سیاسه‌ت له کوردستان مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه، به هه‌مان ئاستیش هه‌ڵچوون و داچوونی ئه‌زموون کردووه. له هه‌موو ئه‌م مێژووه‌دا خه‌باتی شاخ و شار و ناوکۆییه‌ک له نێوان ئه‌م دوو زۆنه یه‌کپارچه‌یه‌دا هه‌بووه و له بیرمان ناچێت که خه‌باتی شار و شاخ پێکه‌وه بوونه هۆی ئازادی و ڕزگاریی هەرێمی کوردستان و پێکهاتنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی ئێسته هه‌یه.
شتێک که ئێستەی ئێمه‌ی مسۆگه‌ر کرد و به ئه‌مڕۆ گه‌یاند، پراگماتیسم و کرده‌گه‌رێتی سه‌رکرده و عه‌قڵانییه‌تی سیاسیی کورد له قۆناغه جیاجیاکاندا بووه، چ له سه‌رده‌می شه‌ڕی شاخ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌واو له‌گه‌ڵ به‌عس،چ له سه‌رده‌می نزیکبوونه‌وه له ڕزگاریی و دامه‌زراندنی به‌ره‌ی کوردستانی به سه‌رۆکایه‌تیی بارزانی.
له ورد و درشتی ئه‌م وێستگانه‌دا ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌که‌ر و بەرنامەی خه‌بات و ڕه‌وتی سیاسیی کورد بوو، ئه‌زموونێک بوو که که‌سایه‌تیی و سه‌رکرده سیاسییه‌کان له‌و هه‌موو ساڵانه‌دا کۆیان کردبووه‌وه. واته پراگماتیسم و کرده‌گه‌رێتییه‌ک که نه خۆی له‌سه‌ر خه‌ونی منداڵانه و خه‌یاڵی خاوی خێڵه‌کی هه‌واری هه‌ڵداوه و نە به‌بێ مه‌عریفه‌یه‌کی سیاسیش هاتووه‌ته پێش.
ده‌ڵێن جارێک لێپرسراوێکی فه‌له‌ستینی له شام به ئیدریس بارزانی جوانه‌مه‌رگی وتووه: "ڕاسته ئێوه‌ش ژێرده‌سته و خاک داگیر کراون، به‌ڵام ئێوه له فه‌له‌ستینییه‌کان زۆر دواکه‌وتووترن". کاک ئیدریسیش بێ سێ و دوو وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ڕاسته ئێمه له ئێوه دواکه‌وتووترین، هۆکاره‌کە ئه‌وه‌یه ئێوه ژێرده‌سته‌ی ئیسرائیلی پێشکه‌وتوون، به‌ڵام ئێمه ژێرده‌سته‌ی عه‌ربی نه‌فام و جاهیلین".
ئه‌م وه‌ڵام و حا‌زرجواوییه ژیرانه‌یه ته‌نیا له که‌سایه‌تییه‌ک هه‌ڵده‌هێنجرێت که خوێندنه‌وه‌ی بۆ کۆی هاوکێشه‌ی سیاسی و جیۆپۆڵه‌تیکی ناوچه‌که و له‌وه‌ش گرینگتری وێژمان و دیسکۆرسی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌لانی ده‌رودراوسێ به تایبه‌تی پان عه‌ره‌بیسمی زاڵی ئه‌وکات، هه‌بووه. ئه‌مه له حاڵێکدایه له پاڵ ئه‌م مه‌عریفه‌یه که‌سایه‌تییه‌کی سیاسیی و کاریزمایی مه‌زنی ئاوه‌ها له کرده‌وه و پراکتیکیشدا کۆڵه‌که‌ی گه‌وره‌ی وتووێژ و دانوستانی سیاسی و گفتوگۆ له نێوان هه‌موو هێزه کوردستانییه‌کانی پارچه جیاجیاکانی کوردستاندا بوو، به شاهیدی مێژوو و ئه‌و نامانه‌ی ماونه‌ته‌وه و لێره‌دا دەرفەتی هێنانه‌وه‌ی ده‌قی نامه یان نموونه‌یان نییه.
ئه‌مه تێڕوانینێکه وا له پانتایی سیاسه‌تدا به دوو چه‌کی ئه‌زموون و مه‌عریفه دێته کایه‌وه و پاش نه‌مانی جه‌سته‌یی و فیزیۆلۆجی که‌سایه‌تییه‌که‌یش، تێڕوانین و جیهانبینییه‌که‌ی به‌شی ئه‌وه‌ی تێدایه که ئێمه ئه‌گه‌ر و که‌لێنی سیاسیی لێ هه‌ڵبهێنجین و به ئاڕاسته‌ی ئاشتی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییماندا سوودی لێ ببینین.
ئه‌م ده‌روازه‌یه‌م کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و دۆخه بکه‌م که بووه‌ته ئه‌گه‌رێکی بشێویساز و دژی ئاسایتی نیشتمانیی کوردستان ئیش ده‌کات و به‌رده‌وام له‌ناو یه‌کێتییه‌وه له زاری سکرتێری ئه‌و حزبه و هه‌ندێ میدیای سێبه‌ر یان که‌سایه‌تیی سێبه‌ری ئه‌وه‌وه ده‌یبیستین.
به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر که‌س که شپرزه‌یی و بێ چاره‌نووسیی یه‌کێتی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ڕووداوه‌کانی هه‌شتی ته‌مووز و لابردنی یه‌کێک له هاوسه‌رۆکه‌کانی ئه‌و حزبه، واته لاهووری شێخ جه‌نگی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هێزە چەكدارەكانیدا، من سه‌ره‌داوی ئه‌م شپرزه‌یی و حاڵه‌تی داڕمان و نوشوستییه‌ی یه‌کێتی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ کاتێک که مام جه‌لال کۆچی دوایی کرد و یه‌که‌م جار بافڵ تاڵه‌بانی له‌سه‌ر شاشه‌کان ده‌رکه‌وت، ڕووخسارێکی نامۆ و ناسراو له یه‌ککاتدا!
نامۆ به‌و واتایه‌ی ئه‌م ڕوخساره له پانتایی سیاسه‌تدا به واتا ڕاسته‌وخۆ و نزیکه‌که‌یه‌وه پێشتر هێنده نه‌بینراوه و له زاکیره‌ی گشتیی خه‌ڵکی کوردستاندا به گشتی خه‌زن نه‌بووه، ناسراویش به‌و واتایه‌ی سێبه‌رێکی ڕووخساری مام جه‌لال به لایه‌ک له ڕوومه‌تییه‌وه بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده!
پاش کۆچی دوایی مام جه‌لال، بافڵ به ئاشکرا و ڕاسته‌وخۆ که‌سێک بوو له پشت خیانەتی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه بوو، ئه‌مه وێنه و چرکه‌ساتێکی مێژووییه و مه‌حاڵه هیچ کوردێک له بیری بچێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش كە دژی پارتی و ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوون. دوای ڕووداوه‌کانی هه‌شتی ته‌مووز و به دارده‌ستکردنی هێزی دژەتیرۆر بۆ تیرۆرکردنی که‌سایه‌تی سیاسی و ئه‌منی و هه‌روه‌ها پەستانخستنه سه‌ر خه‌ڵک و سه‌پاندنی باجی زیاتر به‌سه‌ر بازاڕ و دەوڵەمەندەكانی سلێمانی و ده‌یان کرده‌وه‌ی تێکده‌رانه‌ی نابه‌رپرسانه، عه‌قید هاوکار جافیان به ناجوامێرانه و دوور له هه‌ر به‌هایه‌کی مرۆیی و ڕۆحێکی ئینتمادارانه بۆ کوردستان، تیرۆر کرد و پاشان تۆپه‌که‌یان فڕێ دایه زه‌ویی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه و به نهێنی داوایان کرد پارتی ئه‌م كردە تیرۆرستی و تێکدانی ئاسایشی کوردستانە، نه‌دیو بگرێت و په‌رده‌پۆشی بکات!
پارتیش به خه‌ونی ئاسایشی کوردستانه‌وه هاتووه و باڵای کردووه، بۆیە ئه‌مه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه و حكوومەتی هەرێمیش هه‌وڵی ته‌واوی دا بابه‌ته‌که ئاڕاسته‌ی یاسایی خۆی وه‌ربگرێت و تاوانباران بدرێنه دادگا. ئه‌م به‌رپرسیاربوون و ده‌ر‌وه‌ستبوونه‌ی پارتی و كابینەی نۆیەم، وای کردووه سکرتێری یه‌کێتی و سێبه‌ره لاوازه‌کانی لێره‌وله‌وێ هه‌ندێ ده‌نگی نابه‌رپرسانه و دژه نیشتمان هه‌ڵببڕن و به سه‌ودایه‌کی نادیار به‌شداری له کۆبوو‌نەوه‌کانی حکوومه‌ت نه‌که‌ن!
ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه که چ ناوێک له‌م به حساب کرده‌وه و ئه‌کته بنێین؟ ئایا سکرتێری یه‌کێتی ده‌یه‌وێت وه‌ک منداڵێک وڕک بگرێت و له‌وه‌ی بۆچی پارتی و کابینه‌ی نۆ پلانی تیرۆرکردنی عه‌قید هاوکار جافیان ئاشکرا کردووه؟
یانی ئه‌و سیاسه‌ت وه‌ك پانتاییه‌کی سۆزاوی و ئیمۆشناڵ تێگه‌یشتووه و موماره‌سه‌ی ده‌کات؟ ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێت ئێمه باس له چه‌مکی تۆرانی منداڵکارانه له پانتایی سیاسه‌تی کوردی‌دا بکه‌ین و جیاواز له هه‌ندێ تۆران و قینکردنی سیاسیی نه‌رمونیان که پێشتر هاتوونه‌ته ئاراوه، ئه‌مه‌یان زیاتر تمووحی ئاشتکردنه‌وه و لاوانده‌نه‌وه و ده‌ست به‌سه‌رداهێنانی هه‌یه، به‌ڵام جارێ ئه‌و باوه‌ش و ئامێزه ئه‌منه‌ی بۆ خۆی نه‌دیوه‌ته‌وه تا به‌ره‌و ڕووی شاگه‌شکه بێت و ڕا بکات؟! یان نا دیسان به دیوێکی تر‌دا ئه‌م سه‌رکرده تازه‌یە حه‌زی له جلی سه‌ربازی و وێنه‌گرتنه له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ربازی و ماشینی سەربازیی و به گشتی هه‌ر شتێک پێوه‌ست بێت به بابه‌تی سه‌ربازییه‌وه؟
دیاره سه‌رده‌مێکی نه فره دوور له کۆمه‌ڵگە ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان و له کوردستانی خۆیشماندا، کاتێک له منداڵێکی قۆناغی سه‌ره‌تاییت بپرسیایه حه‌ز ده‌که‌ی له داهاتوودا ببیت به چی؟ ده‌یوت حه‌ز ده‌که‌م ببم به فڕۆکه‌وان ئه‌م حه‌زە منداڵکارانه بۆ فڕین، ته‌نیا ئه‌نجامی جیاوازده‌رکه‌تنه و نه‌بوونی مه‌عریفه و تێگه‌یشتنێکی دروستە هه‌م له زەوی و هه‌م له ئاسمان و هه‌م له مه‌ودای نێوانیان، ئه‌گینا هیچ کات منداڵێک له‌و ته‌مه‌نه‌دا ئه‌و به‌رزاییه‌ی پێ قووت نادرێت که له‌ناو فڕۆکه‌وه سه‌یری زه‌وی ده‌که‌یت.
هه‌ر کام له‌مانه به تایبه‌تمه‌ندیی ڕه‌فتاریی و ئه‌کتی سکرتێری یه‌کێتی بناسین، نه به‌ری مه‌عریفه ده‌که‌وین و نه ڕێگەمان له پراگماتیسم و کرده‌گه‌رێتییه‌ک به‌پێی لۆجیکێکی دیاریکراو ده‌که‌وێت، ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی کۆمێدیا بێت زه‌نگی کاره‌ساته بۆ کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی، لێره‌وه ده‌بێت داوا له هێزه ڕه‌سه‌ن و دێرین و به ئه‌زموون و خاوه‌ن مه‌عریفه‌کانی یه‌کێتی بکه‌ین که ئه‌گه‌ر ناتوانن سووکانی ئاژوتنی یه‌کێتی بگرنه ده‌ست، ئه‌وا هه‌وڵ بده‌ن ڕه‌وتێکی ڕاوێژکاریی له‌ناو یه‌کێتی ده‌ست پێ بکه‌ن تا لانیکه‌م هه‌یکه‌لی یه‌کێتی له‌مه زیاتر پارچه پارچه نه‌بێت و به‌ره‌و مه‌ترسیی نه‌ڕوات و لەوێشەوە ئاسایشی هه‌رێم نه‌که‌وێته مه‌ترسیگه‌لێکەوە که ئاسۆکانیمان لێوه دیار نییه.