دژایەتیی چاكسازیی حكوومەت دژایەتیی نیازپاكییە

AM:11:41:03/03/2023 ‌
چاكسازی بەردی بناغەی بنیاتنەری متمانە و دروستكردنی هەستی ئارامیی نێوان تاك و كۆی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانە، چاكسازی و یەكسانیی خزمەتگوزاری و دابینكردنی ئاسایش، ئەركی هەرە لە پێشەوەی هەموو حكوومەتێكی باشە، بەپێچەوانەوە هەر لایەنێكی سیاسی چ لە دەرەوەی حكوومەت بێت یان لە پێكهێنەرانی حكوومەت بن، هەر دژایەتیكردنێك بۆ ئەو  پڕۆژانەی كە لە خزمەتی هاووڵاتی و فەرمانبەراندا بن، ڕێك ئەوەمان پێ دەڵێت دژایەتییەكی بێ پاساوی نیازپاكیی ئەو لایەنە سیاسییانەیە كە بانگەوازی دڵسۆزی و خەمۆریی بۆ خەڵك دەكەن.

 ئەوەی زۆر سەیر و جێی گومانە، لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەچەند مانگێك دوای دروستبوونی كابینەی نۆ، دەیان جار هەوڵ درا بۆ هەڵوەشاندوەی حكوومەتی هەرێم، هەر سەرەتای دروستبوونی ئەم حكوومەتە، لای هەموو لایەك ئەو قەناعەتە دروست بوو كە ناتوانرێ حكوومەت بخرێتە خزمەتی حزبەوە، جگە لە دژایەتی ڕاستەوخۆی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لەو پێناوەدا دەیان و سەتان تیڤی و سایت و ماڵپەڕی سۆشیال میدیا، خراونەتە بەرچاو و گوێی هاووڵاتی لە پێناوی شێواندنی هەر شتێك كە لەلایەن حكوومەتەوە ئەنجام درابێت.

ئەم دژایەتیكردنە بێ بنەمـا و بنچینە فراوانە كە بە بەرنامە دژی حكوومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت، زۆر نالۆجیكییە و ناكرێت باسی نیازپاكیی هاوپشكی و هاوبەشی بكەیت لە كار و بەڕێوەبردن لە حكوومەتدا. لەلایەكی تریشەوە هێندە دژ بیت، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئاواتەخوازی ئەوەبن بتوانن دژایەتییەكانیان وەك ئێوە بەرهەم بهێنن، بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییە لای هەموو حزبه سیاسییەكانی هەرێم ڕوون بێت، بەتایبەتی ئەو حزبانەی لەناو حكوومەتدان، ڕێك مەبەست لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەگەر حكوومەتێكی دامەزراوەیی و ئیداری لە بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی هاوبەشیان دەوێت، دەبێت بەڕاستی هاوبەش بن، بەڕاستی ڕاستگۆ بن و لە خەمی چارەسەری كێشەكاندا بن، بەرپرسیارانە نیازەكانیان ئاراستە بكەن، چونكە ئەوە خواستی زۆرینەی خەڵكە.

 ئەو هاوسەنگییەی ئەوان باسی دەكەن، دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت و دەست لەناو دەست بەڕەنگاری ئاڵنگاری و پێشهاتەكان ببنەوە، بۆیە پێویستە ئەوە لای هەموو حزبەكانی كوردستان ڕوون بێت، كێشەكان تەنیا لایەنێك یان كەسێك تاوانبار نییە، بەڵكو خەڵك تێگەشتنی باشیان هەیە تا كاری باش و خراپ لێك جیا بكەنەوە. وا دەزانم هەموو حزبەكان زۆرباش لەوە تێگەیشتوون لەم سەردەمی پێشەوەچوونەدا، خۆڵكردنە چاوی خەڵك ئەستەمە و ناتوانرێ هیچ شتێك بەلاڕێدا ببرێت، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان، چاوێك بە هەڵسوكەوتە سیاسییەكانیاندا بخشێننەوە و شەفافتر و ڕاستگۆتر بێنە پێشەوە، هەندێك بیر لەم دۆخە ناهەموارە بكەنەوە كە بووەتە هۆكاری شێواندنی دەروونیی زۆربەی خەڵكی ئەم هەرێمە.

 دەبێت ئەوانە تێبگەن و واز لەو مۆدێلە كۆنەی سیاسەت بێنن، چوار ساڵ لە حكوومەتدا بن و لە كۆتاهاتنی وادەی یاسایی، لە حكوومەت بكشێنەوە و ببن بە ئۆپۆزسیۆنێكی عەیار ٢٤، هەرچی خراپی هەیە ڕووبەڕووی حزبێك یان سەرۆكی حكوومەتی بكەنەوە و خۆشیان بە داینەمۆی دروستكەری ڕاستی و باشییەكان بزانن، بتا وا پێشان بدەن ئەو كارانەی بەدڵی خەڵك نەبوون، وەك پێویست بەشێكی حكوومەت هۆكاریانە نەك هەمووان، كە لە بنەڕەتدا هەندێك لەو فەیسبووكچییانە هەر خۆیان بە مەبەست و بە بەرنامە، هەندێك شتیان شێواندووە تا لە كۆتایی كشانەوەكەیاندا بەخاڵی لاواز هەژماری بكەن. بەڵام ئەوەی تێگەشتنی من بێت ئەم جۆرە چاوشاركێیە، ئاشكرایە و هەزوو خەڵك ئەوە دەدۆزنەوە كە خۆی حەشار داوە لە دواوەی یارییەكە و پێی دەڵێت هەستە (بەجۆ) كرایت !