ئەوەی لەناو کولتووری کوردی و بە تایبەتی هونەری گۆرانیدا هەناوی زاخاو درابێت، دەزانێت ژن لە فولکلۆردا پێگەیەکی ڕۆمانسی بەرز و پیرۆزی هەیە. ئەم پێگەیە مەرج نییە بە دڵی هەموو لایەک بێت و پەسندکراوی هەموو ڕوانگەکان بێت، بەڵام پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ژن پیرۆز و سەرچاوەی جوانی و ژیانە و بە دەیان و سەتان شێوە دووبارە کراوەتەوە. تەنانەت ئەوکاتەیشی ئێمە لە گۆرانییەکدا خەیاڵی بەرجەستەی ژن دەبینین و تێکەڵاوییەکی ئیرۆتیکیانە ئامادە دەبێ، دووبارە هەر ئەم پێگەیە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
پێگەی ژن لە فولکلۆر و جیهانبینیی مرۆڤی كورددا داکۆکیکەری ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە ئەگەر لە گەلانی ناوچەکە لە پێشتر نەبین، لەو ڕوانینەدا بێگومان لە ئاستی ئەوانداین. من نامەوێ بە دروشم و خەونهۆنینەوە بڵێم کورد لە هەمووان باشتر و کراوەترە، بەڵام ئەگەر بەراوردێکی فولکلۆری کوردی و وڵاتانی دراوسێ بکەین، تێدەگەین ژن ئەو ڕٶڵە هێمایی و پیرۆزەی لای کورد هەیەتی، لە چەند ئاستێکدا جیاوازیی قووڵی لەگەڵ ئەوانیتردا هەیە و لە پێشەوەیە.
ژن لە شێوەی دایک، یار، دڵدار، خوشک، هەڤاڵ و هاوڕێ، لە ئاستی جیاواز و بە ڕێژەی کەم و زیاد لە مێژووی یەک سەدەی دوایی ئێمەدا، ئامادەیە. سەرچاوەی هەموو ئەو وێنەسازییانەیش لە ژن کراوە وەک سەرچاوەی هێماساز، دایک بووە. ئەم شێوە و ئەم زەوینەیە لە هێماسازیی، وایکردووە ژن لە ڕووی جەستە و لەشولارەوە تەنانەت ئەوکاتەیش لە خەیاڵی هونەریی ئێمەدا ڕووت دەبێتەوە، هەر پیرۆز و ڕێزلێگیراوە.
لە پاڵ ئەمانەدا، نکوڵی لەو ڕوانگە ترادیشناڵ و سوننەتییە ناکرێت کە هەر لەم دەروازەیەوە هاتووەتە ژوور و دنیای ژنی کردووە بە دۆزەخ و خەون و خەیاڵەکانی لاقە کردووە. بۆیە ئێمە دەبێت ددان بەوەدا بنێین ئەگەر دەمانەویت ئازاد بین وەک نەتەوە، دەبێت کولتوورێکی ئازاد بۆ ژن دروست بکەین کە تێیدا خۆی بژاردەکەری چاکە و خراپەکانی بێت، خۆی ئەوین پێناسە بکات، خۆی سنوورەکانی خۆی و کۆمەڵگە دیاری بکات. باوەڕم بەوە نییە بەهۆی ئەتەکێتیكی دیاریکراوەوە یان هەڵسوکەوتێکی جیاواز و تەنانەت نەشیاوەوە، کۆمەڵگە لە خشتە بچێت و ئاسمان بە سەرمانا بڕووخێت! ئەمە بانگەشەی ئیسلامی سیاسی و خوازیارانی داخراوی هەر جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ناسنامەیین لەناو کورددا.
جا با ئەوان و هەموو ئەوانەیشی وەک ئەوان بیر دەکەنەوە، ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن: پێگەی ژن لە سەردەمی ئیسلامدا چۆن بووە و ئێستە چۆنە؟ ئایا ئەو پێناسەیەی بۆ ژن لە سەردەمی کۆنی ئیسلامدا دەکرا، ئێستەیش هەمان سنوور و پێناسەیە؟ ئاخۆ ئەو هەموو دیسکۆ و باڕ و ... لە وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەتی لە دوبەی و تورکیا و کەنداو لە ڕوانگەی ئێوەوە چۆن کێشەی نییە؟ بەڵام دوێتی باوک و کچێکی كورد دەتوانێت عەرشتان بهەژێنێت و دژی بەها باڵاکانی ئیسلام و کەرامەتی مرۆڤ بێت؟ دیارە ئەمە سیاسەتی بانێک و چەند هەوای ئیسلامی سیاسییە کە بۆ چەند دەیەیە لە کوردستان پەرەی پێ دەدرێت، ئەم سیاسەتە دەیەوێت هەموو ئەو دەسکەوت و ڕۆشنگەرییانەی لە دوای ڕاپەڕینەوە کراون، بە بیانووی ئەخلاق و لە ژێر دەمامکی ڕەوشت و عورفی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا پووچەڵ بکاتەوە و دیسان پێمان بڵێت، تەنیا حەقیقەتی کۆتایی و ئەزەلی لای خۆیانە!
جا خۆ زاکیرەی ئێمە هێندەیش لاواز نییە دۆسییەی عەبدولەتیف سەلەفیمان بیر چێتەوە! ئێوە دەتوانن ئەم پرسیارە لە خۆتان بکەن، بۆچی دنیایەک ئایەت و حەدیس و رێنوێنییەوە دەرەقەتی شەهوەتی پیاوێکی بانگخواز نەهات! کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی زۆرینە مسوڵمانە، لە پاڵ ئەوەدا کۆمەڵێک بەها و بنەمای ئەخلاقیی خۆی هەیە کە ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە لە پێشتر و سەردەمیانەتر و هاوکات بە حورمەت و ڕوومەتدارترە. سەردەمی ئێستەمان سەردەمی ئازادی و گۆڕانی بنەما سواوەکانە، لە مێژووی مرۆڤدا تۆمار نەکراوە هیچ نەتەوەیەک حەزی لە پێوەندیی نەگونجاوی جەستەیی یان ئەو شتەی پێی دەڵێن زینای مەحرەم هەبێت، بەس ئیسلامی سیاسیی هەموو شتێک دەکاتە بیانکە بۆ ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ ڕەوشت بناسێنێت، ئەمە دووڕوویی و سیاسەتی بانێک و چەند هەوایە.
من ئازادم حەز لەو شێوازە گۆرانی و دەركەوتنە نەکەم، تەنانەت ئازادم هەر بەتەواوەتی ڕەتی بکەمەوە و لەگەڵ شێوە هونەرییەکەی کۆک نەبم، بەڵام داخۆ دەبێت ئەمە ببێت بەو هۆیەی بەسەر هەموو کوردستان و گوتارێکی کوردپەروەرانەدا ببین بە قازی و حوکمی قورس و ترسناک دەربکەین؟ منیش وەک هەر هاووڵاتییەک ڕەخنەم لەوە هەیە لۆجیک و سروشتی گۆرانی یان هونەری کوردی دەستکاریی بکرێت، بەڵام ئەمە ڕوانگەیەکی هونەری و ڕەخنەییە نەک توندڕەوییەكی ئامادە كە هەرچی بەدڵی ئەو نەبوو و هەموو هەلێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە بوون و كەسایەتیی بدات.
مێژووی ژن لە کۆمەڵ و فکری کوردەواریدا ئەگەر بەرزتر نەبووبێت لە بنەما ئیسلامییەکان، بێگومان کەمتر نییە و بگرە زۆر بە ڕەوشتەوە پەروەردە كراوە. ئەو هەموو کچە سفوور و مۆدێلە هەن لە کوردستان و دەچنە شوێنە گشتییەکان و هۆڵەکانی وەرزش و شانۆ و... کوا ڕووبەڕووی گێچەڵی سیكسی بوونەتەوە؟ بەڵام ماوەی چەند مانگ پێش ئێستە ئەو خاتوونەمان بینی لە بەسرە لە بەردەم ددان و کەڵپەی شەهوەتی پیاوانی عێراقی ئیسلامیدا وەختبوو هەلاهەلا بکرێت، بۆیە مێژوویەک ئەوەندە پێشینەی ڕەوشتبەرزیی هەبێت، نە بە گۆرانییەک و نە بە لەنجەیەک تێک نادرێت و کەسیش ناتوانێ ببێت بە پاسەوان بەسەر کولتووری دێرین و باڵای کوردەوارییەوە.