ڕەنگە ماوەیەکی زۆر نەبێت "کوردبوون" وەک دەستەواژە بووە بە مایەی تێڕامانی ڕۆشنبیران، بیرمەندان و ئەدیبانی ئێمە، بەڵام شێوەژیانی کوردانە و گێڕانەوەی فۆرمی ژیانی کورد و بە تایبەتیش ئەو دۆخەی کورد لە چەند سەدەی ڕابردوودا بە دەستییەوە ناڵاندوویەتی، شوێنپێکانی لە "مەم و زین"ی ئەحمەدی خانییەوە تا ئێستەمان بەدی دەکرێت. ڕاستییەکەی ئەو نواندن و گێڕانەوانە بە زۆری لە شیعر و دواتر چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، زیاتر نوێنەر و پێشاندەری دۆخی کوردە، واتە دۆخێک ڕۆحی کوردی تێیدا لەوپەڕی بێدەرەتانی و تەنگانەدا لە چوارچێوەی ئەدەبێک کە بەشێکی زۆر لە سیمبول و ڕەمزسازی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، خۆی لە حوجرەی گۆشەنشینی و تێڕامانی سۆفیانە بە ئاڵای زمان و بە زایەڵەی جۆرێک بەرخۆدانی سەرکێشانە یا شەرمنانە، مانیفێست کردووە.
ڕەنگە ئەو دۆخەی داگیرکەر بەسەر کورددا سەپاندوویەتی و بە خەیاڵی خۆی ڕۆحی کوردیی تێدا گۆشەگیر و ملار کردووە، وەهمی گەورەی سەرکەوتنی ئێستە ئاشکرا بووبێت. مانیفێستکردنی رۆحی کورد لەڕێگەی ئەحمەدی خانی، خانای قوبادی و نالیی و...ەوە، لەناو زمان و خانەی ئەدەبێکی باڵادا، ڕەنگە کاتی خۆی ئەو هەڵبژاردنە ئایدیال و دڵخوازە نەبووبێت کە ئەم نوخبە و پیتۆڵانەی کورد لە بەردەمی خۆیاندا وەک تاقە بژاردە دیویانە، بەڵام بۆ ئەم سەردەمەی ئێستەمان بووە بە مەشخەڵێکی ڕێنیشاندەر بۆ هۆنینەوە و نووسین و مەعریفە و هزری کوردی، بووە بە مایەی تۆماربوونی ئەزموونی ئەنتۆلۆجیی مرۆڤی کورد لەناو کەوانەیەکی سیاسی و کولتووریدا کە بێگومان بەتاڵ نییە لە کەڵکەڵە و داڵغەی وجوودی.
بێگومان ئەم باسە پێویستی بە لەسەرڕۆیشتن و توێژینەوەی مێژوویی و هزریی ورد هەیە و من ئەم سەرەداوە دەخەمە بەرچاو، بۆ ئەوەی تێڕامان لە "کوردبوون" بڕێک بەرجەستە بکەمەوە. ئەو تاقە هەڵبژاردەیەی پیتۆڵانی ئێمە لەناو ئەو مێژووە سامناک و دەمکوتکەرەدا، نەک تەنیا ئاسۆکەی بۆ داگیرکەر ڕوون نەبووە، بەڵکوو بە خاپاندن و چاوبەستکردنی کوردیشی لە قەڵەم داوە، ئەگەرچی داگیرکەر تەنانەت لە پرۆسەیەکی قڕکردنیشدا بەپێی "کردەی سادیستیانە"ی، ئەو جۆشوخرۆشەی ناو زمانیشی تێکداوە و دەستی تێوەرداوە، هەمدیس ئەمە تا بەر لە سەردەمی مۆدێڕن و زەقبوونەوەی زمان وەک توخمێکی باڵای شوناس، وشیارییەکی ئەوتۆی لەلایەن داگیرکەرەوە لەسەر نەبووە، لە قۆناغی دەوڵەت-نەتەوەسازیدا و بەو مۆدێڕنیتە پڕ زەبروزەنگ و دەرەمێژووییە (بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دیاریکراوی) بوو کە زمانی داگیرکەر وەک حەفی و ئەژدیها بە ڕەشۆی دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستاندا هاتە شەڕی زمانی کوردییەوە.
بەوەش نا، بەڵکوو دەوڵەت هەموو داودەزگا تەکنیکی و ئامرازییەکانی لە شکڵی سوپا و هێز و یاسادا خستە گەڕ، تا ئەم زمانە قسە نەکات، بەڵام بە هەموو ئەمانەیشەوە، زمانی کوردی قسەی کرد و باڵای کرد و ئێستە شوناسی مرۆیی و وجوودیی نەتەوەیەکی بەهێز و خۆڕاگری لەسەر بنیات نراوە. ئەگەرچی مەترسیی هەیە، بەڵام ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوە و جەوهەری بەهێزی زمانی کوردیش ئامادەیە.
ئەم پرۆسەی وشیاریی داگیرکەرە لەسەر گرنگیی زمان، تا قۆناغی ئێستە پشتڕاستکەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە مەعریفە بابەتێکی مێژووکرد و قۆناغمەندە، ئەگەرچی ئەمە تەنیا خوێندنەوە و ڕوانگە نییە بۆ پێوەندیی مەعریفە و مێژوو، بەڵام لێرەدا لۆجیکییە.
لەسەر هەمان ڕێڕەوی مێژوو و مەعریفە، وشیاریی کوردیش هەر لەو سەردەمانەی یەکەم شیعری هۆنییەوە و یەکەم حەکایەت و یەکەم چیرۆک و ڕۆمانی خستە ڕوو تا ئێستە، گەشەکردووتر و ڕوونتر بووە.
ڕەنگە "خانی"ی مەزن بیری لەوە نەکردبێتەوە ڕۆژێک مەم و زین نەک تەنیا وەک چیرۆکێکی مەنزوومی سیاسی و عاشقانەی ڕەمزی دەناسرێت، بەڵکوو دەبێتە قۆناغێک لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشە و نەشەی جیهانبینیی مرۆڤی کورد و هەڵوێستەی لەسەر دەکرێت. ڕەنگە بە وەها گێڕانەوەیەک بتوانین باس لە سێ دەستەواژە بکەین کە لە هەناوی ئەو مێژووەدا تا ئەم ساتەی ئێستە، لەناو کورددا بەرهەم هاتبێت:
١- کوردەواری
٢- کوردایەتی
٣- کوردبوون.
بێگومان هەر کام لەم دەستەواژانە سەرنموونە و نیشانەی تایبەت بە خۆی لە مێژووی ئێمەدا بۆ دەدۆزرێتەوە، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە پێناسەکردنی هیچ کام لەم دەستەواژانە بە ئاسانی ناپێوڕێت و بەرلەوەی کارێکی تاکەکەسی بێت، هەوڵێکی نوخبەگەرایانەی گشتییە. بەڵام وەک دەلالەتە سەرەتاییەکان دەکرێت بڵێین، کوردەواری دەستەواژەیەکی کۆنتر و سروشتیترە و ڕەنگە بتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ هەلومەرجێک کە کورد لە ئاستە سادە و خێڵەکییەکەیدا، لەگەڵ دیاردە نوێکان یان کەسان و خێڵی نامۆدا ڕووبەڕوو بووەتەوە، بۆ دەستنیشانکردنی هێڵی نێوان خۆی و ئەوانی تر، بەکاری هێناوە.
"کوردەواری" لە فەرهەنگە کوردییەکاندا واتای کوردستان، شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و... هاتووە، ئەمە خۆی گرینگترین ڕەهەندە کە جیۆگرافیا و حەریم و سەرزەوینی کوردانە بەرجەستە دەکاتەوە.
بەم گێڕانەوەیە، دەشێت "کوردایەتی" پاش کوردەواریی سەری هەڵدابێت. کوردایەتی لە دڵ و لە خاکی کوردەواریدا چەکەرە و باڵای کردووە. دەستەواژەی "کورادیەتی" زیاتر لە هەمبەر ناسیۆنالیزم یان جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کوردی لە سەدەی نۆزدەوە، لە کوردستان یان "کوردەواری" سەری هەڵداوە و بەپێی کەشی ئەو قۆناغە زیاتر ڕەهەندی سیاسی و تا ئاستێك کولتووری هەبووە، بەڵام وەک دەبینین لە ئاستی تێگەیشتنی سیاسی و خەون بۆ کوردان و وڵات و حوکمڕانییان، ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦ ز) پێش شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە ١٨٨٠، دەکەوێت.
واتە لێرەدا ئێمە دەتوانین چەمک و دەستەواژەی "کوردبوون" بێنینە ناو باسەکەمانەوە و لە سێکوچکەی کوردەواری، کوردایەتی و کوردبووندا وێنا و تیۆرەی دیکە هەڵبچنین و پێیدا بچینەوە، دەستەواژەی سەردەمیتری "کوردبوون" بە قووڵی و باشی تیۆریزە بکەین.