وه‌ک پێشتریش لێره‌وله‌وێ باسم کردووه، ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت دوانه‌یه‌کی لێک دانه‌بڕاون و مێژووی ئێمه‌ی کورد له قۆناغی جۆراوجۆردا ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی سیاسییه‌کانمان که‌متر ئاوڕیان له ئه‌ده‌ب و به ئه‌ده‌بکردنی سیاسه‌ت داوه‌ته‌وه، ناتوانین حاشا له‌وه بکه‌ین ڕۆمانی "ژانی گه‌ل"ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د جێی سه‌رنجه به هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانەوە که له سه‌رێتی و ده‌توانم ئاماژه به وتارێکی مامۆستا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه بده‌م که زۆر دیمه‌ن و به‌شی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و له ڕووی مێژووی نووسین و شێوازی گێڕانه‌وه‌وە کۆمه‌ڵێک که‌لێنی ورد و سامناکی تێدا ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشەوە هه‌ر یه‌کێکه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی سیاسیی نووسیویه‌تی و کورد بووه.
نه‌وشیروان مسته‌فا هۆگرییه‌کی زۆری بۆ ئه‌ده‌ب هه‌بوو و کۆی سه‌رنجه ڕه‌خنه‌ییەکانی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و زمانی کورد له كتێبی "به‌دم ڕێگاوه گوڵ‌چنین" نووسیوه و له به‌رهه‌مه‌کانی تریشدا هه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر شیعر یان هه‌ڵبه‌ستێکی کلاسیکی. دیاره نموونه زۆرن بۆ ئه‌م بابه‌ته و نابێت ئێمه له‌ناو بازنه‌ی حزبیبووندا چاوی لێ بکه‌ین، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وی ئه‌مانه به هه‌موو که‌موکوتیانه‌وه به‌شێکن له مێژووی سیاسه‌ت و زمان و ئه‌ده‌بی ئێمه، که‌سیش ناتوانێت نکۆڵی له ڕۆڵی ڕۆمان و شیعر به تایبه‌تی و ئه‌ده‌ب به گشتی له پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت کیانی سیاسی‌دا بکات که زۆر جار بۆ ئێمه‌ی کورد ئه‌م دوانه لێک دانه‌بڕاون.
خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که‌سایه‌تییه ئه‌ده‌بی-سیاسییه‌کانی کورد که‌متر ئاوڕیان له شارێکی وه‌ک که‌رکووک داوه‌ته‌وه، ڕه‌نگه لێره‌وله‌وێ هه‌ندێ ئاماژه و باسیان کردبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كە که‌رکووک له‌ناو گوتارێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا باس بکه‌یت و ئه‌و پێناسه‌یه‌ی ده‌یان ساڵە لەبارەی ئه‌و شاره‌وه له گوتارێکی سیاسی‌دا ئیشی پێ کراوه بخه‌یته به‌ر ڕه‌خنه، له ئارادا نه‌بووه. واته ئه‌وه له ئارادا نه‌بووه که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی له ڕێگه‌ی شیعر یان هه‌ڵبه‌ست یا چیرۆک و ڕۆمانێکه‌وه ئه‌مه بکات.
ساڵانێک پێش ئێستە بیرم له‌وه کرده‌وه باسکردنی که‌رکووک وه‌ک قودسی کوردستان نه‌ک ته‌نیا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی گوتاری و میدیایی بوو، به‌ڵکوو هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ی هزریی سیاسیش بووه. باسکردنی که‌رکووک وه‌ک قودسی کوردستان، واته جیهانی عه‌ره‌ب و به دیاریکراوی عێراق ئه‌و جووله‌که ئیسرائیلیانه‌ن که ئێمه‌یان ئه‌نفال کردووه! سه‌ره‌ڕای نه‌گونجاویی ئه‌م تێڕوانینه، ئه‌مه هه‌ر بێڕێزیش بووه به شێوه‌ژیانی پێکه‌وه‌یی شاری قودس له درێژایی چه‌ندان سه‌ده‌دا، پێکه‌وه‌ژیانێکی ئاشتیانه (به ڕاده‌یه‌کی ڕێژه‌یی!) به هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی خۆیه‌وه، به‌ڵام دواجار هه‌بووه و له قۆناغی مۆدێڕن و له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست و پاش دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، دۆخێکی ئاڵۆزی به‌سه‌ردا هات.
دوژازیی ئه‌و تێڕوانینه‌ی که‌رکووکی به قودس ناو بردووه. له‌وه‌دایه که هاوکات دانه‌ری ئه‌م تێڕوانینه خۆی باس له پێکه‌وه‌ژیانی پێکهات و نه‌ته‌وه‌کانی که‌رکووک ده‌کات و ته‌نانه‌ت پێداگریی ورد له‌وه ده‌کات برا کورده‌کان ئاگایان له برا تورکمانه‌کان بێت! ئه‌مه ته‌نیا لایه‌نێکێتی، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی ئه‌م گورارشتکردنه له که‌رکووک به زاراوه‌ی دیکه (قودس وه‌ک زاراوه‌یه‌کی سیاسی-جیۆپۆڵە‌تیکی) ته‌نیا له‌مه‌دا کۆتایی پێ نایه‌ت، به‌ڵکوو له‌وه‌یش که دنیای عه‌ره‌ب له خۆمان قیت ده‌که‌ینه‌وه و قیتمان کردووه‌ته‌وه، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
ڕاسته دنیای عه‌ره‌ب به‌پێی شیاوی خۆی ڕێزی له بوون و کیانی سیاسی و کولتووری کورد نه‌گرتووه و چاوه‌ڕوانییه‌کان لێیان به‌هۆی ئه‌و كولتووره به‌ده‌وه‌ییه سیاسییه‌ی به ده‌مامکی مۆدێڕنه‌وه هاتووه‌ته مه‌یدان، زۆر نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌رێکی دوور له ئاوه‌ز نییه بڵێین په‌رچه‌کرداری دنیای عه‌ره‌ب به‌رانبەر دۆخی کورد له هه‌مبه‌ر گوتارێکدا ئه‌وان به جوو ده‌شوبهێنێت، نه‌رێنی بووه و هۆکاره‌که‌یشی ئه‌و شێوه تێڕوانینه بوو که له سه‌ره‌وه باسم کرد.
له شیعرێکی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی كوردستاندا که به‌پێی ڕاگه‌یاندنه‌کان له مێژه وه‌ک ده‌رده‌دڵێک بۆ که‌رکووک نووسیویه‌تی، به‌ڵام ئه‌م مانگە بڵاوی کردە‌وه، بابه‌ته‌که پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه، واته شاعیری سیاسه‌توان به‌ر له‌وه‌ی په‌نا بۆ زاراوه‌یه‌کی ڕه‌مزی-جیۆپۆڵه‌تیکی وه‌ک قودس که له ده‌ره‌وه‌ی گوتار و شوناسی سیاسیی ئه‌ودایه ببات، له هه‌ناوی زمان و هه‌ستی خۆیه‌وه، ئه‌و وێنایه له که‌رکووک ده‌نه‌خشێنێت که ده‌بێت هه‌بێت.
لێره‌دا که‌رکووک قودسی کوردستان نییه، چونکه قودس له که‌رکووک پیرۆزتر نییه، که‌رکووک مێژووی خوێناویتر و سته‌مکارانه‌تر و هاوکات مه‌زڵومانه‌تریشه له قودس، بۆیه شاعیر به زاراوه‌ی "که‌رکووک دڵی کوردستانه" که فه‌لسەفه و تێڕوانینی بارزانیی نه‌مره، ئه‌و گوتاره ساخته و ناکوردییه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. هه‌رچی له‌سه‌ر بڵێین وه‌ك هێنانه‌وه‌ی شیعره‌که خۆی نابێت، ئەمە دەقەكەیەتی:
پێم ده‌ڵێن قودسی کوردانه/که‌ی ئه‌مه ڕه‌وا و ویژدانه
بۆ قودس له من پیرۆزتر بێت/ناوی له من ئازیزتر بێت
مێژووم پڕه له سه‌روه‌ری/خه‌بات له دژ داگیرکه‌ری
شاری ئه‌نفال و قوربانیم/ داگیرکراو و زیندانیم
خاوه‌نه‌کانم ده‌رکران/هاورده له شوێنیان دانران
بۆ مێژووی من له بیر ده‌که‌ن/ ناونیشانم لێڵ ده‌که‌ن
بۆ وا ناوم که‌م ده‌بینن/ به شوێنی تر ده‌مشوبهێنن
شاری پێکه‌وه ژیانم/ پێشمه‌رگه‌یه پاسه‌وانم
فه‌رمووده‌ی بارزانی جوانه/ که‌رکووک دڵی کوردستانه