مرۆڤ له ڕۆژی خوڵقانیه‌وه واته هه‌ر له سه‌رده‌می ژیانی سه‌ره‌تاییه‌وه تا قۆناغی پێشكه‌وتووی ئێسته و زاڵبوونی میدیا و تۆڕی دیجیتاڵی و پێشكه‌وتنی زیره‌كیی ده‌ستكرد، له‌گه‌ڵ كاره‌سات و ڕووداوه تراجیك و نه‌خوازراوه‌كان ده‌سته‌وه‌یه‌خه بووه، جه‌وهه‌ری سروشت پێشبینینه‌كراو و ڕازاوییه، ئه‌مه چ له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانی مرۆڤ و چ له سه‌رده‌می پاش مۆدێرنیته، هه‌ر ڕاسته و سروشت له ڕازاویبوونی خۆی نه‌كه‌وتووه، ڕه‌نگه مرۆڤ قۆناغ به قۆناغ و سه‌ده له دوای سه‌ده به‌پێی پێشكه‌وتنه‌كانی زانست و مه‌عریفه‌ی مرۆیی، زیاتر سروشتی ناسیبێت و تا ئاستێكیش زاڵ بووبێت به سه‌ریدا، به‌ڵام جه‌وهه‌ری سروشت بنه‌مایه‌كی جێگیر و ڕه‌های نییه، ئه‌گه‌رچی پاش سه‌رده‌می مۆدێرن و شۆڕشه زانستییه‌كان، به تایبه‌تی له بواری زانسته سروشتییه‌كان، مرۆڤ زیاتر به‌سه‌ر سروشتدا زاڵ بوو و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌م زاڵبوونه، تا ئاستێكی مه‌ترسیدار ڕۆیشتووه و بووه به‌هۆی تێكدانی یاسای باوی سروشت.
ڕه‌نگه له سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه كه لافاو هه‌ڵده‌نیشت و شارێكی گه‌وره‌ی خاپوور ده‌كرد، تا ئێسته كه بوومه‌له‌رزه دێت، جیا له‌و ئاره‌زووی چڵێسانه‌ی مرۆڤ بۆ داگیركاری و ده‌ستێوه‌ردانی زێده‌ڕۆیانه له سروشتدا، شتێك كه گۆڕاوه خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌یه بۆ ڕووداوه سروشتییه نه‌خوازراوه‌كان. بۆ نموونه به‌ر له‌وه‌ی كۆرۆنا له چین سه‌رهه‌ڵبدات و جیهانگیر بێته‌وه، بیڵ گه‌یتس؛ كه‌سایه‌تیی سه‌رمایه‌دار و ناودار كه ده‌ستێكی له بواری یارمه‌تیگه‌یاندن بۆ كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كانیش هه‌یه، به ماوه‌ی چه‌ند ساڵ پێش كۆرۆناكه هۆشداریی ئه‌وه‌ی دا كه مه‌ترسیی داهاتوو ته‌نیا چه‌كی ئه‌تۆمی و شه‌ڕ نییه، به‌ڵكو ڤایرۆسێكی گشتگیره كه دنیا تێكده‌دات و هه‌ر به ماوه‌ی چه‌ند ساڵ پێش كۆڤیدی 19، چه‌ندان فیلم و دراما دروست كران كه ئاماژه‌یان به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێك ده‌كرد كه چین ده‌ستی تێدا هه‌یه.
یه‌كێك له‌وانه درامای "دوایه‌مین كه‌شتییه"، جیا له لایه‌نه سیاسی و ئایدۆلۆجییه‌كانی نێوان دوو جه‌مسه‌ری ئه‌مه‌ریكا و چین كه له فیلم و ڕاگه‌یاندنه‌كانی هه‌ر كامه‌یاندا یه‌كتر به شه‌یتان ده‌شوبهێنن و خۆیان به فریشته و ڕزگاركه‌ر، ئه‌مه پێشانده‌ری گه‌شه‌سه‌ندنی مه‌عریفه‌ی مرۆڤه بۆ پێشبینیكردنی ڕووداوه‌كان، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م پێشبینییانه ڕه‌هه‌ندی غه‌یبانی و جادووییان نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه زانست و مه‌عریفه‌یه و وه‌ك ئه‌گه‌ره پۆراو و زۆر نزیكه‌كان باسی ده‌كات و ده‌یخاته ڕوو. له حاڵێكدا له دنیای كۆندا و به‌ر له گه‌شه‌كردنی زانست و مه‌عریفه، هه‌وره‌تریشقه و لافاو و بوومه‌له‌رزه وه‌ك دیارده‌گه‌لێك كه نیشانه‌ی تووڕه‌یی خوداكان یان خودا له هه‌مبه‌ر كرده‌وه‌كانی مرۆڤدا ده‌خوێنرایه‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدار، خودایه‌كی مێینه یان نێرینه دیاری ده‌كرا و له چركه‌ساتی دابارینی ئه‌و غه‌زه‌ب و تووڕه‌ییه‌ی خودادا، كۆمه‌ڵێك نزا و وێرد و ڕێچواڵ و ته‌نانه‌ت قوربانیی پێشكه‌ش ده‌كرا، به‌ڵام له قۆناغی ئێسته‌دا وا ده‌خوێنرێته‌وه كه ئه‌م ڕووداوانه به‌شێكیان هه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی سروشتن و بوومه‌له‌رزه هه‌میشه هه‌بووه، گڕكانه‌كان و تۆفان و لافاو و هه‌وره‌تریشقه‌ی ماڵوێرانكه‌ر هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی پاش گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌سازیی و زانستی سروشتی، له ڕۆژئاوا هه‌م ئاره‌زووی مرۆڤ بۆ ناسین و ده‌ستێوه‌ردان له سروشتدا زیادی كرد و هه‌میش دۆشین و داچۆڕاندنی سروشت به‌هۆی كانزاكانی وه‌ك نه‌وت و غاز و.. جه‌نگه‌كان و كارگه پیشه‌ییه‌كان و زۆر دیارده‌ی ده‌سكردی مرۆڤ به‌رده‌وام بووه و یاساكانی سروشتی تێكداوه و بێ ئاوی و وشكبوونی كانی و چۆمه‌كان و گه‌رمبوونی زه‌وی و ده‌یان دیارده‌ی دیكه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه. به‌ڵام له دواجاردا مرۆڤ خۆیشی به‌شێكه له سروشت، تێكچوونی سروشتی دنیا، تێكچوونی سروشتی مرۆڤیشه و پێكه‌وه له پێوه‌ندییه‌كی ئاڵۆز و سیحراویدان.
پێوه‌ندی مرۆڤ و سروشت وه‌ك پێوه‌ندی ساوا به دایكه‌وه باس كراوه، ئێسته ئه‌م ساوایه گه‌وره بووه، به‌ڵام ساوایه‌كی چه‌توون و سه‌ركێشه و دایكی تووڕه كردووه، به‌ڵام به‌و مانایه نییه دایكی لێی ده‌گه‌ڕێت و نێوانیان بۆ هه‌میشه تێكده‌چێت، نا، سروشت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هێشتا ڕازاوی و سڕۆكه، به‌ڵام یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به‌وه ئیش ده‌كات، كاتێك زایه‌ڵه و ئاوازی یاساكانی ببیستین، هاوسه‌نگی و هاوئامێزی نێوان ئه‌م دایك و ساوایه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ژاپۆن دوورگه‌یه‌كه له ناوه‌ڕاستی ئاودا و به‌رده‌وام بوومه‌له‌رزه‌ی به‌ر ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و هه‌موو بوومه‌له‌رزه و سۆنامییه‌ی كه به‌ر ژاپۆن كه‌وتووه، به ئاستی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی سه‌رپێڵی زه‌هاو له ڕۆژهه‌ڵات و باكور و ڕۆژئاوای كوردستان، زیانی مادی و گیانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه؟ وه‌ڵامه‌كه ڕوونه و هۆكاره‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ژاپۆن ژینگه‌ی نیشتمان و سه‌رزه‌وینی دایكیی خۆی ناسیوه و به زمانی خۆی له‌سه‌ری ده‌ژی و ژیاوه، بێگومان دۆخی بوومه‌له‌رزه‌كانی پارچه جیاجیاكانی كوردستان و به‌دواداهاته مادی و گیانییه‌كانی، باڵێكی پێوه‌ست ده‌بێت به هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئه‌و پێشنه‌كه‌وتنه و گه‌شه‌نه‌سه‌ندووییه‌ی وا به‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌دا سه‌پاوه.
سیستمی بیناسازی و گه‌شه‌ی ئابووری بۆ په‌ره‌پێدانی باڵه‌خانه و خانووبه‌ره له ئاستێكی گونجاو و عادیلانه‌دا نه‌بووه، بۆیه ئه‌وه‌ی زیاتر به‌رپرسه له‌م بارودۆخه نه‌ك زیناكردن و نوێژنه‌كردن و ئه‌و قسه خورافی و سه‌یر و ماوه‌به‌سه‌رچووانه‌ی هه‌ندێك مه‌لا و بانگخوازی نه‌خوێنده‌وار، به‌ڵكو ئه‌و سیستمه ئابووری، سیاسی و خزمه‌تگوزارییه‌یه كه له‌م وڵاتانه‌دا هه‌یه، ئه‌و زانسته نیوه‌چڵ و خوارفییه‌یه كه ئێمه له زاری به‌رپرسانی ئایدۆلۆجیكی كۆماریشه‌وه ده‌یبیستین كه دیسان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، بۆ نموونه له‌م ڕۆژانه‌دا به‌و شارانه‌ی كه غازیان بڕابوو، ده‌یانگوت با سه‌برتان هه‌بێت یان په‌نا ببه‌ستنه خودا! له هه‌مبه‌ردا ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی زانستیی به‌هێزی مرۆڤانه هه‌بێت، نه‌ك پێش به‌م كاره‌ساته جه‌رگبڕ و كۆسته گه‌ورانه ده‌گیرێت، به‌ڵكو خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی و ژینگه و به‌ها به‌رزه‌كانیشی ده‌كرێت، وانییه ئێمه له كۆسته‌كاندا ده‌ستوبرد په‌نا ببه‌ین به‌وه‌ی كه مرۆڤ خۆی خه‌تاباره و هێشتا لاشه‌كانی له ژێر داروپه‌ردوو و پاشماوه‌ی ته‌لاره‌كاندا نه‌هاتووه‌ته ده‌ره‌وه، كه‌چی ئێمه تۆمه‌تباری بكه‌ین به گوناه و زینا و ئه‌و قسه بێ بنه‌مایانه.
باشه ئه‌گه‌ر گریمان بكه‌ین كابرایه‌ك بابی زینای كردووه، سووچی و گوناهی منداڵێكی ساوای شه‌ش مانگه یان شه‌ش ساڵه چییه كه ده‌بێت به ژێر پاشماوه‌ی باڵه‌خانه‌كانه‌وه و ورد و خاش ده‌بێت؟، ئه‌گه‌ر به‌م لۆجیكه ئه‌خلاقه كۆنباوه بێت، خودا تۆڵه‌ی باوك له كوڕ یان منداڵیك ده‌كاته‌وه، ده‌شێت ئه‌م پرسیاره بكه‌ین كه ئه‌مه له‌گه‌ڵ داد و عه‌داله‌تی ئیلاهیدا گونجاوه؟ ئه‌م وه‌ڵام و پرسیاره‌ی من ته‌نیا گریمانه‌یه و باشترین ڕێ ئه‌وه‌یه كولتووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له بنه‌وه‌ڕا ژێرخانه ئابووری و شارسازی و فیكرییه‌كانی خۆیان به‌هێز بكه‌ن، تا له كاتی ئه‌م كاره‌ساتانه‌دا به‌ر له‌وه‌ی خه‌مۆكی و په‌ژاره له لایه‌ك بیانگرێنێت و بڕیاری سه‌یری ئه‌خلاقیش، له لایه‌كی تره‌وه لا ملیان فوو تێبكات و به نه‌وای تۆڵه‌ی ئیلاهییه‌وه له‌گه‌ڵمان بدوێن، به‌ردێكمان خستبێته سه‌ر به‌ردێك بۆ پێشگرییه‌كی هه‌رچه‌ند كه‌م و ساده له‌م كاره‌ساته خه‌مناكانه.