کاتێک باسی کاریزما یان تایبه‌تمه‌ندیی که‌سایه‌تیی کاریزما و (کاریزماتیک) ده‌که‌ین، ئاماژه‌مان به شتێکه لە سه‌رووی یاسا و ڕێسا سرووشتییه‌کان، له هه‌مانکاتدا که له‌ناو کایه‌ی سروشت و یاساکانیدا مانا وه‌رده‌گرێت، واته که‌س و که‌سایه‌تییه‌ک که له جیهانێکی سروشتی و ئاسایی ده‌رکه‌وته و توانستێکی ناسروشتی و نائاسایی هه‌یه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی بوونی جۆره شه‌به‌نگ و خه‌رمانه‌یه‌کی پیرۆز له ده‌وری که‌سایه‌تی یان کرده و هه‌ڵوێست و بیرکردنه‌وه و به‌گشتی کۆی بوونی ئه‌و.
کاریزمابوون وه‌ک وشه به واته‌ی ڕاکێشه‌رییه‌کی نائاسایی و هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی دانسقه و بێوێنه‌یه که جێی په‌سند و ستایشی کۆمه‌ڵێکی زۆر له خه‌ڵک و که‌سایه‌تییه‌کانه. واته توانستێکی تاکانه و تاقانه که که‌ریگه‌ری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ و گشت داده‌نێت.
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وکاتدا، وشه و چه‌مکی کاریزما بوو به ده‌ربڕین و ڕێکه‌وه‌ندێکی زاڵ له باسکردن و ناساندنی سیما و که‌سایه‌تییه سیاسییه دیاره‌کاندا، به‌تایبه‌ت له جیهانی ڕۆژئاوا.
کاریزمابوون یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سایه‌تیی مرۆڤ و له‌و ڕێگایانه‌یه که تاک کاریگه‌ری له‌سه‌ر گرووپ و کۆمه‌ڵ داده‌نێت و هه‌روه‌ها هۆی به‌ده‌ستهێنان و گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیشه. که‌سایه‌تیی کاریزما ڕاکێشه‌ر و ئه‌وینێکی زۆری له دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ئاست و ئاڕاسته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یشدا هیچ پله و پۆستێکی فه‌رمی نه‌بێت، هه‌ر کاریگه‌ره و سه‌رچاوه‌ی گۆڕان و کارتێکردنه.
له کۆمه‌ڵگە نه‌ریتی و کۆنباوه‌کاندا باوه‌ڕ وابوو کاریزمابوون تایبه‌تمه‌ندییه‌که له‌لایه‌ن هێزێکی مه‌زن و باڵاوه ده‌درا و به گشتی پێدراو و دیارییه‌کی ئاسمانیی بوو، هه‌روه‌ک چۆن ماکس ڤیبه‌ر کۆمه‌ڵناس و بیرمه‌ندی ئاڵمانی، نموونه‌ی دیاری ئه‌م جۆره که‌سایه‌تییه‌ی به حه‌زره‌تی مه‌سیح ناو ده‌برد. به‌ڵام پاش ده‌سپێکردنی جیهانی مۆدێرن و ده‌رکه‌وتنی مرۆڤ له پانتایی مێژوو وه‌ک ئیراده‌گه‌رێتی تاک، ئه‌م پێدراو و توانسته زیاتر هه‌وڵێکی مێژوویی بێوێنه بوو، ئه‌گه‌رچی به‌ده‌ر نه‌بوو له ڕه‌هه‌ندی بان‌سروشتی و ئاسمانیش.
له مێژووی خه‌بات و دره‌وشانه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی شۆڕش و سیاسه‌تی کوردی‌دا، ناتوانین باسی کاریزما بکه‌ین ئەگه‌ر مێژووی خه‌باتی بارزان و بارزانییه‌کان نه‌خوێنینه‌وه و شه‌نوکه‌وی نه‌که‌ین، مێژوویه‌ک که پێڕه‌وکاری ڕێبازێک بوو وا له خانه‌قاکانی بارزانه‌وه و له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ عه‌بدولسه‌لام و شێخ ئه‌حمه‌د و مه‌لا مسته‌فاوە هاتووه و وه‌ک خه‌رمانه و مه‌لێکی پیرۆزی ئاسمانی، له‌سه‌ر شانی سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانی نیشتووه‌ته‌وه.
وێستگه‌کانی کاریزمای هه‌ڵۆکانی بارزان و ناوچه‌ی بارزان، لێره باس ناکرێن و کات و ساتێکی دیکه‌ی ده‌وێت. به‌ڵام لێره‌دا به بۆنه‌ی کۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر هه‌ندێ له‌و خاڵانه‌ی سه‌رۆک بارزانی له ده‌قی وته‌کانیدا باسی کردن و لایه‌نی کاریزمایی ئه‌م که‌سایه‌تییه له سۆنگه‌ی ئه‌و وته و هه‌ڵوێستانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌که‌مه‌وه.
پارتی دیموکراتی کوردستان له 14 کۆنگره‌ی خۆیدا و له مێژوویه‌کی نزیک له یه‌ک سه‌تەدا، گوتارێکی مه‌زن و پیرۆزی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه و تا ئێسته‌یش زیندوو و نه‌مره، ڕۆحی ئه‌م گوتاره کوردایه‌تی و ڕزگاری کوردستانه و له‌ژێر ناوی ڕێبازی بارزانی ده‌یناسین.
هه‌ر له یه‌که‌م کۆنگره‌وه که له ساڵی 1946 له ماڵی سه‌عید فه‌هیم له به‌غدا به‌سترا، تا دواکۆنگره که له ڕۆژی 3/11/2022 له دهۆک به دروشمی "ئازادی، دیموکراسی، دادپه‌روه‌ری" به‌ڕێوه چوو، له ڕێبازی پیرۆزی کوردایه‌تی و خه‌ونی ڕزگاری کورد و کوردستان لای نه‌داوه. سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانی هه‌ڵگری وه‌ها په‌یامێکی قودسی و خه‌رمانه و شه‌به‌نگێکی پیرۆزه و وه‌ک له وته‌کانیدا له کۆتایی ڕۆژی کۆنگره‌دا ده‌ریخست، ئه‌و به‌ر له هه‌ر شتێک باوه‌ڕ و ڕێبازی بۆ گرینگه نه‌ک جه‌مه‌دانی یان پله و پۆست. به واتایه‌کی دیکه لای ئه‌و ڕێبازی بارزان و باوه‌ڕی کوردانه و گوتاری کوردایه‌تی پێوه‌رن، نه‌ک ئه‌وه‌ی کێ بیت و چۆن بپۆشێ.
ئه‌و له کۆنگره‌ی حزبه‌که‌یدا پێداگریی له‌سه‌ر نیشتمان و گه‌ل کرد و ئه‌گه‌ر پێداگرییه‌کی له حزب بکرایە، به هه‌مان ئاڕاسته‌ی پیرۆز بۆ یه‌کێتی و هیمه‌تی پارتی بۆ سه‌رخستنی دۆزی کورد و به‌دیهێنانی ئامانج و خه‌ونی گه‌ل و ڕزگارکردنی نیشتمانه. سه‌رۆک له به‌شێک له وته‌کانیدا ده‌ڵێت:
"هه‌ڤاڵان ئێستە کاتی هیممه‌ته، کاتی ئه‌وه‌یه ده‌ست بخه‌نه ناو ده‌ستی یه‌ک و هه‌مووتان به بیروباوه‌ڕێکی پۆڵایین خزمه‌ت بکه‌ن، خزمه‌تی پارته‌که‌تان و گه‌ل و نیشتمانه‌که‌تان بكەن. هه‌موومان سه‌رکه‌وتین، هه‌مووتان سه‌رکه‌وتن، کاندیدان هه‌موو سه‌رکه‌وتن. مادام حزبه‌که‌تان سه‌رکه‌وت، کۆنگره سه‌رکه‌وت، ئەوە سه‌رکه‌وتنی هه‌موومانه. هه‌مووتان خوشک و برای یه‌کترن، هه‌مووتان کچ و کوڕی ئێمه‌ن، که‌س له‌م حزبه زیاد نییه، هیچ نه‌فه‌رێک له‌هه‌ر پله و پۆستێک بێت، هه‌ر که‌سه و ده‌توانێت خزمه‌تی حزبه‌که‌ی و نیشتمانه‌که‌ی بکات، لێره نا له‌وێ، له‌م شوێنه نا له شوێنێکی تر، بۆیه تکاتان لێ ده‌که‌م که‌س دڵگیر نه‌بێت، حزب حزبی خۆتانه و ئێوه کوڕی ئه‌م حزبه‌ن، ئه‌مڕۆ برایه‌کی تۆ له‌م شوێنه، خوشکێکی تۆ له‌م شوێنه، سبه‌ی تۆ دێیته ئه‌م شوێنه، بۆیه ده‌بێ به گیانێکی برایانه و پاک و بێگه‌رد هه‌موو بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆتان و به دڵێکی خۆش و فراوان ئینشەڵا."
ئه‌م دێڕانه ده‌ریده‌خه‌ن چ گیانێکی دڵسۆز و میهره‌بان و باوکانه دێته گۆ و چه‌نده نیشتمان و گه‌ل گرینگن بۆی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش گیانی یه‌کڕیزی و هه‌وڵ و هیمه‌ت و سینگفراوانیی شاڕێگه‌ی مسۆگه‌رکردنی ئامانجه‌کانه. کاریزمای سه‌رۆک له‌م ڕستانه‌دا لێره ده‌رده‌که‌وێ که به ڕوانینێکی به‌راوردکارانه‌وه ئه‌م قسانه به‌راورد بکه‌ین له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تری کوردستان و گوتاریان (بۆ نموونه یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان).
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ باسکردن له‌م به‌راورده نالۆجیکی و پێکه‌نیناوی ده‌نوێنێت، پارتییه‌کی یه‌کانگیر به سه‌رۆکێکی حه‌کیم و خاوه‌ن مێژوو و شکۆوە، دوای 14 کۆنگره بڕیاری سه‌رکه‌وتن و خزمه‌تی زیاتری به گه‌ل و نیشتمان داوه، چۆن به‌راورد ده‌کرێت له‌گه‌ڵ حزبێک که هێشتا سه‌رۆک یان سکرتێرێکی دیاری نییه و هه‌ر ڕۆژه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و دابڕانێکی لێ ڕاست ده‌بێته‌وه؟
چی وا ده‌کات که سه‌رۆکێک دوای چه‌ندان ساڵ له خه‌بات هێشتا ماندوو نه‌بووبێت و هه‌ر به گیانێکی له‌خۆبردووانه و به حه‌ماسه‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌کی چه‌ک له‌شان به‌رگری له ڕێبازی پیرۆزی بارزان و خه‌باته مه‌زنه‌که‌ی ڕزگاری کوردستان بکات؟ چ وا ده‌کات که ئه‌و بڵێ: "ئینجا من یه‌ک ڕجاتان لێ ده‌که‌م، برایانه ئه‌و ڕجایه‌تان لێ ده‌که‌م، حوکم له‌سه‌ر ڕێبازی بارزان. له خیلالی ئێمه‌وە له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه گه‌وره و پیرۆزه نه‌ده‌ن. نازانم لێم تێگه‌یشتن له مه‌به‌ستم؟".
ئه‌م وتانه نیشانه‌ی ئیمانی راسته‌قینه‌ی سه‌رۆک به له‌خۆبردوویی و خاکه‌ڕاییه لەپێناو باوه‌ڕێکی گه‌وره و مه‌زن، له پێناو مه‌عنه‌ویات و مانا پیرۆزه‌کانی ڕێچکه‌یه‌ک به بیروباوه‌ڕێک له پۆڵا و ئاسن و ته‌نیا هه‌ندێ قسه‌ی سه‌ر شاشه و پشتی مایک نییه، خۆی ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆک ئه‌و ده‌لاله‌ته داده‌هێنن بۆ ئێمه که پارتی سه‌تان ساڵی تریش ده‌مێنێت و به‌رده‌وام ده‌بێت و گوتاری کوردایه‌تی و خه‌ونی ڕزگاری کورد و کوردستان په‌یگیریی ده‌کات و به‌دوایدا ده‌چێت و خه‌ونه مه‌زنه‌که‌مان به‌دی دێنێ.
خاڵێکی تری جێی سه‌رنج له وتاری سەرۆكدا لە کۆتایی کۆنگرە، ڕه‌هه‌ندی کاریزمایی که‌سایه‌تیی ئه‌و ده‌رده‌خات، ده‌ستخۆشی و سوپاس و پێزانینی بوو بۆ هه‌موو ڕێکخه‌رانی کۆنگره چ ئه‌وانه‌ی که نانیان دروست کردووه و چ ئه‌وانه‌ی دادوه‌ر و چاو‌دێر بوون و... ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌که‌ی له یه‌ک ئاستدا قه‌تیس نه‌کردووه و به چاوێکی هاوسەنگی مرۆیی له هه‌موو پێڕه‌وانی ڕێبازه‌كە ده‌ڕوانێت.
یه‌کێکی دیکه له هه‌ڵوێست و خاڵه دره‌وشاوه‌کانی ئه‌م وتاره‌ی سه‌رۆک ئه‌وه بوو، مافی ئێزیدییه‌کانی پشتگوێ نه‌خست و به هه‌ڵوێستێکی به‌رپرسانه و کاریزماییه‌وه باسی خه‌له‌لێکی کرد که ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌ر له‌ناو هۆڵی کۆنگره متمانەی تەواوی بۆ ئەوەیش وەرگرت و نەهات دوای كۆنگرە خۆی كەسێك بەتەنیا دەستنیشان بكات، لە كاتێكدا دەیتوانێ.
"هه‌ڤاڵان من ده‌بینم خه‌له‌لێکی گه‌وره هه‌یه، داواتان لێ ده‌که‌م ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌م بده‌نێ من ئه‌و خه‌له‌له چاره‌سه‌ر بکه‌م، من ئه‌بینم هیچ برایه‌ک یان خوشکێکی ئێزیدی له‌ناو لیسته‌که‌دا نییه، ئه‌مه خه‌له‌لێکی گه‌وره‌یه ده‌بێ پڕ بکرێته‌وە، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆر له‌گه‌ڵ پێڕه‌ویش نه‌گونجێ، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌م بده‌نێ ئێمه ئه‌و خه‌له‌له ڕاست بکه‌ینه‌وه، چونکه سه‌ربه‌رزی و سه‌رکه‌وتنه بۆ پارتی و گه‌لی کوردستان".
ئه‌م هه‌ڵوێسته له خیلالی پێشکه‌شکردنی وتاردا و "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆریش له‌گه‌ڵ پێڕه‌ودا نه‌گونجێ" کاتێک په‌سند ده‌کرێت نیشانه‌یه‌کی زه‌قی که‌سایه‌تی کاریزمایی و بانحزبی و نیشتمانیی سه‌رۆکه که به‌و شێوه‌یه موسداقییه‌ت و عه‌ینییه‌ت ده‌به‌خشێت به گوتاری کوردایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان له کوردستاندا، ئه‌مانه هه‌مووی وه‌ڵامده‌ری کورت و پوختن بۆ پرسیاری ئه‌و بۆ کاریزمایه؟