چەند سەرنجێک لەبارەى نووسینەکەى (پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح)
هۆمەر دزەیی دەڵێ:
ئێستاش هەر بەردێکى هەڵگورد
حەجەرولئەسوەدە لاى کورد.
چەند رۆژێكە لە سۆشیال میدیا بابەتى کوردستان پیرۆزترە یان مەکە؟ بووەتە جێی گفتوگۆ، هەرچەندە نەمدەویست لەو یارییکردنە بە هەستى خەڵک جا چ نیشتمانى و نەتەوەیی بن یاخۆ ئاینی، قسەیەک بکەم، بەڵام ئەو پرسیارە وەک ئەوەیە بە منداڵێکى بچووک بگوترێ دایکت خۆشتر دەوێ یان باوکت؟.
بە دەگمەن کۆمێنت لەسەر پۆستى فەیسبووک دەنووسم و پۆستێکم بینى کە کەسێک بە ناوى پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح نووسیبوو. ئەوەى سەرنجى راکێشام و وایکرد ئەو روونکردنەوەیە بنووسم، ناسناوە زانستییەکە بوو کە پرۆفیسۆرە.
بە لامەوە ئاسایی بوو ئەگەر بانگخوازێک ئەو قسانە یان قسەى لەوە ئەولاتریش بکا، بەڵام بۆ کەسێکى ئەکادیمی بە پێویستم زانى ئەو وەڵامە بدەمەوە، لەبەرئەوەى ناسناوى پرۆفیسۆر بەرپرسیارێتیەکى گەورەیە و دەبێ جیهانبینی ئەکادیمى هەبێت و خۆى بە بەرپرس بزانێ بەرانبەر هەموو وشەیەک کە دەینووسێ.
ئەگەر کەسێکى بانگخواز یان گەنجێک لە لێکدانەوە و بەڵگەهێنانەوە ورد نەبێت، دەشێ بە ئاسایی لێى وەربگیرێ، بەڵام پرۆفیسۆرێک لە پسپۆرى خۆى ورد نەبێت، یان بەهەمان هەناسەى بانگخواز بنووسێ، ئەوە دەبێتە کەمکردنەوە لە بەهای ناسناوە زانستییەکە. بۆیە بەلانى کەمەوە دەبێ هەست بەوە بکات کە بیرکردنەوەى ئەکادیمى لەگەڵ بیرکردنەوەى میدیایی یان ئاینی، جیاوازە. ئەو مافى خۆیەتى چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام بە ناونیشانى پرۆفیسۆرىی شت بنووسرێ، ئەوا دەبێتە بەرپرسیاریەتى ئەکادیمى.
بۆیە بە پێویستم زانى ئەو چەند خاڵە بخەمە بەر دیدى خوێنەران و بە هیوام نووسەر باسكراو، سوودى لى وەربگرێ.
خەڵکى ئاسایی باوەری هەرچۆنێک بێت، دەبێ رێزى لێ بگیرێ، ئەگەر شوینێک، گۆرێک، کەسێک و تەنانەت دیاردەیەکى لەلا پیرۆز بێت، ئەوە پێوەندى بە باوەڕەوە هەیە و دەبێ وەک خۆى قبوڵ بکرێ و رێزى لێ بگیرێ. بۆ نموونە، باوەڕى شیعەکان کە لەم رۆژانەدا شین و لەخۆدانیان هەیە، وایە كە کەربەلا لە مەکە پیرۆزترە.
نووسەر تەحەدا دەکات و دەڵێ (هەر کەسیش پێی وایە لەڕووی شەرعییەوە خاکێکی تر لە خاکی مەکە پیرۆزترە، با بە بەڵگە بۆمان بسەلمێنێت). لەو دەربڕینەدا دوو هەڵە هەیە:
یەکەمیان پیرۆزى هەستە، دیاردەیەک نییە تابپێورى و بە بەڵگە بۆت بسەلمێنرێ، تەنانەت شەرعیش ناتوانێ پیرۆزى شتەکان بسەلمێنێ. لەبەرئەوەى هەستە و پێوەندى بە سۆزدارییەوە هەیە. نووسەر پێناسەى چییە بۆ پیرۆزى تا بە پێودانگى شەریعەت دیاریى بکەى؟. تەنانەت هەموو شتە پیرۆزەکان هەر لە (شەرەف) و ئاین و تەنانەت سەحابە و پیاوچاک، چ دەقێک یان ئایەتێک نییە داوات لێ بکات کە ئەوە پیرۆزە بزانی؟ ئایا دەتوانی بڵێى ئەسحابەکان کەسایەتى پیرۆز نین؟ بەڵام چۆن بەپێى شەریعەت دەیسەلمێنى کە ئەوانە پیرۆزن؟ لەلایەکى تریشەوە، کێشە ئەوەیە کام شەریعەت دەکەى بە پێوەر؟ شەریعەتى شیعە یان هی سوننە یان توندڕەوە داعشییەکان؟
گۆڕى پێغەمبەر و حەسەن و حوسێن ئیمامى عەلى سەحابەکانى تر، پیرۆزە یان نا؟ لەلاى هەندێ باڵى ئیسلامى پیرۆزە و لەلاى هەندێکى تر پیرۆز نییە. کام شەریعەت دەتوانێ ئەوە یەکلا بکاتەوە. چۆن دەتوانى باوەر بە شیعە بێنى کە مەزارى حەسەن و حوسێن پیرۆز نین، یان کەربەلا لە مەکە پیرۆزتر نییە.
پرۆفیسۆر گوایە بە بەڵگەى شەرعى سەلماندویەتى کە مەکە پیرۆزترە. دەبا بزانین بەڵگەکانى چەند شەرعین؟ زۆر گرنگە هەڵگرى ناسناوى پرۆفیسۆر خاوەنى رەئى تایبەت بە خۆى بێت و دنیابینی خۆى هەبێت. واتە وەک میدیاکار یان چالاکى فەیسبووک بیر نەکاتەوە.
با لە وتەکانى ورد بینەوە و سەیرى ئەو بەڵگانە بکەین بزانین چۆن سەلماندویەتى مەکە پیرۆزترین شارە؟ لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە لایەنگرى ئەوە بکەم کە کامیان پیرۆزترە. ناشکرێ بە هیچیان بگوترێ پیرۆز نییە. لەبەرئەوەى پێوەندى بە باوەڕى تاکەکەس و تیگەیشتن و رۆشەنبیرییانەوە هەیە، بۆیە تەنیا مەبەستم ئەوەیە وەڵامێک بۆ پیاوە ئەکادیمییەكە بنووسم، لەپێناو ئەوەی هەست و سۆز لەگەڵ بابەتى زانستى تێکەڵ نەکرێ.
1-نووسیویەتى دەڵێى (هەر کەسێک کە خۆی بە مسوڵمان بزانێت، دەبێت بەپێی پێوەر و بەڵگە شەرعییەکان لێی بڕوانێت، نەک بەپێی پێودانگی نەتەوەیی یان نیشتمانی یا دارایی یان سۆزداری) هەموو پیرۆزییەکان بەپێى پێودانگى سۆزدارین و ناکرێ سۆزدارى لە پیرۆزى جیا بکرێتەوە. شیعەکان ئەگەر سۆزیان بۆ کەربەلا نەبێت لەلایان پیرۆز نابێت. ئایا هیچ پیرۆزیەک بەبێ سۆزدارى دەبێت؟ دەکرێ تۆ مەکە بەلاتەوە پیرۆز بێت بەبێ سۆزدارى؟. بەلاى هەندێ خەلکەوە گۆڕەکەى کاکەحمەدى شێخ، نیشتیمان، موقتەدا سەدر، پیرۆزن. بۆ زانیاریشت زۆربەى رێبازى سۆفیگەرییەکان لەگەل شەریعەت تەبا نەبوونە تا پیرۆزى بە بەڵگەى شەریعەت بپێورێ. هەمیشە تەریقەت و شەریعەتیان بە دوو شێوەى جیاواز بینیوە، بۆیە سەرچاوەى پیرۆزییان لە شەریعەت وەرنەگرتووە، بەڵکو لە تەریقەتیان وەرگرتووە. وەک ئەو هەزاران دەروێشەى کە لە دەوروبەماندا هەن. ئیتر ئەو حوکمدانەت کە دەڵێى (هەر کەسێک کە خۆی بە مسوڵمان بزانێت، دەبێت بەپێی پێوەر و بەڵگە شەرعییەکان لێی بڕوانێت، نەک بەپێی پێودانگی نەتەوەیی یان نیشتمانی یان دارایی یان سۆزداری). قورسە و زانستى نییە.
2-چەند بەڵگەیەک دەهێنیتەوە بۆ پیرۆزى شارى مەکە، لەوانە خاڵى یەکەم کە دەڵێى (خوای گەورە لە قورئاندا (٢) جار سوێندی پێ خواردووە). ئەم تێگەیشتنەى ئێوە لە لێکدانەوەى ئاینیش زۆر دوورە. تەنانەت ئەو بەڵگەیە گوایە بەڵگەى شەرعییە، بەهۆیەوە قەناعەت بە خەڵک دەهێنى، کەچى بە بەڵگە دانانرێ. لەبەرئەوەى سوێندخواردنى خوا نابێتە بەڵگەى پیرۆزى. واتا کە خوا سوێندى پێ دەخوا نابێتە هۆى ئەوەى پیرۆز بێت. لە قورئاندا سوێند بە زۆر شتى تریش خوراوە، بەڵام نە لە کۆمەڵگەى ئێمە و نە لە کۆمەڵگە مسوڵمانەکانى تریش، پیرۆز نین. بۆ نموونە (زەیتون، هەنجیر، قەڵەم، ئەسپ، چیاى تور، شەورۆژ، خۆر، ئەستێرە، هەور، کەشتى، با و رەشەبا. ئەو شتانە کۆمەلگە بە پیرۆزى نەبینیون. خەڵک رۆژانە هەنجیر و زەیتون دەبینن و دەیخۆن و کەس هەست ناکات ئەوە میوەیەکى پیرۆزە و بە چاوێکى پیرۆزەوە سەیرى ناکەن. تەنانەت جیاى ناکەنەوە لە میوەکانى تر. هەمان ئەو هەستەى بۆ مۆز و سێو هەیانە، لە کاتى کڕین یان خواردنى هەنجیر و زەیتون هەیانە. بەهەمانشێوە کە ئەسپ بەکار دێنن ئەگەر بزانى پیرۆزە ئەوا بە سەد بسمیلا ئینجا سوارى دەبێ.
تۆ بەراوردێک بکە لە کۆمەلگەى کوردیدا لە نێوان لەقلەق و پەڕەسێلەکە کە بە چاوێکى پیرۆزەوە سەیریان دەکات، لەگەل ئەسپ و ماین، هیچ کات کۆمەڵگەى کوردى ئەسپ و ماین و رەشەباى بە پیرۆز نەزانیوە (ناڵێم گرنگ)، ئەگەرچى لە قورئانیشدا سوێندیان پێ خوراوە، بەڵام پەڕەسێلکە کە سوێندیشى پێ نەخوراوە، بە پیرۆز سەیر دەکرێ. لەبەرئەوەى ئەو پێوەرەى ئێوە لە سەرەتا بۆ پیرۆزى داتنناوە، ورد نییە.
گرنگە وەک ئەکادیمیەک ئەوە بزانى کە عەقلى نائاگاى کۆمەڵگە کە تەنیا لەسەر بنەماى شەریعەت یان چەند وتارێکى فەیسبووک بڕیار لەسەر پیرۆزى یان ناپیرۆزى نادات، بەڵکو هۆکارەکان زۆرن و دەبێ لە بەرچاو بگیرێن. کەواتە خاڵى یەکەمی کە بەهۆى سوێندخواردنەوە مەکە پیرۆز دەکات، (کە لە قورئان دووجار سوێندى پێ خوراوە)، نابێتە بەلگە. ئەگەر بڵێى لەبەرئەوەى دووجار سوێند بە مەکە خوراوە، منیش دەڵێم ئیتر ئەوە شەو (لیل) لە دووجار زیاتریش سوێندى پێ خوراوە، بەڵام نە شەریعەت و نە تەریقەت و نە کۆمەڵگە، بە پیرۆزىی سەیرى دەکا.
3-لە خاڵى دووەمدا دەڵێى (خوای گەورە لە قورئاندا (٢٧) جار باسی حەرەمە پیرۆزەکەی کردووە)، پرسیار ئەوەیە ئەگەر ناوێک یان بابەتێک زۆر دووبارە ببێتەوە لە قورئاندا، ئایا دەبێتە هۆى پیرۆزیى؟ با پرسیار لە خۆی بکات چەند جار ناوى شەیتان دووبارە بووەتەوە؟ چەند جار کافر دووبارە بووەتەوە؟ چۆن دەشێ کەسێکى ئەکادیمى بەو شێوە رووکەشییە ئەو بریارە بدات؟. خۆ ئەگەر بە زۆر دووبارەبوونەوە بووایە، ئەوا وشەى شەیتان ٧٥ جار و وشەى کافر ٣٠٠ جار زیاتر دووبارە بوونەتەوە. ئایا دەکرێ زۆرى دووبارەبوونەوە بکرێتە پێوەر بۆ پیرۆزى؟ ئەو بەناو بەڵگە شەرعیەیش ناتوانى بمانگەیەنیتە قەناعەت.
4-لە خاڵى سێیەمدا نووسیویەتى (خوای گەورە یەک سورەتی قورئانی بەناوی ئەو شارەوە ناو ناوە کە سورەتی "البلد"ـە.) ئەگەر جەنابی پرۆفیسۆر وەک بانگخوازێک ئەو قسانە بکات، ئەوا بە ئاسایی وەرمدەگرت و هیچ وەڵامێکم بۆی نەدەبوو، بەڵام ناکرێ پسپۆڕ /بەپێى ئەو سیڤیەى کە لە لاپەرى فەیسبووکى خۆیدا بڵاوى کردووەتەوە، پرۆفیسۆرە لە فیقهدا/ ئەو زانیاریەتان نەبێت کە ئەو سورەتانە (هیچیان خوا ناوى لێ نەناون). ناکرێ پرۆفیسۆر بیت و لە پسپۆڕى خۆت ئەو زانیاریەت نەبێت کە ناوی سوڕەتەکان بەشێک نەبووە لە وەحى و لەلایەن خواوە ناویان لى نەنراوە، بۆیە ناکرێ ئەو قسەیە بدەیتە پاڵ خوا (خوای گەورە یەک سورەتی قورئانی بەناوی ئەو شارەوە ناو ناوە). بەڵام ئەگەر ئەوە دەزانیت و بە مەبەست درۆ بە دەم خواوە دەکات، کە ئەو ناوى لێناوە، ئایا دەبێ چ مەبەستێک لە پشت پیرۆزکردنى مەکە بەو شێوەوە هەبێت کە بە ناوى خواوە شت هەڵبەستى؟ تەنیا بەرگرى بووە لە برا بانگخوازەکەى؟
لەلایەکى ترەوە ئایا دەزانى هەندێ سورەت هەن لە ناوێک زیاتریان هەیە؟ سەرەڕاى هەموو ئەوانەیش ناونانى سورەت کەى بووەتە پێوەر بۆ پیرۆزى؟ یان ئەو کڵێشەیەت لە بانگخوازەکان وەرگرتووە کە بۆ گرنگى ئافرەت لە ئیسلام بەڵگەى ئەوە دەهێننەوە کە سورەتێک لە قورئاندا بە ناوى ئافرەت (نساو) کراوە. تۆش هەمان بیرۆکە و وێنەى فکریت کۆپى کردووە و تەنیا وشەى نیسائت بە مەکە گۆڕیوە.
بانگخوازەکان ئاساییە ئەگەر ئەوجۆرە قسە بکەن، بەڵام بۆ کەسێکى ئەکادیمى ناکرێ ئەوە بکاتە پێوەر کە لە قورئاندا سورەتى بەناو کراوە. خۆ بەم پێیە بێت سورەت بە ناوى کافرون و منافیقینیش کراوە. هەموویشمان هاوڕاین لەسەر ئەوەى ئەوانە پیرۆز نین، لەبەرئەوەى سوورەتیان بەناو کراوە.
سورەت بە ناوى فیل کراوە، ئیتر ناشێ بڵێن فیل یان کافر یان مونافیق پیرۆزن، لەبەرئەوەى سورەتى قورئانى بەناو کراوە. دەبێ ئەو تێگەیشتنەت هەبێ کە مەبەست لەناونانى ئەو سورەتانە تەنیا جیاکردنەوەیان بووە، نەک لەبەرئەوەى جێى بایەخن یان پیرۆزن.
5-خاڵى پێنجەمیش کە پێغەمبەر گوتویەتى (خۆشەویسترین خاکی بەلای خوای گەورەوە و ئەگەر دەریاننەکردمایە هەرگیز جێم نەدەهێشتیت.) دەشێ وەک بنەماى ئەو سۆزداریە لێک بدرێتەوە کە لە سەرەتادا رەتت کردووەتەوە. دەشێ وا لێک بدرێتەوە کە خۆشەویستى ئەو شوێنەى مرۆڤ تێیدا گەورە دەبێت، لەلاى پێغەمبەریش هەبووە. نامەوێ باس لەوە بکەم کە دواى فەتحکردنى مەکە پێغەمەبەر بۆى نەگەڕایەوە و هەر لە مەدینە مایەوە، ئەوە بابەتێکى ترە، تەنانەت بە گەنجیش بە مەبەستى بازرگانى مەکەى بەجێهێشتووە، بۆیە وشەى هەرگیزەکەت زیادەیە و سەرلەبەرى واتاکە دەگۆرێت.
6-خاڵى شەشەم وەک بەڵگە ئەوەت هێناوەتەوە و نووسیوتە (لەوەتەی گەردوون هاتووەتە بوون، خوای گەورە خاکەکەی کردووەتە حەرەم و هەر کەسێک تێی بچێت سەروماڵ و نامووسی تێیدا پارێزراوە و لەبارەیەوە دەفەرموێت: {وَمَنْ دَخَلَهُ كَانَ آَمِنًا }. ێل عمران:۹۷. واتە: هەر کەسێک بچێتە ناوی سەروماڵی پارێزراوە و پێغەمبەریش لەو بارەیەوە دەفەرموێت: (إن الله حرم مكة يوم خلق السموات والأرض فهي حرام بحرام الله إلى يوم القيامة) رواه البخاری. واتە: خوای گەورە لەو ڕۆژەوە زەوی و ئاسمانەکانی دروست کردووە، خاکی مەکەی کردووەتە حەرەم، بۆیە تا ڕۆژی قیامەت خاکەکەی بە حەرەم دەمێنێتەوە).
دیسانەوە دووبارەى دەکەمەوە ئەگەر بانگخواز بوویتایە لەپێناو کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنت یان راکێشانى سەرنجى گەنج یاخۆ وەک سیاسییەکى پۆپۆلیست ئەوەت بکردایە، ئاسایی بوو. بەڵام بۆ کەسێکى ئەکادیمى کە هەڵگرى ناسناوى زانستى پرۆفیسۆر بێت، بازاڕیانە شت بنووسێ. بە تایبەتى کە پسپۆڕیت ئاینە، ناکرێ شارەزاى تاریخ نەبێت و بەو رەهاییە بنووسێ
أ- (لەوەتەی گەردوون هاتووەتە بوون خوای گەورە خاکەکەی کردووەتە حەرەم و هەر کەسێک تێی بچێت سەروماڵ و نامووسی تێیدا پارێزراوە) ئەو وشەیە کە دەڵێى (لەوەتەى گەردوون هاتووەتە بوون)، تا ئێستە هیچ ئەرکیۆلۆجیەک ئەو بوێریەی بە خۆى ناداوە دەستەواژەیەکى وا دەرببڕێ. لەڕووى مێژووییەوە سەیرکە ئەو شارە کەى دروست بووە. ناکرێ ئەکادیمییەک ئەو حیکایەتانەى کە (بەغەوی) نووسیویەتى، ئەمڕۆ بە لەقەبى پرۆفیسۆرى بە خەڵکى بفرۆشێتەوە.
مێژووى شار و دروستبوونى شار و ئەوە پسپۆڕى شوێنەوارناسەکانە، دە چەند کتێبێکى لەسەر بخوێنەوە ئینجا بزانە جارێکى تر دەوێری بڵێى لەوەتەى گەردون دروست بووە؟.
ب- کە دەڵێى (هەر کەسێک تێیبچێت سەروماڵ و نامووسی تێیدا پارێزراوە). سەتان بەڵگە و دۆکیۆمێنت هەن کە لە شارى مەکە هەر لە سەرەتاى پەیدابوونى ئیسلامەوە خەلکى تێدا کوژراوە، سەحابەى تێدا کوژراوە، هەزاران حاجى تێدا سەر بڕاوە و ژنەکانیان ئەتک کردوون. نەک هەر خەڵکەکەى، بەلکو کەعبەکەیشى چەندان جار خاپوور کراوە.
ئەو شارە هەر لەسەردەمى سەرهەڵدانى ئیسلامدا لەلایەن ئەمەویەکان بە مەنجەنیق بۆردمان کرا و كەعبە لەگەڵ زەوى تەخت کرا. تەنانەت عەبدوڵاى کورى زوبێر لە برسان بەهۆى ئەو گەمارۆیەى ئەمەویەکان خستبوویانە سەر ئەو شارە، وەک مێژوونووسان دەڵێن، لە برسان ئەسپەکانیان سەر دەبڕى و دەیانخوارد.
ت- . لە گۆگڵ گەڕانێکم کرد بۆ ئەو مەبەستە، دەیان رووداوى گەورەى گیان لەدەستدان کە نەک لە کاتى ئاسایی، بەڵکو لە کاتى حەجیشدا خستە بەردەستم. هەر بۆ نموونە، چەند دانەیەکت بۆ دەنووسم ئەگەر تاقەتى گەڕانى ناو ئینتەرنێتت نییە.
1-لە ١١ ئەلوولى ٢٠١٥، بەهۆى کەوتنەخوارەوەى رافیعە ١٠٧ کەس مردن و ٣٢٣ کەس بریندار بوون.
2-لە شەشی کانوونى دووەمى ٢٠٠٦، بەهۆى رووخانى هوتێل لە ناوەراستى مەکە، ٧٦ کەس گیانیان لەدەست دا. هەر لە هەمان ساڵدا شەش رۆژ دواى ئەو رووداوە، لە کاتى رەجمى شەیتاندا ٣٦٤ کەس گیانیان لەدەست دا.
3-بەهۆى ئاپۆراى خەڵک تەنیا لە کاتى شەیتان رەجمکردندا ئەو کارەساتە دووبارە دەبووەوە کە دەبووە هۆى مردنى کۆمەڵێ کەس. بۆ نموونە، لە ٢٠٠٥ سی حاجى مردن. لە ٢٠٠٤ ژمارەى مردو گەیشتە ٢٥١.
لە گۆگل سێرچ بکە سەتان نموونەى لەو جۆرە بەپێى راپۆرتەکانى دەولەتى سعوودیە خۆی، دەخاتە بەردەستت. تەنانەت لە دووى تەمووزى ١٩٩٠ بەهۆى تێکچوونى سیستمى هەواگۆرکێ هەزار و ٤٢٦ حاجى خنکان. لە ٣١ی تەمووزى ١٩٨٧یش بەهۆى خۆپێشاندانى حاجییە ئێرانییەکان و شەڕیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى سعوودیە، ٤٠٢ حاجى گیانیان لەدەست دا کە ٢٠٠ زیاتریان ئێرانى بوون، ئەوانى تریش خەڵکى وڵاتانى ترن. ئەوانە و سەتان موونەى تر بەردەستن.
قەرامیتەکان کە مەکەیان گرت. بە هەزاران حاجیان سەربڕى و دەستدرێژى سێکسیان کردە سەر ژنەکانیان، تەنانەت وەک مێژوونووسان باسی دەکەن، ئاوى زەمزەم سوور بووبوو بە خوێن. دەیان نموونەى ترى وەک داگیرکردن و وێرانکردنى لەلایەن عەبدولمەلیکى کوڕى مەروان و حەجاج کوڕى یوسف سەقەفى.
ئیتر ئەو تاوانانە پێمان دەڵێن کە ئەو بەڵگەیەى هێناوتەتەوە کە (هەر کەسێک تێیبچێت سەروماڵ و نامووسی تێیدا پارێزراوە) وا نییە. ڕووداوى زۆر خوێناوى لەو شارەدا رووی داوە، بۆیە گرنگە وەک ئەکادیمییەک بەدواداچوون بکەیت، ئینجا بیکە بە نووسین.