هیچ شتێک له ئێران پێناسه‌یه‌کی ورد و زانستی به‌خۆیه‌وه نابینێت، دیاره مه‌به‌ست ئه‌و گوتاره زاڵه‌ی حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که ئایدۆلۆجیهکانێتی که هه‌موو جومگه مه‌عریفییه‌کانی ئێرانی به ناوه‌نده‌کانی زانکۆ و سه‌نته‌ره‌کانی ڕۆشنبیری و کارگه ئه‌ده‌بییه‌کانیشه‌وه، داگیر کردووه. ئەم پرۆسه‌ی مۆنۆپۆلە به ڕاده‌یه‌ک وه‌ستایانه و وردبینانه كراوە، که هه‌ندێ جار شێخ و مه‌لا له‌سه‌ر یه‌ک ته‌کیه یان مزگه‌وت کۆ ده‌کاته‌وه، یان چه‌پی رادیکاڵ و ڕاستی توندئاژۆ یه‌ک ده‌خات، وه‌ک ئه‌وه‌ی له کتێبی "ئاوازی کوژراوان"ی ڕه‌زا به‌راهه‌نیدا ده‌یبینین.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر باسی حوکمی شه‌رعی سیغه بکه‌ین، یه‌کیک له‌و ڕێوشوێنه گونجێنه‌ر و جیوهئاسایهی حکوومه‌تێکی ئایدۆلۆجیمان بۆ ده‌ربکه‌وێت که له دواجاردا هه‌موو شتێک ده‌کات به شوناس و مۆرکی خۆی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌یشی وا دژی خۆیه‌تی، به‌ڵام به مه‌رجێک ئه‌و مۆڵەتی پێ بدات!
ئه‌مه ڕه‌نگه نه‌سته‌وه‌ری یان خووی سه‌تان ساڵه‌ی ئایدۆلۆجیایه‌ک بێت که به‌ر له‌وه‌ی ناوی بنێین پاشایه‌تی، ئاینی یان خێڵه‌كی، ده‌بێ ناوی بنێین ئایدۆلۆجیایه‌ک که زمانی فارسی به‌رهه‌می هێناوه! دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ڕه‌هه‌ندێکی قه‌ده‌رییانه و پێشوه‌خت به‌سه‌ر زمانی فارسی‌دا بسه‌پێنین، به‌ڵکوو ئاماژه‌م بۆ ئه‌و خه‌یاڵدان و مه‌عریفه بەتین و خۆسه‌پێن و خۆپهسندانهیه که له‌ژێر ده‌ستی حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کانی ئێران (که هه‌موویان به سه‌فه‌وی و قاجاری تورکه‌وه تا په‌هله‌وی و کۆماری ئیسلامی، له خزمه‌تی زمانی فارسی‌دا بوون)، به‌رهه‌م هاتووه.
بێگومان له قوڕگی ئه‌م شێره‌ی پاساگارد و ئه‌و خوێنه‌ی که‌ربه‌لا و ئه‌رده‌بیله‌وه، ته‌نیا نه‌وای کوشتن به ئاسماندا نه‌فڕیوه، به‌ڵکوو ئاوازی ڕزگاری و سترانی ئازادیش وتراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایه ئه‌و خواست و حه‌زه‌ی ئازادی و ڕزگاری چی لێهاتووه؟ کوا ئه‌و مه‌عریفه مرۆیی و ئینسانی و جیهانبینهی شاعیرانی کۆنی فارس وه‌ک سه‌عدی و حافز و مه‌ولانا هۆندییانهوه و له حوجره‌ی گه‌وره‌پیاوانی ئێمه‌یشدا وه‌ك وانه ده‌وترانه‌وه؟
ئه‌گه‌ر حافز هێنده جوانپه‌رست و مه‌زنه و مه‌ولانه ئەوەندە بلیمه‌ت و سەرناس و سه‌عدی هێنده حه‌کیم و زانا بوون، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له خزمه‌ت کێدا بوون؟ فارس و زمانی فارسی یان مرۆڤ و مرۆڤایەتیی؟ ئه‌م حاڵه‌ت و پرسیاره بۆ مه‌عریفه‌ی مۆدێڕنی فارسیش به چه‌ند قات درووستتره.
هیچ کام له‌و بیرمه‌ند و مامۆستایانه‌ی زانکۆ هیچ کات ناتوانن/نه‌یانتوانی ڕۆژێک له ڕۆژان بیر له‌وه بکه‌نه‌وە زمانێک جگه له فارسی له ئێران‌دا زاڵ بێت، یا سیستمێکی سیاسیی هه‌بێت مافی کورد و تورک و عه‌ره‌ب بدات؟
ڕاستییەكەی ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه و ئاراسته ده‌ڕۆن که سەتان ساڵ پێش باوباپیرانیان پێیدا ڕۆشتوون. واته سڕینه‌وه و له‌ناوبردنی ئه‌ویتری! ئایا ئه‌مه وه‌سیه‌ته‌که‌ی کهمبودجهیه بۆ جێگره‌کانی که نه‌هێڵن جارێکی دیکه (ماده‌کانی ئامۆزایان) ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و ده‌بێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بواریان نه‌ده‌ن؟ ئاوهایش له حافز و سه‌عدی و مه‌ولانه‌وه هاتووه تا گه‌یشتووه به محه‌مه‌د ته‌قی به‌هار و سادیقی هیدایه‌ت و محه‌مه‌د عه‌لی فرووغی و دواتر جه‌وادی ته‌باته‌بایی و عه‌بدولکه‌ریمی سرووش و حه‌سه‌ین به‌شیرییه و فولادوهندهکان و ...؟
بێگومان ده‌بێت بڵێم سه‌پاندنی هه‌ر جۆره گوزاره‌یه‌کی بڕیارده‌رانه به‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمان و ئه‌و مانا و ناوه‌رۆکانه‌ی به‌رهه‌می هێناون، نه‌ک هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره، به‌ڵکوو په‌ره‌پێدانی جۆره جههلێکیشه، به‌ڵام ئاراسته‌ی باسه‌که‌م به‌رەو ئه‌و پرسیاره‌یه بۆچی له‌ناو ئه‌و هه‌موو پۆتانسێل و واتا به‌رزه‌جێ و مرۆیی و مه‌زن و جیهانگیره‌ی (که ده‌ڵێن له‌ناو زمانی فارسی‌دا به‌رهه‌م هاتووه!) له هیچ قۆناغێکی حکوومهتداریدا ددانی نه‌ناوه به هیچ لایه‌نێکی به‌رانبه‌ریدا؟ بۆچی زمانێکه له ده‌رکه‌وتنی زمانه‌کانی تر ده‌ترسێت؟ بۆ هه‌موو حکوومه‌ته‌کانی ده‌ستێکی باڵایان هه‌یه له خوێنڕشتن و قڕکرن و کوردسایدکردن؟
ئه‌م ڕازه چییه که ئێمه تێی ناگه‌ین؟ ئایا زمان و مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات لێره‌دا له پێوه‌ندییه‌کی وه‌ها سه‌یر و سهمهرهدان که ئێمه لێی تێناگه‌ین و ده‌بێ وازی لێ بێنین به بیانووی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبار نه‌کرێین به ناسیۆنالیست و ده‌مارگرژ و نه‌ته‌وه‌یی، ئیتر باسی نه‌که‌ین و به‌رهه‌می نه‌هێنین؟.
وه‌ک له نووسین و وتاری دیکه‌یشدا باسم کردووه، ئێران میتافۆڕ یان خوازه‌یه‌که له‌ڕێی چڕکردنه‌وه یاخۆ داگیرکردنی هه‌ندێک ماناوه یه‌ک نیشانه و واتای دیاریکراو ده‌پێکێت، یه‌کێک له پێناسه‌کانی خوازهیش هه‌ر ئه‌وه‌یه: چڕکردنه‌وه‌ی چه‌ندان مانا له یه‌ک نیشانه‌دا. وشه‌ی "ئێران" لێره‌دا نیشانه‌یه‌کی زمانییه که چه‌ندان مانای هه‌یه، به‌ڵام له دواجاردا و له گوتاره سیاسی و شوناسییهکهدا، نیشانه‌که خۆی دیاره نه‌ک کۆڵه‌که‌کانی!.
لێره‌دا ئێران وه‌ک سه‌رزه‌وینێکی به‌یار و قاقڕ ده‌بێ وێنا بکه‌ین، که له ژێرزه‌وی و ناخی هه‌موو ئه‌و زه‌وی و سه‌رزه‌وینانه‌ی له‌ژێر ناوی جیۆگرافیاکهیدا پێناسه کراون، کارێز لێ ده‌دات و به‌ره‌و ئه‌و زه‌وییه‌ی خۆی دهیجمێنێت که زمانی فارسی و فارس-ژینی، پێ پاراو ده‌کات... ڕێک وه‌ک ئه‌و پرۆژه ئاوییانه‌ی له سه‌رده‌می شاعه‌باسی یه‌که‌مه‌وه خه‌یاڵی خزایه مێشکی حاکمانی سه‌فه‌وییه‌وه و له سه‌رده‌می ڕهفسهنجای گه‌ڵاڵه كرا و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دەستی بە جێبه‌جێکردنی کرد و ئێسته ئاوه‌کانی زاگرۆس له قووڵاییه‌کانی کرمان و ئه‌سفه‌هان و بیابانه‌کانی ناوه‌ندی ئێران غه‌ریبانه ملیان به‌ره‌و نادیاری پرۆژه‌کانی سوپا ناوه!
بۆیه له ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌کی ناهوشیار هیچ شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زمانی فارسی‌دا بوونی نییه و له ده‌ره‌وه‌ی زمانیشدا هیچ شتێک بوونی نییه، واته بوونی ئێران ئه‌و بوونه‌یه که زمانی فارسی وێنای ده‌کات و نه‌خشه‌ی بۆ ده‌کێشێت، له پێکهاتی کولتووری و قسه‌ی "باکلاس" و نهرمونۆڵ و عیشوهکارانهوه، بگره تا شێوازی ژیان و سێکس و ماچی فارسی، ده‌یکات به پێوه‌ر و له ڕێی میدیای جوارجۆر و تریبۆنی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه هه‌ژموونی پێ دروست ده‌کات.
شتێک که له زمان و کو‌لتوور و نه‌ته‌وه‌کانی تری ناو جیۆگرافیای ئێران‌دا چاوه‌ڕوانی ده‌کرێت، بهرههڵهستبوونهوه و په‌رچه‌کرداره دژی ئه‌م هه‌یمه‌نه‌یه، له‌م نێوانه‌دا زمانه‌کانی گیله‌ک و مازه‌نی و تالیشی، ته‌قریبه‌ن به‌ره‌و له‌ناوچوون ڕۆشتوون، نه‌ک ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی فارسی هه‌موویانی ده‌سته‌مۆ و که‌وی کردووه، به‌ڵکوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاخێوه‌رانیشیان ده‌سته‌مۆ و کپ کراون. هه‌مان حاڵه‌ت بۆ زمانی تورکمانی له پارێزگای "گوڵستان" که هاوسنووریشه له‌گه‌ڵ وڵاتی تورکمانستان، به ڕاست ده‌گه‌ڕێت، بۆ به‌لووچیش هه‌مان حاڵه‌ت له ئاستێکی لاوازتردا.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنیته‌وه زمانی تورکی و کوردییه که تورکه‌کان به‌هۆی نێزیکییان له "باکۆ"ی پێته‌ختی ئازه‌ربایجان و هه‌روه‌ها پێوه‌ندی مه‌عنه‌وییان له‌گه‌ڵ وڵاتی تورکیا، پرۆژه‌ی زمانیی و کو‌لتووریی خۆیان به میتۆدێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن. له هه‌مانکاتدا هیچ لاگرییهکیشیان نییه که به فارسیش بژین و بنووسن و بمرن، به‌ڵام تورکانه!
ئه‌م هاوکێشه‌یه وای کردووه شه‌پۆلێکی گه‌وره‌ی فاشیزمی تورکی له په‌ره‌سه‌ندندا بێت، ئه‌مه‌یش به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سووکایه‌تیپێکردن و گاڵهتجاڕییهی فارس ده‌رهه‌قیان ده‌یکات، وەك ئەوەی هه‌میشه له ئێران وشه‌ی گه‌مژه و که‌ر و تورک له پاڵ یه‌کتردا دێن. ئه‌مه کهرامهتشکاندنێکی بێ وێنه‌یه که ناوه‌ندنشین و پایتهخنشینانه ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه‌کانی په‌راوێزی جیۆگرافیای ئێران ده‌یکه‌ن.
زمانی کوردیش به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی له به‌رخۆدان و ڕابوون‌دا بووه، ره‌نگه بتوانین بڵێین له‌ناو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران‌دا، زمانی کوردی تاكە زمانه به‌رپه‌رچی زمانی فارسیی داوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش پێش هه‌ر شتێک بۆ خه‌بات و هه‌وڵی کورد و ئه‌دیب و ڕۆشنبیرانی له درێژایی مێژوویه‌کی 100 ساڵه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
شه‌پۆلی نوێی وه‌رگێڕان و پێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و کولتووری پاش ئازادبوونی باشووری کوردستان و کیانێکی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و پێگه‌یه‌ی که ئێسته زمانی کوردی هه‌یه‌تی، به‌رهه‌می ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌یه وه‌ک چۆن له شۆڕشی ژینادا "ژن، ژیان، ئازادی" بوو به بنێشته‌خۆشه‌ی ده‌می فارس و تورک و نه‌ته‌وه‌کانی تر.
زمانی کوردی له خوێندا باڵای کردووه، به‌ڵام ڕووسوور و سه‌ربه‌رز ڕاوه‌ستاوه، برینی زۆری پێوه‌یه، به‌ڵام ملکه‌چ نابێت، ده‌گێڕێته‌وه و خه‌م و ناکامی و جوانییه‌کان ده‌نووسێته‌وه، له به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و به‌رزه‌خ ده‌نووسێت، به‌ڵام هیچ کامیان ناکات به هه‌واری ئه‌به‌دیی خۆی، چونكە بزۆزیی و نه‌وه‌ستانی هه‌ڵبژاردووه و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرێت له هیچ شوێن و گۆشه‌یه‌ک دانهسهکنێت.... گمه و تافه و خشه و فیشکه و نێڵه و هاژه و...ی دێت و به‌دوای که‌شف و داهێناندا بیابانه‌کانیش تێراو ده‌که‌ن.