جۆن ئیف که‌نه‌دی 25ـەمین سه‌رۆک کۆماری ئه‌وکاتی ئه‌مەریکا، ڕسته‌یه‌کی به ناوبانگی هه‌یه ده‌ڵێت: لێم مه‌پرسه نیشتمانه‌که‌م چیم بۆ ده‌کات، بپرسه چی ئه‌که‌م بۆ نیشتمانه‌که‌م. بێگومان ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بوو ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئێسته‌ی ئه‌مەریکای کرد به تاقه زلهێزی جیهان و شوێندانه‌ری سه‌رزه‌وی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی گۆی زه‌ویش! پێوه‌ندیی کورد به نیشتمان له سه‌رتاپای سه‌ده‌ی 20 و ته‌نانه‌ت نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 19یش، پێوه‌ندییه‌کی دایک و کۆرپه‌ئاسا بووه، واته کۆرپه به هیچ شێوه‌یه‌ک حه‌زی نه‌کردووه له باوه‌شی دایکی داببڕێت و دایکی هه‌ر شێواز و دۆخێکی هه‌بووه، ئه‌و باوه‌شه‌ی ویستووه و نه‌یتوانیوه به‌بێ ئه‌و هه‌ڵ بکات.
له ڕووی ده‌روونناسییه‌وه پێوه‌ندییه‌ک وا، واته دایک_کۆرپه‌له پێوه‌ندییه‌کە تێیدا منداڵ خۆی و دایک به یه‌که‌یه‌کی لێکدانه‌بڕاو وێنا ده‌کات، ناتوانێت خۆی به‌بێ دایک وێنا بکات و له تێگه‌یشتن و جیهانبینیی منداڵدا دایک یانی خۆی و خۆیشی یانی دایک. ناکرێت بڵێین ئه‌مه قۆناغی گه‌شه‌ی ته‌واوی منداڵه، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ڕه‌مزی پێوه‌ستی ده‌که‌م به‌و گرێدراویه‌ی له سه‌ده‌ی رابردووه‌وه کورد بۆ دایک، واته نیشتمانه‌که‌ی خۆی هه‌یبووه.
ئه‌م جۆره له پێوه‌ندیی کورد به نیشتمانەوە، له شۆڕشه‌کان و ئه‌ده‌ب و خۆڕاگریی و به‌رخۆدانه‌کانی نیوەی سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا به ته‌واوه‌تی ڕەنگی داوەتەوە. ئێمه له دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان شاعیرێکی وه‌ک قانعمان هه‌یه که وه‌ک کورد ده‌ڵێت، به نانی شه‌و موحتاج بووه، به‌ڵام نیشتمانیترین و ڕۆمانسیترین شیعره‌کانی که به‌شی زۆری دیوانه‌که‌ی ده‌گرێته‌وه، بۆ شاخ و دۆڵ و ده‌شت و شی‌و و کرێکار و جووتیاری کوردستان بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قانیع دۆخه‌که‌ی ئاوا بووه و چه‌ندان جار ئاواره‌ی ئه‌م شار و ئەو شار له باشووریش بووه و له‌لایه‌ن به‌شێکی زۆر له کورد خۆیه‌وه تۆمه‌تبار کراوه به‌وه‌ی سیخوڕی ئینگلیزه، به‌ڵام به بستێک له هه‌ڵوێستی خۆی بۆ کوردستان و کورد پاشه‌کشه‌ی نه‌کردووه.
ئه‌م ڕۆحیه‌ته له پیره‌مێردی شاعیر و ته‌نانه‌ت نالی دووره‌وڵات و سالم و پێش ئه‌وانیش له مه‌لای جزیری و ئه‌حمه‌دی خانی، تا ده‌گاته عه‌بدوڵا په‌شێو و به‌شی هه‌ره زۆری شیعره‌کانی شێرکۆ بێکه‌س، هه‌ر ئاماده‌یه. ئێسته‌یش به‌شی زۆری کاکڵە و ناوه‌رۆکی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه نیشتمان و پاراستنی به‌ها نیشتمانییه‌کان و ژینگه و گژوگیا و ئاژه‌ڵ و فڕنده و خشۆک و... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئێسته له‌وانه‌ی پێشوو جیاوازه و له سۆنگه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه چاو له‌و که‌س و دیاردانه ده‌کات که نیشتمانیان کردووه به کاڵا و مه‌کۆی بازرگانیی و دادۆشین، به‌ڵام هه‌مدیس پشتیان نه‌کردووه‌ته نیشتمان!
فه‌رهاد پیرباڵ به دکتۆرایه‌که‌وه له قۆناغێکدا گه‌ڕایه‌وه کوردستان، وێرانه‌یه‌کی ته‌واو بوو و تازه ئازادکرابوو، به‌ڵام ئه‌و نووسه‌ره دوای ده‌یان قه‌یران و کێشه و گرفت و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه، ئێسته‌یش به خه‌ونێکی نیشتمانییه‌وه ده‌یه‌وێت به‌شداریی له هه‌ڵبژاردن بکات. ڕه‌خنه‌گرێک له لێکدانه‌وه‌ی یه‌کێک له دواکتێبه‌کانی شێرکۆ بێکه‌سدا، واته کتێبی "ئێستا کچێک نیشتمانمه" نووسیویه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌و کچه‌ی که ئێستە نیشتمانی شێرکۆ بێکه‌سه، خۆی کچێکی نیشتمانپه‌روه‌ره... ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که جوانیناسی و گێڕانه‌وه‌ی شێرکۆ بێکه‌س ئاوها نییه که هه‌ر که‌سه‌و هه‌ستێ ڕسته‌یه‌کی لێ بقۆزێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکی بژارده‌کارانه بیکاته هه‌وێنی ڕه‌خنه‌گرتن له خواست و باوه‌ڕی چه‌ندان ملیۆن که‌س که کوردستانیان خۆش ده‌وێت. ئه‌و شیعره‌ی مامۆستا بێکه‌س که ده‌ڵێت، من چیم ئه‌ویست له نیشتمان؟ جگه له‌م ڕۆژه سه‌ختانه‌دا که ئه‌و یه‌خته له ئاوه ئازاده‌کانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا وه‌رگه‌ڕا و ژماره‌یه‌کی زۆر کورد و چه‌ند فارسێک و ئه‌فغانێک تێیدا گیانیان له ده‌ست دا، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن زۆر که‌سه‌وه داده‌نرێته‌وه و دژی نیشتمان ئاڕاسته ده‌کرێت.
گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌م ڕووداوه و ڕووداوه هاوشێوه‌کانی پێشتریش، هه‌موومانی تووشی خه‌م و ئازاری قووڵ کرد خۆم بۆ چرکه به چرکه‌ی ئه‌و منداڵه ساوایه و ئه‌و دایکه و ئه‌و دڵدارانه‌ی ڕێگەی گه‌یشتن بە ئه‌وینی یاره‌که‌ی و هه‌رکامیان که به مه‌به‌ستێک ڕێی ڕه‌شی ڕۆژئاوایان گرتووته به‌ر، خه‌مم هۆنیوه‌ته‌وه و ئاخم هه‌ڵکێشاوه و هاوخه‌می که‌سوکاری قوربانییه‌کانیشم، به‌ڵام نابێت شته‌کانیش تێکه‌ڵ بکه‌ین. ئه‌و که‌شتییه کوردی ڕۆژه‌هه‌ڵاتیشی تێدا بووه، فارسیشی تێدا بووه که خه‌ڵکی شیراز بوون و کوردی باشووریش. ئێسته پرسیار ئه‌وه‌یه له‌م دۆخه کاره‌ساتاوییه‌دا کێ به‌رپرسیاره؟
هیچ که‌سێک ناتوانێت نکۆڵی له مه‌زڵومی و هاوکات نه‌به‌زیی کورد بکات بۆ مافی خۆی له سه‌رتاپای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به‌ڵام ئه‌م هه‌موو قوربانی و کاره‌ساته که به زۆریی به‌سه‌ر کورد دێن، ئایا نیشتمانه‌که‌ی به‌رپرسیاره؟ بۆچی ئێمه ناتوانین نیشتمان وه‌ک به‌هایه‌کی ئایدیال و به‌رز وه‌ک قانیع و پیره‌مێرد و بێکه‌س و ... ببینین له هه‌مبه‌ر تراژیدییه‌کاندا و له باتی گه‌ڕان بۆ چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تیی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه دووپات نه‌بنه‌وه و هه‌روه‌ها گه‌ڕان بۆ دیاریکردنی به‌رپرسه ڕاسته‌قینه‌که، ئایدیایه‌کی پیرۆز و مه‌زن به ناوی نیشتمان له‌ژێر ناوی دوو دێڕ شیعری سانتی مانتاڵ و هه‌سته‌کیی ده‌که‌ینه قوربانی؟
من ده‌ڵێم به‌شێوه‌یه‌کی گریمانه‌یی ده‌شێت ئێمه به‌رۆکی پارتی و یه‌کێتی و هه‌موو حزبه‌کانی باشوور و ته‌نانه‌ت به‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمیش بگرین و له‌م دۆخه به به‌رپرسیان بزانین، به‌ڵام بۆچی نیشتمان تاوانبار ده‌که‌ین؟ ئه‌مه چ سه‌فسه‌ته‌یه‌که له‌ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ین و خه‌ڵک و خۆمانی پێ فریو ده‌ده‌ین و ته‌نیا له سۆنگه‌یه‌کی سۆزدارانه‌وه خه‌ڵک گومڕا ده‌که‌ین. هه‌رچه‌ند به ڕای من به‌رپرسی سه‌ره‌کیی له‌م دۆزه‌ی که به‌سه‌ر کورددا دێت و هاتووه، ڕۆژئاوا خۆیەتی، جه‌نابی سایکس و پیکۆکانن، ئه‌تاتورک و کۆمارییه‌کانن، به‌عس و فاشییه‌کانن که ڕۆژئاواییه‌کان له هاتنه‌سه‌ر کاری هه‌رکامیان و بنده‌ستکردنی کورد به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هه‌بوو، ئێسته‌یش ڕۆڵه‌کانی ئێمه به خه‌ونی به‌هه‌شته وه‌همییه‌کانی ئه‌وانەوە له ئاوی دەریاكانیاندا ده‌بن به خۆراکی ماسیی ئه‌وان!
جارێکی دیکه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، وه‌ک تاکێکی کورد له هه‌مبه‌ر ڕووداوێکی وا گەورە و دڵته‌زێندا ئه‌وپه‌ڕی شه‌رمه‌زاری و بێده‌سه‌ڵاتی و خه‌مم هه‌یه، به‌ڵام ناشتوانم بێده‌نگ بم له ئاست ئه‌و شێواندن و به‌لاڕێدابردنەی له دژی نیشتمان ده‌شکێته‌وه، نه‌ک نیشتمانخاپوورکاران و نیشتمانفرۆشان! بۆیه له ئێستەوە تا کاتی ڕزگاربوونی ئێمه له داوی تۆڕه ئاسمانی و زه‌وینی و ده‌ریاییه‌کانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێت بپرسین نیشتمان چی ئه‌ویست و چی له ئێمه دەوێت و ئێمه چیمان بۆ کردووه؟ وا هاتووینه‌ته ده‌نگ و داوای په‌رجووی لێ ده‌که‌ین.