هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی شه‌شه‌می پەڕله‌مانی کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کێبەڕکێ و ململانێ و له هه‌ندێ حاڵه‌تی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا مایکفڕێدانیش! دیموکراسیانه بوو، ململانێیه‌کیش بوو له نێوان دوو گوتار و دوو تێڕوانینی جیاواز و دژبه‌یه‌ک بەرانبەر دۆزی کورد له هه‌موو ناوچه‌که و دۆخی هاووڵاتییان له باشووری کوردستان. ته‌سکبینییه ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ته‌نیا له هاوکێشه ناوخۆییه‌کانی باشووری کوردستاندا بخوێنینەوە، وه‌ک مێژوو پێی وتووین، پارتی دیموکراتی کوردستان به هه‌موو هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌کانییه‌وه، حزب و ره‌وتێک بووه هه‌ڵگری ئاڵای کوردایه‌تیی و خه‌ونی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بووه، حزبه‌کانی تریش ئه‌گه‌رچی دروشمی کوردایه‌تییان به ته‌واوه‌تی له پێڕه‌و و پرۆگرامی سیاسی و میدیاییاندا نه‌سڕیوه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ک پنت و چه‌قێکی سه‌ره‌کیی به‌رنامه‌ی ئایدۆلۆجی و سیاسی‌یان، ڕه‌چاوی ناکه‌ن.
بێگومان ئه‌مه له هه‌موو حزبه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ڕێباز و گوتاری پارتی، به ڕاست ناگه‌ڕێت. حه‌تمه‌ن بۆ تێگه‌یشتن له گوتار و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پارتی، ده‌بێت ڕێباز و هه‌ڵکه‌وت و داکه‌وته‌کانی حزبی دووه‌م و زڕه‌کوڕی پارتی واته یه‌کێتیی نیشتمانی، لەرچاو بێت، تا ڕوونتر بتوانین وێنه گه‌وره‌که‌ی به‌رمه‌به‌ستم ڕوون بکه‌مه‌وه.
له ڕووه مێژووییه‌که‌یه‌وه ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان، کاتی خۆی له فۆرمی مه‌کته‌بی سیاسی‌دا له خزمه‌ت بارزانیی نه‌مردا بوون، به‌ڵام ورده ورده به وه‌همی ڕۆشنبیریی و خوێنده‌وارییه‌وه، تۆوی دابڕان و لێکترازانیان دروست کرد، ئه‌وکات ئه‌گه‌رچی ڕۆشتن و که‌وتنه ناو یارییه‌کانی سه‌دام و حزبی به‌عسه‌وه و مامۆستا کرێکار واته‌نی جاشایه‌تییان موقه‌نه‌ن (یاسامه‌ند) کرد، به‌ڵام هه‌ر گه‌ڕانه‌وه ژێر میهر و سۆزی بارزانی و حزبی دیموکراتی کورد (واته پارتی دیموکراتی کوردستان) و بارزانیش لێیان بوورا، به‌ڵام ئه‌م خواسته‌ی لادان و دابران هه‌ر سه‌ری کوێر نه‌بووه‌وه و له دواجاردا پاش ڕێکه‌وتنی "جەزائیر" و خیانه‌تێکی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له شۆڕشی ئه‌یلوول، مام جه‌لال و برایم ئه‌حمه‌د هه‌له‌کەیان زیاتر له‌بار بینی بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ و بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداری و سیاسی ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه.
گێڕانه‌وه‌ی نامێژوویی و شیکارانه‌ی سیاسیی ئه‌م ڕووداوه به‌سه‌ر هێڵێکی ناسکه‌وه به‌نده و ناسکیه‌که‌یشی له‌وێدایه ئێمه هه‌رچه‌نده یه‌کێتی و لادان و که‌تنه‌کانی ده‌بینین، ده‌بێت به هه‌مان ڕاده‌یش سه‌رکه‌وتن و پێڕه‌و و گوتاری پارتی ببینین، چونکه ئه‌و ڕێبازه‌ی یه‌کێتی دوای 1975 هه‌ڵیبژارد، هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو بانگه‌شه‌ی بۆ کرد، به‌ڵکوو له‌ژێر هه‌ندێک له‌و دروشم و بانگه‌شه کوردانه‌وه، خواستێکی ناهوشیاری سه‌یر بۆ به‌غدا هه‌بوو! ڕاستییەكەی هه‌رچه‌ند پارتی خواست و ئیراده‌ی سیاسیی به‌ره‌و هه‌ولێر و خواکوڕک و بادینان بووه، یه‌کێتی ڕووگه‌ی ئاوات و خه‌ونه‌کانی خۆی له به‌غدا و قاهیره و تاران بینیوه!
ناسکیی مێژووی یه‌کێتی و پارتیمان له جیاوازیی نێوان گوتاردا لەوێوە بۆ ده‌رده‌که‌وێت: وه‌ک بڵێی یه‌کێتی له ڕقی باوکه کاریزمییه‌که‌ی، بێت له باتی تێپه‌ڕاندنی به‌رنامه و پرۆگرامی کوردانه‌ی باوک، ڕێک له پشتی باوکی دا و ڕووی کرده دوژمنان! دیاره ئه‌م دیمه‌نه زمانێکی ڕه‌مزییه و ماناکه‌یشی ڕوون و ئاشکرایه، ئه‌م لێدان له باوکه له ده‌یان و سه‌تان ڕووداودا پشتڕاست کراوه‌ته‌وه، هێشتا سه‌تان گێڕانه‌وه‌ی دژواز و سه‌یروسه‌مه‌ره له‌باره‌ی هه‌ڵه‌بجه و یه‌کێتی و... پێش 16ی ئاداردا له ئارادان! هه‌موویان قامکی تۆمه‌ت و گوناهبارییان ڕوو له به‌رپرسانی ئه‌وکات و ئێستەی یه‌کێتییه!
ناپاکیی 16ی ئۆکتۆبه‌ر و ده‌ست تێکه‌ڵکردن لەگەڵ میلیشیاکان دژی مافه ده‌ستوورییه‌کانی خەڵکی کوردستان و ده‌یانی دیکه، نزیکترین و دیارترینیانن، بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌بینین یه‌کێتی تووشی ئه‌و ناته‌ندروستییه بووه، له باتی تێپه‌ڕاندنی مێنتاڵیته‌ی باوک به‌پێی بانگەشەكانی خۆی، خیانه‌تی لێ کرد و ئه‌مه له مێژووی مرۆڤ و پێشینه‌ی سایکۆلۆجیی ڕێکخراوه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانیاندا به‌داخه‌وه شتێکی نامۆ نییه، ئه‌گه‌رچی بۆ کورد زۆرترین خه‌ساری به‌دی هێناوه!
ده‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م هاوکێشه سیاسی-سایکۆلۆجییه، له پاش 2003 و ڕووخانی ڕژێمی به‌عس به زه‌قی فۆرمەله کران، هه‌رچی به‌رپرسانی سیاسی و حزبی یه‌کێتییه و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه مام جه‌لال /یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کوردی عێراق/ تا ئه‌وانیتر، به‌غدایان کرده شوێنی مانەوە و ڕووگه‌ی ئاوات و ئامانجه سیاسی و هه‌ڵبه‌ت بازرگانییه‌کانیشیان! پارتیش هه‌ر به هه‌مان ئاڕاسته‌ی پێشینه‌داری ڕێبازی بارزان، کوردستانی وه‌ک ناوه‌ندی خه‌باتی سیاسی و پێشخستن و په‌ره‌پێدان، هەڵبژارد.
ئێمه به هه‌ر ڕوانگه‌یه‌که‌وه ئه‌م گێڕانه‌وه مێژووییه ببینین، ئه‌م هێڵه دژبه‌ر و جیاوازەی نێوان پارتی و یه‌کێتی ده‌بینین، مێژوو شوناسی ئێمه‌یه، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر شتێک له ژیانی تاکه‌که‌سی، هزری، حزبی و... ئێمه‌دا ڕووی دا، مه‌حاڵه کاریگه‌رییه‌کانی بسڕینه‌وه و له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی دواتر کارتێکه‌ری نه‌بێت. به ڕای من، دیمه‌نه گشتییه‌که به‌م گێڕانه‌وه ڕوون و ئاشکرایه، ده‌توانین بڵێین، پاش هه‌موو کێشمه‌کێش و ململانێکانی یه‌کێتی که زیاتر شه‌ڕفرۆشتن به کوردستان و ژیانی خه‌ڵک بوو، پارتی به بردنه‌وه گورزێکی کوشنده‌ی له‌و گوتاره دا که له پاش مه‌رگی مام جه‌لال به خه‌یاڵپڵاوی خۆی کاژی خستووه و ته‌واو جیاوازه!
به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و کوێراییه له مێژینه‌یه‌ی کولتووره ئەرستۆکرات و بۆماوه‌ییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته که لادانی چه‌ند که‌سی گه‌نده‌ڵ /پێشتر خۆی شه‌ریکیان بووه/، به مانای نوێبوونه‌وه و هه‌ستانه‌وه ده‌بینێ، یه‌کێتی بۆ شوێنپێگرتنی گوتارێکی کوردانه و نیشتمانی، ده‌بێت پارتیانه بجووڵێته‌وه. واته ئه‌گه‌ر نابێت به پارتی، لانیکه‌م دیسپلینه نیشتمانییه‌کانی پارتی ڕه‌چاو بکات، قه‌ینا با هه‌ر دژایه‌تی پارتیش بکه‌ن، به‌ڵام هی کوردستان نه‌که‌ن، به‌ڵام یه‌کێتی ئه‌مه نییه و ناشتوانێت ئه‌مه بێت، چونکه ئه‌و گۆڕانکارییه هه‌م توانای هزری و سیاسیی گه‌وره‌ی ده‌وێت، هه‌میش میراسێکی مه‌عنه‌وی و پێگەی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستی به‌رپرسان و سکرتێر... بۆیه نابێت یه‌کێتی خۆی به‌وه فریو بدات که ڕووخانی قه‌ڵایەك، گوتاره‌که‌یانی له به‌غداوه گواستووه‌ته‌وه بۆ کوردستان!
نه‌خێر، گۆڕانی ڕیشه‌یی ده‌بێت له‌و گوتار و چاویلکه تاریکه‌دا بێته ئاراوه که یه‌کێتیی بەو شکسته گه‌یاندووه، بۆیه په‌یامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به کۆی ده‌نگی به‌رز، سه‌رکه‌وتنی پارتی وه‌ک خاوه‌نی دۆزی کورد و لێدان له یه‌کێتی وه‌ک دژی ئه‌م دۆزە، به مانا ئۆرجیناڵ و ڕه‌سه‌نه‌که‌ی، کوردایه‌تیی بوو.