق ده‌یه‌وێت وه‌ك به‌شێك له خاكی وڵاته‌كه‌ی بیخاته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆی و به‌های پێگه‌كه‌ی به‌ده‌ست خۆیه‌وه بێ، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه خواستێكی وا گه‌وره نییه، چونكه هێشتا سوپای عێراق ئه‌و متمانه‌یه‌ی نییه كه شنگال به‌جوانی بپارێزێت به‌هۆی حه‌شد و ناڕێكوپێكی سوپاكه‌یه‌وه.
عێراق له‌به‌ر دوو ئامانج ده‌چێته شنگال، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه به‌ڕاستی سوپاكه‌ی هه‌ژموونی ته‌واو له عێراقدا بخاته‌وه ده‌ست خۆی، به‌تایبه‌تی له ده‌شته به‌رین و ناوچه گه‌وره‌كه‌ی ده‌شتی شێخان و ده‌وروبه‌ری مووسڵ. دووه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ خۆی كۆنترۆڵی هه‌نارده‌ی نه‌وت و غازی سنووره‌كه بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته له كه‌ركووكدا ده‌یكات. هه‌رچه‌نده عێراق ناتوانێ ئه‌و كاره به‌باشی بكات به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و فره‌یی له هێزی چه‌كدار و لاوازیی له بڕیاردان.
په‌كه‌كه له شنگالدا چی ده‌كات؟
بیانووی هه‌ره گه‌وره‌ی په‌كه‌كه له شنگال ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێ له ناوچه‌كه‌دا بێت تا خه‌ڵكه‌كه‌ی بپارێزێت، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌شه هێزی خۆجێی میلیشیائاسای دروست كردووه و بووه‌ته مه‌ترسی له سنووره‌كه‌دا. په‌كه‌كه ده‌یه‌وێ له شنگالدا بمێنێته‌وه، چونكه تاكه ڕێیه به‌هۆیه‌وه بتوانێ بیگه‌یه‌نێته عێراق و ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا، كه‌وایه ئه‌و ڕێیه دوا پردی پێكه‌ربه‌ستی ستراتیجی و ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییه بۆ په‌كه‌كه، بۆیه شه‌ڕی قورسی بۆ ده‌كات. ئه‌وه به‌ده‌ر له‌وه‌ی ده‌توانێ له‌و ڕێڕه‌وه‌وه نه‌وتی ڕۆژئاوا و غاز و هتدی ناوچه‌كه به‌قاچاخ بگوازێته‌وه بۆ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه بیه‌وێ به پاره‌ی كه‌م، سووته‌مه‌نی ده‌ست بكه‌وێت.
ئه‌ی په‌كه‌كه شنگال جێده‌هێڵێت؟
ڕاستییه‌كه‌ی هیچ هێزێكی جیهانی به‌تایبه‌تی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین په‌كه‌كه یان هه‌ر هێزێكی تر نزیك له‌و پارته له شنگال بمێنێته‌وه، به‌هۆی ئه‌و نزیكییه‌ی كه په‌كه‌كه له ئێرانه‌وه هه‌یه‌تی، ترسه‌كه ئه‌وه‌یه ڕۆژێك ببێته رێنوێنی ئێران و هێرش بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بكات.
په‌كه‌كه نه به شه‌ڕ و نه به ئاشتی ئاماده نییه شنگال چۆڵ بكات، چونكه ئه‌وان دواین نوێنه‌ری بیری ئابووری ڕووی نوێی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵاتن له ناوچه‌كه‌دا، نایانه‌وێت هیچ ڕێڕه‌وێك هه‌بێت كه توركیا قازانج له خێروبێری كوردستاندا بكات، ئه‌گه‌ر به‌قازانجی كوردیش بێت، هه‌رگیز ڕێ نادات ئه‌و ڕێڕه‌وه ئابوورییه دوور بخرێته‌وه و ئێرانیش پشتیوانیه‌تی، بۆیه له حاڵه‌تی ڕێكنه‌كه‌وتنی برابه‌شیدا، په‌كه‌كه ئاماده‌كاریی بۆ شه‌ڕێكی زۆر گه‌وره له شنگالدا كردووه.
ئۆپراسیۆنی مه‌زنی توركیا و عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگالدا، پشتیوانی ته‌واوه‌تی ئه‌مه‌ریكاشیان هه‌یه، چونكه په‌كه‌كه خه‌ریكه ڕێگری له كارێكی قورس ده‌كات كه دنیا به‌شێوه‌یه‌كی تر له‌ڕووی ئابوورییه‌وه داده‌ڕێژێته‌وه. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه گێژاوی شه‌ڕی شنگال درێژ بكاته‌وه، زیانی گه‌وره به‌خۆی و ڕۆژئاوای كوردستانیش ده‌گه‌یه‌نێت، له‌وانه‌یه لیستی تیرۆری ئه‌و حزبه له ئه‌وروپادا درێژ بكرێته‌وه، ناتۆ دژی خۆی به‌كار بهێنێت، ببێته هۆكارێك بۆ ماڵوێرانییه‌كی گه‌وره له ناوچه‌كه‌دا.
گرفتی هه‌ره گه‌وره‌ی په‌كه‌كه له شنگالدا ئه‌وه‌یه، باڵی سه‌ربازی و توندئاژۆی ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و پارته‌دا گرتووه و ڕێ له هه‌ر گفتوگۆیه‌ك ده‌گرن كه له ده‌ره‌وه‌ی تیۆرییه‌كانی ئۆجه‌لان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، وه‌ختی خۆیشی له ڕۆئاوای كوردستان وایانكرد، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و گوشاری ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا، نه‌یانهێشت ئه‌و كاره بكرێت، ده‌نا ئێسته زۆر زوو ڕۆژئاوا كه‌وتبوو.
كێ ده‌چێته شنگال؟
دوور نییه ئاڵۆزییه‌كان بگه‌نه ئاستێك شه‌ڕی شنگال تولانی بنێت، دووریش نییه له ڕێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێردا په‌كه‌كه یه‌ك فیشه‌كیش نه‌ته‌قێنێت و به‌خێرهاتنی سوپا بكات، به‌ڵام له ڕووی ده‌ستووری و یاساییه‌وه كه سه‌یری هاوكێشه‌كه ده‌كه‌یت، ده‌بێت به فه‌رمی سوپای عێراق له شنگال جێگیر بكرێن، چونكه ئه‌وه به‌شێكه له خاكی عێراق.
به‌ڵام ئایا سوپای عێراق ئه‌و متمانه‌یه‌ی هه‌یه بتوانێ له شنگالدا بمێنێته‌وه؟
راستییه‌كه‌ی سوپای عێراق یان په‌كه‌كه له شنگال بن، ئیسرائیلییه‌كان ئارام نابن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان نزیكی ئێرانن.
پێشمه‌رگه سومبولی ئاشتی و ئارامی بۆ شنگال
تاكه ڕێیه‌كی گشتی و هاوئاهه‌نگ له به‌رده‌م هه‌م ئه‌مه‌ریكا و هه‌م ئیسرائیل و هه‌م توركیا و سووریا و په‌كه‌كه‌یش هه‌بێت، ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه كه ده‌توانێ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی به‌رمۆدای شنگال چاره‌سه‌ر بكات و كۆتایی به گه‌وره‌ترین كێشه بهێنێت. دۆخی شنگال ته‌نیا پێشمه‌رگه ده‌توانێ ئاسایی بكاته‌وه، چونكه هه‌م هێزێكی كوردییه، هه‌میش به‌شێكه له ده‌ستووری عێراق و هه‌میش بۆ ئه‌مه‌ریكا جێی متمانه‌یه و ده‌وڵه‌تانیش ناتوانن دژی بوه‌ستنه‌وه.
با په‌كه‌كه ئه‌و ڕاستییه له‌باره‌ی شنگاله‌وه بزانێت، یان ده‌بێ به به‌شێك له پلانی پڕۆژه‌ی جێگره‌وه به‌تایبه‌تی له شنگالدا، یانیش سه‌ری خۆی و شنگال و ڕۆژئاوای كوردستانیش ده‌خوات و شه‌ڕ دووباره به‌رۆكمان ده‌گرێت و جارێكی تر له به‌رچاوی دنیا ناشیرین ده‌بن.