سیاسەتی خوێن

AM:10:41:20/08/2026 ‌
ئەوەی مێژووی ئێران تەنانەت بەشێوەیەکی سەرپێیش بزانێت، لەم ڕاستییە تێگەیشتووە کە ڕێڕەوی سیاسیی ئەوان بەناو خوێندا هاتووە. کاتێک باسی ئێران دەکەم مەبەستم تەنیا حکومەتەکەی ئێستەی تاران نییە، بەڵکوو ئەو کولتوورە سیاسی و شێوازی سەرپەڕانە ئایدۆلۆجی و پیرۆزکردنی شەڕ و خوێنڕشتنەیە. ئەگەر وەک پنتێکی دیاریکراو باسی بەرجەستەبوونی ئەم جۆرە حوکمڕانییە خوێندۆست و دۆژمنسازە بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەدەی 16ی زاینی، واتە ساڵی 1501 کە سەفەییەکان لە ئێران دەسەڵاتی سیاسییان گرتە دەست و ئاینی شیعەیان بە زۆر و زەبروزەنگ کرد بە ئاینی فەرمی. 

بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەوکاتەی سەفەوییەکان تەختی حکومڕانییان گرتە دەست، زۆربەی خەڵکی ئێرانی ئەوکاتە سوننەمەزەو بوون. شیعەکان بە ژمارەیەکی کەم لە شارەکانی مەشهەد، سەوزەوار، قوم، کاشان و هەندێ ناوچەی باکوری ئەلبورز، نیشتەجێ بوون. سەفەوییەکان پایتەختی خۆیان بە تەورێز دانا و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سونەمەزەو و ئاسایی و بێتاوانیان هەر لەو شارە و لە دەسپێکی ڕاگەیاندنی ئاینە فەرمییەکەیاندا قەتڵوعام کرد. ئەمە سەرەتای چاندن و ئاودانی ئەو درەختە ساوایە بوو بە خوێنی بێتاوان و تا ئەمڕۆ لقوپۆپەکانی بە ناوی بەرەی مقاوەمە بە بەروبوومی ژەهراوییەوە دنیای ژاراوی کردووە. 

بە وردبوونەوە لە فەتواکانی ئەو سەردەمەی سەفەوییەکان و ئەو سیاسەت و کردەوانەی بۆ پەرەپێدانی حکوومەتەکەیان گرتیانە بەر، دەردەکەوێت خوێنڕشتن بۆ ئەوان بەشێکە لە پرۆسەی بنیاتنان و پەروەردەکردنی درەختە ساواکەیان، واتە هەمان ئەو ڕوانگەیەی ئەمڕۆ بەناوی "زوهور و چاوەڕوانیی مەوعود" و شتگەلی ئاوا دەیبیستین. ئەوکاتەی تەورێزی ئاخێزگەی شا ئیسماعیلی سەفەوی زۆرینەی خەڵکەکەی سونەمەزەو بوون، شا دەیتوانی پایتەختەکەی بەبێ شەڕ و خوێنڕێژی بەڕێوە ببات، بەڵام ئەو بیری سەتان ساڵی تری کردەوە و ئەمڕۆی بەدیهێنا بۆ جیهان و بۆ ئێران و بۆ کوردستانیش. 

هەموو خەڵکی تەورێز لە خوێن گەوزان و تەواوی خەڵکەکەی بە شیعە کران، هۆی ئەمە تەنیا باوەڕێکی ئاینی ڕەها نەبوو، بەڵکوو بەشێکیشی دەرەکی بوو و دەگەڕایەوە بۆ ئەو ڕق و ململانێیەی لە تەک ئیمراتۆریی عوسمانییەکان لەو سەردەمەدا هەیبوو. بەو شێوەیە هەم تۆڵەی لە سونەمەزەوەکان کردەوە و هەمیش تورکی هاوڕەچەڵەکی عوسمانی، لەو جیۆگرافیایە تارومار کرد و ڕووباری خوێنی خستە ڕێ.  

هیچ شتێک بە قەدەر ئەم وێنە مێژوویی و تراجیدییە، بەوە قایلمان ناکات تا لەو ئایدۆلۆجیا تێبگەین کە ئێستە هەموو ناوچەکەی لە شەڕ و نائارامی و خوێنڕشتن گلاندووە، چونکە ڕەگوڕێشەکەی خوێنە و درەختە کەونەکەی بە خوێنی بێتاوان ئاو دراوە و بە درێژایی 525 ساڵ بە ڕێکار و هۆکاری جۆراوجۆرە ئەم درەختە پیرۆز کراوە. پرۆسەی پیرۆزکردنی درەختی خوێن، ئێستە دەرکەوتە و هێمای زۆرە لە ئێران، لەو سەردەمەوە تا ئێستە هیچ شارێکی گەورە و بچووک لە ئێراندا نییە ئیمام یا نزرگەیەکی شیعە و مەزاری پیاوچاکێکیانی تێدا نەبێت، نموونە هەرە دیارەکانیشی مەشهەد، تاران، قوم، ئەسفەهانن. 

ئەم واقیعە کۆنکرێتی و پرۆسە ئاڵۆزەی پیرۆزکردن، ئەمڕۆ کولتوورێکی دروست کردووە، شارستانییەت و ئارامیی ناوێت، یانی لێی تێناگات، کاتێک ترەمپ دەڵێت، کۆمەڵێک شێت حوکمڕانیی تاران دەکەن. مەبەستی ئەو لایەنە خوێندۆست و بکوژەی کۆمەڵێک بڕیار بەدەست و ئایدۆلۆگە کە بە ڕاستیی پێوەندییان لەگەڵ واقیعی مرۆییدا پچڕاوە، بەڵام کێشە ئەوەیە لەسەر تەختی حوکمڕانی و لەناو کۆشکی فەرمانڕەواییدان. 

ئەگەر کەسێک فارسی بزانێت و چاودێری یاریی میدیایی ئێران لە کەناڵە فەرمی و نیوەفەرمییەکان بکات، وا تیدەگات لەم شەڕەدا جیهان شکستی هێناوە و ئێران ئامادەیە بەرپەرچی هەموو جیهان بداتەوە و باکیشی بەوە نییە تەنانەت شەڕەکە تا ئاستی جەنگی ئەتۆمیش بڕوات! تەنیا شتێک لەم نێوانەدا گرینگ نییە، مرۆڤە. شتێک بەناوی ژیار و ژیان بوونی نییە لەم ئایدۆلۆجیایەدا، ئەم فکرەی حوکمڕانی لە زامەکانی کەربەلا و خوێنخوازیی ئیمام حوسەینەوە هەڵقوڵاوە و هەموو جیهان بۆ ئەبەد وەک شیمر و یەزید و ئیبنی مولجەم... پێناسە دەکات و دەیبینێت. ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵانەن کە جیهانی هەنووکە ڕەنگە حەز نەکات قبووڵی بکات، تەنانەت ئەگەر بیشیزانێت، چونکە جیهانی زاڵ یان با بێژم نەزمە نەوێیەکە، پێویستی بە سەقامگیرییە بۆ پەرەپێدانی ئابووری، گەشە و خۆشگوزەرانی و کولتووری پێکەوەژیان و دەیەوێت ئایدۆلۆجیایەکی بریندار و خوێنخۆر بێنێتە ناو نەزمەکەوە، بەڵام جیهان دواجار ئەم پرسیارە لەخۆی دەکات، ئایا تاڵیبان کە هاوشێوەی ئەم سیستمە بوو، تا چەندە پەلكێشی ناو ئەم جیهانە بێت و پاش چی و بە چ نرخێک؟ 

ئەم بەراوردە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بە نیسبەت کورد و کوردستانەوە پێم وایە دەبێت واقیعبینانەتر چاو لە بابەتەکە بکەین، هەم لە ئاستی شیکار و شرۆڤەکاری میدیایی و هەم لە ئاستی سیاسەتی مێدیایی و هەڵوێستی سیاسیی فەرمیی کوردستانیشەوە کە ئەم حکوومەتەی تاران پێویستە پێشی پێ بگیرێت، ئەمەیش بە کورد خۆی و پلان و ستراتیجی یەکگرتوو و درێژخایەن دەکرێت. ئەگینا چ مانایەک دەدات هێرش بکەیتە سەر ناوەند و باڵەخانە و هێمایەک کە جگە لە هەوڵدان بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە، هیچیتری نەکردووە؟