کتێب دیاردەیەکی شارستانی و کەونینەیە. شارستانییەت و ژیارە کۆنەکان، ئیمپراتۆر و حوکمڕانە بەهێزەکان، هەمیشە پشتیان بە کتێب بەستووە. واتە لە پشت هەر هێزێکی ناقۆڵا و ئیمپراتۆریەتێکی مەزن لە سەردەمی کۆندا، کتێبێک هەبووە کە سەرچاوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و حوکمدانی سیاسی و ئیداریش بووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوو ئیمپراتۆریەتی کۆنی ئێرانی و ڕۆمی لە سەردەمی پێش ئیسلامدا، دەبینین ئێرانییەکان پشتیان بە کتێبی ئاڤێستا یان دەقە زەردەشتییەکان بەستووە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و تەنانەت جەنگ و کاولکارییەکان و ڕۆمییەکانیش پشتیان بەو ئەفسانە و گێڕانەوە زارەکی و بە کتێبکراوە بەستووە کە میتۆلۆجیای ڕۆمی و یۆنانی ئێستە پێکیان هێناوە و هێشتایش توێژینەوەی لەسەر دەکرێت.
ئەگەرچی دوا حوکمڕانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی کە بە هاوکاریی موغە زەردەشتییەکان و کتێبی پیرۆزیان وڵاتیان بەڕێوە دەبرد، لەسەر خوێناو و لاشەی لەخوێنگەوزاوی مادە میترایی و خۆرپەرستەکان بنیات نرابوو، بەڵام چونکە کتێبێکیان کرد بە سەرچاوەی پیرۆز بۆ خۆیان، توانیان شوێنپێ و ئاسەواری میترایزم کاڵ بکەنەوە و مادەکانیش بخەنە پەراوێز و ئەرشیڤە قووڵەکانی مێژووەوە. دواجار هەردوو ئیمپراتۆریی ئێرانی و ڕۆم، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی ناوەرۆکی کتێبە پشتپێبەستراوە پیرۆزەکان لەگەڵ کردەوە و بڕیارە سیاسییەکانیان هاوئاهەنگ بکەن، سەریان ڕۆنیشتە ناو گەندەڵییەکی قووڵ و ناشایستەبوونی سیاسی و حوکمڕانییەوە و هەردووکیان کەوتنە زبڵدانی مێژووەوە.
ئەگەرچی میراسی مەعنەوی و شوێنەواری مێژووییان وەک بەشێک لە سامانی مرۆیی هەر ماوەتەوە، بەڵام نابێ ئەوە نەدیتە بگرین کە لانیکەم حکوومەتی فارسەکان لە پاش ڕووخانی ساسانی و هاتنی ئیسلام، هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی کوردی نەوەی ماد نەیەتەوە سەر حوکم و تا ئێستەیش هەر سەرکەوتوو بووە بە ڕادەیەک، بەڵام ئەمە باسێکی زانستیی و پسپۆڕانەیە من هەر بۆ ئەوەی کاڵبێژیی لە نووسینەکەمدا نەبێت باسم کرد.
لە باسی پێوەندیی کتێب و شارستانیەت و دەسەڵاتەکاندا، سەرباری ئەو کورتەیەی سەرەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە هۆی سەرەکیی ئەوان بۆ مانەوە تەنیا کتێبی پیرۆز نەبوو، بەڵکوو ئەم کتێبە خۆیشی هۆکاری کەوتنیان بوو، باوەڕمەندیی ئیمپراتۆریەت و خەڵکانی کۆن بە یەک کتێب یان باشترە بڵێم کورتکردنەوەی جیهان لە یەک کتێبدا، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕٶژهەڵاتی ناوین، وایکرد هیچ تێگەیشتن و هەڵکردنێک لەگەڵ کولتوورگەلی دیکە و ئەو وڵاتانەی کتێبی پیرۆزی تریان هەیە دروست نەبێت، بۆیە جیهانی کۆن سەردەمی شەڕە یەک لە دوای یەکەکان، بەهۆی یەک کتێبەوە بووە، ئەم هاوكێشەیە لە سەردەمی ئیسلام و شەڕی خاچپەرستانیشدا کە لە شەڕی نێوان دوو کتێبی قورئان و ئینجیلدا خۆی دەبینییەوە، بەردەوام بوو.
ڕاستە ئەم کتێبانە پیرۆزن و بۆ بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو وڵاتانە جێی بڕوای پتەو و پشت پێبەستنن، بەڵام بێگومان هەموو جیهان ناکرێت لە یەک کتێبدا هەتا پیرۆزیش بێت، کورت بکەینەوە، ئەمە نەک بە مانای نکۆڵیکردنی پیرۆزیی ئەو کتێبانە، بەڵکوو بە مانای کردنەوەی دەروازەی نوێ بە رووی دیدگا و جیهانبینیی تازەدایە.
کولتووری سەردەم ئیتر ئەوە هەڵناگرێت هەر ماڵێک و یەک کتێبی تێدا بێت و بە یەک کتێب جیهان ڕاڤە بکات، بەڵکوو کاتێک ئێمە باس لە شوێنێک بەناوی "کتێبخانە" دەکەین، واتای ئەوەیە دنیای بینین و هەوڵمان بۆ تێگەیشتن و مەعریفەی زۆر و فرەڕەهەند زۆرتر بووە، یان لە سەرووی ئەمانەیشەوە کاتێک ڕێوڕەسمێکی شایستە و سەردەمیانەی کولتووری بەناوی "پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب" هەیە، واتە ئێمە بەشێکی زۆر لە سنوورەکانی دنیای کۆنمان تێپەڕاندووە و دەتوانین جیهان لە چەند گۆشەنیگا و لە درزی چەندان گێڕانەوەی جیاوازی پیرۆز و ناپیرۆزەوە ببینین و بخوێنینەوە، ئینجا ئەگەر مرۆڤ و خەلیقەتی بۆ گەشتکردن بەناو ئەم ڕێبازە ئاڵۆز و پڕ هەڵبەزودابەزەدا نەبێت، ئیتر مرۆڤی باڵا یان مرۆڤی بە ئیمان یا هەر چەشنێکی پاڵاوتەی مرۆڤ، چۆنچۆنی دەخولقێت؟
من ئێستە نامەوێت بە سەرنجێکی خێرا و تێپەڕ ڕووداوێکی گەورەی وەها لە هەولێر لە نووسینێكدا کورت بکەمەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو چاپەمەنیانە، ڕێژەی کتێبەکان و بوونی کتێب بە چەندان زمان و هەروەها کردنەوەی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە، هەموو دەلالەتی ئەوەن کە ئێمە کۆمەڵگەیەکی سەردەمیین و ڕووداوە کولتوورییە گەورەکان لەخۆ دەگرین.
ئەگەرچی ڕێژەی ئەو کتێب و باسانەی پێشوازیی زیاتریان لی دەکرێت، گلەیی هەندێک لە نووسەران و خۆشحاڵیی هەندێکی دیکەیانی لێ دەكەوێتەوە، بەڵام ئەوەیش لایەنی قەیران و خاڵی بەهێزمان زۆرتر بۆ بەرجەستە دەكات، ئەوە باسێکی ترە، گرنگ لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەناو دنیایەک کارەسات و قەیراندا تێپەڕی و نەچەماوە و سەربەرز مایەوە، کتێبی لا مەزن و پەسندە و سەرۆکەکەی ساڵانە دەیکاتەوە، بێگومان ئومێدەواریی بە ئایندەیەکی گەش، زیاتر لە ناخماندا ڕەگ دادەکوتێ.