ڕه‌نگه هه‌ر قۆناغێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی یاخۆ مێژوویی، جۆره پۆلێنبه‌ندییه‌کی بۆ ڕۆشنبیر دیاری بکات، واته تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م قۆناغانه، ڕێنوێنیی ئێمه ده‌که‌ن چۆن پۆلێنبه‌ندییه‌که‌مان ڕێک بخه‌ین.
له قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین، که‌شی زاڵی ڕۆشنبیریی ئێمه، به‌عسناسی و تیۆریزه‌کردنی کاره‌ساته‌کانی سه‌رده‌می به‌عس، له‌وانه: ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، داگیرکرانی کولتووری و زمانی و... بوو، ئه‌گه‌ر ئایدۆلۆجیستانه چاو له ده‌رکه‌ته و به‌رهه‌مه‌کان نه‌که‌ین و به ویژدانه‌وه قسه بکه‌ین، به‌رهه‌می باش و به‌پێز خرانه ڕوو، کورد له‌و ڕووه‌وه له دوای ڕاپه‌ڕین تا ئێستە پێشانی دا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی له‌باری بۆ بڕه‌خسێ، هه‌م ده‌توانێت له ئاستێکی به‌رینی یونیڤێرساڵدا بیر بکاته‌وه و بنووسێت، هه‌میش ئه‌ده‌ب و ستاتیکای جیهانیی به گێڕانه‌وه و نه‌خشاندنی دیمه‌نی داهێنه‌رانه، به پیت و پاراو بکات.
ئه‌رکی ڕۆشنبیر و کاری ڕۆشنبیریی وه‌ک له‌سه‌ره‌وە تیشکم خسته سه‌ر، شتێکی ڕه‌ها نییه که بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێک پێناسه‌یه‌کی نه‌گۆری هه‌بێت، هه‌ر بۆیە ڕۆشنبیر خۆی و گوتاری ڕۆشنبیریی، به‌رده‌وام ئه‌م پرسیارە له کۆنتێکست و دۆخی تازه به‌رهه‌م دێنێته‌وه، یا با بڵێین قووت ده‌کاته‌وه، تا ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی ڕۆشنبیرمان بۆ زه‌ق ببێته‌وه و بیری لێ بکه‌ینه‌وه، به‌پێی پێویستییه‌کانی دۆخی هه‌نووکه.
که‌واته پێناسه‌ی ڕۆشنبیر و ئه‌رکه‌کانی هه‌ڵگری توخم و پێوه‌ری ڕه‌ها و داخراو نین و هه‌ر به‌پێی ئه‌م ڕوانگه‌یه که‌سێکی وه‌ک مه‌ریوان وریا قانع قۆناغێکی ڕۆشنبیریی کوردی به قۆناغی حوجره ناو ده‌بات و ئێمه ده‌توانین ناوی ده‌یان بلیمه‌ت و زانای گه‌له‌که‌مان له‌وانه خانی، حاجی قادر، نالی، مه‌لای گه‌وره، مه‌لای جزیری و ده‌یانی دیکه له‌و قۆناغه‌دا ببینینه‌وه. ده‌ق و به‌رهه‌مه‌کانی رۆشنبیرانی حوجره ڕێگه‌یان بۆ که‌سانی وه‌ک مه‌سعوود محه‌مه‌د و شوکور مسته‌فا و عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوول و مارف خه‌زنه‌دار و ده‌یانی تر خۆش کرد، تا له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وێنانه‌ی ئه‌وان گوتارێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی چێ بکه‌ن و هزر و زمانی کوردی له بێژنگ بده‌ن و بیپاڵێون.
له‌م کاروانه دوورودرێژه‌دا به‌رده‌وام گۆڕانکاریی هاتووه‌ته ئاراوه، به تایبه‌تی به‌هۆی کرانه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کان و ئه‌زموونی ژیانی مرۆڤی کورد له‌ناو کو‌لتوور، جیۆگرافیا و زمانی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌کان و شوناسه‌کانی دیکه (به تایبه‌تی وڵاتانی ڕۆژئاوا)، ئاڵۆزیی دۆخه‌که و هاوکات ده‌وڵه‌مه‌ندیی قۆناغه‌که و پڕمه‌عریفه‌بوونی ئه‌زموونه هه‌نووکه‌ییه‌کەی زیاتر کردووه. وه‌ک وتم، له پاش ڕاپه‌ڕین ئه‌زموونێکی دره‌وشاوه که هه‌ڵگری ئەزموونی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تیش بوو، یان لانیکه‌م ده‌توانین بڵێین نامۆ نه‌بوو به چه‌ک و خه‌باتی به‌رەنگاریی دژی دوژمن، خرایه ڕوو، کاریگه‌رییه‌کانی هه‌ر له باشووری کوردستان نه‌مایه‌وه و ئه‌مه باسێکی دیکه‌یه.
ئه‌گه‌رچی ڕه‌وتی ڕۆشنبیریی کوردی نه‌یتوانی پرۆژه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معی و تۆکمه هه‌م بۆ کۆمه‌ڵگە پێشکه‌ش بکات و هه‌میش ده‌سه‌ڵات تووشی ئه‌و گیروگرفته ڕه‌خنه‌گرانه‌یه بکات که تایبه‌تمه‌ندیی و ڕۆحی هزری مۆدێڕنه‌ی ڕۆژئاوایی بوو، به‌ڵام له پاڵ ئه‌وه‌یشدا جموجووڵێکی ڕه‌خنه‌ئامێز (هه‌ڵبه‌ت به‌بێ پاڵاوته‌ی کولتووری و په‌روه‌رده‌ی شیاو که یه‌کێک له به‌رهه‌مه‌کانی په‌ره‌سه‌نددنی جنێو و گاڵته‌کردنه له باتی ڕه‌خنه و پێشنیار و چاره‌سه‌ری) دروست کرد و کۆمه‌ڵگەی له جۆره چه‌قبه‌ستووییه‌ک که هه‌ڵبه‌ت ئێسته‌یش مه‌ترسیی گه‌ڕانه‌وه‌ی له فۆرمی سه‌له‌فییه‌ت و دۆگماتیزمدا هه‌یه، ڕزگار کرد و فێری کرد موماره‌سه‌ی فرەده‌نگی و فرەڕه‌نگی و شکڵێک له پێکه‌وه‌ژیان بکات.
له‌م ڕه‌وته پڕ هه‌وراز و نشێوه‌دا، فارووق ڕه‌فیق ناوێکی دیاره، ئه‌وه‌ی له‌م قه‌ڵه‌مه‌دا گرینگه، کۆڵنه‌دان و وازنه‌هێنانێتی له‌وه‌ی دۆخه‌که به‌ره‌و باشتر ببات، له‌وه‌ی جۆرێک دیالۆگ و ده‌لاقه‌یه‌ک بۆ دانوستان له نێوان خۆی و ده‌سه‌ڵات، کۆمه‌ڵگە و ده‌سه‌ڵات و خۆی و کۆمه‌ڵگە و ڕۆشنبیرانی دیکه دروست بکات.
که‌ڵکه‌ڵه و داڵغه مه‌عریفییه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ڕووت و تیۆرییدا نییه، به‌ڵکوو به‌شی زۆری وزه‌ی ته‌رخان کردووه بۆ نه‌ته‌وه‌سازی و دروستکردنی هوشیاریی سیاسی و سازکردنی کولتوورێک که هوشیارانه و هاوکات ره‌خنه‌گرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆی و مێژووی و دنیا بکات.
هه‌ر له‌وکاته‌وه که ئه‌م نووسه‌ره هاتووه‌ته ناو گۆڕەپانەكە، ده‌توانین شوێنپێی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه له کاره‌کانیدا بگرین و نموونه‌ی هه‌ره دیاری کتێبی "ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار" و هه‌روه‌ها "یه‌ک کاتژمێر به‌ر له نیوه‌شه‌و" و چه‌ندان کتێب و چالاکیی دیکه‌یه، ئه‌و له‌م دواییانه پێش ئه‌وه‌ی له سلێمانی به‌هۆی زه‌بروزه‌نگی ئایدۆلۆجیای ئیسلامی سیاسیی و حزبییه‌وه هه‌ڵبێت، هه‌ر ڕه‌خنه‌ی دەسەڵات و هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌کیی کوردستان و کۆی ئه‌و کولتووره كردووە که کوردی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و بێده‌وڵه‌ت هێشتووه‌ته‌وه. تا له سلێمانی بوو له هه‌موو تریبۆنێک له گۆڕان و یه‌کگرتوو و یه‌کێتی و پارتییه‌وه که‌ڵکی وه‌رگرتووه تا پرۆژه‌کانی خۆی به کۆمه‌ڵگە بناسێنێت و ببێته هه‌وێنی گۆڕانکاری، به‌ڵام له هه‌ر لایه‌نێکه‌وه به هۆکارێک که‌وته به‌ر په‌راوێزخستن، به‌ڵام هه‌ر کۆڵی نه‌دا، وازی له زمان و هزر و ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فی و شوناسی کورد نه‌هێنا.
ئێسته ئه‌م بیرمه‌نده له هه‌ولێر گیرساوه‌ته‌وه و وه‌ک ده‌یانی تر که له شاری ڕۆشنبیری به‌هۆی سیاسه‌تی توندی حزبه‌وه خرابوونە بەر قوڕگی شێری بەرەڵا و سەلامەتییان مسۆگەر نەبوو، هه‌ڵهاتوون، له شاری قه‌ڵا و مناره خه‌ریکی په‌ره‌پێدانه به پرۆژه ڕۆشنبیرییه‌کانی و بۆ ئه‌مه‌یش یه‌کێک له که‌ناڵه‌کانی هه‌ڵبژاردووه، لێره‌وله‌وێ و به‌ملا و به‌ولا له به‌ناو ئه‌دیب، ڕۆشنبیر، فه‌یله‌سووف! بیریار و بازاڕی و هتد، داده‌نیشن به ڕه‌تکردنه‌وه و بێڕێزی و ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ر (نکۆڵی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌ی ته‌ندروستیش له‌م شه‌پۆله‌دا ناکرێت) که بۆچی فڵانی له فڵان که‌ناڵدا ده‌رکه‌وتووه؟ باشه ئه‌گه‌ر له که‌ناڵ هه‌شت بوایە هه‌ر ئه‌مه نه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر له کوردسات بوایە یان له سپێده و که‌ی ئێن ئێن، هه‌مان بیروڕا نییە؟
ڕۆشنبیرانی هاوشێوه‌ی فارووق ڕەفیق، ده‌بێت ڕوو له کوێ بکه‌ن؟ ده‌بێ ئاواره‌ی وڵاتان بن؟ ده‌بێ کوردستان جێ بێڵن و ئه‌وکاتیش بڵێین ئه‌گه‌ر قسه‌کانی راسته بۆ ناگه‌ڕێته‌وه و بۆ کوردستانی به‌جێ هێشتووه؟ پێم وایه که‌شی حزبی له پۆلێنبه‌ندکردنی کو‌لتووریی و ڕۆشنبیریدا کاریگه‌ریی نه‌رێنی قووڵی داناوه و ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه، به شێوازی نه‌رم و کولتووری.
له هاوکێشه‌یه‌کی وە‌هادا ئێمه نه ده‌بین به خاوه‌ن بیرمه‌ند و ڕۆشنبیر، نه ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و نه زانیار و داهێنه‌ر! باشه ئه‌گه‌ر کۆچه‌ر بیرکار له هه‌ولێر و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمەوە ڕێزی لێ نه‌گیرێت، ئه‌نقه‌ره و تاران و به‌غدا ده‌یکه‌ن؟ ئێسته بێم بڵێم ئه‌م ئیلیته جیهانییه کورده بۆ هاتووه‌ته هه‌ولێر؟ ئه‌م تێڕوانینه کاره‌ساتێکه ململانێی ناته‌ندروستی حزبی دروستی کردووه و هه‌ندێ زره‌نووسه‌ر و زڕه‌ڕۆشنبیریش په‌ره‌یان پێ داوه! من وه‌کوو کوردێک ده‌ڵێم بریا له‌و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ی بانگەشەی ئه‌وه‌یان هه‌یه که په‌رۆشی کورد و کۆمه‌ڵگە و دادپه‌روه‌ری و ئازادین، هه‌ر یه‌که‌و ده‌رفه‌تێکی ڕۆژانه یان حه‌وتانه‌یان له‌لایه‌ن که‌ناڵێکی میدیاییه‌وه بۆ بڕه‌خسایە تا نه‌ک هه‌ر له کۆمه‌ڵگە، به‌ڵکوو هه‌ر له‌و حزب و ده‌سه‌ڵات و که‌ناڵه‌ش ڕه‌خنه بگرن و ڕێگه بۆ زۆر شتی باشتر له داهاتوودا خۆش بکه‌ن!
پێم وایه تا فه‌زاکه وه‌ها بێت و ئه‌م سه‌رپه‌ڕگیرییه هه‌بێت، نموونه‌ی که‌سانی وه‌ک فارووق ڕه‌فیق ده‌بێت وه‌ک قوربانی باس بکه‌ین! قوربانییه‌ک كە به ده‌نگی باسی ئازاره‌کانی ده‌کات و کۆڵ نادات! من ڕه‌نگه هیچ ڕوانگه‌یه‌کیم به‌دڵ نه‌بێت، به‌ڵام پشتگیریی چالاکییه‌کانی ده‌که‌م.