تا دێت جیهان بەرەو لێواری ترسناکی تەقینەوە و جەنگ دەڕوات و ئێمەی کوردیش لە بەردەم قۆناغێکی هەستیارداین و بێ هیچ دوودڵییەک سەرکردایەتیی باشووری کوردستان و قەوارەی هەرێم بۆ دۆزی کورد ئەرکێکی قورسی لەسەرشانە، ئەگەر بڵێین تا ئێستە بەو ئەرکەی شیلگیرانە هەستاوە لە ڕاستی لامان نەداوە، بەڵام دۆخەکە هێشتا ئەگەر بۆ ناوچەکە جارێک مەترسیی بێت، بۆ ئێمە چەندجار بە هۆکاری زۆر ڕوون.
بەر لە دەسپێکردنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین یان دروستتر بڵێم هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لێرەولەوێ هەندێ قەیرانی خووپێوەگرتووی جیهانیی هەبوون کە لە سەرەوەی هەموویان کێشەی فەلەستین لە پلەی یەکەمدا بوو و پاشانیش کێشەی کورد بە ناڕەوا لە دوای فەلەستین و هەندێک ئالنگاریی گشتیی جیهانییەوە دەهات. ئەگەر ڕیشەناسییەکی سەرپێیی بۆ شکانی شەقڵی ئەو نیوەئارامییە بکەین کە پێش هێرشی پووتین بۆ سەر ئۆکراینا لە ئارادا بوو، بێگومان سەرمان لە ململانێی هێزەکان و پەرەپێدانی هەژموونی سەربازیی و کێشمەکێشی ناتۆ و ئەورووپا لەگەڵ ڕووسیا، دەردەچوو.
ململانێیەک کە وردەوردە جەمسەربەندیی زلهێزەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و پاش حەوتی ئۆکتۆبەر شەپۆلێکی پلان بۆدانراوی گۆڕان و نەخشەکێشان بۆ ناوچەکە هاتە ئاراوە. بەڵام ئەم ڕیشەناسییە تەواو نییە، بەر لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چرکەساتی سەرهەڵدانی داعش و هەڵوەشانەوەی نافەرمیی عێراق و خۆڕاگریی و قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا. چرکەساتێک کە خوێنێکی زۆری لە هەناوی کورد هەڵلووشی، ئەگەرچی پێشمەرگە وەک هێمای ئیرادەی نەبەزیو و پارێزەری هەزاران ساڵەی خاک و کەرامەتی کوردستان، پۆرتی داعشیزم و ئیسلامی سیاسیی لە خاکدا ڕاکرد و لە جیهان دەنگی دایەوە، بەڵام دوا بە دوای ئەوە گوشارەکان زیاتر و زیاتر خرانە سەر کوردستان، مووچەی خەڵکەكەی بە ڕێکەوتنێکی سیاسی و پلانێکی ناوچەیی كێشەی بۆ دروست کرا و تا ئێستەیش نەک هەر چارەسەر نەبووە و نایانەوێت چارەسەر بێت، بەڵکوو دەیانەوێت وەک کارتێکی سیاسی دژی قەوارەی کوردستان بەکاری بێنن، بۆ ئەوەی ئیرادەی مێژوویی کورد ماندوو بکەن و ناچار بە کۆڵدانی بکەن!
ئەگەرچی ئێمە دەزانین ئەوە خەونی حوشترە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ دوژمنێک واز ناهێنێت لە خەونەکانی! بە تایبەتی دوژمنێکی ئایدۆلۆجی و سیاسیی شیعەگەرای ئاخرزەمانی، بە تایبەتی کە ئەم ڕۆحە زامدارە شەڕانییە لە هەمبەر داعش هەڵهات و وایزانی کەس لە جیهاندا پێی ناوێرێت، بەڵام کاتێک پێشمەرگە و گەل و ڕێبەرایەتیی کوردستان داعشیان شکاند و لە دنیادا دەنگی دایەوە و لە پاریس فیلمی پێشمەرگە نمایش کرا و شوێن و مەکۆی تایبەتی بەناوی پێشمەرگەوە ناو نرا، ئەم ڕۆحە ڕقئامێزە زیاتر و زیاتر هەستی بە بچووکی و سووکبوون کرد، بۆیە دەستی لە لێدان لە هەموو لایەن و بەرەیەک کورت بوو، جگە لە کورد! کوردی نەبەزی خۆڕاگری خەباتکار، بەڵام بێ پەنا و دەسبەتاڵ. واتە گرێی بچووکبوون و هەست بە شکستی خۆیان، بە لێدان لە کورد قەرەبوو دەکەنەوە، وەک دەبینین جەمسەربەندیی هێزەکان ئاڵۆزی و تەنراویی وردی خۆی هەیە و ئەوەی بەر کورد دەکەوێت هەر پیلان و ستەمکارییە.
لە هاوکێشەیەکی ئاوا فرەسەردا کە زلهێزان کارتەکان دەبەشنەوە و هێزە هەرێمی و دەوڵەتە فەرمییەکانیش ملکەچ و نۆکەریانن، قەوارە و خاکێکی خوێناویی وەک کوردستان چارەنووسی چ دەبێت؟ ئەم پرسیارە بە دڵنیایی لەم ساڵانەی دواییدا مژاری دەیان کۆڕ و دیداری گشتی و دانیشتنی تایبەتیی ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی نیشتمان بووە، ئەگەر نەڵێین تاقە وەڵام بێگومان دەتوانین بڵێین دروستترین وەڵام کە هاوکات نەخشەڕێگەیە، یەکگرتن و هاویەکبوون و یەکگوتاریی کوردە.
هێشتا شەپۆلی گۆڕانکارییەکان هێور نەبوونەتەوە و هەر بەڕێوەن، ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێت، لەگەڵ ئەوەی دۆستی سیاسی و هاوبەشی ئابووریی-سیاسیی فەرمی و زلهێزمان هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا دەبێت خۆمان چارەی خۆمان بکەین، کوردستان لە ٩١ەوە تا ئێستە قەیرانی زۆری تێپەڕاندووە و وێستگەی گرینگی لە پێشکەوتن و درەوشانەوە بڕیوە، مەترسیشی هاتووەتە سەر، بەڵام لێی دەرباز بووە، هەموو ئەمانە ئەزموون و سەرمایەی مەعریفیی کردارین بۆ ئەوەی بیر لە چارەنووس و دواڕۆژی خۆمان بە هەستی بەرپرسیاری و دڵسۆزییەوە بکەینەوە، کێشەی کورد کێشەیەکی جیهانیشە، واتە ئەگەر من بە کوردی عێراقی، ئێرانی، تورکیایی و سوریی چاو لە خۆم بکەم، ڕێک ئەمە هەر ئەو شتەیە چەوسێنەران دەیانەویت، هێشتنەوەی کوردستان وەک داگیرکراوێکی لەت لەت کە ناتوانێت لە ڕووی زەینییەوە واقیعی سنوورە سەپێنراوەکان تێپەڕێنێت، ڕاستە جیهانی زەین بە ئاسانی نابێت بە کردار، بەڵام کێ هەیە گومان لەوە بکات کە هەموو ئەو شتانەی ئێستە لەسەر ئەرزی واقیعدان، ڕۆژگارێک تەنیا خەیاڵێک بوون کە لە زەیندا ویزەیان دەهات؟
بەڵام ئەمە بە ئیرادەیەک دوور لە چەندبەرەکی و بە ڕۆحێکی خۆنەویست و لێبووردووییەوە دەکرێت، کاتێک مێژووی جیهان دەخوێنینەوە، لە نێوان دێڕەکاندا درک بەوە دەکەین لە قۆناغانێکدا زلهێز و ئیمپراتۆرانی جیهانی کۆن، چەندە ترسیان لە یەکگرتنی کورد هەبووە، ڕەنگە ئەم وتانە زایەڵەیەکی ئەفسانەئاسای بە گوێی گوێداران هەبێت، بەڵام دەبێت دووبارە لە هەمان دەلاقەوە بڵێم، مێژووی زۆرینەی وڵاتان لەسەر پشتی ئەفسانەکان ڕاوەستاوە، بۆچی ئێمە بە ڕۆحێکی سەردەمیانەوە نەتوانین لەناو ئەم شەپۆلە گۆڕانکارییە گەورانەدا ئەو هێزە بین کە شەپۆلەکان بەرەو ئاڕاسەی ئارامی و کەناری ئۆقرەیی ببات؟
هیوادارم هەموو تاکێکی کورد و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە خۆیان سەتان پیاوی پیتۆڵ و زانا و دانایان هەیە، بیر لەم شەپۆلانەی بەردەم و دواڕۆژ بکەنەوە، شەڕ بۆ هەموو وڵاتان لە هەموو مێژوودا جگە لە زیانی کەم، هەبووە خێری هەبێت تەنانەت بۆ براوەکانیش؟ بەڵام ئێمە دەتوانین بە ڕاگەیاندنی ئاشتییەکی سەرانسەری و یەکگرتنێکی فرەوانی نیشتمانی چاوی دوژمنان کوێر بکەین و کەڵبەی دڕندە مەڵاسکراوەکانی دوژمن بشکێنین و هیوای نەتەوەیەکی 50 ملیۆنی بۆ داهاتوویەکی گەورە دەستەبەر بکەین.