هیچ کوردێک ته‌نانه‌ت له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش، لاریی نییه لەوەی سلێمانی چ مێژوویه‌کی پرشنگدار و شکۆمه‌ندی هه‌بووه، شاری شێخی مه‌زن شێخ مه‌حموود یه‌که‌م پاشای کوردستان، شاری مه‌ولانا خالید و پیره‌مێرد و فایه‌ق بێکه‌س و سه‌تان و بگره هه‌زاران که‌سایه‌تیی سیاسی، شۆڕشگێر، هونه‌ری و ئه‌ده‌بی بووه، بێ هۆ نییه له لایه‌ن یونسکۆوه وه‌ک شاری داهێنه‌ر ناسراوه، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی یونسکۆ دانی پێدا بنێت، ئێمه به شانازییه‌وه هاوارمان بۆ ده‌ربڕینی ئه‌م شانازییه کردووه، به‌ڵام ئه‌م پێشینه و مێژووه پرشنگداره، به ده‌ست حوکمڕانی خۆجێیی و ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیی مافیاگه‌راوه، نه‌ک هه‌ر خه‌ریکه ده‌ڕووشێت، به‌ڵکوو خه‌ریکه گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ئه‌م شاره که مرۆڤه‌کانیه‌تی، به‌ره‌و خه‌ره‌ندێکی قووڵ و سامناک په‌لکێش ده‌کات، ئه‌وه‌ش ماده‌ی هۆشبه‌ره.
بێ هیچ دوودڵییه‌ک، هیچ شتێک له ئێسته و داهاتوویشدا، به ڕاده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسیی ناخاته سه‌ر کۆمه‌ڵگە و شیرازه‌ی خێزان که کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه پێک دێنن. لێکۆڵه‌رێکی بواری ماده‌ی هۆشبه‌ر، ده‌ڵێت: ڕه‌نگه مرۆڤ به گشتی به‌هۆی ئه‌و ته‌بیعه‌ته که‌وی نه‌کراوه‌یه‌وه بیه‌وێت زۆر شت لانیکه‌م بۆ یه‌کجار له ژیانیدا تاقی بکاته‌وه، بۆ نموونه، چوونه لێواره‌کانی خه‌ره‌ندێک و ئه‌زموونکردنی ترس و خرۆشی به‌رزایی، یا ته‌نانه‌ت چوونه ناو قووڵایی گۆم له کاتی مه‌له‌کردندا تا ئاستێک به پێچه‌وانه‌ی توانا‌کانی جه‌سته‌یه‌تی و ده‌یان نموونه‌ی دیکه، هه‌موو ئه‌مانه بۆ یه‌کجار یان چه‌ند جار تاقیکردنه‌وه‌یان (چونکه نزیکن له ئه‌زموون و دڵه‌ڕاوکێی مه‌رگ) کێشه‌یان نییه، به‌ڵام ماده‌ی هۆشبه‌ر ته‌نانه‌ت یه‌کجار تاقیکردنه‌وه‌یشی واته گیرۆدەبوونێكی هەمیشەیی، به جۆرێک چێژی درۆینه و وه‌همی هه‌موو ژیانی مرۆڤ تا مه‌رگ ده‌خاته ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه.
به مانایه‌كی تر، ماده‌ی هۆشبه‌ر مه‌رگ نییه نه به مانا سروشتییه‌که‌ی و نه به مانا ناسروشتیه‌که‌یشی، به‌ڵکوو دۆخێکی نیوه‌مردوویی مرۆڤه له کۆمه‌ڵگەدا که مه‌رگ په‌ره پێ ده‌دات، داڕزان و پووکانه‌وه له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا ده‌به‌شێته‌وه. به ده‌ربڕینێکی دیکه، ماده‌ی هۆشبه‌ر فریشته‌ی مه‌رگه، فریشته‌یه‌کی درۆینه مه‌رگێکی هێواش و به‌زه‌ییئامێز دابه‌ش ده‌کات، فریشته‌یه‌ک ته‌نیا ناوی فریشته‌یه و له بنه‌مادا دێوه، هه‌ربۆیه له هه‌ندێک وڵات‌دا ده‌ڵێن: دێوی ماده‌ی هۆشبه‌ر یان دێوی ئالووده‌بوون به ماده‌ی هۆشبه‌ر. واته دۆخێکە مرۆڤ تێیدا ده‌دێوێت و داگیر ده‌کرێت، ئیتر خۆی نییه، که‌سایه‌تی، که‌رامه‌ت و مرۆڤبوونی لێ ده‌سنرێته‌وه. ئه‌م وێنه‌یه پێمان ده‌ڵێت، ئێمه له‌گه‌ڵ چ مه‌ترسییه‌ک و له چ شارێکی پڕشکۆ و مه‌زندا ڕووبه‌ڕووین.
هێشتا ده‌نگۆی هه‌بوونی کارگه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر له دەربەندیخان/سلێمانی و تێوه‌گلانی به‌رپرسانی باڵای یه‌کێتی و بازرگانیی له‌ناو تۆڕێکی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ماده‌ی هۆشبه‌ردا کاڵ نه‌بووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت به‌ڵگه هه‌یه له بوونی و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ په‌رده‌پۆشکردنی دراوه، ئێمه هه‌ر ڕۆژ ئامار و ڕه‌قه‌می نوێ ده‌بیستین و ئاماره‌کان قووڵایی کاره‌ساته‌که‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن. کاتێک ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌خه‌نه ناو کۆمه‌ڵگەیه‌ک و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌تا له په‌راوێزه‌وه و به نرخێکی هه‌رزان دێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که‌سه‌که ئالووده‌ی بوو، ئیتر نه‌ک به هه‌ر نرخێکی مادی، به‌ڵکوو ده‌توانێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ته‌نانه‌ت که‌رامه‌ت و شه‌ره‌فی خۆیشی بدات! ئه‌گه‌ر چاوێک له‌م ئاماره بکه‌ین، تێده‌گه‌ین ڕاده‌ی خواست له‌سه‌ر ماده‌ی هۆشبه‌ر چەند زیادی کردووه، به‌راورد به هه‌ر وڵاتێکی گه‌وره‌یش زۆر مه‌ترسیداره چ بگاته شارێک.
بێگومان ئه‌م خواست له‌سه‌ر بوونە، زه‌وینه‌ی بۆ فه‌راهه‌م کراوه، واته هێنده خراوه‌ته بازاڕه‌وه و یاریی به نرخ و خواست کراوه، دواجار که‌سانێک وه‌ها پێوه بوون، ئیتر به قومێک و دوو قوم ئاوی ئاشیان ناگه‌ڕێت!
ئاماره‌کان له زاری عه‌قید سه‌لام عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان، به‌م شێوه‌یه‌ن: "له ساڵی 2024دا توانیومانه هه‌زار و 19 تۆمه‌تباری ماده‌ی هۆشبه‌ر بگرین 523یان به‌کارهێنه‌ر و 452یشیان بازرگان بوون، هاوکات له‌و ژماره‌یه 14 تۆمه‌تباری بازرگانی نێوده‌وله‌تیی ماده‌ی هۆشبه‌رن. تۆمه‌تباره‌کان 49 که‌سیان له ره‌گه‌زی مێ و 970كەی تر نیرن، ته‌مه‌نیشیان له نێوان 18 بۆ 64 ساڵی دایه."
سامناكی ئه‌م ئاماره له‌وه كە 15 تۆمه‌تباریان بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیی ماده‌ی هۆشبه‌رن و ته‌مه‌نی بەكارهێنەر تا 18 ساڵ دابه‌زیوه، پێمان ده‌ڵێت چ کاره‌ساتێک ڕووی داوه.
ڕه‌نگه ئه‌م ئاماره ته‌نیا له کۆلۆمبیا و مه‌کسیک که دوو وڵاتی به‌رهه‌مهێنی ماده‌ی هۆشبه‌رن، ساغ بێته‌وه، نه‌ک شارێکی وه‌ک سلێمانی و خه‌ڵکی پڕ له برین و ئازاری وه‌ک کورد. هه‌ر به گوته‌ی عه‌قید سەلام، سێ تۆن و 24 کیلۆ و 600 گرام ماده‌ی هۆشبه‌ر له جۆره‌کانی کریستاڵ، هیرۆین و حه‌شیش و چه‌ندان جۆری دیکه له‌گه‌ڵ 121 هه‌زار و 330 ده‌نک حه‌بی هۆشبه‌ر ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه لەمساڵ 2024.
ئه‌م ئاماره ئەوەندە مه‌ترسیداره، ده‌بێت هه‌ر له سبه‌ینێوه خه‌ڵکی سلێمانی بڕژێنه سه‌ر شه‌قام و ئه‌وه‌ی تۆزێ پێوه‌ندی به ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه هه‌بێت، شاربه‌ده‌ری بکه‌ن. به‌ده‌ر له‌مه، ئه‌رکی حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە لە جاران شێلگیرانه‌تر دژی ئه‌م دیارده ماڵکاولکه‌ره بوه‌ستێته‌وه