بۆچی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە ئێران نادەن؟

AM:10:32:01/02/2023 ‌

ئێوارەی رۆژی یەكشەم ٢٨ی كانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رای گەیاند، دوو ناوەندی چەك و تەقەمەنی و بەرهەمهێنانی چەك و درۆنی ئێرانی لە تاران و ئەسفەهان، لە سەعات 12ی شەو بە سێ درۆن بۆردمان كرد، شەوی دووشەمیش واتە 24 سەعات دوای بۆردمانەكە، وەزارەتی بەرگری رای گەیاند:” چەند ناوچەیەكی تریان لە ئەسفەهان بۆردمان كردووە.

ئەو بۆردمانانە لە كاتێكدا بوون رۆژی یەكشەم سەعات نۆی شەو لە ئۆرشەلیم و لە شوێنێكی نزیك لە شوێنی لەدایكبوونی پێغەمبەر ئیسحاق، چەكدارێكی حەماس و نزیك لە ئێران، حەوت ئیسرائیلی كوشت، ئەوەش بەتەواوەتی ئیسرائیلی  تووڕە كرد.

چەند ناوەندێكی نزیك لە ئێران، لەبارەی هێرشەكەی ئۆرشەلیمەوە نووسیویانە، چالاكییەكە سەركەوتوو بوو. دواتر ئێوارەی رۆژی دووشەم 30ی كانوونی دووەمی 2023، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی ئیسرائیلی كرد و لە فڕۆكەخانەی ئۆرشەلیمی پایتەخت، لەلایەن بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشوازیی لێ كرا.

پاش پێنج سەعات لە كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بلینكن گوتی: ”راستییەكەی هەموو هەوڵێك و كارێك دەكەین بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، هەروەها بە توندی رووبەڕووی هێرشەكانی ئێران و سوپای ئێران دەبینەوە.

نەتەنیاهۆ لە هەمان كۆنفرانسدا گوتی: ”لە ناوخۆی ئێران و لە وڵاتانی دراوسێ و لە هەموو شوێنێك، رووبەڕووی ئێران دەبینەوە و لەهەر شوێنێك پێویست بێت رووبەڕووی ئەو هێزە دەبینەوە كە دوژمنێكی گەورەیە بۆ ناوچەكە.

لە 24 سەعاتی رابردوودا لە سووریا و عێراق. ئای دی ئێف 11 ئەندامی میلیشیاكانی ئێرانی كردە ئامانج و سەركردەیەكی گەورەیانی كوشت. لە كۆتا هەفتەی مانگی كانوونی دووەمی 2023 بەهۆی هەڵسوكەوتە ناشیرینەكانی سوپای پاسداران و بە لۆبی ئیپاك، سوپا خرایە لیستی تیرۆرەوە، ئەوە مانای وایە ئیتر فڕٍۆكە ئێف35ـكانی ئیسرائیل گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكراوە بۆ ئەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش هەر هێزێك نزیك بێت لە ئێران، بۆردمان بكرێت.

هێرشەكانی ئیسرائیل لەناو ئێران هاودەنگی جیهانی بەتایبەتی ئەوروپای بەدەست هێناوە، چینیش هیچ قسەیەكی لەسەر نەبووە، بەشێك لە هێرشەكانیش بە هاوكاری هێزی ئاسمانی سعوودیە بووە.

ئێستە ئێران لە ناوخۆ لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هاودەنگی خەڵكەوە زۆر لاواز بووە، تەنانەت لە قوم و تاران و ناو بنەماڵەی شەهید و بازنەكانی خوار ئایەتوڵاكانیش، هیچ پشتیوانییەكی نەماوە، لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بەتەواوەتی پەراوێز خراوە، لەرووی سەربازیشەوە ئیسرائیل و ئەمەریكا سوپاكەیان تەكاندووە.

ئێران داراییشی زۆر خراپە و مۆساد دەڵێت: ”تا شەش مانگی تر 100 دۆلار دەگاتە شەش ملیۆن تمەنی ئێرانی، ئەوەش مەترسیی گەورە لەسەر ئابووری و ناوخۆی ئێران دروست دەكات، ئەو وڵاتە پەنای بردووەتە بەر دۆلارەكانی عێراق و لە ماوەی مانگی رابردوودا، رۆژانە 20 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی كە موڵكی عێراقە، ئاودیو كردووە.

ئەمەریكا و ئیسرائیل بەتەواوی یەكدەنگ و هاودەنگن لە ئایندەیەكی نزیكی چەند رۆژ و چەند سەعاتی تردا، ئیسرائیل هێرشی تر بكاتە سەر چەند بنكەیەكی تری چەك و هەواڵگریی ئێرانی، بۆ ئەوەی سوپا بەتەواوەتی تووشی داڕووخانی گەورە ببێت.

ئێستە كاتی وەڵامە گرنگەكەیە، ئایا بۆچی ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرش ناكەنە سەر ئێران؟
ئەمەریكا لە رووی ناوخۆوە دۆخێكی باشی نییە، لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە بەهەمانشێوە، ئێستە شەڕی ئۆكراین زۆر گرنگ و گەورەیە و هەروەها شەڕی ئەوروپا و رووسیایە و ئەمەریكایش پشتیوانی ئەوروپایە، لەلایەكی ترەوە هێشتا شەڕی داعش شەڕێكی گەورەیە لە بەردەم ئەمەریكادا، مەترسییان لەسەر ئەوە دروست كردووە ئێران لە ناوچەكەدا ببێتە بەشێك لە شەڕە گەورەكە.

راستییەكەی دۆخی عێراق و سووریا و لبنان و چەند ناوچەیەكی تری بچووك هێشتا لە شەڕدایە، لە هەر حاڵەتێكدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو وڵاتانە بڕووخێن، لەلایەكی تریش توركیا سەرقاڵی هێرشە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و سووریا.

دۆخی ناوخۆی ئەمەریكاش بەهۆی ئاڵۆزییەكانی سیاسەت و لاوازییەكانی جۆ بایدن سەرۆك، وایكردووە بژاردەی هێرشی راستەوخۆ لە ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە نەخرێتە بەر گفتوگۆ.

ئەمەریكا نایەوێ ئێران وەك سووریا و عێراق و لبنانی لێ بێت، دەیەوێ وەك میسری لێ بێت و لە ماوەیەكی كەمدا سوپای ئێران و رژێمەكە هەر لە ناوخۆدا بگۆڕێت، چونكە ئەمە باشترینە و دۆخی شەڕ كەمتر دەكات، هەروەها دۆخی مرۆییش خراپتر نابێت ئەگەر بەم شێوەیە بێت.

ئەم بژاردەیەی ئەمەریكا دەیەوێت، راستییەكەی كەس نایەوێت، نە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و نە دەوڵەتانی دراوسێ و نە دۆخەكە ئەوە قبووڵ دەكات و نە ویلایەتی فەقێ دەتوانێ قبووڵی بكات، چونكە گەلانی ئێران چاوەڕوانی گۆڕانكاریی ریشەیین، بۆ ئەوەیە لەچكەكە فڕێ بدەن و بە بیرەوە لە تاران تا دیواندەرە بسووڕێنەوە.

بژاردەی لێدانی راستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئێران، بژاردەیەكی زۆرباش نییە، چونكە هێرشەكەی رۆژی یەكشەم بە هەمووانی گوت هێشتا ئێران و بەكرێگیراو و هاوردە و لایەنگرانی، دەتوانن بگەنە زۆر شوێنی گرنگ لە ئیسرائیل و لەگەڵ ئەوەشدا مووشەكەكانی ئێران دەكرێت بگاتە ناوجەرگەی تەل ئەبیب.

ئێستە مۆساد و سی ئای ئەی لەسەر ئەوە كۆكن، دۆسیەی هەواڵگری لە ناوخۆی ئێراندا بچێتە ئاستی پڵەس، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی هەم سوپا و هەمیش سیاسییەكانی ئێران لە پەلوپۆ بخەن، هەر لەبەرئەوە چاوەڕێی ئەوەن چەندان كەسی تر لە بەرپرسانی ئێران و سوپا ببنە قوربانی.

دەرئەنجامی ئەم هێرشانەیش هەم دنیا و ئیسرائیل و هەمیش ئۆكرانیا، بە جارێك دەكەوێتە بەر پشوویەكی تا ئاستێك ئارامترەوە.

ئیسرائیل ناتوانێ راستەوخۆ لە ئێران بدات، لەبەرئەوەی ئێستە مەترسییەكە بەكرێگیراوەكانە كە مەترسی دروست دەكەن، ئەگەرنا زانیاری دروستی لایە كە سوپا لە ناوخۆی ئێرانیش توانای كۆنترۆڵی هیچی نەماوە، یانی ئەگەر جارێكی تر جامە شەرابەكە نەنۆشن، ئێرانییەكان ناتوانن بەرگەی چوار خولەكی شەڕێكی گەورە بگرن.

سوپا پارەی پێ نەماوە، چەكەكانیان خراپن، راهێنان و كۆبوونەوە و سناپەر و فیداییان نەماوە، تەنانەت چەندان فەیلەقیان توانای ئەوەیان نییە هیچ بكەن، هەروەها ئەو خۆشەویستییەی پێشتر بۆ رابەریان هەبوو، نەماوە.

بە پوختی
ئەمەریكا لەبەرئەوەی شەری ئۆكراینا و داعش و هەڵبژاردنی ناوخۆی هەیە، ناتوانێ لە ئێران بدات، ئیسرائیلیش لەبەر هێرشە كتوپڕی بەكرێگیراوەكانی، ناتوانێ دەست بباتە بژادەی لێدانی وەك جەنگ.

گەلانی ناوخۆی ئێرانیش هیچ ئامادە نین تا بەتەواوەتی هێزێكی نوێ و تۆكمە بۆ ناو ئێران دروست بكەن، پێدەچێت ئاڵۆزییەكان تا دوو ساڵی تر بخایەنێت، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە لە 2025دا ئێران گورزی زۆر بخوات و سەرباز دابەزێتە ناو خاكەكەی.