له ڕووداوه ئاوارته و نامۆكانی وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌دا باس و خواس و هه‌ڵوێست زۆر ده‌بێت و ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه، ئه‌گه‌رچی لێره‌دا مه‌به‌ست له ئاوارته و نامۆ ئه‌وه نییه كه بوومه‌له‌رزه شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه و مرۆڤایه‌تی پێشتر به‌خۆیه‌وه نه‌یبینیوه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ڕووداوێكی نه‌خوازراو بووه كه بۆ نموونه له وه‌رزێكی ئاوه‌ها سارد و سۆڵه و له دۆخێكی ئابووریی شل و شۆڵ و قه‌یراناوی جیهانیدا، ئه‌م ڕووداوه زیانی مادی و گیانی به كه‌سانێكی زۆر و زه‌به‌ند گه‌یاندووه.
ڕه‌نگه مرۆڤ له ئاوه‌ها ڕووداوانێكدا زیاتر و یه‌كه‌مجار به‌ر خه‌م و كه‌سه‌ر بكه‌وێت و به‌و كاریگه‌رییه زۆرجار نه‌رێنییه‌ش كه هه‌ندێ له میدیاكان له زه‌قكردنه‌وه‌ی ئاستی كاره‌ساته‌كه هه‌یانه، به بێ خستنه‌ڕووی ڕێچاره‌یه‌كی دیار و ڕوون، كه‌شێكی خه‌مۆك و خه‌مناك ڕووماڵ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه لایه‌نێكی ئه‌م ڕووداوه دڵته‌زێنانه‌یه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ڕووداوانی ئاوا به‌ر له شین و شه‌پۆڕ، ته‌نها پێویستیان به یارمه‌تی به‌شێوه‌ی كرداری هه‌یه. ئه‌گه‌رچی ئێمه له سه‌رده‌م و ئهتۆمۆسفۆرێكی سیاسی و ئایدۆلۆجیكی جیهانی هاوچه‌رخدا ده‌ژین كه خه‌ریكه ئاسته به‌رزه‌كانی توندوتیژیی تاقی ده‌كاته‌وه، وه‌ك هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراین، هێزگرتنی دووباره‌ی تاڵیبان له ئه‌فغانستان، ده‌ستوه‌ردانی زیاتری ئێران له كاروباری ناوچه‌كه و پشێوی دروستكردن و كێشه‌ی ناوخۆیی و سه‌واده‌ی بۆمبی ناوكی و داعش و ده‌یان شت و دیارده و ڕووداوی تر، به‌ڵام له كاره‌ساته گه‌وره مرۆییه‌كاندا، نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و كولتووره شایسته و پێشكهوتووكان به بێ گوێدانه لایه‌نی ئایدۆلۆجیكی و سیاسی، ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بن بۆ گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی و هه‌ر جۆره هاوكاری و یارمه‌تییه‌ك بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه له كه‌شێكی ئاوا دڵته‌زێندا قوربانی بوون یان زیانیان به‌ركه‌وتووه یان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك پێویستیان به ئاتاجییهك هه‌یه.
بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان له ڕۆژانی ڕابردوودا، پانتای ئه‌م تاقیكردنه‌وه كولتووری و شارستانی و سیاسییه بوون، بۆ نموونه وڵاتێكی وه‌ك یۆنان كه توركیا ماوه‌یه‌ك پێش هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی هێرشكردنی بۆ سه‌ریان ده‌كرد، له ڕیزی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه بووه كه داوای كردووه به‌شدار بێت له هاوكاریكردن و یارمه‌تی گه‌یاندن به زیانلێكهوتووان و قوربانییان. لایه‌نێكی دڵخۆشكه‌ری بابه‌ته‌كه كه لێره‌دا ده‌بینرێت ئه‌گه‌رچی له نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا كێشه و ته‌نگژه‌ی زۆر هه‌یه و پێوه‌ندییه‌كانیان ئاستێكی لێڵ و نادیاری هه‌یه، به‌ڵام هێشتا سۆزی مرۆیی زیندووه و به‌بۆچوونی من ئه‌مه جۆره هیوایه‌كه كه ئه‌خلاق به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، له دنیای سیاسه‌ت و هه‌ناوی كولتوور و ناخی مرۆڤدا هه‌ناسه ده‌كێشێت و نه‌مردووه.
وڵاتێكی وه‌ك ئێران كه خۆی به هانای بوومه‌له‌رزه‌لێدراوانی شاری ((خۆی)) كه مانگێك نابێت له باكوری ڕۆژئاوای ئێران به‌ر بوومه‌له‌رزه كه‌وتوون، ناچێت و هێشتا قه‌یرانه‌كانی ناوخۆ و داڕمانی ئابووری و ڕه‌وایی ناوخۆیی بۆ ساغ نابێته‌وه، ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ئاماده‌ی یارمه‌تیدانی قوربانیان و زیانلێكه‌وتووانه له توركیا و سووریا، بێگومان ئه‌مه ئیتر كایه و سیاسه‌ته و هیچ ئه‌خلاقێكی تێدا به‌دی ناكرێت، ئێران ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سایه‌تییه ناسراوه مه‌ده‌نی و هونه‌ری و وه‌رزشییانه كه ده‌ستیان كردووه به كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ بوومه‌له‌رزه‌لێدراوان، حسێبی بانكییان داده‌خات و گێچه‌ڵیان بۆ دروست ده‌كات.
لێره‌دا ئێمه دوو جۆره ده‌ركه‌وتنی ئه‌خلاقی ده‌بینین، ده‌ركه‌وتنێك كه وه‌ك یۆنان ده‌یه‌وێت یارمه‌تی مرۆیی بگه‌یه‌نێت و به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر گرژییه‌كیش له نێوان پێوه‌ندییه‌كانی خۆی و توركیا هه‌یه دروستی بكاته‌وه، ڕاسته ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه هه‌ڵگری سیاسه‌ت بێت، به‌ڵام به ئاراسته‌یه‌كی مرۆڤانه‌دا، له‌و لاوه‌ش به‌پێی ئه‌و ناسیاوهتییهی كه له كۆماری ئیسلامی و سیاسه‌ته‌كانی له ناوچه‌كه‌دا هه‌مانه، به ئاسانی ده‌توانین تێبگه‌ین ئه‌م پلانی یارمه‌تیدانه ده‌بێت به چ مه‌به‌ست و ئاراسته‌یه‌ك بێت.
له ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا سیاسه‌ت و كولتووری سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وتنێكی بێ وێنه و شایسته‌ی له خۆی پێشان دا، هه‌ر له یه‌كه‌م ساتی ڕوودانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت، جیا له په‌یامی سه‌ره‌خۆشی و ماته‌مینی بۆ زیانلێكهوتووان و بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان، ئاماده‌یی هه‌رجۆره هاوكاری و یارمه‌تیدانیان دووپات كرده‌وه. ئه‌مه به‌ده‌ر له هه‌موو سیاسه‌تێك بووه كه توركیا له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه تا ئێسته له هه‌مبه‌ر كورددا و به‌تایبه‌تی شێخانی بارزان خستوویه‌تییه ڕوو.
ئه‌م هه‌ڵوێسته پێشانده‌ری كولتووری به‌رفراوانی مرۆڤدۆستانه‌ی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تی كه له چوارچێوه‌ی چه‌مكی فیكری-سیاسیی ((پێكه‌وه‌ژیان))دا خۆی نمایش ده‌كات. چه‌مكێك كه به حیكمه‌ت و دووربینیی سه‌رۆك بارزانی و ئه‌و ئیراده‌یه‌ی كه له دڵی خه‌بات و شۆڕش و سیاسه‌ت و حكوومه‌تدا هه‌ڵقوڵاوه، گووراوه و به‌ره‌و كه‌ماڵ و گه‌شه‌ی زیاتر و زۆرتر ده‌چێت. ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵوێسته بكه‌ین كه ئه‌م چه‌مكه ته‌نیا چه‌مكێك نییه بۆ باشووری كوردستان و عێراق كه كورد بیه‌وێت له‌و ڕێیه‌وه ژیانی ئاشتی و هاوسه‌نگیی سیاسی و شارستانی ڕاگرێت و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی ببات، به‌ڵكو چه‌مكێكی جیهانگیره و ده‌شێت له هه‌موو سه‌رده‌م و هه‌ر جیۆگرافیا و هه‌ر به‌ستێنێكی سیاسی و مێژوویی‌دا كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێت.
به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه ده‌بێت شاد و گه‌شبین بین به‌و ڕێبازه‌ی كه هه‌ولێری پایته‌خت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌ك سیاسه‌تێكی به‌رز و مرۆڤانه پێڕه‌وی ده‌كات، ئه‌م ڕێبازه جیا له‌وه‌ی كه دۆز و پرسی كورد زیاتر زه‌ق ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ڕۆحی پێكه‌وه‌ژیان و شارستانییه‌تی دێرینی گه‌لی كوردیش له‌و نێوانه‌دا ڕه‌نگڕێژی ده‌كات، بێگومان ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته مرۆڤانه‌یه كاریگه‌ریی درێژخایه‌نی ده‌بێت له ناو تورك و عه‌ره‌ب و فارسیشدا، به مه‌رجێك مێژووی به دروستی و دوور له سهداگهری بنووسرێته‌وه و تۆڕی میدیایی زاڵی سه‌رده‌م به ویژدانه‌وه بیگوازێته‌وه.