ڕووخان یان تێکچوونی ئێران بە مانای دروستبوونی وڵاتی کوردستان دێت؟

AM:10:36:01/10/2022 ‌
 دەتوانرێت هەرچی خراپە و خراپەکارییەک بەسەر ئەم نەتەوەی کوردەدا دێت، بخەینە ئەستۆی جیۆگرافیاکەمان کە هەموو کایە و گۆڕانکاری و جووڵانەوەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە و تەنانەت هەندێ جار وا دەکات دەستکەوتەکان وەک سوودی بۆ داگیرکەریش دەبینرێت و زیانەکانیش بۆ نەتەوەی بەشمەینەت.

لە هەر پارچەیەکی ئەم نیشتمانە ئازارێک هەبێت، بەبێ جیاوازی لەناو کوردەکاندا ئازارێکی گشتگیرە و هەمووشمان دەستەوەستانین لە ئاستی ستەم و ستەمکارانمان، هێندە بەهێز و کاریگەرن بە شێوەیەک ئەگەر ئێمە بەهێزیین ئەوان بەهێزتر دەکەین، بە نموونەیش باشووری ئەم نیشتمانە و بابەتی ئابووری سەربەخۆ، کە بە سوودی باشوور بوو لە دژی نەیارانی لە حکوومەتی ناوەند، کەچی نەفرەتی جیۆگرافیا وایکردووە وڵاتی داگیرکەری تورکیاش سوودی لێ ببینێت و دەیان نموونەی تر. 

هەر ئەمەش نا، ئەم جیۆگرافیا نەفرەتییە کۆمەڵێک نموونەی بێ مانا و بێ بنەمای خزاندووەتە ناو کولتوورمانەوە کە بەتەواوی لە ئێمە جوودان و زۆر جاران هەست بە نامۆیی خۆشمان دەکەین، وەک پراکتیزە دینی و تەقلیدەکان کە تەواو نامۆن بە نەتەوەی کورد و پارێزگاریشیان لێ دەکرێت، لەلایەن خەڵکانێکی بەرژەوەندیخواز لە ناو خۆماندا کە لە بنەمادا نان و ئاوەکەیان لە دەست دوژمنانی ئەم نەتەوەیەدایە، هەربۆیە بە ناچاری دەبێت ئەڵقە لە گوێ بن و بە ڕاست و چەپدا بیانەوێت هەوڵەکان و ناڕەزایییەکان لە هەر شوێنێکی ئەم نیشتمانە بێت، بێ نرخ و بێ بەها بکەن.
 
لە ڕووداوێکدا کە لە بنەمادا تەواو ئاینی دیارە، بە زۆر سەپاندنی سەرپۆش و ڕووپۆش بووە، کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم بابەتە بڕیارێکی زۆر تاکەکەسییە و هیچ پێوەندی بە کۆمەڵگەوە نییە، کەچی مێیینەیەکی کورد بە ئامانج گیرا و ڕووبەڕووی نەیارانی ئازادی تاکەکەس بوویەوە و لە ئەنجامدا بە گیان لە دەستدانی کۆتایی هات، بەڵام توانی وەک ئاگری ناو کایەن گڕ لە کۆمەڵگەی ئێرانی فرە نەتەوە و بەتایبەتیش کورد، وەربدات. 

 ئەم ڕووداوە بە جۆرێک گرنگە کە لای جیهانی دەرەوە ڕوون دەبێتەوە کۆمەڵگەی کورد هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆ لە بابەتی ڕەگەزدا ناکات و سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و پلانانەی جێبەجێ کراون دژی میللەتەکەمان بۆ دامرکاندنەوە و خەفەکردن و بە لاڕێدابردنی پرسی کورد و شێواندنمان لە هەموو بوارەکان و سەپاندنی بیری پیاوسالاری بە تایبەت، کە ئەمەش هەر نامۆییەو لەناو کورددا لە ڕەچەڵەکدا نەبووە و ڕوونە کە کولتوورێکی سەپێنراوە. 

لەم نێوەندەدا و لەم بەرهەڵستی و هەڵوێست و ملنەدانە پڕ شانازی و نەتەوەیی و مرۆڤانەدا، خەڵکانێک لەناو خۆمانەوە وەختە ئەم بەگژداچوونەوەی تاریکپەرستی و دژە مرۆڤایەتییە، لە سووتاندنی پارچە پەڕۆیەکدا بچووک بکەنەوە و پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکە بە لاڕێدا ببەن. لە کاتێکدا پێویستبوو زیاتر چاوەکان لەسەر مافە نەتەوەی و کوردایەتییەکە بێت و شیکردنەوەکان ئەوەیان لێ هەڵێنجرایە کە ئەم پرسە تەنیا پرسێک نییە سەبارەت بە بەرهەڵستکارییەکی ئاینی و مەزەوی، لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستانە بۆ بەرپەرچدانەوەی فکری خەفەکردن و ملنەدانە بۆ داگیرکەر، لە هەموویشی جوانتر، مێیینەیەک ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات و ببێتە سەرمەشق، وەک چۆن لەناو کورددا هیچ کات جیاوازی ڕەگەزیی نەکراوە، بەڵکو زۆر ڕۆڵی گرنگ و هەستیار بە ڕەگەزی مێ دراوە و هەمووان بەبێ جیاوازی قبووڵیان بووە. لە ئەنجامیشدا ئەوەی ڕوونە تا ئێستە، ئەوەیە کە نەتوانرا ئەم ناڕەزایانە وەک هەوڵێک بۆ دژایەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام وێنا بکرێت.
 
وەک لە سەرەتدادا ڕوونم کردەوە، وڵاتانی داگیرکار هیچ کات درێغی ناکەن لە دەستبردن بۆ هەر شێوازێکی نەشیاو دژ بە نەتەوەی داگیرکراو، بۆ کۆنترۆڵکردنی. وڵاتی ئێرانیش یەکێکە لە لێزانترین ئەو وڵاتانە لەم بوارەدا، بەو پێیەی خاوەن چەندان نەتەوەی جیاوازە و توانراوە کۆنترۆڵی زۆرینەی نەتەوەکان بکرێت بەم شێوازە لە سیاسەتکردن و هەموو ناڕەزایییەکان لە نێوان نەتەوە جیاوازەکان لێکدراوەتەوە و خۆ بەخۆ توانیویەتی هەمووان ژێردەستە بکات. 

یەکێک لە خاسیەتە گرنگەکانی ناڕەزاییەتیەکانی ئەمجارە و ئەم دواییە، بریتییە لە کۆدەنگییەک لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندا و هەمووان پشتیوان و هاوڕان کە حکوومەتی ئێستەی ئێران حکوومەتێکی خۆسەپێن و توندڕۆیە و هیچ مەودایەک بۆ ئازادی تاکەکەسی نەماوە و هەموو هەوڵێکی ئازادی بە ناوی دژایەتی ئێران و ئاین و پێکەوەژیانی هاوبەش، ناو دەبات و بە زەبری ئاگر و ئاسن خەفە دەکرێت.
 
بۆردوومانەکان بۆ؟
لە درێژەی ئەم ناڕەزایانەدا، ئێران پێی باشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بورووژێنێت، بە لێدان لە پارتە سیاسی و سەربازییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە ناوخۆی هەرێمدا. ڕاستییەکەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەم قۆناغەدا زۆر بە وریاییەوە تەماشا دەکەن و نایانەوێت و ناشبێت ببنە بەشێک لە ناڕەزاییەتییەکان، چونکە لە ئەنجامدا ناڕەزاییەتیەکان دەبنە ناڕەزایی کوردانی جووداخواز لە ناوخۆی ئێراندا و ئەمەش لەم ساتەدا خەونی وڵاتی ئێرانە. هەربۆیە دەتوانین بڵێین بۆردمانەکان بۆ سەر پارتە کوردییەکان لە باشوور، نیشانەی لاوازی دەوڵەتی ئێرانە نەک بەهێزی لەم ساتەدا جیاواز لە هەموو ساتەکانی دی، چونکە حکوومەتی ئێران دەیەوێت پارتە سیاسییە کوردییەکان پەلکێش بکاتە ناو ناڕەزاییەتیەکانەوە و بەهەر شێوازێک بووە بیگۆڕێ بۆ ململانێی نەتەوەی و کوردانە وێنای بکات، بۆیە بێدەنگی لەم جۆرە ڕەفتارانە ژیرانە و سیاسییانەترە لەم سەروەختەدا و پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بێدەنگی هەڵببژێرێت لە وەها ساتێکدا.

هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ ناڕەزاییەتییەکان چین؟

وەک ڕوونە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێوەندییەکان بە ئاڵۆزییەکی یەکجار قووڵدا تێپەڕ دەبن و زۆر ئاستەمە هیچکام لە زلهێزەکان بتوانن ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر ڕووخان یان مانەوەی وڵاتێکی وەک ئێران بدەن لەم ساتەدا. چونکە ئێران خاوەن جیۆگرافیایەکی زۆر گرنگ و چەندان نەتەوەی زۆر بەهێز و دانیشتووانێکی زۆر زەبەلاحی هەیە و ڕاگری هاوسەنگییە لە نێوان وڵاتانی دەوروبەردا، ئایا ڕووخانی دەوڵەتی ئێران لە بەرژەوەندی کێ و لە زیانی کێدایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ئێستە زۆر ناڕوونە و ناتوانین هیچ بڕیارێکی لەسەر بدەین، دەبێت بە ناچاری چاوەڕوانی داهاتوو ببین.
 
بابەتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و ڕووخانی دەوڵەتی ئێران:

ئێستە کورد خاوەندارێتی پێگەیەکی بەهێز دەکات لە ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەتوانین بە شێوازێکی تر بڵێین کورد ئامادەیە بۆ هەر جۆرە گۆڕانکارییەک کە لە ناوچەکەدا بکرێت و بە سوود و قازانجی پرسی کورددا بشکێتەوە. ئەم ناوەندەدا، پرسیارە هەستیار و گرنگەکە ئەوەیە لە ئەگەری ڕووخانی دەوڵەتی ئێران، کورد وەک نەتەوە دەتوانێت چی بەدەست بهێنێت؟ 
وەک ڕوونە لە پێشتر و ئێستەیشدا، باشوور و ڕۆژئاوای نیشتمان توانیویانە نیمچە سەربەخۆییەک بەدەست بێنن، لە کاتێکدا لەژێر گوشارێکی زۆر گەورەی هەرێمی و ناوچەیدان، بەڵام توانراوە بە بەهێزی بمێننەوە. 
لە ئەگەری ڕووخانی دەوڵەتی ئێراندا، نەتەوەی کورد دەتوانێت و ئامادەیە بۆ یەکگرتن و دروستبوونی دەوڵەتێکی بەهێز و هیچکام لە وڵاتانی دەوروبەر ناتوانن ببنە ڕێگر و خەونی دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی لە خەیاڵەوە ڕاستەوخۆ دەبێتە ڕاستی. 
وڵاتی داگیرکەری تورکیا لەم نێوەندەدا دەمێنێتەوە و بە دڵنیایەوە هەنگاوەکانی دەکرێت توند و کاریگەر بن دژی کورد، بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانێت ڕێگر بێت لە پێش وەها ڕووداوێک. بە ئەگەرێکی زۆرەوە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان نەتەوەی کورد و دەوڵەتی تورک دروست دەبێت کە ڕەنگە ساڵانێک بخایەنێت و بۆ کورد ئەم شەڕە حەتمی و چارەنووسساز دەبێت.