کوردستان لە مێژووی دوور و درێژیدا چەندان دوژمنی هەبووە و سەتان شەڕی وێرانکەر و کوێرەوەریی دژواری دیووە، هەر لە تیری زۆردار و چەکی داگیرکەر و جینۆساید و کیمیاباران و ئەنفالی ڕەشەوە، بگرە، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە فۆرمی جەنگەکە گۆڕاوە و گواستراوەتەوە سەر قاڵبێکی تر، ئەویش شەڕە لەڕێگەی هێزی نەرمەوە.
جەنگ هەمیشە بە چەک و تانک و فڕۆکە ناکرێت، هەندێکجار جەنگ لەوەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ هەوڵ دەدات وێنەیەکی درۆینە لە نیشتمان و نەتەوەیەک دروست بکات، هەندێک جار گوشاری جەنگ ڕاستەوخۆ لەسەر خاک نییە و بە هێزی فیزیکی ناكرێت و پەنا دەبرێتە بەر هێزی نەرم، ئامانجیشی تیرۆری فکرییە و کاریگەریشی لەسەر دەروون و بیركردنەوەیە.
لەم سەردەمەدا لە پاڵ هێرشی ناو بەناوی داگیرکەران بۆ سەر خاكی کوردستانی گەورە، تا ئاستێكی بەرچاو فۆرمی جەنگیش گۆڕاوە. ئەوەی ڕۆژێک بە چەک و هێزی سەربازی دەکرا و دەیانویست هەبوون و ناسنامەی گەلەکەمان بسڕنەوە، ئەمڕۆ بە وشە، میدیا، وێنە، ڕاگەیاندن و دروستکردنی ترس دەکرێت. لێرەوە بۆ وەسپکردنی هەندێک لەو دیاردانە وشەی «کوردستان و فۆبیا» دەهێنمە بەرباس.
ئێستە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا، دەرگیری دەردێکی نوێین، لە فەرهەنگی سیاسەت و ژیانی ڕۆژانەماندا، ئەویش دەردی «کوردستان و فۆبیا»یە.
ئەگەر لە بنەمای زمانەوانی و لە زانستی دەروونی و سیاسییدا سەیری ئەم دەردە بکەین، «کوردستان و فۆبیا» دیاردەیەکی دەروونی و سیاسییە کە لە ئەنجامی نکۆڵیکردنی نەیاران لە هەبوونی ڕاستەقینەی گەلی کورد، دروست بووە. ئەم وشەیە، لە ڕووی زمانەوانییەوە، تێکەڵەیەکە لە ناوی «کوردستان» و پاشگری «فۆبیا» کە لە زمانی یۆنانییەوە هاتووە و واتای ترسی نالۆجیكی و بێڕیشە، ترسێکی کوێرانە لە ئاستی نەخۆشیدا. واتە کەسێک، لایەنێک یان دەوڵەتێک کە تووشی ئەم دەردە دەبن، بەردەوام خۆیان دەخۆنەوە، مێشکی دەکوڵێت و ڕقی هەڵدەسێت، کاتێک دەبینێت کورد لەسەر خاکی خۆی ئارامە، ماڵ و حاڵی ئاوەدانە، زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی گەشە دەکەن، منداڵەکانی بە زمانی شیرینی دایکی دەخوێنن و نیشتمانەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ بۆنی گوڵ و ئازادی و پێشکەوتن دەدات.
کوردستان و فۆبیا، ڕقێکی کوێرانە و نەخۆشییە، ترسە لە گەل و نیشتمانێک کە نەدەتوانن لێی ڕا بکەن و نە دەشتوانن حاشا لە بوونی بکەن. زانیومانە هەمیشە داگیرکەر لەو نەتەوەیە دەترسێت كە خاکەکەی داگیر کردووە، چونکە دەوڵەتەکەی لەسەر خاکێک بنیات ناوە هی خۆی نییە. کوردستان و فۆبیا ترسێکە نەیارانی قەوارەی کوردستان بڵاوی دەکەنەوە، ئەوان لەوە دەترسن نەک هەر خۆیان نەیانتوانیوە ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنن، ترسیان لەوەیشە نەوەی نوێی کورد خاوەنی شێوازێکی نوێی ژیانە کە تێیدا سەرکەوتن و ئاوەدانی وەک کولتوورێک چەکەرەی کردووە.
سەرچاوەی سەرەکیی ئەم دەردە دەروونییە سیاسییە، لە ناوەندە شۆڤێنییەکانی تاران و ئەنقەرە و بەغداوە سەرچاوە دەگرێت؛ ئەوانەی مێژوویان لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویتر و نادیدەگرتنی مافەکانی نەتەوەکانی تری ناوچەکە بنیات نراوە. ئەم ناوەندانە کاتێک دەبینن سیاسەتەکانیان بەرانبەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا شکستی خواردووە و ناتوانن ئاڕاستەی مێژوو بگۆڕن، پەنا بۆ دروستکردنی کەمپینی ڕق و کینە دەبەن.
لێرەدا دەپرسین ئەوانە کێن کە تووشی ئەم دەردە بوون و ئەوانەیشی ئەم دەردە بڵاو دەکەنەوە؟ وەڵام ئەوەیە، ئەوانەن هەرگیز ناتوانن قەوارە و سەربەخۆیی و مێژوو و جوانییەکانی کوردستان ببینن. ناوی کوردستان خۆی لە خۆیدا هێمایە بۆ شکستخواردنی پرۆژەی داگیرکاری و تواندنەوەی ناسنامەکەی. ئەوان پێیان وایە هەموو پێشکەوتنێکی ژێرخانی و ئابووری و سیاسی لە کوردستاندا، هەڕەشەیە بۆ سەر باڵادەستی و هەیبەتی ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیی ناوچەکە، بۆیە لە ڕێگەی میدیای فەرمی و ناوەندە ئەکادیمییە سێبەرییەکان و تۆڕە بە کرێگراوەکانیانەوە، هەوڵ دەدەن بەردەوام وێنەیەکی ناتەواو و دزێو و ناشیرین لە کورد پێشان بدەن.
کاتێک ئەم فۆبیایە لە دەرەوە سەر هەڵدەدات و نەیارانی کورد خەریکی دارشتنی پیلانە، کارەساتەکە لەوەدایە هەندێک لە ناوخۆیشماندا، لە نموونەی جاشە کولتوورییەکان، ئەکادیمییە بەکرێگراوەکان و جاشقەڵەم و ڕۆژنامەنووس و سیاسیی خۆبەكەمزان، دەبنە دەهۆڵکوتی ئەم ئەجێندا دوژمنکارانەیە. ئەوانەی لەسەر سفرەی ئێمە نان دەخۆن و ناندێنەکە پیس دەکەن. ئەوانەی قەڵەم و زمانی خۆیان فرۆشتووە بە کەرەستەی لەناوبردنی ئومێدی نەتەوەکەیان. لە کەناڵ و سەکۆ و سۆشیال میدیاکانیاندا، شەو و ڕۆژ خەریکی ڕەشکردنی سیمای ئەم وڵاتەن، بۆ ئەوان، هیچ دەستکەوتێک پیرۆز نییە و هیچ کارێکی چاک جێی دەستخۆشی نییە، ئەگەر پڕۆژەیەکی ئاوەدانی گەورە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە بکرێتەوە، دەبنە مێش و لەسەر شیرینی دەنیشن؛ تەنیا بەدوای یەک خاڵی لاواز یان کەموکوڕییەکی کاتی و بچووکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی زووڕنای پێدا بکەن و هەموو پرۆژەیەکی مەزن لەکەدار بکەن، چونكە خۆیان بە كەم دەزانن و كەسایەتییان كۆیلەیە.
ئیشی ئەم جاشە کولتووری و میدیاییانە ئەوەیە کوردستان لە چاوی بێگانەدا وەک دۆزەخ و زیندانی گەورە و شوێنێکی نائارام پێشان بدەن، لە ناوەوەیش متمانەی تاکی کورد و ئینتمای بۆ نیشتمان و قەوارەکەی لاواز بکەن، تا نەوەی نوێ بێومێد ببێت لە ئایندەی خۆی و لە ژیانکردن لەسەر ئەم خاکە. ئامانجی کۆتاییان ئەوەیە خەڵک لە ڕێگەی بێ هیواییەوە، خۆیان داوا بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی ستەم و ژێردەستەیی.
لێرەدا دەپرسم، بۆچی نەیاران هێندە لە ئارامیی کوردستان دەترسن؟ بۆچی هەندێک کەس لە بوونی کوردستان ناڕەحەتن؟ چونکە لە مێژوودا پێیان وابووە کورد شایستەی ژیانی سەربەخۆ نییە و تەنیا شایستەی کوێرەوەری و هەژاری و لێقەومان و قڕکردنە. کاتێک دەبینن گەلی کورد توانیویەتی لەناو هەزاران پیلان و کاولکارییەکانی ڕابردووەوە، هەستێتەوە سەرپێی خۆی و حوکمڕانی دروست بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاگر و ئاژاوەدا دەستەبەر بکات، و پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا ببەستێت، ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە گورزێکی کوشندەیە بۆ ئەو زیهنییەتە ستەمکارەی پێی وابووە کورد لەناو دەبەن.
کوردستان و فۆبیا، لە بنەڕەتدا نەخۆشییەکی دەروونیی سیاسییە؛ نیشانەی لاوازبوونی هێز و بەتاڵبوونی ڕوانگەی ئایدیۆلۆجیی نەیارانە. ئەوان دەبینن گەنجی کورد ئێستە لەسەر خاکەکەی خۆی بە زمانی خۆی و به کولتووری خۆیەوە دەژی، خاوەنی داهاتوو و بڕیاری خۆیەتی، ئەمە خەونەكەیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد، دەکاتە خەیاڵی پووچ و مەحاڵ.
لە کۆتاییدا پێویستە باس لەوەش بکەین کە بۆ دەرمانی ئەم دەردە، پێویستە پێش هەموو شتێک هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی قووڵتر دروست ببێت. تاکی کورد، بە تایبەت توێژی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و میدیاکارەکان، جیاوازی بکەن لە نێوان ڕەخنەی بنیاتنەر کە بۆ چاکسازی و پێشخستنی وڵاتە، لەگەڵ ڕق و کینەی دەرەکی و ناوخۆیی و خۆبەكەمزانین، جاشە كولتوورییەکان کە تەنیا ئامانجیان وێرانی و بڵاوکردنەوەی نائومێدی و ترس و تۆقاندنە.
لە وەڵامیشدا ئاوەدانیی کوردستان، پرۆژەکانی جكوومەت، پێشکەوتنی شارەکان، ئازادیی دەربڕین (سەڕەڕای کەموکوڕییەکان)، پاراستنی مافی پێکهاتەکان، باشترین وەڵام و قەڵای پۆڵایینن لە بەرانبەر ئەم فۆبیایەدا. کاتێک وڵاتەکەمان لە هەموو ڕوویەکەوە گەشە دەکات و دەبێتە پەناگەیەکی ئارام، دەردی «کوردستان و فۆبیا» لەناو دەچێت و نەیارانیش لە ناوەوەی خۆیاندا بەدەردی خۆیانەوە دەتلێنەوە. ماوەتەوە بڵێم، نیشتمانەکەمان بە بەری ڕەنج و خەبات و خوێنی دەیان هەزار شەهید دروست بووە، هیچ جاشێکی کولتووری و هیچ فۆبیایەکی سیاسیی شۆڤێنی ناتوانێت ئەو مێژووە مەزنە بشێوێنێت.