کاتێک چاو لە گوتاری ڕۆشنبیری
و مێژوویی کورد دەکەی، ئێزیدییەکان وەک کۆڵەکەی ناسنامە و بوونی کورد پێناسە
دەکرێن. ناسنامەیەکی پڕ برین كە چووەتە ناو قاوغی خۆی. کاتێک ئەم ڕوانگەیە لەلایەن
ڕۆشنبیر و مێژوونووسی کوردەوە دەخرێتە ڕوو، لە ڕاستیدا لەسەر گریمانەیەک بنیات
نراوە کەمتر باسی لێوە کراوە. ئەو گریمانەیە ئەوەیە کە کولتوور و بوونی ڕەسەن و
کلانەکراوی کوردی، ئەو بوونەیە کە ئێزدییەکان لە چوارچێوەی دەقی پیرۆزی خۆیاندا (دەوێک
بە زمانی کوردی) پاراستوویانە و بە شێوەیەکی شێلگیرانە و میتافیزیایی باوەڕی
قووڵیان پێی هەیە، ئەمەیش ئەو کولتوور و بوونە کوردییەیە کە پێش هاتنی ئیسلام،
کورد ڕەنگە بە شێوە و بیچم و تەرحی جیاجیا تێیدا ژیا بێت. بەهەرحاڵ، ئیسلام هات و
بەشی زۆری کورد بوونە موسڵمان و بەشێکی تریشی کە ئێزدییەکان لەو بەشەن، لە چوارچێوەی
کولتووری کەونینەی باوباپیرانمان مانەوە.
بێگومان ئەستەمە هیچ
ئێزیدییەک لە ناخەوە بتوانێت ئەمە ڕەت بکاتەوە، لە ڕووی زمان و جیناتەوە
ئێزیدییەکان کورد، ئەمە خووشی تێدا نییە. قسەکردن لەسەر ئەوەی ئێزیدییەکان کوردن
یان نا؟ یا کەسێک یاخۆ لایەنێکی ناسراو یان نەناسراوی ئێزیدییەکان بڵێن ئێمە کورد
نین، بەر لە هەر شتێک هەڵوێستێکی سیاسی یان ئایدۆلۆجی و ئاینییە، لەوە بترازێت کە
بە ڕای من گرینگتر لەو هۆکارە سیاسی-ئایدۆلۆجی و ئاینییە، ئەو مێژووە پڕ برینەی
ئێزیدییەکان و ئەو فرمانانەیە کە بەسەریاندا جێبەجێ کراوە.
تا ئێستەیش خوێندنەوە و
ڕاڤەیەکی نادروست و لار هەیە بۆ باوەڕی ئێزدی کە بە شەیتانپەرست و موشریکی دەزانن،
ئەم خوێندنەوە داخراوە نەک لە ئێستەدا، بەڵکوو لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و دەرکردنی
فرمانە یەک لە دوای یەکەکان بۆ پاکتاو و قەڵاچۆکردنیان، بە تایبەتی لە سەردەمی
ئیمراتۆریی عوسمانی و دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی (داعش)ەوە،
وایکردووە ئێزیدییەکان خۆیان لە دۆخی" ئاوارتە"دا ببیننەوە. دۆخی
ئاوارتە (state of
exception) لە ڕووی
تیورییەوە دەبەسترێتەوە بە تیۆری یاسای کارل شمیتەوە؛ کە بیرداڕێژێکی سیاسیی
ئەڵمانییە.
دۆخی ئاوارتە وەک دۆخی
دانسقەیە، بەڵام ئاماژە بە حاڵەتێک دەکات کە فەرمانڕەوا یان دەسەڵاتدار بە ناوی
خێری گشتییەوە یان لە بەرژەوەندی گشتیی خەڵکدا لە سەرەوەی یاساوە بڕیار دەدات.
ڕاستییەکەی هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتە سەر کار، هەر
هەموویان ئیسلامی بوون و لەم دەلاقەیەوە چاویان لە ئێزدییەکان بە تایبەتی و کورد
بە گشتی کردووە. چ ئێرانی شیعی و چ عێراق و سوریای سونە و چ هەموو وڵاتانی
سونەئاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت تورکیای بەناو كراوە و بە دڵ ئیخوان.
پێم وایە هۆی ئەوەی كە هیچکام
لەم دەوڵەتانە بە چاوێکی کراوە و ڕۆحی لێبووردەوە نەیانتوانیوە چاو لە کورد بکەن،
ئەوەیە کە ئایدۆلۆجیای سیاسییان هەڵگری گریمانەیەکە کە کەمتر باسی لێوە کراوە.
ئەویش ئەوەیە، کورد بە گشتیی لە ڕووی ئاینییەوە گومانی لەسەرە، واتە بەشێوەیەک لە شێوەکان
ئێزیدین. ئەوەی بە باشی لە گوتار و ئایدۆلۆجیا و ستراتیجی داگیرکەران و بەناو حکوومەتانی
مسوڵمانی ناوچەکە بەرانبەر کورد ورد نەبووبێتەوە، نەک ئەم گریمانەیەی پێ قووت نادرێت،
بەڵکوو هەر ناشیبینێت و بە بابەتێکی هەڵبەستراوی دەزانێت. بەڵام با ئاوڕێک لە گوتاری مەلا غەیری کوردە شیعە و سونەکانی ئێران،
تورکیا، و عێراق بە شێوەیەکی گشتی بدەینەوە.
لە ئێران هەر کاتێک باس بێتە
سەر مافخوازیی کورد، ئەوان دێنەوە سەر باوەڕی دێرینەی کورد کە ئێزیدییە و هێشتا
شەیتان دەپەرستن و دەوڵەت و حوکمڕانیی سیاسییان هەبێت، تا ئیسلام لەناو ببەن! یان
لە سوریا و لە دواگەڕی پەلاماری ڕۆژئاوادا کە هەرێمی کوردستان و خۆپێشاندانە بەردەوامەكانی
کورد لە هەموو جیهاندا فریامان کەوت، هەمدیس ئەو گوتارەی لە شام هانی قەتلوعامی
کوردی دەدا بە ناوی پیرۆزیی ئیسلام و ناپیرۆزی و نەفرەتلێکراوەیی کوردەوە دەخرایە
ڕوو. واتە لەم گوتارەدا باوەڕی چەپگەرای هێزەکانی ڕۆژئاو و بوونی ئێزیدییە
شەیتانپەرستەکانی تیۆریزە کردبوو و وەک گریمانەی نهێنی داینابوو. بێگومان هەمان
ئاش لە تورکیا و تەنانەت سعوودیە و قەتەریش دەگەڕێت.
کڵۆڵی یان بەختەوەری کورد
ئەوەیە ئاین و ئاینزای زۆری تێدایە و لەناو هەموویشیاندا تەنیا ئێزیدی دەقە
پیرۆزەکەی بە زمانێکی تایبەت و پڕ لە هێما و ڕەمزی کۆن و کوردانەیە. ئەمە خۆی
هۆکارێك بووە کە تەنانەت گوتاری ئیسلامیی میانڕۆ و کوردانەی کوردیش، لە ئاستێکی
قووڵ و پلە یەکدا لەلایەن هیچ گوتارێکی ئاینی ئیسلامیی ناوچەکەوە دانی پێدا
نەنرێت. ئەوەی منی موسڵمانی سوننەی سۆرانی، یان کابرای شیعەی خانەقینیی کەڵهوڕ و
یان... دەڵێت "هەموومان ئێزیدین" ڕاستییەکەی گوزارشتە لەو ڕاستییە
شاراوەیە کە سەرباری ئەوەی ئێمە وەک ئاین جیاواز بووین لەگەڵ ئێزیدییەکان، بەڵام
هەم خۆمانمان بە هاوڕۆح و هاونەتەوە زانیوە و هەمیش لە ڕووی مێژووییەوە پلەیەکی
دێرینترمان بۆ ئاینەکەی ئەوان داناوە، هەم لە ئاستی گوتاری سیاسی-ئایدۆلۆجیشدا
وڵاتانی مسوڵمان لە ڕوانگەی ئێزیدییەکەوە چاویان لە زۆرینەی کورد کردووە، بۆیە بۆ
ئێران کورد تەنیا شەیتانپەرست و داڵدەدەری ئیسرائیل و ئەمەریکایە و هیچ کات بۆی
گرینگ نییە دانیشتووانەکەی مسوڵمان بن جا چ شیعە بن یان سونی.
گریمانەی نهێنیی ستراتیجیی
ئەوان، ئەوەیە کورد هەموو ئێزیدییە. ئەمە بۆ وڵاتانی تریش هەر ڕاستە. بۆیە من
سەرباری ئەوەی خۆم بە ئێزیدی و کورد دەزانم، هاوکات دەشزانم ئێزیدییەکان ئەوەندە
فرمانی پاکتاوکردن و ئەتککردنیان بەسەردا سەپێنراوە، ناسنامەی خۆیان زۆر کورت
کردووەتەوە و لەناو جەغزێکی گۆشەگیرانەدا دایانخستووە، بێگومان ئەمە بەر لەوەی
پەیامی دەقە پیرۆزەکەیان بێت، دەرهاوێشتەی ئەو تۆران و برینەی دڵیان و ئەو
تەنیاییە تراجیدیەیە کە ئەزموونیان کردووە.
نابێت لەناو ئەم هاوکێشەدا
پلان و نەخشەی پۆخڵی ئیسلامی سیاسی و بانگخوازەکانیان نەدیو بگرین. ئەو مەلایەی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان کە لەم ڕۆژانەدا فەتوایەکی گەمژانەی دا و دواتریش دانی نا بە ڕادیکاڵبوون
و سەرەڕۆبوونی قسەکەیدا، لە هەمان گۆمی لیخن ئاو دەخواتەوە. بۆیە من ئێزیدیم نەک
وەک دروشم، بەڵکوو وەک کوردێکی بریندار کە ڕەگەزم دەگەڕێننەوە سەر جنۆکە و شەیتان
و تاریکی!
ئێمە دەبێت بە دڵێكی فرەوانترەوە
قسە و کردەی ئێزدییەکان وەربگرین، ئەوان بریندارن و برینی ئەوان هی ئێمەیشە، بەڵام
بە شێوەی ڕەمزی و ناراستەوخۆ، بۆیە ناکرێت هەندێ قسە وەک واقیع و باوەڕی پیرۆزی
ئێزیدی، وەك حاشاکردن لە کوردبوونیان لێک بدرێتەوە و تەنیا دەبێت وەک تۆران و برین
و دڵتەنگییەک بخوێنرێتەوە و مێژووی داهاتوو ئەمەمان بۆ دەسەلمێنێ.
من دەتوانم لە باوەڕێکی ئاینی
و هزریی خۆڕاپسکێنم، بەڵام هەرگیز ناتوانم لە باوەڕێکی کوردانە و مێژووکردی هەزاران
ساڵە خۆم داماڵم. نوختە سەری دێڕ.